بۆ یەكەمجار ژنێك دەبێتە سەرۆك كۆماری سلۆڤینیا

09:34 - 2022-11-15
جیهان
658 جار خوێندراوەتەوە

تاهیر ئیبراهیم 

ناتاشا بێرچ مۆسار كە پیشەی  پارێزەرە، وەك سەرۆكی سلۆڤینیا هەڵبژێردرا و بەمەش بۆ یەكەمجارە ژنێك دەبێتە سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە.
پارێزەر و پێشكەشكار، ناتاشا بێرچ مۆسار تەمەن 54 ساڵ، رۆژی یەكشەممە لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی سلۆڤینیا، سەركەوتنی بەدەستهێنا و بووە یەكەم ژن كە ئەو پۆستە بەدەستبهێنێت. مۆسار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا دوای راگەیاندنی سەركەوتنەكەی، رایگەیاند: هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی هەموان، هەروەها كار بۆ مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسیی دەستووری لە وڵاتەكەیدا، دەكات. 
بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی سلۆڤینیا، ناتاشا بێرچ مۆسار كە بۆ ماوەی 10 ساڵ سەرۆكایەتیی دەسەڵاتی پاراستنی زانیارییەكانی كردبوو، نزیكەی %54ی دەنگەكانی بەدەستهێنا و پێش ئێنزێ لوگار كەوتەوە كە نزیكەی %46ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.
مۆسار لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان وتی: سلۆڤینیا سەرۆكێكی هەڵبژارد كە باوەڕی بە یەكێتیی ئەوروپا و ئەو بەها دیموكراسییانە هەیە كە یەكێتیی ئەوروپا لەسەری دامەزراوە، وتیشی: هەموو هەوڵێك دەدەم بۆ كۆكردنەوەی سیاسەتمەداران لەسەر پرسە ستراتیژییەكان.

#سلۆڤینیا

بابەتە پەیوەندیدارەکان