سەرۆك كۆمار: گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا هەوڵی هاوبەشی نێودەوڵەتی پێویستە

09:08 - 2022-11-09
عیراق
623 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لە پەراوێزی كۆنفرانسی باڵای كەشوهەوای نەتەوە یەكگرتووەكان COP27، بەشداری لە كۆبوونەوەی تاوتوێكردنی دەستپێشخەریی گۆڕانی كەشوهەوا لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك كۆمار، رایگەیاند: جیهان پێویستیی زۆری بە زانیاری و پێشكەوتنی زانستی هەیە بۆ روبەڕوبوونەوەی كێشەكانی گۆڕانی كەشوهەوا، كە ئەوەش هەوڵی هاوبەشی نێودەوڵەتی دەوێت.
ئاماژەشیكرد بە هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە و رایگەیاند: سەرچاوەكانی ئاویش كاریگەرییان لەسەرە بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە، ئەگەر دابەشكردنی ئاو بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بێت، یارمەتیدەر دەبێت لە كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی و بەبیابانبوونیش رادەگرێت. لەوبارەیەشەوە پێویستیی پەرەپێدانی چارەسەر و رێكەوتنی ریشەیی خستەڕوو بەشێوەیەك كە یارمەتیدەربێت لە رێكخستنی بەكارهێنانی سەرچاوەكانی ئاودا. «ئەوەش پێویستی بە هاریكاری و لێكتێگەیشتنی نێودەوڵەتی هەیە كە رۆڵی هەبێت لە بەكارهێنانی ئاو بەشێوەیەكی رێكخراو».

دیداری سەرۆك كۆمار و وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری دەرەوە
لەلایەكی دیكەوە، سەرۆك كۆمار پێشوازیكرد لە جەیمس كلیفرلی وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری دەرەوە و كاروباری كۆمۆنوێڵس و گەشەپێدانی بەریتانی.
د.لەتیف رەشید، ئەوەی خستەڕوو كە عیراق ئێستا خاوەنی ئابوورییەكی بەهێزە، ئەوەش وایلێدەكات بتوانێت ئەو پڕۆژانە بەدیبهێنێت كە خزمەت بە نەوەكانی دەكات.
سەبارەت بە كێشە ژینگەییەكان و گۆڕانی كەشوهەوا، سەرۆك كۆمار وتی: عیراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە كاریگەریی زۆری لەسەرە و زیانی پێگەیشتووە، بۆ ئەوەش جەختیكردەوە لە «پێویستیی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ كەمكردنەوەی ئەو كاریگەرییانە، گرنگیی هاریكاریی نێودەوڵەتی و دابینكردنی پێویستییەكانیشی دووپاتكردەوە كە پشتیوان دەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر مەترسییەكاندا».
لای خۆیەوە وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا، ئاماژەیدا بە گرنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە روبەڕوبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی كەشوهەوا و پاراستنی ژینگەوە.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان