بەهاكان و رەفتار و لێكتێگەیشتنی نەوەكان

10:07 - 2022-11-09
کەلتور
343 جار خوێندراوەتەوە
#دوورکەوتنەوە لە دۆخی مەترسیدار

ئاری والاك*

لە فارسییەوە: كوردەوان محەمەد سەعید

داهاتوو لە شوێنێكی دوور نییە، ئایندە ناو نییە، بەڵكو كردارە، ئەو شتەیە كە ئێمە ئەمڕۆ دەیكەین، ناكرێ ئێمە لێگەڕێین داهاتوو بێت و وەك شەپۆل لەگەڵ خۆی بمانبات، یان لەلایەن كەسانی دیكەوە بۆمان دابڕێژرێت.
ئێمە لە قۆناغێكدا دەژین كە خەڵكیی متمانە بە دامەزراوە رەسمییەكان ناكەن، بۆ منێكی مرۆڤناس ئەمە خاڵی جیاكەرەوەیە، واتە ئەو قۆناغە مێژووییەیە كە نموونە كۆنەكان و دامەزراوە باوەكان و چیرۆك و بەسەرهاتە دێرینەكان باویان نەماوە، هاوكات ئێمە لەسەروبەندی دروست كردنی دامەزراوەی نوێ و شێوازی بیركردنەوە و هزری نوێداین.

تایبەتن بە مەودایەكی كورت
قۆناغێكە لەوپەڕی بێسەرەوبەریی و نائارامیداین، بەڵام پڕ لە داهێنانیشە، شێوازی رەفتارمان لەم قۆناغەدا ئایندە بنیات دەنێت، لێرەدا كێشەیەك هەیە، ئەویش ئەوەیە ئێمە بە گوێرەی سروشتی بایۆلۆژیمان، بڕیارەكانمان تایبەتن بە مەودایەكی كورت، بیهێنە پێش چاوی خۆت 15 هەزار ساڵ لەمەوبەر ئەگەر بە رێكەوت درەختێكی بەردارمان ببینیایە، تا دەمانتوانی میوەكەیمان دەخوارد و سكمان لێ پڕ دەكرد، لەبەر ئەوەی نەماندەزانی ژەمی دواترمان دەست دەكەوێت یان نا.
بیر و هۆشی سروشتی ئێمە، ئەوەندەی پەیوەندی بە ژیانەوە هەبێت، تەنیا مەودای نێوان لەدایكبوون و مردن دەگرێتەوە، ئێمەی مرۆڤ تاكە زیندەوەرین كە لە تەمەنێكی زۆر كەمەوە لەوە تێدەگەین كە مردن لە رێمانە، لێرەشەوە ئەگەر لە مردن بترسین، ئەوا تێڕوانین و بیر و هۆشمان بۆ ژیان زۆر كورت مەودا دەبێت، بەڵام هۆشیارانە بڕوانینە مردن، دەبینین ژیان و مانەوە تەنیا پەیوەست نییە بە ئێمەوە، بەڵكو پەیوەستە بە كەسانی كە پێش ئێمە هەبوون و كەسانی كە دوای ئێمەش دەبن، لەبەر ئەوەی ئەو كارەی ئێمە ئەمڕۆ لە ژیانی خۆماندا دەیكەین، زۆر زیاتر و فراوانترە لە تەمەنمان و كاریگەری بۆ سەر نەوەكانی داهاتووش دەبێت.

ئێستا بە باشی تێپەڕێنین
كەواتە ئێمە لە مێژووی خۆماندا كورت مەودا بیرمان كردۆتەوەو تا ئێستاش ئەو شێوازی بیركردنەوەیە لە هەموو بڕگە و جومگەیەكی ژیانماندا بەكار دەهێنین، بەڵام ئەگەر ئەم قۆناغەی ئێستا بە باشی تێپەڕێنین، پێویستە بۆ داهاتوو بڕوانین، واتە دەبێ بیر لەوە بكەینەوە كە كردار و رەفتاری ئەمڕۆمان چ كاریگەرییەكی لەسەر نەوەی دوای خۆمان و نەوەی دواتریش دەبێت.
تێگەیشتن لە رابردووش، واتە تێڕوانین بۆ باوانی خۆمان و كۆمەڵگە، بەڵام دەبێ بەو چاوە تێیان بڕوانین كە كوڕی رۆژگار و رووداوەكانی سەردەمی خۆیانن، نەوەكانی پێشوو لەوانەیە لە كاتی خۆیدا قسەیەكیان كردبێت كە ئەمڕۆ لەلایەن هەموانەوە رەتدەكرێتەوە، بێگومان دەكرێ هەمان شت بەسەر ئێمەش بێت. 

ئەو شتانە چین؟
تێڕوانینمان بۆ رابردوو دەبێ تێڕوانینی ئاشتیانە بێت بۆ مێژوو، ئەم جۆرە تێڕوانینەش دەستپێكێكی نوێمان بۆ فەراهەم دەكات، هەموومان دەزانین هەندێك شت هەیە لە ژیانماندا تەنیا لەبەر خاتری باوان و باپیرە و باپیرەگەورەمان بەو شێوەیە ماوەتەوە، هەڵبەتە تێڕوانینی ئاشتیانەش بۆ باب و باپیران بەو واتایە نییە كە هیچ بەرپرسیارییەكیان نەخەینە ئەستۆ، بەڵكو بەو واتایە دێت كە وەك كوڕی رۆژگاری خۆیان لێكدانەوەیان بۆ بكەین و پاشان بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین، بۆ نموونە ئەم پرسیارە گرنگە: ئەو شتانە چین كە ئێمە دەمانەوێ لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیكەی بگوازینەوە؟ لە راستیدا خودی ئەم پرسیارە هاوسۆزییە لەگەڵ نەوەی دواتر و دەمانبەستێتەوە بە نەوەی دوای خۆمانەوە، هەر ئەمەشە كردار و رەفتاری ئەمڕۆمان دەستنیشان دەكات.
تیڕوانینی دیكەش هەیە، بۆ نموونە ئەو تێڕوانینەی كە پێی وایە ئەگەری چەند ئایندەیەكی جیاجیا لە پێشمانە و پێویست ناكات هێندە بە قووڵی و بە تایبەت بیر لە داهاتوو بكەینەوە. تێڕوانینێكی دیكەش پێی وایە ئێمە هەموومان یەك ئایندەی رەسمیمان هەیە، ئەم تێڕوانینەیان لە زەینی زۆربەماندا هەیە و دواڕۆژی بۆ دەستنیشان كردووین، زۆر جار بیركردنەوەكەش هەیە و بەو ئاڕاستەیە دەڕوات، بەڵام ناوترێ، بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوەیە ئەو ئایندە رەسمییە كێ دەستنیشانی دەكات؟ كاتێكیش هەموو تێڕوانینەكان بۆ ئایندە كۆ دەكەینەوە و دەبینین ئایندەی جۆراوجۆرمان هەیە پرسیارێكی دیكە قوت دەبێتەوە، ئەویش ئەوەیە: ئەم ئایندانە كامیان راستن و تۆ كامیان هەڵدەبژێریت و بەرەو رووی دەچیت؟

ئامانجی كۆتاییمان چییە؟
بیرۆكەی ئامانجی كۆتایی، كە گریكەكان پێی دەڵێن (تێڵۆس) هەر لێرەوە سەرچاوەی گرتووە، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش ئێمە هەمیشە لە خۆمان دەپرسین: ئەو داهاتووەی ئێمە دەمانەوێت، چۆنە؟ واتە ئامانجی كۆتاییمان چییە و چۆنە؟ پرسیاری كۆتاییش بەوە دەگات، كە ئایا ئێمە نەوەیەكی گەورەین بۆ رۆڵەكانی خۆمان؟ ئەم هەڵوێستەكردنەو ئەم پرسیارانە چركەساتی گرنگن بۆ مرۆڤایەتی، چونكە ناكرێ ئایندە وەك شەپۆلێك بێت و لەگەڵ خۆی بمانبات، ئێمەش بێدەسەڵات بین لەبەردەمیدا، یان ناكرێ ئایندە شتێك بێت كەسانی دیكە بۆمانی دەستنیشان بكەن.
داهاتوو شوێنێكی دوور نییە، ناو نییە، بەڵكو واقیعی كردارە، جووڵەیە، ئەو شتەیە كە ئەمڕۆ تۆ دروستی دەكەیت، خۆ ئەگەر سەر رێگاكەمان بەربەستی گەورەی لێیە، پێویست ناكات چاوەڕێ بكەین پیاوێكی گەورە بێت بەربەستەكەمان بۆ لاببات، بەڵكو پێویستی بە جووڵەو بزاوتی بەكۆمەڵ هەیە، ئەمەش بە گۆڕینی رەفتارو بەهاكانی ئێمە دەست پێدەكات، خۆ ئەگەر بڕیارە وەك میللەتێك بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێین، وەك رەچەڵەكی مرۆڤ، دەبێ نەمام بنێژین تا لە داهاتوودا كەسانێك لە سایەیدا بحەوێنەوە، دروستبوونی ئەم جۆرە بیركردنەوەیەش لای تاك، یارمەتیمان دەدات تا رۆژگارە ناهەموارەكان لێهاتوانە تێپەڕێنین. 

*پسپۆڕی بواری مرۆڤناسی

سەرچاوە: nebesht.com

بابەتە پەیوەندیدارەکان