ئەنفلۆنزا بڵاوبووەتەوە و پێویستی بە خۆپاراستنە

09:07 - 2022-11-17
ڕاپۆرت
416 جار خوێندراوەتەوە
كۆرۆنا هێشتا هەیە، پێویستە لەسەر هەموان بەباشی خۆمان بپارێزین

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

بەشی پێشوازی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی جمەی دێت لە نەخۆش هەر منداڵە و دایک و باوکی هێناویەتی، یەکێک لەرزی لێ هاتووە و یەکێک تا، ئەوی دی بە توندی دەکۆکێت و یەکێکی تریش ئازاری گیانی هەیە، هەموو دانیشتوون و چاوەڕوانن سەرەی پزیشکیان بەر بکەوێت تا چارەسەر وەربگرن و کەمێک لە ئازار و بێتاقەتیەکەیان بڕەوێتەوە.
کەوسەر دایکی دوو منداڵی تەمەن حەوت ساڵ و 10 ساڵە هەردووکیان نەخۆشن و هێناونی پزیشک بیان بینێت و وتی، دوێنێ یەکێکیان نەخۆش کەوت و ئەمڕۆش ئەوەی تریان هەردووکیان لەرز و تایان هەیە و بێتاقەتن دڵنیام لە قوتابخانە لە هاوڕێکانیانەوە تووشبوون هێناومن تا چارەسەریان بۆ وەرگرم.
وتیشی، پێویستە لەسەر دایک و باوکان هۆشیاربن کاتێک منداڵەکەیان نەخۆشە نەینێرنەوە بۆ قوتابخانە هەم بۆ ئەوەی منداڵەکە پشوو بات و زوو چاکبێتەوە هەم بۆ ئەوەی منداڵانی تریش تووش نەکات و هەموان لە خوێندن دانەبڕێن.

نەخۆشەکان نیشانەی هاوبەشیان هەیە
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردەوە، لەم ساتەدا لێشاوێك لە نەخۆشی بڵاوبۆتەوە لە شاری سلێمانی نیشانەكانی هەمەجۆرن، بەڵام زۆربەی نەخۆشەكان یەكێك لەم نیشانانەیان هەیە، لەرز و تا، لەش داهێزران، قوڕگ گیران و سەر ئێشە.
زانیار ئاغالە پزیشكی پسپۆڕی هەناوی دەڵێت، ئەو نەخۆشییەی بڵاوبووەتەوە پەتایە، واتە مشەخۆر دروستی دەكات و لە یەكترەوە تووش دەبین، بۆیە هەتا خۆپارێزی بكەین كەمە.
‎ وتیشی، ئاستەمە ئەم پەتایە هەڵامەت بێت، چونكە هەڵامەت لە سلێمانی سەرەتای پایز دێت و هەروەها هەڵامەت زۆربەی كات لووت تەڕی و پژمەی لەگەڵە و بە كەمی تای بەهێز دەگرین.

نەخۆشییە بڵاوەکە ئەنفلۆنزایە
ئەو پزیشکە پسپۆڕەی هەناوی دەڵێت،  ئەگەری زۆر هەیە ئەو نەخۆشییە بڵاوەی ئێستا ئەنفلۆنزا بێت، چونكە لە سلێمانی باوە لە ناوەڕاستی پایز ئیتر ئەنفلۆنزا بڵاودەبێتەوە و هۆكاری سەرەكیش كردنەوەی قوتابخانەكانە، بوونی منداڵ بەكۆمەڵ لە یەك پۆلدا باشترین مۆڵگەیە پەتا تێیاندا بڵاوبێتەوە و لە یەكترەوە بیگرن و ئەوانیش دەیهێننەوە بۆ ماڵەوە و كەسوكاریان تووش دەكەن.
تەنها نەخۆشخانەی منداڵان نییە پڕە لە نەخۆش بەهۆی ئەنفلۆنزاوە، بەڵکو نەخۆشخانە گشتییەکان و نۆرینگەکانیش بەرناکەون کاتێک منداڵان لە قوتابخانە تووش دەبن لە ماڵەوە تێکەڵی گەورەکان دەبن و ئەوانیش تووش دەکەن هەر بۆیە ئەنفلۆنزاکە بووەتە نەخۆشییەکی گشتگیر و کەم ماڵ هەیە تیایدا بڵاونەبووبێتەوە.
کەسانی گەورە قورستر ئەنفلۆنزا دەگرن
ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی سەرچاوە پزیشکییەکان لەناو کەسانی تەمەن گەورەدا ئەنفلۆنزا  قورستر تێدەپەڕێت و چارەسەر دەبن.
ئەحمەد عەلی هاووڵاتییەکە لە نەخۆشخانە وتی، پێنج کەسین لە ماڵەوە هەموومان تووشی نەخۆشییەکە بووین و چارەسەر وەردەگرین.
 وتیشی، پێویستە لەسەر تەندروستی پێشتر لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە هۆشیاری بڵاوبکەنەوە لەسەر جۆری نەخۆشییەکە و خۆپارێزی، هێشتا هەندێک لە کەسەکان ناهۆشیارن و پاش توشبوون دەچنەوە سەر کار یان منداڵەکانیان دەنێرنەوە قوتابخانە و کەسانی تر تووش دەکەن.
زانیار ئاغالە پزیشكی پسپۆڕی هەناوی  وتی، زۆربەی كات منداڵان بە ئاسانتر ئەنفلۆنزا دەگرن، بەڵام ئەنفلۆنزا لە گەورەكاندا بەهێزە و بگرە جاری واهەیە دەبێتە هۆی مردنی ئەو كەسانەی نەخۆشی درێژ خایەنیان هەیە.

كاتی تووشبوون ‎چی بكەین؟
ئەو پزیشكە داوا دەكات كەسێك نەخۆش كەوت هەروەك ئەوەی كۆرۆنا خۆی کەرەنتینە بكات لەماڵەوە، پشوو بدات و نەچێتە ناو خەڵك و سەردانی پزیشك بكات كاتێك زانی لەرز و تا زیاد لە رۆژێكی خایاند.
‎ زانیار ئاغالە پزیشكی پسپۆڕی هەناوی دەڵێت،  پێویستە فەرمانگەکان مۆڵەتی نەخۆشی بە ئاسانی بدەنە هەركەسێك كە پزیشك بۆی بنووسێت.
وتیشی، لەبەرئەوەی منداڵ سەرچاوەكەیە زۆربەی كات، بۆیە نەخۆش كەوت نابێت بچێتەوە قوتابخانە و دەبێت لە ماڵەوە بە ماسكەوە نزیكی ببیتەوە و نزیك نەبێتەوە لە داپیرە و باپیرە.
هێشتا لە هەرێمی کوردستان كۆرۆنا بە فەرمی ماوە بەپشكنینی تەواویش كە لێرە پێی دەڵێن پشكنین لووت دەركەوتووە كۆرۆنا هێشتا هەیە، بۆیە پێویستە لەسەر هەموان بەباشی خۆپارێزی بکەن تا ئەم ئەنفلۆنزایە بە گرانتر لەسەرمان نەکەوێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان