قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، ئەمڕۆ یەکشەممە 6/11/2022 لە سلێمانی سەردانی یەکێتیی ژنانی کوردستانی کرد و لە لایەن کافیە سڵێمان سکرتێری یەکێتیی ژنان و ژمارەیەک لە ئەندامانی سکرتاریەتەوە پێشوازی لێکرا.
سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەت پیرۆزبایی یادی (33) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی لێکردن، هیوای بۆ خواستن کە بە گوڕوتینەوە گۆڕانکاری لە کار و چالاکییەکانیاندا بکەن و بەردەوامی بدەن بەو مێژووە پڕ سەروەریەی کە لە رابردوو هەیانبووە.
ئاماژەی بەوەشدا کە؛ شێوازی خەباتی ئێستا لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی کوردیدا جیاوازە لەگەڵ رابردوودا، پێویستە شێوازی کار و چالاکییەکانیش لەگەڵ هەلومەرج و ئەم قۆناغەی ئێستا دا گۆڕانکاری تیادابکرێت.
هەروەها سوپاسی تایبەتی خاتوو کافیە سڵێمانی کرد بۆ تەرخانکردنی بەشێکی زۆری تەمەنی بۆ خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەمان و لە نێویدا بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان.
قوباد تاڵەبانی ئامادەیی دەربڕی بۆ هەموو پشتیوانییەک لە پێناوی بەردەوامی و گۆڕانکاری بەرەو پێشچوونی کارەکانیان.
لە کۆتاییدا خاتوو کافیە سڵێمان سوپاسی قوباد تاڵەبانی کرد و سەردان و پشتیوانییەکانی بەرزنرخاند و جەختیکردەوە کە؛ کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرەو پێشچوونی کار و چالاکییەکانیان دەبێت لە داهاتوودا.