منداڵەکەت هاوڕێ یان دوژمنی هەیە؟

11:04 - 2022-11-13
دووتوێ
551 جار خوێندراوەتەوە
#هاوڕێیەتی راستەقینە لەسەر بنەمای هاوکاری بنیاد دەنرێت

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

هاوڕێیەتی بەشێکی سەرەکییە لە ژیانی منداڵ، بەڵام هەموو هاوڕێیەتییەک باش و تەندروست نییە، چونکە دەکرێت هەندێک هاوڕێیەتی وا لە منداڵ بکات هەست بە دڵەڕاوکێ و سترێس بکات، جگەلەوەی زۆرجار منداڵ زۆری دەوێت تاوەکو هەست بەو زیانە بکات کە بەهۆی ئەو پەیوەندییەوە تووشی دەبێت، بۆیە ئەگەر گومانی ئەوەت هەیە منداڵەکەت یان کوڕە هەرزەکارەکەت لە پەیوەندییەکی هاوڕێیەتی ناتەندروستدایە زۆر گرنگە بتوانیت نیشانەکانی ئەو پەیوەندییە ناتەندروست و ژەهراوییە بزانیت هەروەها چۆن بتوانیت یارمەتی بدەیت لەو هاوڕێیە دووربکەوێتەوە بەبێ ئەوەی زیانی پێبگات.

لەژیانی منداڵدا گرنگە
هاوڕێیەتی تەندروست یارمەتی منداڵەکەت دەدات هەستبکات پەیوەستە بە جیهانەوە، توێژینەوەکان دەریانخستووە هاوڕێیەتی تەندروست کاریگەری پۆزەتیڤی دەبێت لەسەر تەندروستی منداڵ بەگشتی، جگەلەوەی هاوڕێیەتی باش لە قۆناغی منداڵیدا یان هەرزەکاریدا وادەکات منداڵ توانا کۆمەڵایەتییەکانی پەرەپێبدات و متمانە بە خودی خۆی زیاد بکات.
دەکرێت هاوڕێیەتی سەرچاوەیەک بێت بۆ پاڵپشتی سۆزداری، بەڵام ئەو منداڵانەی لە قۆناغی منداڵیدا هاوڕێیان نییە سێ ئەوەندە زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە بگەنە ئاستە بەرزەکانی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، کێشەی دەروونی و جەستەیی، هەروەها ئەگەری زۆر هەیە شەڕانگێز دەربچن و زۆر جووڵە و کەم سەرنج بن.
 هاوکات هاوڕێیەتی گرنگە کاتێک پەیوەست دەبێت بە بنیادنانی هەستی پەیوەستبوون و پاڵپشتی سۆزداری، لە راستیدا منداڵان ئەوانەی بازنەیەکی بەهێز لە هاوڕێیان هەیە کەمتر دووچاری ئەوە دەبن لەلایەن منداڵی دیکەوە هێرشیان بکرێتە سەر و گێچەڵیان پێبکرێن، وەک لەو منداڵانەی لە رووی کۆمەڵایەتییەوە گۆشەگیرن دەبنە ئامانجی ئاسان بۆ بێزارکردن و ئازاردان.

لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کاتێک منداڵ لە قۆناغی هەرزەکاریدا کاتی زیاتر لەگەڵ هاوڕێکانیدا بەسەر دەبات ئەوە وادەکات دواتر کەمتر هەست بە جیابوونەوەی کۆمەڵایەتی بکات لە قۆناغی هەرزەکاریدا ئەوەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی هاوڕێیەتی باش و تەندروست تایبەتمەندییەکانیشی بریتین لە:
*مامەڵەکردن بە یەکسانی.
*متمانەکردن بە یەکتری.
*رێزگرتنی سنوری نێوانیان.
*ئاهەنگگێڕان بە سەرکەوتنی یەکترییەوە.
*پارێزگاریکردن لە یەکتری.


نیشانەکانی هاوڕێیەتی ناتەندروست
بەپێی پێگەی very well family بێت کێشەکان دەستپێدەکەن کاتێک لە دۆخی قورسدا هاوڕێیەتییەکە ناتەندروست دەبێت و زیانی زیاتر دەبێت وەک لە سوود،  والە منداڵەکەت دەکات بەدەست کۆمەڵێک هەستی جیاوازەوە بناڵێنێت.
هەیلی شافیر پسپۆری تەندروستی دەروونی دەڵێت: دەکرێت هاوڕێیەتی ناتەندروست بۆ منداڵ زۆر خراپ بێت، بەڵام زۆرجار زیاتر زیانی بۆ هەرزەکاران دەبێت، کاتێک لەو تەمەنەدا دەستدەکەن بەوەی پێشینەکانیان لە هاوڕێیەتیدا لەگەڵ هاوڕێکانیاندا دیاریدەکەن لە قۆناغی خوێندنی ناوەندی و ئامادەییدا، بەوەی زیاتر مەترسی ئەوەیان لەسەر دەبێت رووبەڕووی گێچەڵپێکردن ببنەوە لەگەڵ ئەوەی رەفتار و خووی نێگەتیڤ هەڵبژێرن کە پەیوەندی بەوەوەیە کاتەکانیان لەگەڵ کێدا بەسەر دەبەن.
بە وتەی ئەو پسپۆرە بێت هەندێک ئاماژە و رەفتار هەیە دەریدەخات هاوڕێیەتی منداڵ یان هەرزەکارەکەت تەندروست نییە لەوانە:

باڵانسی هێز نییە
هاوڕێیەتی راستەقینە لەسەر بنەمای هاوکاری بنیاد دەنرێت، بەڵام ئەم تایبەتمەندییە لە هاوڕێیەتی ناتەندروستدا نییە، لەجیاتی ئەوە ئەگەری زۆر هەیە هاوڕێیەک ببینیت کەسی بەرپرسە و هەموو بڕیارەکان لای ئەوە، تەنانەت ئەو جۆرە هاوڕێیانە پەنا بۆ هێز و توندوتیژی دەبەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و ئەوەی دەیانەوێت، لە بەرامبەریشدا ئەوی دیکە لەو هاوڕێیەتییەدا کەمترین توانا بەکاردێنێت و چاوەڕێی لایەنی بەرامبەرە هەموو کارەکان بکات. 

رەفتاری توند یان بێزارکەر
هاوڕێیەتی ناتەندروست هەندێکجار رەفتاری توند یان بێزارکەر لەخۆ دەگرێت بۆ نموونە هاوڕێیەک زۆر رەخنەی لێدەگرێت یان بە خراپ باسی ئەوانی دیکە دەکات تەنانەت دەگاتە ئاستی ئەوەی گاڵتە و سووکایەتی بە لایەنی بەرامبەر بکات یان بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاریبێنێت.

ئیرە بردنی زیاد لە پێویست 
زۆرجار ئیرەبردن لە هاوڕێیەتی ناتەندروستدا دەردەکەوێت، جا حەسوودی بردن بێت بە یارییەکی نوێ هاوڕێکەی بەدەستی هێناوە یان ئیرەکردن بێت لەوەی هاوڕێیەکی دیکەی هەیە، زۆر کەم هاوڕێیەتی ناتەندروست پاڵپشتی و هاندانی یەکتری تێدا دەبینرێت بەوەی ئاهەنگ بە سەرکەوتنی یەکترییەوە بکەن و زۆرجار هێڵێکی سەرەکی لە دژایەتی کردنی یەکتری لەو پەیوەندییەدا دەبینرێت.

کۆنترۆڵکردن
رەنگە کۆنترۆڵی یەکێک لە لایەنەکان بۆ ئەوی دیکە بەڵگە بێت بۆ بوونی هاوڕێیەتییەکی ناتەندروست، چونکە زۆرجار ئەو رەفتارانە کاریگەری لەسەر کەسێتی ئەو منداڵە دەبێت کە رەفتارەکانی کۆنترۆڵکراوە و وایلێدەکات کەسێتییەکی لاوازی هەبێت و نەتوانێت بڕیارە تایبەتەکانی بۆ داهاتوو بدات. 

چی دەکەیت ئەگەر هاوڕێی منداڵەکەتت پێ باش نەبێت؟
 هەمان پسپۆر باس لەوە دەکات دەتوانیت یارمەتی منداڵەکەت بدەیت بەوەی بۆشایی لە نێوان خۆی و هاوڕێکەیدا دروستبکات، لەگەڵ ئەوەی فێریبکەیت چۆن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەوانی دیکەدا ببەستێت لە رێی ئەوەی فێریبکەیت چۆن بەرگەی فشارە دەرەکییەکان بگرێت و بە رێزەوە کاردانەوەی گونجاوی بۆیان هەبێت.
هەندێکجار زۆر قورسە منداڵ لەو کەسە دووربخەیتەوە کە هەستدەکات پەیوەستە پێیەوە و هەروەها هەندێ کاتی دەوێت تاوەکو هاوڕێی نوێ دروستدەکات، بۆیە پسپۆرانی دەروونی ئامۆژگاری ئەوە دەدەن منداڵ هانبدرێت چالاکی و خولیای نوێ تاقیبکاتەوە، چونکە ئەو فێڵانە یارمەتی منداڵ دەدەن متمانە بە خودی خۆی بەدەستبێنێت، ئەوەش وایلێدەکات هاوڕێیەتی نوێ دروست بکات و لە هاوڕێ خراپەکانی دووربکەوێتەوە، جگەلەوەی چالاکی جۆراوجۆر وەکو بیرکاری یان وێنەکێشان..هتد لەو چالاکییانەن توانای منداڵ پەرەپێدەدات بۆ 
متمانکردن بە خود. 

  سەرچاوە: عربی بوست  

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان