بەگژاچوونەوەی مادە هۆشبەرەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئابوورییە

09:05 - 2022-11-10
ئابووری
495 جار خوێندراوەتەوە
#مادە هۆشبەرەکان مەترسین بۆ سەر کۆمەڵگە

فەیسەڵ عەلی

مامەڵە کردن بە مادە هۆشبەرەکان یەکێکە لە مەترسیدارترین ئەو تاوانانەی کە دەبێ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بەگژیدا بچینەوە، لەبەر ئەوەی کاریگەریی مەترسیداری لەسەر تاک و کۆمەڵگە هەیە. ئەم پرسە بە کۆمەڵگەی کوردی نوێیە و لەم دوو دەیەی دواییدا بەشێوەیەکی بەربڵاو گوێ بیستی دەبین، کە کاریگەریی زۆر مەترسیداری لەسەر گەنجان و ئایندەیان دروست کردووە، چونکە زیانەکانی تەنها لەسەر خودی کەسەکە نییە، بەڵکو هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە، بەوەی ئەمە مادەیەکی خراپ و مەترسیدارە، وا لەوانە دەکات کە بەکاری دەهێنن و ئەوانەی قاچاخچێتیی پێوە دەکەن و ئەوانەی بازاڕی بۆ دەدۆزنەوە، تاوانی زۆر قێزەون بکەن، ئەمەیش هانمان دەدات کۆمەڵگەی لێ پاک بکەینەوەو بە هەموو شێوەیەک رێگری لێبکەین.

کەم رۆژ هەیە هەواڵەکەی نەبیستین
بێگومان هەوڵەکانی دەزگای ئاسایش و گومرگەکان، ئەرکێکی گرنگ و گەورەیەو رۆڵێکی بەرچاویان لە پاراستنی کۆمەڵگەدا هەیە، رێگری لە مەترسییەکی گەورە دەکەن کە دووچاری داهات و تەندروستی و لایەنی دەروونی تاکەکانی کۆمەڵگە دەبێتەوە. کەم رۆژ هەیە، هەواڵی دەستگیرکردن و دۆزینەوەی باندی بازرگانی و دەستبەسەراگرتنی بڕێکی زۆری مادە هۆشبەرەکان بە جۆرە جیاوازەکانییەوە نەبیستین، کە دەشێ ئەوانە ئایندەی ژمارەیەکی زۆری گەنجان و ئەوانیتریش وێران بکەن. لێرەدا دەبێ ئاماژە بە لێهاتوویی و توانای دەزگاکانی ئاسایش و هاوبەشەکانیان بکەین کە بە چاوکراوەییان و هاوکاریی هاووڵاتیان بەو سەرچاوەو باندانە بگەن و دەستگیریان بکەن. 
بێگومان ئەوانەی ئەو کارە دەکەن، وێڕای ئەوەی بە دوای بەدەستهێنانی قازانجێکی زۆرەوەن، هاوکاتیش رۆڵێکی گەورەیان لە هەڵخەڵەتاندنی گەنجان و بڵاوکردنەوەی ئەو ماددانە هەیە لە ناویاندا، هەروەها بۆ لە بەریەک هەڵوەشاندنەوەی تەونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و تێکدانی بنچینەی خێزان و خۆشەویستیی نێوان تاکەکانی کۆمەڵگە و خێزانەکانە.

گەنجانی کردۆتە ئامانج
بێگومان، ئەو هەوڵانەی لەم پێناوەدا دەدرێن جێی دەستخۆشی و پێزانینە، ئەوەی لەم قۆناغەدا گرنگە هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی ناو کۆمەڵگەیە لە مەترسییەکانی ئەو مادە هۆشبەرانەو بڵاوبوونەوەی، هەر خەمساردییەک لە رووبەڕووبوونەوەیدا کۆی کۆمەڵگە دەخاتە مەترسییەوە، مەترسییەکەیشی لە بڵاوبوونەوەیەتی لەناو تاکەکانی کۆمەڵگە، کە گەنج و لاوی ئەم هەرێمەی کردۆتە ئامانج، ئەمەیش رەنگدانەوەی مەترسیداری لەسەر باری ئابووری و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە دەبێت، چ لەوەی گەنجان بە لاڕێدا دەبات و بێهۆشیان دەکات، دەشێ لە خراپ لێخوڕینی ئوتومبیلی سەر شەقامە گشتییەکان، یان بەکارهێنانی چەک یان پێکهێنانی گروپی هەمەجۆر زیان بە ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان بگەیەنن، چونکە ئاڵودەبوون بەو مادەیە زۆر لەوانە هان دەدات تا بە دوای سەرچاوەی داراییدا بگەڕێن، بەتایبەتی ئەوانەی دووچاری ئەم بەڵایە دەبن، چیتر ناتوانن بە جێگیری لە کارێکدا بەردەوام بن، تەنانەت ئەگەر هاتوو فەرمانبەریش بن و داهاتی جێگیریشیان هەبێت، چونکە تێچوونی ئەم جۆرە مادانە زۆرە، بەوەش ئەو داهاتەی هەیەتی بەشی ناکات و ناچاری دەکات بەدوای سەرچاوەی دارایی تردا بگەڕێت، ئەویش لە رێی قەرز و دزی و رێگەی تری نایاساییەوە، لە لایەکیتریشەوە بنچینەی خێزانیشی لەبار دەبات، چونکە ناتوانێ پێداویستییەکانی خێزانەکەی دابین بکات و دەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆیان.

هەڕەشەی راستەوخۆیە بۆ سەر کەس و کارمان
کۆمەڵگەش بەرپرسیارێتیی لەسەرە بەگژداچوونی ئەم ئافاتە و نەشاردنەوەی ئەوانەی بەکاریدەهێنن و بانگەشەی بۆ دەکەن و قاچاخچێتی پێوەدەکەن، بەدەر لەوەی قەبارەی ئەو ئازارەی بەهۆی ئەو سزایانەی رووبەڕووی ئەوانە دەبێتەوە، بەڵام مەترسی ئاگادارنەکردنەوەی دەزگا پەیوەندیدارەکان لەمەڕ ئەوانەی مامەڵەی پێوە دەکەن، دەگاتە نزیکترین کەسەکانمان و هەڕەشەی قورس و گەورە لە خزم و کەسوکارمان دەکات و دەشێ قەبارەی ئازارەکان بە شاردنەوەیان زیاتر بێت، بەوەی کەسێکی ئەندامی خێزانمان یان کەسێکی نزیکمان ئالودەی ببێت، چونکە ئالودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان، مرۆڤ گیرۆدەی ئەو مادانە دەکات و بە ئەستەم دەتوانرێ لێی دەربازببێت.
بێگومان هاندەری نووسینی ئەم گوتارە، هەستکردنە بە دڵنیایی و گوزارشتکردنە لە سوپاس و پێزانین بۆ هەموو ئەوانەی رۆڵیان لە بەگژداچوونەوەی ئەو ئافاتە هەیە، هەر لە بەرپرسان و کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان، تا بەو هاووڵاتییانەیش دەگات، کە رۆڵیان لە سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەکاندا هەیە، هەرچەندە دۆزینەوەی قاچاخچییەکان کارێکی قورسەو شەونخونی زۆری دەوێت.

مادەی هۆشبەرو داڕمانی بەهاکان
مەترسی مادە هۆشبەرەکان لەسەر ئابووریی هەرێمی کوردستان گەورەیە، یەکێکە لەو ئامرازانەی بڕێکی دیاری سەرمایەی هەرێمی کوردستان بەرەو دەرەوە دەبات، وێڕای ئەوەی بەشێکی تاکەکانی کۆمەڵگە دەخاتە دەرەوەی پڕۆسەی بەرهەمداری و خزمەتگوزاری، بەتایبەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغێکدایە پێویستی بە هەموو تاکەکانی ناو کۆمەڵگەیە بەشداری لە پڕۆسەی بەرهەمداری و خزمەتگوزارییدا بکەن، کە لێوەی سەرچاوەی داهات بۆ خۆیان و خێزانەکانیان دابین دەکەن.

کۆمەڵگەیش بەرپرسیارێتیی لەسەرە بۆ بەگژاچوونەوەی ئەم ئافاتەو نەشاردنەوەی ئەوانەی بەکاریدەهێنن و بانگەشەی بۆ دەکەن و قاچاخچێتی پێوەدەکەن

بە کورتی، ئافاتی مادە هۆشبەرەکان بە هەموو جۆرەکانییەوە کاریگەریی نەرێنیی زۆر گەورەی لەسەر داڕمانی ئاسایش و بەهاکان و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە، لەگەڵ ئەوەی دەزگا ئەمنییەکان رۆڵی گەورەو بەرچاویان لە سنووردارکردنی ئەو ئافاتەدا هەیە، بەڵام هێشتا پێویستیان بە هاوکاری و چاوساغی کۆی کۆمەڵگەیە هەیە. لێرەدا ئەوەی گرنگە، ئامادەگیی تاک بە تاکی کۆمەڵگەیە بەوەی هاووڵاتی کەسی یەکەمی دەزگا ئەمنییەکانە، کە دەتوانێ بەشدارییەکی کارای لە سنوردارکردنی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن و هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە بە مەترسییەکانی ئەم مادانەدا هەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان