ستران عەبدوڵڵا: هەڵبژاردن پێویستی بە یاسای نوێ و تۆماری دەنگدەرانی نوێ هەیە

09:46 - 2022-11-07
دیدار
714 جار خوێندراوەتەوە

دیداری: رادیۆی دەنگ

ستران عەبدوڵڵا لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ رادیۆی دەنگ، باسی نیگەرانییەكانی یەكێتی كرد سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و ناكۆكییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی.

سەرەتا لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن وتی: ناكۆكییەكان بەشێكی پەیوەندی بە پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، بەشێكیشی پەیوەندی بە پڕۆسەی سیاسی عیراقەوە هەیە، یەكێتی زۆر لە حەقی خۆی خۆش بووە، بۆ نموونە كە حكومەت یەكی گرتەوە، یان لە هەموو ئەو پڕۆسە سیاسییانەدا یەكێتی زۆرجار بۆ ئەوەی ئاشتییەكە بڕوات، بۆ ئەوەی حوكمڕانی لە كوردستاندا سەركەوتوو بێت، لە زۆر بواردا لە حەقی خۆی خۆش بووە، بەڵام ئێستا لەوە دەرچووە بەشی یەكێتی بێت لە پۆستێكدا یان لە وەزارەتێكدا، بۆ نموونە ئێمە روومان لە هەڵبژاردنی داهاتووی كوردستانە، لەبەر ئەوەی رێكنەكەوتووین لەسەر یاسایەك، پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە، لەبەرچی؟ لەبەرئەوەی دەبێ یاسایەك هەبێت ئەو هەڵبژاردنە رێك بخات، خۆ دەبێ كۆمسیۆنێك هەبێت ئەم هەڵبژاردنە ببات بەڕێوە، دەبێ تۆمارێكی پاكی دەنگدەران هەبێت، ئەگەرنا هەڵبژاردن بۆچی دەكرێت، هەڵبژاردن بۆیە دەكرێت، جیلی تازە بێتە پێشەوە، كە مافی دەنگدانیان هەیە.

یەكێتی زۆرجار بۆ ئەوەی ئاشتییەكە بڕوات، بۆ ئەوەی حوكمڕانی لە كوردستاندا سەركەوتوو بێت، لە زۆر بواردا لە حەقی خۆی خۆش بووە

كەموكورتییەكانی یاسای هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن
ستران عەبدوڵڵا لە درێژەی بەرنامەكەدا جەختی كردەوە، واقیعی كوردستان روونە، یەكێتیی و حزبەكانی دیكەش دەیانەوێ كەموكووڕییەكانی یاسای هەڵبژاردن چارەسەر بكرێت، كۆمیسیۆنێكیتر هەبێ، پارتی لەو مەسەلەیەدا لە تەرەفێك بوو هەموو حزبەكانیتری كوردستانیش لە تەرەفێك بوون، تەنانەت ئەگەر جیاوازیش هەبێت لەنێوان حزبەكاندا بەڵام هەموو لەسەر ئەوە كۆك بوون كە هەڵبژاردنێكی نوێ هەبێت، كە مانایەك بۆ هەڵبژاردن بهێڵێتەوە، پێویستی بەوەبوو حەكەمی ئەم هەڵبژاردنە كە بێگومان كۆمیسیۆنەكەیە، تۆماری دەنگدەرانە، بێگومان خەڵكی دەنگدەرە، ئەمە دەبێ حەكەمێكی عادل بێت، لەبەرچاوی خەڵك روون بێت، ئەگەر ئەمە دابین نەبێت، هەڵبژاردن بكرێ و نەكرێ چی لە مەسەلەكە دەگۆڕێت؟
سەبارەت بە هۆكارەكانی درێژكردنەوەی پەرلەمان ستران عەبدوڵڵا وتی: درێژكردنەوەی پەرلەمان لەبەر ئەوە بووە كە یاسایەك نییە بۆ هەڵبژاردن، ئەمەش یەكێتی لێی مەسئول نییە، ئەگەر هەڵبژاردن نەبێت، كوردستان تووشی فەراغی دەستووری دەبێت، ئەی چۆن ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین؟ لەبەر ئەوە نەتیجەیەكی تەبیعییە كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا نەكرێت، چیرۆكەكە دەڵێ، هەڵبژاردن بۆ لە كاتی خۆیدا نەكرا؟ چونكە پێویستییەكانی هەڵبژاردن دابین نییە، كێ زۆرینەیە لە پەلەرمان، پارتی زۆرینەیە، ئەم كەیسە دەچێتە ئەستۆی پارتییەوە، چونكە ئەوان نایەنە پێشەوە بۆ ئەوەی كە كۆمیسۆنێكی تازە هەبێت، یاسایەكی تازەی هەڵبژاردن هەبێت، كە ئەمە نەبێت هەڵبژاردن بێگومان روو نادات، خۆ ئەمە روونە، تۆ باسی تۆماری دەنگدەران دەكەیت، لەولاوە هەموو كەس دەزانێت كە (كۆتا)ی كەمینەكان چۆنە، كەمینەكان خۆیان، حزبە سیاسییەكانی كە نوێنەرایەتی كەمینەكان دەكەن، بە ئاشكرا وتیان ئێمە نامانەوێ كەیسەكەی ئێمە بۆ ئەوە بەكار بێت كە لە پڕۆسەی سیاسی كوردستاندا لایەنێك بەسەر لایەنێكی تردا زاڵ بێت، بەڵام ئێستا بەشێكی زۆری خەڵك دەزانن كە كەمینەكان بەكار دەهێنرێن لە تەسفیاتی سیاسی و بڕیاری سیاسیدا، كە لە راستیدا مەفروزە نوێنەرایەتی خەڵكەكە بكات، نەك كۆتا بێ و لە گیرفانی پارتیدا بێت.

هۆکاری بەشێك لە كێشەكان
سەبارەت بە هۆكاری ناكۆیی نێوان یەكێتی و حزبەكانی دیكە لەگەڵ پارتی لەسەر مەسەلەی هەڵبژاردن، بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندن وتی: بابەتەكە روونە، كاتێك كێشەیەك روو دەدات، یان بە یاسا چارەسەری دەكەیت، یان بە هەڵبژاردن، كە یاسایەك نییە بۆ رێكخستنەوەی هەڵبژاردن، لەبەر ئەوە كێشەكان بێچارەسەر دەمێننەوە، مەسەلەكە زۆر روونە، بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد پێویستت بە یاسایەكی رێكوپێكی هەڵبژاردن هەیە.
لەبارەی هەڵوێستی پارتی بەرامبەر بە رێكەوتنەكانی لەگەڵ یەكێتیدا، كە دەوترێ پارتی خاڵەكانی رێكەوتنەكە جێبەجێ ناكات، ستران عەبدوڵڵا دەڵێ: بەشێك لە كێشەكان پەیوەندی بەو زوڵم و زۆرەوە هەیە لە زۆنی سەوز دەكرێت، بە نیسبەت یەكێتییەوە هەموو كوردستان یەك ساحەی سیاسییە، بەڵام رەنگە بە نیسبەت پارتییەوە ئەمە دوو بەش بێت لە كوردستاندا، ئێمە لەسەر ئەوە گفتوگۆمان كرد، لیجان دروست كرا، بۆ ئەوەی ئەم كێشانە پێكەوە چاسەر بكرێن، بەڵام پارتی هەمیشە ئەم كێشانە دەبەستێتەوە بە بەغداوە، هەندێكی رەبت دەكاتەوە بە كێشەی لابەلاوە، لەبەر ئەوە ئەم كێشانە ناگەنە چارەسەركردن، پارتی مەلەفەكان دەكات بە بارمتەی یەكتری، لای هەموو كەس روونە پارتی مەلەفی ئەمنی بەكار هێنا بۆ مەلەفی سەرۆك كۆمار، مەلەفی سەرۆك كۆماری بەكار هێنا بۆ مەلەفی هەڵبژاردارن، تێكەڵ كردنی كاغەزەكان ئەمەیە.

پارتی كەیسی ئەمنی دروست دەكات
ستران عەبدوڵڵا دەڵێ: ئێمە وەك یەكێتیی لە وتەبێژەكەمانەوە تا بەیاننامەكانی مەكتەبی سیاسیش، زۆر بە ئاشكرا نوقاتی خیلافی نێوان یەكێتی و پارتی دەستنیشان كراوە، بەڵام یەك تۆزقاڵ لەو خیلافانە چارەسەر ناكرێن و ناچنە پێشەوە، پارتی لە هیچیان ناچێتە پێشەوەو چارەسەری ناكات، هەموو جارێك مەلەفاتیتر دەهێنێتە پێشەوەو كەیسیتر دروست دەكات، بۆ ئەوەی نەگەینە چارەسەر، بۆ نموونە ئەو كەیسە ئەمنیانە پارتی دروستیان دەكات، ئەمە ئەساسەكەی چییە؟ ئەگەر كێشەیەك هەبێت بۆ نموونە، پەیوەندی بە مەلەفی ئەمنییەوە هەبێت، پێویستە لیژنەی هاوبەش چارەسەری بكات، پارتی هات داوای بەردانی خەڵكی كرد كە لە كەیسی ئەهلیدا تێوەگلاون، پارتی هێزی دروست كردووە بۆ خەڵكی دیكە كە هیچ پەیوەندییەكی نە بە حوكمڕانییەوە هەیە، نە بە دامەزراوەكردن و نە بە ناونیشانی دەوڵەتدارییەوە هەیە.

تەزویركردن بەشێكە لە فەرهەنگی پارتی
ستران عەبدوڵڵا لە درێژەی گفتوگۆكەدا وتی: تەزویركردن لە هەڵبژاردندا بەشێكە لە فەرهەنگی پارتی، دروست كردنی مەلەفی ئەمنی بۆ خەڵك بۆ ئەوەی بەكاری بهێنێت ئەگەر دۆخێك هاتە پێشەوە، ئەوەش فەرهەنگی پارتییە، كەسێك بیروڕایەكی جیاوازی هەبوو، پارتی مەلەفی بۆ دروست دەكات، ئەمە كەی حوكمڕانی كردنە، ئەمە بەكارهێنانی دام و دەزگاكانی حوكمدارییە بۆ مەسائلی حزبایەتی، ئەمە قابیلی قبووڵكردن نییە لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە لە ئیش كردن و سیاسەت كردنە، خیلافی نێوان یەكێتی و پارتی نییە، خیلافی نێوان كوردو پارتییە.
سەبارەت بە قووڵبوونەوەی كێشەكان و هەوڵدان بۆ چارەسەر كردنیان، ستران عەبدوڵڵا وتی: ئەگەر ئەو كێشانە كێشەی نێوان یەكێتی و پارتی بێت، زۆر ئاسانەو بە جەلسەیەك دوو جەلسە دەتوانین حەلی بكەین، وەكو جاران دەیكرد، وەكو جاران كە جەنابی مام جەلال مابوو، وەكو جاران كە یەكێتی و پارتی رێكەوتنیان دەكرد لە نێوان خۆیاندا، بەڵام ئەمە لەوە دەرچووە كە كێشەی نێوان یەكێتی و پارتی، یان یەكێتی و گۆڕان، یان گۆڕان پارتی یان یەكگرتوو پارتی بێت، بۆتە كێشەیەك كە شێوەی حوكمڕانییەكەی پارتی ئێستا خەریكە ئەزمە بۆ كوردستان دروست دەكات، ئەمە دەبێ هەڵوێستەی لەسەر بكرێت و رابگیرێت.

یەكێتی ئەم حكومڕانییەی قبووڵ نییە
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ حزبەكان قسەی كردووەو وتویەتی ئەم جۆرە حوكمڕانییە قبووڵ نییە، پارتی وا لێكی داوەتەوە، كە یەكێتی چووە لە حزبەكان پاڕاوەتەوە بێن ناوبژیوانی بكەن لە نێوان پارتی و یەكێتی، ئەمە بەشێكە لە فەرهەنگی خۆبەزلزانین، حەتا ئەگەر واش بێت، محاولە بكرێت بۆ ناوبژیوانی بۆ چارەسەری كێشەكان ئەمە كەی عەیبەیە، ئەگەر یەكێتی و پارتی كێشەیەكیان هەبێت و بزوتنەوەی گۆڕان یان یەكگرتوو بێنە نێوانەوە چارەسەری كێشەكە بكەن، ئەمە چ عەیبێكی هەیە بۆ پڕۆسەی سیاسی؟ پارتی ئەمەی ناوناوە شەفاعەت، وەك ئەوەی حزبەكان بچن لای پارتی شەفاعەت بۆ یەكێتی بكەن، ئەم موفرەدانە هیچ پەیوەندییان بە پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی و حوكمڕانییەكی تەندروستەوە نییە.
سەبارەت بە دانیشتنی یەكێتی لەگەڵ حزبەكانی دیكەو گفتوگۆ لەگەڵیاندا بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی وتی: دەبێ بەهێزەكانی دیكەش بوترێ ئەم خیلافاتانە لەسەر چییە، شەفافیەتی سیاسی ئەمەیە، وەكو یەكێتیی ئێمە حورمەتی هەموو هێزە سیاسییەكان دەگرین و پێمان وایە لە توانایاندا هەیە رۆڵیان هەبێت لە چارەسەری كێشەكاندا، ئەگەر ئەوان بڵێن با خۆیان بچن لەگەڵ پارتی دابنیشن و قسە بكەن، ئێمە لەگەڵ پارتیش قسە دەكەین و هەموو رێگایەكی سیاسی دەگرینەبەر، بەڵام ئەگەر پارتی بڵێ یەكێتی بۆیە لەگەڵ حزبەكان قسە دەكات تا شەفەعەتی بۆ بكەن و لەو لایشەوە خۆیشی لەگەڵ حزبەكان دابنیشێت، ئەمە نامانگەیەنێتە نەتیجە.

چارەسەر لە فەرهەنگی مام جەلالدا
سەبارەت بە هەوڵی یەكێتی بۆ چارەسەری كێشەكان ستران عەبدوڵڵا دەڵێ: ئەوە فەرهەنگی مام جەلالە كە گوێ بەوە نادات كێ لە پێش كێوە دەڕوات و كێ دوای كێ دەڕوات، یان پارتی جارێك بێت من دوو جار بچم بۆ لای، مام جەلال دەیانجار خۆی چووە بە دەنگ بابەتەكانەوە. بەشداری حزب و لایەنەكانیش لە پڕۆسەی سیاسیدا شتێكی ئاساییە، حزبێكی وەك یەكێتی یان هەر حزبێكیتر لە كوردستان و عیراقیش بۆچی بۆی نەبێت كاندیدی خۆی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری، عەیبەكە، خراپییەكەی لە چیدایە، ئەی دیموكراسی یەعنی چی؟ ئەگەر بە دیموكراسی نایكەین با بێین بە تەوافوقی كوردی بیكەین، بە تەواوفوق نایكەی، بە دیموكراسی نایكەی، ئەی بە چی دەیكەیت؟ حەز دەكەین بزانین بە چ رێگایەك دەتوانین سیاسەت لەگەڵ پارتیدا بكەین، ئەو دەیەێ پاشكۆی بین، ئێمە ئەوە ناكەین، بە تایبەت ئێمە پێمان وایە ڕێبازی یەكێتی لە تەواوی كەیسەكاندا راستترە لە رێبازو شێوازی پارتی.
سەبارەت بە دانیشتنی داهاتوو لەگەڵ پارتیدا، ستران عەبدوڵڵا وتی: دانیشتمان هەر دەبێت، چونكە یەكێتی قەت دەرگای سیاسی دانەخستووە، گفتوگۆشمان دەبێت، بەڵام خۆتان دەزانن ئەم سێ چوار رۆژە پارتی سەرقاڵی كۆنگرەی خۆی بووە، هیوادارین كۆنگرە سەركەوتو بێت.

داڕشتنەوەی، کوردەوان محەمەد سەعید

بابەتە پەیوەندیدارەکان