سەرۆك كۆمار: گفتوگۆی بنیاتنەر بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەرێم

11:20 - 2022-11-16
ڕاپۆرت
282 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لە سەردانێكیدا بۆ هەولێر، دوێنێ لەگەڵ سەرۆكی هەرێم، سەرۆكی پارتی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆكی پەرلەمان، كۆبۆوە.
سەرۆك كۆمار، لە فڕۆكەخانەی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لێپرسراوی باڵاوە پێشوازیی لێكرا.

کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی هەرێم
لە یەكەم وێستگەی سەردانەكەیدا، سەرۆك كۆمار و سەرۆكی هەرێم كۆبوونەوە و جەختیان لە گرنگیی گفتوگۆی بنیاتنەر بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم بەپێی دەستوور كردۆتەوە، بەشێوەیەك كە مافی هەموو هاووڵاتیان مسۆگەربكات.
سەرۆك كۆمار هیوای خواست «بە هاوكاریی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق، بتوانن پێكەوە و بەپێی دەستوور كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا و كێشەكانی تر بكەن». لەبەرامبەردا سەرۆكی هەرێم رایگەیاندووە: چاوەڕوانییان هەیە سەرۆك كۆمار رۆڵببینێت لە چارەسەركردنی كێشەكان و هەموو ئامادەیی و پشتگیرییەكی هەرێمیشی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا و پێكەوەكاركردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ دووپاتكردۆتەوە.

کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پارتی
لەلایەكی دیكەوە، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆبۆوە و هەردوولا پاڵپشتیی خۆیان بۆ حكومەتی عیراق و جێبەجێكردنی بەرنامەكەی دووپاتكردەوە و جەختیانكردەوە لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دیالۆگ.
لە كۆبوونەوەكەدا، باس لە پێشهاتە گشتییەكانی وڵات و بارودۆخی سیاسی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی كرا و گرنگیی خستنەگەڕی هەموو هەوڵەكان و درێژەدان بە هاریكاریی بەردەوام لەپێناوی بەرگرییكردن لە سەروەریی و ئاسایشی عیراق و بەدیهێنانی خواست و ویستەكانی گەل بۆ هێنانەدیی ژیانێكی شایستە و دابینكردنی خزمەتگوزاری.

کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی حکومەت
لە دیدارێكی دیكەشدا، سەرۆك كۆمار و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم، باسیان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و گرنگیی جێبەجێكردنی بەرنامەی كاری حكومەت كرد، كە دەبێتە سەكۆی بەدیهێنانی خواست و ویستیی خەڵك بۆ ژیانێكی شكۆمەند.
ئاماژەش كرا بە پێویستیی یەكخستنی دیدگا و بۆچوونەكان و پەسەندكردنی دیالۆگ لەپێناوی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێم بەپێی دەستوور و بەشێوەیەك كە بەرژەوەندیی نیشتمانی بپارێزێت. لەو چوارچێوەیەشدا ئاماژەكرا بە پێكهێنانی لیژنەیەكی حكومەتی هەرێم بۆ سەردانی بەغدا و گفتوگۆ لەگەڵ لیژنەی حكومەتی فیدراڵ بۆ گەیشتن بە چارەسەری گونجاو و راستەقینە بۆ مەسەلە هەڵپەسێردراوەكان بەگوێرەی بڕگە و مادەكانی دەستوور، كە مافی هاووڵاتیان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە بپارێزێت.
سەرۆك كۆمار پشتیوانیی خۆی بۆ دیالۆگ و گفتوگۆ دووپاتكردەوە بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و پەرەپێدانی ئاستی پەیوەندییەكان و هەماهەنگی نێوان حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێم، متمانەی خۆیشی نیشاندا بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی دڵخۆشكەر و تێپەڕاندنی ئاستەنگەكان.

کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆکی حکومەت
لە درێژەی كۆبوونەوە و دیدارەكانیدا، د.لەتیف رەشید لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبۆوە و باسیان لە پێشهاتە سیاسییەكان كرد لەبەر رۆشنایی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و پێشبینی دەرەنجامی ئاستی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە داهاتوودا.
هەر لە دیدارەكەدا، هەوڵە بێوچانەكانی سەرۆك كۆمار بۆ نزیككردنەوەی دیدگاكان لەپێناوی چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ، تاوتوێكرا. لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار پێویستیی یەكخستنی هەڵوێستەكان و پتەوكردنی هاریكاری و هەماهەنگیی نێوان هێزە سیاسییەكانی بەمەبەستی زامنكردنی مافە دەستوورییەكان دووپاتكردەوە.

״خستنەگەڕی هەوڵەكان و درێژەدان بە هاریكاریی بەردەوام لەپێناوی بەرگرییكردن لە سەروەریی و ئاسایشی عیراق و بەدیهێنانی خواست و ویستەكانی گەل״

کۆبوونەوەی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی پەرلەمان
لە دیدارێكی دیكەدا، سەرۆك كۆمار، چاوی کەوت بە د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، جەختیكردەوە لە «گرنگیی رۆڵی چاودێریكردنی پەرلەمان، بەوپێیەی بە رایەڵەی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتیان و دەزگا و دامەزراوە حكومییەكان دادەنرێت بۆ داواكردنی مافەكانیان و دەشبێتە سەكۆیەك بۆ گەیشتن بە ویست و دەستەبەركردنی پێویستییەكانیان.
لە تەوەرێكی دیكەدا، باس لە پەیوەندیی نێوان پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كرا، هەروەها گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئەرێنی بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەكان و قووڵتركردنی پەیوەندیی و هاریكاریی نێوان هەرێم و بەغدا دووپاتكرایەوە لەپێناوی بەدیهێنانی خواستی رۆڵەكانی گەل بۆ ژیانێكی ئازاد و شكۆمەند و سەقامگیریی ئەمنی و ئابووری.

بابەتە پەیوەندیدارەکان