قایمقامی چەمچەماڵ: چیترخەڵکی چەمچەماڵ بۆ راییکردنی کارەکانی ناچێتە سلێمانی

09:14 - 2022-11-10
دیدار
702 جار خوێندراوەتەوە
دیمەنێک لە دیدارەکە

دیداری: نێرگز قادر

حاکم رەمک رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ لەم دیدارەدا کە بۆ رادیۆی گەلی کوردستان کراوە، تیشک دەخاتە سەر تەواوی کێشەکانی  چەمچەماڵ و داواش لە لایەنی پەیوەندیدار دەکات کێشەکانی چەمچەماڵ بەهەند وەربگرن و چارەسەری پێویست و بنبڕی بۆ ببیننەوە و هەموان بە شاری خۆیانی بزانن.

لەوەتەی من قایمقامم، ھیچ بودجەیەک بۆ ئەو قەزایە نەھاتووە، تەنها یەک بەشی پترۆ دۆلار نەبێت، ئەویش تەنها بەشێکی کەم لە کێشەکانمان پێ چارەسەرکرد

*دۆخی چەمچەماڵ لە چ ئاستێکدایە و بە دیاریکراوی کێشەکانی چەمچەماڵ چین؟
-
لە رابردوودا چەمچەماڵ بە دۆخی زۆر خراپدا تێپەڕیوە، بەهۆی چەند هۆکارێکیشەوە دەستی ئاوەدانیی پێنەگەیشتووە، بەڵام لە هەندێک رووەوە هەنگاوی زۆر باشمان ناوە، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا لە بوارەکانی کارەباو کەرتی تەندروستیدا خزمەتی گەورەمان کردووە.
بەڵام لە بواری پڕۆژەی دابەشکردنی ئاو گەورەترین کێشەمان هەیە و لە بواری پەروەردەشدا گرفتی زۆرمان هەیە.
دواجار لە ئەیلولی ساڵی 2012 سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە جێبەجێبکرێت.

*ئەی بۆچی تا ئێستا پڕۆژەکە جێبەجێ نەکراوە؟
-
ساڵی رابردوو بە فەرمانی سەرۆک وەزیران بڕیاردرا بڕی حەوت ملیار دینار بۆ دروستکردنی بیرو نۆژەنکردنەوەی بۆری گواستنەوەی ئاو تەرخانبکرێت، بەڵام بەداخەوە تەنها بڕیارەکە دراو تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، هۆکاریش بۆ ئەم بابەتە زۆرە، نەبوونی دارایی پێوست و کەمیی نرخی پڕۆژەکان وایانکردووە هیچ کۆمپانیایەک ئەو پڕۆژانە وەرنەگرێت.

*هاووڵاتیانی چەمچەماڵ تاکەی بۆ نوێکردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبیل و هەندێک کاری یاسایی تایبەت بە هاتوچۆ دەبێت بچن بۆ سلێمانی؟
-
ئێمە کێشەی پێدانی مۆڵەتی شۆفێریمان چارەسەرکرد، ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی چەمچەماڵ مۆڵەت دەردەکرێت، بەڵام بۆ ساڵانەکە  دەمەوێت مژدە بە چەمچەماڵییەکان بدەم کە چیتر لەمەولا ناچنە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، ئێمە لە چەند رۆژی رابردوودا چووینە وەزارەتی ناوخۆ و ئەو کێشەیەشمان چارەسەرکرد، ئیتر ساڵانەی ئۆتۆمبێل لە چەمچەماڵ نوێ دەکرێتەوە.

*ئەو بودجەیەی بۆ چەمچەماڵ تەرخانکراوە چەندە، ئایا بەشی قەزایەکی وا گەورە دەکات؟
-
خۆزگە جاری جاران بوایە و لەسەر پێوەری خەبات و قوربانیدان بودجە بۆ چەمچەماڵ دیاریبکرایە، بەڵام بەداخەوە لەوەتەی من قائیمقامم، هیچ بودجەیەک بۆ ئەو قەزایە نەهاتووە، تەنها یەک بەشی پترۆ دۆلار نەبێت، ئەویش تەنها بەشێکی کەم لە کێشەکانمان پێ چارەسەرکرد، لە مانگی (10)ی ساڵی 2018 وە هیچ بوجەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە، ئەوەی کراوە لەسەر ئەساسی برایەتی و تەبایی خودی چەمچەماڵییەکان بووە.

*زۆرترین کۆمپانیا لە سنووری چەمچەماڵ کاردەکەن، بۆچی کەمترین دامەزراندن بۆ چەمچەماڵییەکان هەبووە؟
-
راستە گەورەترین کۆمپانیاکان لە سنووری چەمچەماڵن و کارگەی زۆر گەورەی لێیە، بەڵام من پێموایە خەڵکی چەمچەماڵ زۆرترین سوومەندبوون، بەڵام راستییەکان ڕوون نین بۆ هاووڵاتیان، دامەزراندنی خەڵکی چەمچەماڵ بەکارگە و کۆمپانیاکان پڕنابێتەوە، بەڵکو دەبێت حکومەت خەمی دامەزراندنی چەمچەماڵییەکانی بێت.

*ئایا زیادەڕۆیی لە چەمچەماڵ هەیە، گەر هەیە زیادەڕۆییەکان چین کێن ئەو کەسانە، سزاکەیان چییە؟ 
-
بەڵێ زیادەڕۆیی هەبوو لە سێ بواردا، بواری ئاو و کارەبا و زەوی، ئێمە توانیومانە هەنگاو بنێن بۆ کەمکردنەوەیان، ئەو کەسانەش کە زیادەڕۆیی دەکەن لای ئێمە جیاوازییان نییە کێن، هەر کەسێک بێت دەستگیردەکرێت و بێ جیاوازی رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە، تەنها لە هەفتەیەکدا 135 زیادەڕۆیی کارەبا بڕدراون، دوای دەرچوونی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019، لەسەر بڕیاری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، بەشێک لە زیادەڕۆکانی زەوی تاپۆکران، ئەم هەنگاوە کێشەی زیادەڕۆی وەستاند، دەتوانم بڵێم بەراورد بە رابردوو زیادەڕۆیی زۆر کەمیکردووە.

*بڕیاربوو بارەگای حزبەکان ببەنە دەرەوەی شار ئەم هەنگاوە بەچی گەیشت؟
-
زەوییان بۆ تەرخانکراوە، بەڵام دواکەوتنی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە پەیوەندی بە نەبوونی بودجە و دارایی پێویستەوە هەیە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان