لەساڵۆنی لاپەڕە نۆ

لەساڵۆنی لاپەڕە نۆ بەسەرکردنەوەی ژیانی كۆمەڵایەتی و هونەری و هزریی شەماڵ صائب

09:00 - 2022-11-17
ڕاپۆرت
512 جار خوێندراوەتەوە
#هونەرمەند عادل محەمەد کەریم

هەولێر - رەوەست نەوزاد

لە درێژەی چالاکییەکانیدا ساڵۆنی لاپەڕە نۆ-ی ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندنی ی.ن.ک کۆڕێکی بۆ بەسەرکردنەوەو رێزلێنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و هونەریی و هزریی هونەرمەندی کۆچکردوو شەماڵ صائب رێکخست، لەژێر ناونیشانی (رەهەندەكانی شەماڵ صائب، ژیانی كۆمەڵایەتی، هزری و گۆرانییەكانی) کە ژمارەیەک لە هونەرمەندانی هەولێرو سلێمانی و میوان و عاشقانی دەنگی ئەو هونەرمەندەو بەشێک لە بنەماڵەکەی ئامادەی بوون.
سەرەتا هونەرمەند عادل محەمەد باسێکی پوختی  لە ژیانی هونەری و تایبەتی شەماڵ صائب-ی هونەرمەند كردو تێیدا ئاماژەی بە بیرۆكەی نووسینی كتێبەكەی دا سەبارەت بە شەماڵ صائب کە ئەوکات سەرقاڵی خوێندنی ماستەر بووەو سەرپەرشتیاری تێزی ماستەرەکەی داوای لێكردووە کە وەکو سەرچاوە گرنگی بە رۆژنامەو گۆڤارە كوردییەكانی سەدەی رابردوو بدات.
عادل محەمەد کەریم وتیشی: «سەرەتا لە رۆژنامەی ژین و ژیانەوەوە دەستم پێكرد، كاتێك گەیشتمە سەر گۆڤارەكانی گەلاوێژ بەتایبەتی ژمارەکانی كۆتایی ساڵانی 1948 و 1949، بەبینینی نووسینەكانی مامۆستا شەماڵ زۆر سەرسام بووم كە چۆن 70 ساڵ لەمەوبەر لەسەر میوزیك نووسیەتی، ئەوە وای لەمن كرد ئەو كتێبەی لەبارەوە بنووسم.

لەخەمی هونەر و هەمواندا
وتیشی: شەماڵ صائب و هاوشێوەكانی لە كوردستان كاتێك چاو بەژیان هەڵدێنن سروشتی جوانی كوردستان مەست و حەیرانیان دەكات، بەڵام لەگەڵیدا كۆمەڵێك گرفتی كۆمەڵایەتی و دابونەریتی پەیوەست بە مەزهەبێك كە تائەوپەڕی سنوور کۆتوبەندی داناوە بۆ گوزارشتكردن لە خواستە هەنوكەییەكانی مرۆڤ لەم سروشتە جوانەی كوردستان، بەم هەموو نەهامەتییانەوە شەماڵێكی خوێندەوار لە بنەماڵەیەكی ناودارو بەتوانای كوردستان یاخی دەبێت لەو نازو نیعمەتەی كە خێزانەكەی پێیدا دەگوزەرێت ئەوەش نەک لەپێناو خۆیدا، بەڵكو لەپێناوی نەتەوە ژێردەستەكەی و دەیەوێت لە رێگەی هونەری میوزیک و گۆرانییەوە كەمێك گوزارشت لە نەهامەتی نەتەوەكەی بكات.
هەروەها دەڵێت: ئەگەر بڕوانینە كارە هونەرییەكانی و هزرو بیركردنەوەی شەماڵ صائب، ئەوا بەئاشكرا دەبینین كە هەمیشە لە خەمی گۆرانی و میوزیکی نەتەوەكەیدا بووەو ویستوویەتی گۆرانی و میوزیکی كوردی بە جوانترین شێوە پێشكەش بكرێت بەتایبەتی لەڕووی دەقی گۆرانییەكان و دانانی ئاوازی گونجاو و بەپێز بۆ وشەو هۆنراوەكان، بەڵگەی ئەوەش جگە لەكارە هونەرییەكانی، نوسینە پڕ بەبەهاكانییەتی لەو بوارەدا.
سەبارەت بە ژیانی تایبەتی شەماڵ صائب وتی: لەساڵی 1931دا لە خێزانێكی ناوداری سلێمانی لەدایكبووەو باوكی لە بنەماڵەكانی قەرەداغە. پۆلی یەكەمی سەرەتایی لە شاری ئاكرێ تەواوكردووەو پۆلی شەشەمی سەرەتاییشی لە سلێمانی بووەو دواتر چۆتە (كۆلێجی مەلیک فەیسەڵ) كە قۆناغی دواناوەندی ئەو سەردەمە بووە. شەماڵ هەر لەمنداڵییەوە خولیای هونەری هەبووە، بەحوكمی زۆر گەڕانی لە شارۆچكەكانی كوردستانیش، سروشتی جوانی كوردستان بۆتە هەوێنی زیاتر پەیوەستبوونی بەهونەرەوە. 

هاتنە ناو دنیای هونەر ئاسان نەبوو
عادل محەمەد کەریم هەروەها دەڵێت: هاتنە ناو دنیای هونەر بۆ یەكێكی وەكو شەماڵ كارێكی ئاسان نەبووەو یاخیبوونێكی گەورەی ئەو بووە، چونكە كوڕی بنەماڵەیەكی ناودارو پابەند بە دابونەریتی كوردەواری بووە، بەڵام جگە لە حەزو ئارەزووی زۆری بۆ هونەر، هەستێكی نەتەوایەتی قووڵ بزوێنەری ئەو حەزەی بووە لەسەر بەردەوامیدان بە هونەرەکەی و وەك خۆی دەڵێت: «منێك لە بنەماڵەیەكی خانەدان و ناسراوو خێزانێكی پەیوەست بە دابونەریتی دێرینەوە، بەڵام كۆڵم نەداو بەردەوام بووم، هەرچەندە گەلێك كەوت لەسەرم، لەگەڵ ئەوەدا كە هونەرم خۆشدەویست، بەڵام هەستم بەوە كرد ئەركێكی نەتەوایەتی و كۆمەڵایەتی گەورەشم لەسەر شانە، وەكو كەسێكی رۆشنبیر دەبێت رۆڵم هەبێت لە بەرزکردنەوەی هونەری میوزیک لە كوردستاندا.
عادل محەمەد کەریم روونیشیكردەوە کە هونەرمەند لە ساڵی 1946 لە بەغدا دەستیكردووە بە فێربوونی میوزیک و ساڵی 1947 چووەتە بەشی موزیك لە پەیمانگای بەغدا لەوێ فێری ئامێری عود بووەو هەر لەوێ ئاشنا دەبێت بە بنەما تێورییەكان و نۆتەی میوزیک و لەساڵی 1948 كاتێك تەمەنی 17 ساڵ دەبێت یەكەم نووسینی لە گۆڤاری گەلاوێژ لەسەر میوزیک بڵاودەكاتەوە.

بە ناچاری دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت
 پاش چەند ساڵێك لەبەر چەند هۆكارێك لە خوێندنی میوزیک لە پەیمانگە دابڕاوە محەمەد نیهادی برازای شەماڵ صائب لە دیدارێکیدا لەگەڵ توێژەر دەڵێت: كاتێك لە پەیمانگە دەیخوێند لە قۆناغی دووەم، ئەوكاتە ماڵی باپیرەم (باوكی شەماڵ) لە كەركوك بوو، نامەیەك لە پەیمانگەوە دێت نمرەو كارتی دەرچوونی ئەوی تێدابووەو تا ئەوكاتە هیچ كەسێك لە خێزانەكەمان نەیاندەزانی كە مامم خوێندكاری بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانە، كە نامەكە دەست نیهادی برای شەماڵ دەكەوێت، بێدەنگی لێدەكات، دوای ساڵێك كە قۆناغی سێیەمیش تەواودەكات ئەمجار باوكی پێی دەزانێت و بەم خوێندنەی رازی نابێت، ناچار واز لەخوێندنی میوزیک دەهێنێت و تا ساڵی 1955 -1956 لە كۆلێجی ئادابی زانكۆی بەغدا بڕوانامەی بەكالۆریۆس وەردەگرێت.
ساڵەكانی 1957 تا 1961 گەرمەی چالاكی و ناووناوبانگی شەماڵ صائب بووە بەتایبەتی بەهۆی گۆرانی (ئەرێ لەیلێ) كە لەلای عەرەبیش ناسراوبوو. 
 لە ساڵی 1960دا لە زانكۆی ئیندیانای ئەمریكا لە بەشی خوێندنی باڵا رەزامەندیی بۆ دێتەوەو لەساڵی 1961 تا 1971 بەمەستی خوێندن لە ئەمریكا دەبێت و لەوێ ژنێکی ئەمریکایی دەهێنێت كوڕێكیان دەبێت بەناوی هەڤاڵ، بەڵام ناوە ئەمریكییەكەی سام بووەو بەهۆی نەگەڕانەوەی شەماڵەوە بۆ ئەمریکا جیادەبنەوە.
 شەماڵی نەمر لە ئەمریكا بڕوانامەی ماستەری لە ئەدەب و میوزیکدا بەدەستهێناو لە زانكۆی سلێمانی دامەزراوەو ماوەیەك راگری كۆلێژی ئاداب بوو.
ساڵی 1982 كاتێك زانكۆی سلێمانی گواسترایەوە بۆ هەولێر، شەماڵیش دەچێتە هەولێرو لە شوقەکانی ئیسکان نیشتەجێ دەبێت. 

خەڵکی هەولێر لە ئامێزی دەگرن
پاش ماوەیەک نەخۆشی تەنگی پێهەڵدەچنێت و تووشی نەخۆشییەکی کوشندە دەبێت، ماڵی شێخ سەڵاحەدینی باقلانی كە خاوەنی تەكیە و پیاوێكی ئایینی شاری هەولێربوو شەماڵ لە ئامێز دەگرن و ماوەی شەش مانگ بەهەموو توانایانەوە خزمەتی دەكەن و لەوێ هونەرمەندانی شاری هەولێریش سەردانی دەكەن.
جارێك لەو سەردانانەدا صائبی نەمر بە تاهیر كرمانج دەڵێت: «من كەسێكی هەولێریم»، وەسێتیش دەكات كە مرد لە هەولێر بینێژن بەڵام نیهادی برای دێت و دەیباتەوە بۆ سلێمانی. لە رێكەوتی 8/11/1986 كۆچی دوایی دەكات و لە گردی سەیوان بەخاك دەسپێردرێت.
لە کۆتایی کۆڕەکەدا ئامادەبوان بە راو سەرنجی خۆیان بەشدارییان کرد.

لایەنێک لە کۆڕەکە

بابەتە پەیوەندیدارەکان