چەندین ساڵە حكومەتی هەرێم بودجە لە پەرلەمان دەشارێتەوە

08:56 - 2022-11-17
ڕاپۆرت
609 جار خوێندراوەتەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین ساڵە پڕۆژەیاسای بودجەی نەناردۆتە پەرلەمان، كە رێگەخۆشكەربووە بۆ گەندەڵی و ناشەفافی و نادادپەروەری لە بودجە و پڕۆژەكانی حكومەت لە پارێزگاكانی هەرێم، لەكاتێكدا جگە لە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكان، حكومەت نەوت و غاز دەفرۆشێت، بەڵام پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانەی بۆ پەرلەمان نییە.
ئەم شێوازی مامەڵەكردنە لەگەڵ بودجە و داهات و خەرجی، جۆرێكی ترە لە چەوتیی ئیدارەدانی حوكمڕانی لە هەرێم، بۆیە یەكێتی و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان وەك بەرەیەك كار بۆ راستكردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوكمڕانی لە هەرێم دەكەن.
حكومەتی هەرێم پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەكانی (2014. 2015. 2016. 2017. 2018. 2019. 2020، 2021. 2022)ی نەناردۆتە پەرلەمانی كوردستان.

نەبوونی بودجە  خاڵی لاوازی حكومەتە
زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاندووە: «لەم جیهانەدا جگە لە حكومەتی هەرێم، هیچ حكومەتێك نییە خۆی لە ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ پەرلەمان بدزێتەوە و بودجەی نەبێت، كە ئەوەش گەورەترین خاڵی لاوازی ئەم حكومەتەیە». وتیشی: بەشێكی گەورەی ئەو گەندەڵییەی لە داهات و خەرجی ئەم حكومەتەدا بەدیدەكرێت، هەروەها ئەو ناعەدالەتییەی لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا لە پارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی دیكە هەیە و دیارنەبوونی دەسەڵاتی وەزیرەكان، نەبوونی بودجەیە، ئەوەش ئامانجێكی لەپشتەوەیە.

نەبوونی بودجە،  تاكڕەویی دروستكردووە
سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، دەڵێت: «نەبوونی بودجە وایكردووە كە دەسەڵاتەكان لای سەرۆكی حكومەت كۆببێتەوە، ئەوەش بارودۆخێكی دروستكردووە كە تاكڕەویی بڕیاردان لەم كابینەیەدا بەراورد بە كابینەكانی پێشوو، زاڵتربێت و ناڕەزایی لایەنەكانی لێبكەوێتەوە». ئاماژەی بەوەشكرد كە «نەك من وەك سەرۆكی لیژنەی دارایی، بەدڵنیاییەوە یەك كەس لەم هەرێمی كوردستانە نازانێت كە داهاتی راستەقینەی حكومەت چەندە و چۆن خەرج دەكرێت، ئەمەش مەبەستێكی سیاسی لەپشتەوەیە و ئەو ناعەدالەتییەی دروستكردووە كە ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و داوای كۆتاییهێنان بەو نادادپەروەرییە دەكرێت».

حكومەت رێگەنادات پەرلەمان ئاگاداری بودجە بێت
نەبوونی بودجە لە هەرێمی كوردستان سەرچاوەی هەموو گەندەڵی و نایەكسانییەكانی خەرجكردنی داهاتە و داوای هەبوونی بودجە دەكرێت، كە بەشێكە لە راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێمدا.
لەوبارەیەوە، د.شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: ئەمەی كە ئێستا روودەدات گەندەڵییەكی تەواوە و دیارنییە كە سەرچاوەكانی داهات لە نەوتی و نانەوتی، لەكوێن و چین و چەندن؟ بۆیە دەتوانین بڵێین هەشت ساڵە حكومەت بە نایاسایی داهات خەرج دەكات و پەرلەمان لێی بێئاگایە. تەئكیدیشیكردەوە كە «نەبوونی بودجە لەو ماوەیەدا لە هەرێم، وایكردووە كە داهات و خەرجی %100 ناشەفاف و ناڕوون بێت، هەر ئەمەش سەرچاوەی هەموو گەندەڵی و نایەكسانییەكانە لە هەرێمی كوردستاندا».

ئەمەی روودەدات كارەساتە
پڕۆژەیاسای بودجە گرنگترین پڕۆژەیە بۆ رێكخستنی داهات و خەرجی و دابەشكردنی بەسەر سێكتەر و پڕۆژەكاندا، هاوكاتیش رێگری دەكات لە گەندەڵی و ناشەفافی و نادادپەروەری.
د.شێركۆ جەودەت، دەڵێت: پێشتر هیچ بیانوویەك نەبووە بۆ نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمان، چونكە ئەگەر حكومەت لە شەڕ و قەیران و تەنانەت لە حاڵەتی نەخوازراویشدا بێت، هەر دەبێت بودجە بنێرێتە پەرلەمان و خەرجی و داهات بەیاسایی بكرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە حكومەت حساب بۆ پەرلەمان ناكات، ئەمەش كارەساتی دروستكردووە. ئەوەشی خستەڕوو كە «لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا لیژنەی دارایی چەندینجار داوای بودجەمان كردووە، تا گەیشتۆتە ئەوەی داواكاری گشتیمان لێ ئاگاداركردۆتەوە، كە ئەوە مافی گشتییە و دەبێت رۆڵی خۆیان ببینن».

هەموو وەرزێك داوای بودجەمان كردووە
فراكسیۆنی یەكێتی و زۆربەی فراكسیۆنەكانی دیكە چەندینجار داوایانكردووە حكومەت پڕۆژەیاسای بودجە بنێرێت، بەڵام بیانووی هێناوەتەوە.
سەبارەت بەوە، رۆژان محەمەد كەریم ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: سەرەتای هەموو وەرزێكی یاسادانان وەك فراكسیۆنی سەوز داوامانكردووە حكومەت پڕۆژەیاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام بەبیانووی جۆراوجۆر نەیناردووە. وتیشی: حكومەت پڕۆژەیاسای بودجە نانێرێتە پەرلەمان بۆئەوەی بودجە و داهات و خەرجی بە ناڕوونی بهێڵێتەوە و نەتوانرێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت، هەروەها بەهۆی ئەوەی پەرلەمان ئاگاداری بودجە نییە، حكومەت بە ئارەزووی خۆی داهات خەرج دەكات.

بودجە یەكسانی لە خەرجیدا پەیڕەودەكات
نەبوونی پڕۆژەیاسای بوجە لەلایەن حكومەتەوە لێكەوتەی خراپی هەیە، جۆرێكە لە چەوتیی حوكمڕانی و پێویستە راستبكرێتەوە.
رۆژان محەمەد، دەڵێت: نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمان وایكردووە حكومەت بە ناعەدالەتی پڕۆژەكان لە پارێزگاكان جێبەجێ بكات، بۆیە ئێستا یەكێتی هەڵوێستی وەرگرتووە و دەیەوێت ئەو ناعەدالەتییە و چەوتی لە رێڕەوی حوكمڕانی راستبكاتەوە. جەختیشیكردەوە كە «زۆربەی داهاتی هەرێم پارەی نەوتییە و ئاشكراشە كە داهاتی نەوت لەژێر دەستی چ لایەنێكدایە و گرێبەستەكانی نەوت كێ كردوێتی و داهاتەكەی بۆ كێیە؟، بۆیە یەكێتی بەئاشكرا لە دژی ئەم رێڕەوە چەوتەی حوكمڕانییە لە هەرێمی كوردستاندا و پێیوایە حوكمڕانی بەو شێوەیە ناكرێت».

پاساوەكانی حكومەت زۆرن
هەشت ساڵە ئەنجومەنی وەزیران بەبیانووی جیاوازەوە پڕۆژەیاسای بودجە نانێرێتە پەرلەمانی كوردستان، ناكرێت چیتر رێگە بە پاساوەكان بدرێت و حكومەت بەبێ پڕۆژەیاسای بودجە و چاودێریكردن بەڕێوەبچێت.
د.محێدین حەسەن سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان بە PUKMEDIAی وتووە: هەموو وەرزێكی یاسادانان داوای بودجەمان كردووە، بەڵام بە پاساوی نەهاتنی بەشە بودجە لە عیراق و ناشەفافی لە داهات و خەرجی، حكومەت پڕۆژەیاساكەی بۆ پەرلەمان نەناردووە. تەئكیدیكردەوە كە «ئەگەر ئیرادە هەبێت، دەتوانرێت ئێستاش كە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژكردۆتەوە، رەشنووسی بودجە بنێردرێتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و دەشبێت پەرلەمان ئەو ئیرادەیەی هەبێت».

«ئەو شێوازی مامەڵەیەی لەگەڵ بودجە و داهات و خەرجی دەكرێت، جۆرێكی ترە لە چەوتیی ئیدارەدانی حوكمڕانی لە هەرێم، بۆیە یەكێتی و لایەنەكانی دیكە وەك بەرەیەك، كار بۆ راستكردنەوەی دەكەن»

بودجە بریتییە لە داهاتی گشتی، كە بەپێی یاسا لە پەرلەمانەوە رێكدەخرێت پەرلەمان بڕیاردەدات كە چۆن و بە چ پلان و بەرنامەیەكی دادپەروەرانە خەرج بكرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا پەیڕەودەكرێت، تەواو پێچەوانەیە و حكومەت خۆی بڕیار لە خەرجكردنی ئەو بودجەیە دەدات و پەرلەمانیش بێئاگایە لە داهات و خەرجیی حكومەت، ئەمەش یەكێكی دیكەیە لە چەوتیی رێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لایەنەكان، داوای راستكردنەوەی ئەو رەوتە چەوتە دەكەن.

PUKMEDIA

#بودجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان