سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەو رێکەوتنانەی بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەم ئیمزاکراون، جێبەجێ نەکراون

09:23 - 2022-11-17
دیدار
779 جار خوێندراوەتەوە

لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە تا ئێستا دۆخی سیاسیی هەرێم و عیراق و پەیوەندیی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەگشتی و یەکێتیی نیشتمانیی  کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان رووبەڕووی چەندین هەوراز و نشێو بۆوە، چ لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عیراق و جەمسەربەندییە سیاسییەکان و چ لەسەر تێز و تێڕوانینی هەر لایەکیان بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەسەر تێزەکانی تەوافوق و شەراکەت و هاوپەیمانی و کاری پێکەوەیی بەو شێوازەی کە ماف و خواستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ببێتە بنەما و بناغەی هەر رێکەوتنێک.
 لەناوخۆی هەرێمی کوردستانیشدا گرفت و کێشەکان  و قەیرانەکان کەمتر نەبوون بەهۆی رەچاونەکردنی شەراکەت و حکومڕانیی کوردستانی رەشید و بوونی جیاوازیکردن لە نێوان شار و ناوچەکاندا و بەکارهێنانی کارتی گەمارۆی ئابووری و گرتنەبەری سیاسەتی پشتگوێخستنی چەند ناوچەیەک و قۆرغکردنی زۆرێک لە جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی کارگێڕیی و سێکتەرەکانی پەیوەندییە دەرەکییەکان و دروستکردنی حکومەت و وەزارەتی سێبەر، ئەمانە هەموو بەسەریەکەوە دەرفەتێکی زۆری بۆ میدیا و سۆشیال میدیا رەخساند کە بەشێوازی جیاجیا، زانیاریی و هەواڵ و شرۆڤەی جۆراوجۆر دەرخواردی خوێنەر و بینەر بدەن و کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر باری دارایی و دەروونییان دروست بکەن. جا چ بە هەواڵ و زانیاریی دزەکردووی راست یان ناڕاست یان هەڵبەستراوو ئامانجدار.
دیداری شەوی سێشەممە 15/11/2022 ی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ رۆژنامەنووس شاهۆ ئەمین لە کەناڵی رووداو  دەرفەتێکی گرنگ بوو تا خەڵکی کوردستان بە وردەکاریی و راستی و ناڕاستیی بەشێک  لەو دەنگۆ و زانیارییە سەرچاوە نادیارانە ئاشنا بێت  کە تێیدا سەرۆک بافڵ بەوپەڕی راشکاوییەوە وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەی دایەوە کە هەر هاووڵاتییەکی دەربەست بە دۆخی کوردستان دەیویست لە سەرچاوەیەکی ئاشکرا و ئاگادارەوە وەڵامەکانی دەست بکەوێت.
لەبەر گرنگیی ناوەڕۆکی دیدارەکە کوردستانی نوێ بە پێویستی زانی دەقەکەی لە دووتوێ تایبەتدا بڵاوبکاتەوە .  

 رووداو: کاک بافڵ، ئێوارە باش.
 بافڵ تاڵەبانی: زۆر بەخێر بێی. 


 رووداو: باشی؟
 بافڵ تاڵەبانی: بە کەیفی جەنابتم، زۆر بەخێر بێی.

 رووداو: کەیفم هات کە تۆم بینی. 
 بافڵ تاڵەبانی: منیش، لە خزمەتدام.

 رووداو: تۆ دەزانی لە یەکیش دەچین هەندێک؟
 بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ، وایە.

 رووداو: هەردووکمان سەرمان سافە.
 بافڵ تاڵەبانی: سەرمان سافە.

 رووداو: سافە لە قژ، بەڵام رەنگبێت پڕبێت لە بابەت.
 بافڵ تاڵەبانی: نا نا، سافە.

 رووداو: ئەمە ماڵی ئێوەیە؟
 بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ، ئەمە دەباشانە. دایکم زیاتر لێرەیە، مامیش لێرەبوو. ئۆفیسیشە و ماڵە و ئێستا هەموو شتەکانیش دەبینی.

 رووداو: ئەمە ماڵی شەخسی ئێوەیە؟
 بافڵ تاڵەبانی: ئەملای ئۆفیسە.

دایکم پشتیوانی هونەرمەندانەکانی چوار پارچەی کوردستانی کردووە
رووداو: واتە خۆتان لێرە دەژین؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ، من لێرە دەژیم، زۆربەی کات من لێرەم،  دایکم و ئەوان لە سەرەوەن. ئەم شتانەی کە دەیبینی ئەو وێنە و شتانە، ئەوە دایکم زۆر پشتیوانی هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی کوردستان بووە. جا قسەی خۆمان بێت هەندێک ئیهمالیمان تێدا کردووە و ئێمەش دەمانەوێت بەردەوام بێت.

رووداو: ئەمە زۆربەی ئەو شتانەی دەیبینم هێرۆ خان کۆی کردوونەتەوە.
بافڵ تاڵەبانی: ئەمە زۆربەی کوردن، کوردی سوریایە، کوردی تورکیایە، کوردی خۆمان و هی عیراق، کوردی هەرچوار پارچەیە. پشتیوانی زۆری ئەو خەڵکانەی دەکرد.

رووداو: ئەم ئۆفیسە فەدیم دیارە، بەڵام زۆریش خۆشە.. تۆ لێرە دادەنیشی؟
بافڵ تاڵەبانی: من زۆرجار لێرە دادەنیشم، بەڵێ.

رووداو: کورسییەکانت ناگۆڕی..
بافڵ تاڵەبانی: ناوێرین.. 

رووداو: هەندێک جیکە جیک دەکەن، کۆن بوون.
بافڵ تاڵەبانی: خۆی وایە. دایکم حەزی لەو شتانەیە، حەزی لێ نییە زۆر دەستکاری شتەکان بکەین، چونکە مام لێرە دەوامی کردووە، دایکم لێرە دەوامی کردووە. رەنگە باشتربێت وەکو خۆی بەجێی بهێڵین.

بوون بە سەرۆکی یەکێتی و سەرنجی میدیاکان
رووداو: دوای ئەوەی کاک بافڵ بوو بە سەرۆکی یەکێتی، زیاتر سەرنجی میدیا و چاوی خەڵکی زۆرتر چووەتە سەر. منیش دەمێک بوو حەزم دەکرد تۆ ببینم. ئەمڕۆ لە دەباشانین ماڵی مام جەلال، کاک بافڵ ئێستا لێرەیە، شوێنەکە خۆشە و حەزم کرد لێرە کاک بافڵم بینی. ئینجا تۆ بەوە ناسراوی سەرکردەیەکی گەنجانەی، تۆزێکیش سەربازییت. ئێستا لەو سەعاتەی بە یەکەوەین حەز دەکەم دیوە گەنجانەییەکەت زیاتر ببینم. بۆ ئەوەی لە لایەنە سەربازییەکە تووشی شتێکمان نەکەی. 
بافڵ تاڵەبانی: نا نا.

رووداو: هەر ئاوا دۆستانە قسە بکەین.
بافڵ تاڵەبانی: خەمت نەبێت. جارێ زۆر بەخێر بێیت، زۆر خۆشحاڵم بە بینینی جەنابت. دەمێکە منیش حەز دەکەم دانیشین، بە راستی ئەوەی کە سەرنجی منی راکێشا، ئەوەبوو کە جەنابت باست کرد. چۆن دەتەوێت بە چ نەوعێک دابنیشین و قسە بکەین، ئەوەبوو کە وایکرد کە زۆر حەز بکەم لەگەڵت دابنیشم. 

رووداو: زۆر سوپاس.
بافڵ تاڵەبانی: سوپاست دەکەم.

رووداو: تۆ دەزانی کە هاتم ئەوەی سەرنجی منی راکێشا، ماڵێکی سادە و ساکارتان هەیە، هەندێک لە شتەکان ئەسڵەن کۆن بووە و نەگۆڕاوە..
بافڵ تاڵەبانی: حەز ناکەین بیگۆڕین، باوکم لێرە دەوامی کردووە، هێرۆ خان لێرە دەوامی کردووە. باشترە رەنگە ئۆفیسێکی دیکە هەبێت دەوامی تێدا بکەم لەوەی کە دەستکاری ئێرە بکەم. بۆیە حەز دەکەم ئێرە وەکو خۆی بمێنێتەوە و دایکیشم حەز دەکات وەکو خۆی بمێنێتەوە. 

رووداو: لە رێگاوە هاتم، لە هەولێرەوە گەیشتمە لای چەمی رەزان باشتر ناوی تۆم بیرکەوتەوە، بێگومان لەوێ تاوەکو ئێرە بیرم دەکردەوە، چی بڵێم و چی باس بکەین، کاک بافڵ، لێرەش هەندێک دیاریت بۆ هاتووە نووسراوە کاک پاڤێڵ، هەندێک کەسیش هەروا دەڵێن، هەندێک کێشەت لەگەڵ ناوی خۆت هەیە، خەڵک هەندێک بە باشی دەریدەبڕن، بەڵام هەندێک نا. بافڵ ناوە تەواوەکەتە؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ وایە، بەڵێ بافڵە. پاڤڵەکە نازانم لەکوێوە هاتووە؟ بەڵام هەر ناوم بافڵە. 

رووداو: دەمەوێت بزانم دۆخی هێرۆ خان چۆنە؟ هێرۆ خان بەشێکە لە مێژووی ژنانی تێکۆشەری کوردستان. ژنێکی میهرەبان، تێکۆشەر، پێشمەرگەیەکی دیار. ژنی کەسایەتییەکی کوردستانی و جیهانی گەورەبوو مام جەلال. دۆخی چۆنە؟ قسەی لەگەڵ دەکەی؟ تەندروستی چۆنە؟ ئەو خەڵکەی کە ئەویان خۆشدەوێت، دەیانەوێت بزانن چۆنە؟
 بافڵ تاڵەبانی: تەندروستی لەچاو خۆیدا باشە، ئێمە رازین بە تەندروستییەکەی، بێگومان من حەز دەکەم تەندروستی زۆر باشتر بێت، بەڵام ئیتر دۆخەکە وایە.

چاڵنجێکی رەسمی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، وەرن قانوونێک دانێن کە لە قانوون بچێت، حەلێکم بۆ بدۆزنەوە بۆ تالی سەنتەر و جۆری ژماردنی دەنگەکان، لیستێکی دەنگدەر هەبێت کە حەقیقی بێت و واقیعی بێت، لە هەمووی موهیمتر کەمینەکان بتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، ئێمە سبەی ئینتیخابات دەکەین

رووداو: زۆر دەچیتە بەغدا، حەز دەکەم بزانم عەرەبییەکەت چۆنە؟
بافڵ تاڵەبانی: وەڵا عەرەبییەکەم ئێستا خەریکە باش تێدەگەم، بەڵام جارێ قسەی پێناکەم، تۆزێک لە قسەکردن شەرم دەکەم. بەڵام بە منداڵی غەدرێکی زۆر گەورەیان لەمن کرد، بە منداڵی عەرەبییەکەم زۆر بە قووەت بوو. دایکم دەڵێت کە لە سوریا بووین، لەگەڵ منداڵەکان یاریم دەکرد لەسەر جادە نەتدەزانی من سوری نیم، بەڵام کە چووین بۆ بەریتانیا، مامۆستا برایم و ئەوان ئەوەندە تەرکیزیان لەسەر کوردییەکە کرد بۆ ئەوەی لە بیرمان نەچێتەوە، بە داخەوە عەرەبییەکە هەر نەما، لەبیرمان چووەوە.
 
رووداو: عەرەبییەکەی تۆ باشترە یان ئەوەی کاک قوباد؟
بافڵ تاڵەبانی: وەڵا هی قوباد زۆر باشترە، بەراورد ناکرێت بە من.

کاک قوباد نزیکترین کەسی منە
رووداو: نێوانت لەگەڵ کاک قوباد چۆنە؟

بافڵ تاڵەبانی: زۆر زۆر باشە، نزیکترین کەسی منە، نزیکترین رەفیقی منە. هەروا بووین، وابزانم لە هەموو ژیانماندا شەڕێکمان نەکردووە.

رووداو: لە دیمەشق ژیاوی، لە لەندەن و دەچیتە بەغدا و لە سلێمانیش دەژیت. شارێک کە زۆر خۆشبێت بۆتۆ کامەیانە؟ 
بافڵ تاڵەبانی: حەزم لە سلێمانییە، ئێستا کە سەفەریش دەکەم دوای یەک دوو رۆژ بیری سلێمانی دەکەم و حەز دەکەم بگەڕێمەوە، دڵم زۆر لێرەیە، دڵم لای ئیشوکارە، دڵم لای خەڵکە. ئێستا زۆر بەکەمیش سەفەر دەکەم. ئەگەر سەفەریش بکەم بۆ ئیشە. من لێرە زۆر مورتاحم ئێستا.

رووداو: خەڵکیش بەتۆ ئاسوودەیە؟ دەچیتە دەرەوە بۆ ناو خەڵک؟ 
بافڵ تاڵەبانی: دەچمە دەرەوە بۆ ناو خەڵک هەندێک جار.

رووداو: لە برادەرەکانتم پرسی، گوتیان هەندێکجار خۆی ئۆتۆمبێلەکە دەبات و دەچێتە دەرەوە، هەندێک پارەی عیراقیش دەخاتە گیرفانی و دەڵێ هەر ئاوا شتێک دەکڕێت، ئەوە چۆنە؟ 
بافڵ تاڵەبانی: نا، ئەمە وانییە. کاتێک دەڕۆینە دەرەوە زۆر حەز دەکەم خۆم ئۆتۆمبێل لێبخوڕم، برادەرانی پاسەوانەکان زۆر پێی تێکدەچن. بەڵام کە دەچینە دەرەوە زوو زوو لەسەر جادە خەڵک دێت و داوای ئەوە دەکات، ژمارەی تەلەفۆن دەنووسین و یارمەتی خەڵک دەدەین، ئەمەش ئەرکی ئێمەیە.
 
دابینکردنی هۆت لاینێک بۆ وەرگرتنی کێشەی هاووڵاتیان
رووداو: دیوار لەنێوانی تۆ و خەڵکدا هەیە؟

بافڵ تاڵەبانی: نا، من حەزم لە دیوار نییە، بەڵام هەندێک جار موشکیلەی بۆ دروست کردووم. زۆر حەزم بە پرۆتۆکۆل و ئەو شتانە نییە. ئەوسا تەبیعەتێکم هەبوو شەوان خەڵک تەلەفۆنی بۆ دەکردم، نازانم لەکوێوە رەقەمەکەیان پەیدا دەکرد، منیش وەڵامی هەموو کەسێک دەدەمەوە، وەڵامم دەدایەوە، بەڵام ئێستا نایکەم. دوایی دەرکەوت دەزگایەکی ئەمنی رەقەمەکەمی بڵاوکردبۆوە، شەوێک تەلەفۆنم زۆر بۆ هات، نەمزانی مەسەلەکە چییە، دوایی بۆم دەرکەوت خەڵک بە مەبەست تەلەفۆنی دەکرد و خەڵک دەیویست قسەم لێدەربێنێ، جنێویان بە پێشمەرگە و ئەم و ئەو دەوت، ئەمە وایکرد ئەو تەلەفۆنانە نەکەم، ئێستا ئەگەر نەیناسم هەرگیز وەڵامی نادەمەوە. بەڵام شتێکمان کردووە دەربارەی ئەوە، ئێستا هۆت لاینێکمان ئامادەکردووە، ئینشاڵڵا لەو یەک دوو رۆژە دەستدەکات بە ئیشکردن، ئەگەر یەکێک کێشەیەکی هەبێت، ئێستا ناتوانێت لەگەڵ من قسە بکات، دەتوانێت پەیوەندی بە هۆت لاینەکە بکات، بزانین چییە و چۆن یارمەتی خەڵک بدەین، پێمان دەڵێن چی لەکوێ هەیە و گەندەڵی لەکوێ هەیە و کێ شتی خراپی کردووە و کێ غەدری لێکراوە و کێ پێویستی بە یارمەتییە. بۆیە پێم باشە بە زووترین کات ئەو هۆت لاینە زیندووە بکەینەوە.
 
رووداو: سەرت زۆر قاڵە، ئەمڕۆ ئەو چەند سەعاتەی لێرەبووین سەرقاڵبوویت، چەند کات بۆ منداڵەکانت تەرخان دەکەی و چەند دەیانبینی؟
بافڵ تاڵەبانی: زۆر کەم، . عادەتەن کە من تەواو دەبم ئەوان خەوتوون، بەڵام ئەو رۆژانەی دەتوانم هەوڵدەدەم خۆم دەچم هەندێکجار کۆبان لە مەکتەب دەهێنمەوە، یان خۆم لەیلا دەهێنمەوە، هەوڵ دەدەم، بەڵام دەبێت زیاتر هەوڵ بدەم.
 
رووداو: قسە لەسەر تۆ هەیە کە هەندێک سەربازیت و زۆربەی کات جلی سەربازی دەپۆشی، ئێستا سەرۆکی یەکێتیت، یەکێتیش حزبێکی سۆشیال دیموکراتە، چۆنە ئەوەندە جلی سەربازی دەپۆشیت؟
 بافڵ تاڵەبانی: ئەو جلە عەسکەرییە بە راستی لە مەشغوڵیەتە، هەندێک جار بەیانیان زوو دەستپێدەکەم سەعات 11 بۆ 12 دێمەوە ماڵەوە، بە راستی ئەو قات و جلوبەرگە  کە دەتوانم رەسمی نەبێت، دەیکەم بە نارەسمی. خۆشبەختانە زۆربەی وەخت لە بەغدا کەس قات و شت لەبەر ناکات، بۆیە ئەوسا من دەتوانم بە جلێکی زیاتر ریلاکس خۆم بگۆڕم. بەڵام بۆ شتی رەسمی بۆ لای سەفیر و وەزیر و ئەوانە منیش قات و شتم هەیە و دەتوانم خۆم پۆڵیش بکەم، بەڵام من زۆر حەزم لە رەسمیات نییە. مەسەلە عەسکەرییەکە نییە، زیاتر مەسەلەکە ئەوەیە کە حەز دەکەم زۆر ریلاکس بم. بەڵام بەڵێ وایە من رەگێکی عەسکەریم تێدایە و شانازی پێوە دەکەم.
 
رووداو: ئەی لەگەڵ ماسولکە دروستکردندا چۆنی؟ بڕیاربوو قورساییەکی 200 کیلۆیی بەرز بکەیتەوە.
بافڵ تاڵەبانی: ئەوە موشکیلە نییە، ئەوە دەکەم. بەڵام تا ئێستا نەمتوانیوە وەرزش بکەم، قۆڵم هێشتا باش نییە، پێویستم بە شتێکە پێی دەڵێن PRP، جارێ وەختم ماوە، دوو بۆ سێ مانگم ماوە، قسەی خۆشمان بێت ئەو 200 کیلۆیە زۆر موشکیلە نییە.
 
رووداو: کاک دکتۆر لەتیف کە ئێستا سەرۆک کۆماری عیراقە، هەندێک دەڵێن لای پارتی بە دکتۆر عەبدوللەتیف ناسراوە، لای یەکێتی بە دکتۆر لەتیف، واتە هەریەکە و بە جۆرێک ناوەکەی دەهێنن. تۆش بە لەهجەیەکی قۆقنی خۆشی لەندەن دەڵێیت کاک ڵەتیف، ئەمە چییە ئەو دابەشکردنە؟
بافڵ تاڵەبانی: خۆت دەزانی ئێمە دەمێک ساڵە لە بەریتانیا بووین، زۆر لەگەڵ کاک ڵەتیف ژیاوم، لەگەڵ شاناز خان. ئێمە هەر بە کاک ڵەتیف دەیناسین، ئیتر ئەگەر حەز دەکەن کاک عەبدولڵەتیفی بۆ زیاد دەکەن من هیچ کێشەیەکم نییە، باوەڕ ناکەم خۆشی کێشەی هەبێت.
 
رووداو: دکتۆر لەتیف هەر بۆ خۆی، بێگومان یەکێتییە. بەڵام ئێستا کە تۆ زۆر گرنگی پێدەدەی و دەیبینی و دەیبەیتە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی، دەتەوێت یەکێتییەکەی دەمەزەرد بکەیتەوە و تۆخی بکەیتەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: پێویست ناکات، پێویست ناکات ئەوە بکەم. کاک لەتیف لە ئەوەڵین رۆژەکانییەوە لەگەڵ مام جەلال بووە، کاک لەتیف یەکێک لەوانەیە کە دەتوانیت بڵێیت یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، لەوە تۆزێک غەدری لێکراوە. من پێموایە پێویست ناکات من وا بکەم، هەموو کەسێک دەزانێت کاک لەتیف چەند یەکێتییە، هەموو کەسێک دەزانێت شاناز خان چەند یەکێتییە. بە راستی حەز ناکەم زۆر تەرکیز بکەمە سەر ئەوە. حەز دەکەم بەشکم کاک لەتیف ئێستا بتوانێت شتێک بکات وەزعەکەی ئێرە تۆزێک باشتر بێت، بەڵکو لەگەڵ حزبەکان نزیکمان بخاتەوە لە جیاتی ئەوەی من تەرکیز بکەمە سەر ئەوەی چەندێک یەکێتییە و چەندێک پارتی نییە.. ئەگەر بتوانێت کاک لەتیف ببێت بە شتێک ئێمە بتوانین لایەنەکان نزیک ببینەوە، من ئەوەم پێ باشترە. ئەگەر بۆچوونی منت دەوێت من پێم باشترە کاک لەتیف ئەوە بکات لەوەی تەرکیز بکاتە سەر شتی تر.
 
رووداو: ئەو غەدرە چییە وتت لەمنیش کراوە؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەمە سوعبەتێکە، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی کە بڕیاریاندابوو کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دروست بکەن، من لەوێ بووم، عومرم دوو ساڵ بوو، دایکم پەتاتەشی بۆ سوورکردبوومەوە، پەتاتەکەشیان خواردم، ناوی من و کاک لەتیف نەهاتووە وەکو دامەزرێنەری یەکێتی، چونکە من لەوێ بووم، بەڵام نەنووسرابوو دەبێت عومرت چەندبێت و شتی وا، بۆیە دەڵێم غەدرم لێکراوە لەوێ، من یەکێک لە دامەزرێنەرەکانی یەکێتیم، چونکە لەو کۆبوونەوەیەدا بووم.
 
رووداو: کاک بافڵ، لەم ژوورە دڵگیرە هەندێک قسەمان کرد، حەز دەکەی زیاتر ماڵەکە ببینین و بچینە بەشێکی دیکە؟
بافڵ تاڵەبانی: بە کەیفی جەنابتە. 
 
رووداو: کاک بافڵ، ئەمە هۆڵی دانیشتنە، هەر لێرە هەندێکجار دادەنیشی؟
بافڵ تاڵەبانی: کەمجار، هەندێک جار تیمت لە دەرەوە دادەنیشێ و ئێمە لە ژوورەوە دادەنیشین. ئەملاش هۆڵەکەیە. ئەوە مەتبەخە، خواردن دێت بۆ میوان و شت. ئەم ژوورە ئەوەڵین ژوور ژووری نان خواردنە، کە میوان دێت بۆ رەسمیات لێرە نان دەخۆن. تەبعەن ئەوەش دەستشۆرە، ئەمەش ژووری مەکتەبی سیاسییە، بەعزێک جار لێرە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی دەکەین، کۆبوونەوەی رەسمیش لێرە دەکەین لەگەڵ ئەجنەبییەکان و برادەران.
 
رووداو: گوتت ئێرە ژووری مەکتەبی سیاسییە..
بافڵ تاڵەبانی: زۆر جار کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لێرە دەکەین، کۆبوونەوەی رەسمی لەگەڵ کۆنسوڵ و سەفیر و ئەو شتانەش لێرە دەکەین.
 
رووداو: ئەمە هەر لە کۆنەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەمە هەر لە کۆنەوە وایە، بە پەردەوە و بە هەموویەوە.
 
رووداو: پەردەکان هی کاتی خۆی دانراون، هەر ئەوانەن؟ 
بافڵ تاڵەبانی: نەگۆڕاون.
 
رووداو: هەر ئەوانن؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ.
 
رووداو: بڕیاری زۆر گرنگ لێرە دراون؟
بافڵ تاڵەبانی: زۆر، بڕیاری زۆر گرنگ لێرە دراون. زۆربەی قەرارەکان لێرە دەدرێن.
 
رووداو: مام جەلال لەوێ دادەنیشت؟
بافڵ تاڵەبانی: مام جەلال هەندێک جار لێرە دادەنیشت، هەندێک جار لەوێ دادەنیشت، بەڵێ. جارێک دکتۆر فوئاد لێرەبوو، دکتۆر فوئاد حسێن. کۆبوونەوەیەکی کارگێڕمان هەبوو، حەزم دەکرد گوێی لە قسە باشەکانیان بێت، لێرە کردمان بە ئەندامی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی. دوایی چووینەوە بە جەنابی کاک مەسعودم وت ئەوە کاک دکتۆر فوئاد بووە بە کارگێڕی مەکتەبی سیاسی.
 
ئەگەر لێمان گەڕێن  بەینمان لەگەڵ کاک مەسعود زۆر باشە
رووداو: لەگەڵ سەرۆک بارزانی نێوانت چۆنە؟ مام جەلال وێنەکەی لێرە بوو، باشتر ئەوەم بیر کەوتەوە ئەوان بە یەکەوە دوو کەسی زۆر دۆستی سەمیمی و زۆر باش و بە یەکەوە زۆر کێشەیان لەو وڵاتە چارەسەر دەکرد.
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ وایە، وەڵا ئەگەر لێمان گەڕێن.. بەینمان زۆر زۆر باشە، بەڵام من هەست  دەکەم لایەنێک هەیە کە حەز ناکات بەینم لەگەڵ جەنابی کاک مەسعود باش بێت. من زۆر هەوڵمداوە، 15 بۆ 16جار چووم بۆلای، دەیان تەلەفۆنمان کردووە. بەس بە داخەوە شتەکان من هەست دەکەم وەکو پێویست ناڕۆن، دڵنیاشم کە جەنابی نییە. تەسەور ناکەم جەنابی بێت، بەڵام ئیتر خەلەلێک هەیە.
 
رووداو: ئەم پرسیارەم کرد، هەستم کرد خۆشە وەختێک وێنەی مام جەلال هەیە شتێکی ئاوا بڵێن.. با بچین دانیشین. پێم خۆشە زیاتر لەسەر ئەو بابەتەی نێوانی ئێوە و پارتی بە وردتر باشتر قسە بکەین.
بافڵ تاڵەبانی: زەرورە.

هۆت لاینێکمان لەبەرنامەدایە دەمانەوێت بزانین  چۆن یارمەتی خەڵک بدەین، پێمان دەڵێن چی لەکوێ هەیە و گەندەڵی لەکوێ هەیە و کێ شتی خراپی کردووە و کێ غەدری لێکراوە و کێ پێویستی بە یارمەتییە. بۆیە پێم باشە بە زووترین کات ئەو هۆت لاینە زیندووە بکەینەوە

رووداو: لەوەش گرنگتر دیدگا و بۆچوونی تۆ بۆ خەڵک گرنگە.
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ. ئەمەشیان ژووری دانیشتنە، بەڵام زۆر دەستکاریتان کردووە، عادەتەن وا نییە، هەمووی کورسی لە دەوروبەرە و بۆ دانیشتنی گەورە لێرە دادەنیشتن. من لە کام لا دانیشم؟
 
رووداو: هەر شوێنێک تۆ پێت خۆشە.
بافڵ تاڵەبانی: تۆ دەزانی.
 
رووداو: تۆ حەزت لەلای راستە یان چەپە؟
بافڵ تاڵەبانی: من هیچ کێشەم نییە.
 
رووداو: منیش هەروا.
بافڵ تاڵەبانی: ئێ دە زۆر باشە.
 
رووداو: مامەڵەکردن لەگەڵ تۆ زۆر ئاسانە.
بافڵ تاڵەبانی: زۆر ئاسانە.
 
پرسیارە قورسەکان
رووداو: لە ماڵی مام جەلالین لە دەباشان، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم بەشەی هەڤپەیڤینەکە لەسەر هەندێک شتی سیاسی، ئەوانەی وابەستەن بە ژیانی سیاسی ئەم وڵات و خەڵکەوە، مەبەستمە قسەی لەگەڵ بکەم. کاک بافڵ، با بچینە سەر پرسیارە قورسەکان، رەنگە حەزت لە هەندێکیان نەبێت..
بافڵ تاڵەبانی: دڵنیام حەزم لە هەموویانە. 
 
رووداو: بە هیوام سەر و دڵت نەگرم. 
بافڵ تاڵەبانی: نایگریت.

 رووداو: زۆر باشە، بۆچی لەگەڵ پارتی ئێستا ئەوەندە نێوانتان خراپە؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەمە پرسیارێکی زۆر زۆر گرنگە، قسەی راستی بێت. ئێمە هەموو هەوڵێکمان داوە و بەردەوامیشین لە هەموو هەوڵێک. زیاد لە 16 جار چوومەتە لای جەنابی کاک مەسعود، چەندین شاندی ئێمە چووە بۆ لای برادەرانی پارتی. دەیان جار تەلەفۆنمان کردووە، بە دەیان جار هەوڵمانداوە. من هەست دەکەم نا تێگەیشتنێک هەیە لە نێوان ئێمە و برادەرانی پارتی. ئەوەڵ جار تەسەورم دەکرد دەستێک بێت، ئێستاش تەسەور دەکەم دەستێکی تێدایە.
 
حەز دەکەین خزمەتی  میللەتەکەمان بکەین
رووداو: دەستی نێوخۆیی یان دەرەکی؟

بافڵ تاڵەبانی: نازانم، هەندێکی ناوخۆییە. بەڵام ئەوەی موهیمە با تەرکیز بخەینە سەر ئەوەی کە دەمانەوێت وابێت وەزعەکە یان نامانەوێت وابێت؟ من بۆ عیلاج دەگەڕێم. ئێمە حەز دەکەین لەگەڵ پارتی خزمەتی میللەتەکەمان بکەین، حەز دەکەین حکومەتەکەمان بە قووەت بێت و حکومەتی هەموو لایەک بێت. حکومەتەکەمان خزمەت بە ئەملا بکات و خزمەت بە ئەولاش بکات، ئەوەی کە من دەیبینم ئەمڕۆ غەڵەتە بە دڵم نییە، جۆرێکە لە دوو ئیدارەیی. ئەمە پێموانییە یارمەتی وەزعەکە بدات بە هیچ نەوعێک. شتەکانیش ئەوەندە قورس نین، هەموومان دەزانین خەڵک ئەمڕۆ چی دەوێت؟ خەڵک ئەمڕۆ پێویستی بە چییە؟ بەس بە داخەوە لەناو حکومەتدا تا ئێستا نەمانتوانیوە بگەینە لەیەک تێگەیشتنێکی باش.
 
رووداو: ئێوە دەڵێن حکومەت جیاکاری دەکات، داهاتی سلێمانی کە هەیە وەریدەگرێت و ئەو پارەیە بۆ سلێمانی خەرج ناکاتەوە یان کەمە بەش ناکات، داهاتی سلێمانی چی لێدێت؟ ئێستا داهاتی سلێمانی چەندە؟ 
بافڵ تاڵەبانی: ئێستا داهاتی سلێمانی، ئێمە چەند ئیجرائاتێکمان کردووە، چەند رەقەمێکیشم هەیە بۆ جەنابت. هەر لەو مانگە داهاتی سلێمانی سێ قات بووە، بەڵام ئێمە کێشەی جیددیمان هەیە لەم زۆنە. با پێت بڵێم یەکێک لە نموونەکان ئەوەیە، باسی حدودەکانمان دەکەن. باشە حدودی ئەملا قەت ناتوانێت داهاتی بەقەد حدودی ئەولابێت. ئێمە حدودمان هەیە لەگەڵ ئێران کە زەرەرێکی زۆر گەورەی لێدراوە لە حاجی ئۆمەران بە کردنەوەی ئەو ترانزێتە. بێجگە لە ئەوەش لە ئەملاوە بە مونزریەدا ئێستا هەموو شتێک دەڕوات، ئەمە یەعنی چی؟ یەعنی داهاتی سلێمانی دێتە خوارێ. مقابیل بەوەش لە هەولێر حدودی تورکیا هەیە، نەک بەس بۆ هەولێر، بۆ هەموو عیراق لەوێوە داخڵ دەبێت. حدودی ئێرانیش هەیە، حدودێکیش هەیە رەسمییە نا رەسمییە نازانم زۆر لەو شتانە نازانم لەگەڵ سوریا. هەموومان دەزانین چی دێت و دەڕوات لەو شوێنانە. ئێ باشە چۆن داهاتی سنووری ئێمە وەکو داهاتی سنووری ئەوان دەبێت؟ ئێمە داوای لامەرکەزیەتمان کرد، داوای دوو ئیدارەییمان نەکردووە. ئەوەی کە ئێمە دەیبینین بە راستی دوو ئیدارەییە..
 
رووداو: دوو ئیدارەییە؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ.
 
رووداو: ئەگەر داهاتەکە بووە بە سێ ئەوەندە، چۆنە هێشتا هەر...
بافڵ تاڵەبانی: دەبێت ئەو پرسیارە لە کاک قوباد بکەیت، چونکە ئەگەر من جوابت بدەمەوە رەنگە جوابەکەت بە دڵ نەبێت، رەنگە تۆزێک رەق بێت. من جیاوازییەکی وازح دەبینم لەم زۆنە و ئەو زۆنە.. خەڵک پێی ئیزعاجە، من زۆر ناڕەحەتم بەم شتە.
هەندێک داتام بۆ نووسیوی، 273 شەریکە لە سلێمانیدا ئیفلاسی کردووە. ئەمە بەشێکە لە کێشەکانمان. یەک هەزار پڕۆژە لێرە وەستاوە، نە بینایەک، نە جادەیەک، نە مەکتەبێک، هیچ دروست ناکرێت، هەمووی وەستاوە. مزگەوت تەنانەت مزگەوتیان راگرتووە، لانیکەم مزگەوتەکانمان دروست بکەن، بۆ مزگەوتەکان رادەگرن؟ یەعنی لێرە جەوێکیان دروستکردووە هیچ ئیش ناڕوات، هیچ پڕۆژە ناکرێت، هیچ شتێک ناکرێت. 31 هەزار کۆمپانیا هەیە کە باج دەدەن، 7 هەزاریان لە سلێمانییە. 4 هەزاریان ئێستا ئیش ناکات، چونکە هەموو پڕۆژەکانیان وەستاوە. 
 
باج وەرگرتنی کۆمپانیاکانی ئێمە وەکو ئەولا نابێت
ئێ باشە باجەکەی ئێمە چۆن وەکو ئەولا دەبێت؟ تۆ بەس تێم بگەیێنە 7 هەزار شەریکە دەتوانێت عەینەن باج بدات وەکو 24 هەزار شەریکە؟ ئەمە مەنتقی تێدا نییە. ئەمە ماتماتیکی زۆر زۆر بەسیتە، ئەمە پێویستی بە خەڵکی زۆر شارەزا نییە، ناکرێت، رەقەمەکان یەک ناگرنەوە! راست دەکەن وەرنە پێشەوە لەگەڵمان، داهاتی هەموو سنوورەکان، هەموو باجەکان، هەمووی با بچێتە یەک سندووق، چ شەریکەیەکیان دەوێت لە دونیادا با بێت دیراسەی بکات، بە جوانی تەوزیعی بکەن هەموو لایەنەکان وەکو حکومەتی شوێنانی تر، من خۆم بەخێوەکەم تۆش بەخێوەکەم و ئاوهاش بێت وەزعەکە؟ ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین، هیچ لە خۆمان ناترسین، چ شەریکەیەک دەهێنن لە کوێوە دەیهێنن، ئەو شەریکەیە با بێت دیراسەی ئەو شتە بکات، هەموو حدودەکان یەک بخەینەوە بەوەی سوریاشەوە، با هەموو نەوتەکە یەک بخەینەوە بە ئەوەی عەین زالەوە، باجەکان هەمووی کۆبکرێتەوە هەمووی بۆ شوێنێک بڕوات و لەوێوە تەوزیع بکرێت بەس بە عەدالەت.. ئێمە ئامادەین.
 
رووداو: تیمی وەزاری پارتی لە حکومەت دەڵێن لە سنووری هەڵەبجە و سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین پارەی داهات کۆناکرێتەوە و وەکو پێویست نادرێت بە حکومەت. قسەی تۆ چییە لەسەر ئەمە؟  
بافڵ تاڵەبانی: قسەی من وایە کە ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە، کۆدەکرێتەوە و دەدرێت بە حکومەت و هەر لەو مانگە بە چەند ئیجرائاتێک کە ئێمە کردوومانە بۆ حکومەت، توانیومانە داهاتەکە سێ قات بکەین. بەڵام منیش نامەوێت بگاتە ئەوەی ئەو پرسیار بکات و منیش پرسیار بکەم، نا حەز دەکەم بزانم بێزەحمەت چی روودەدات لە حدودەکەی سوریا؟ ئەو نەوتەی کە دێت و دەڕوات بۆ کێ دێت و دەڕوات؟ پارەکەی بۆ کوێ دەڕوات؟ ئەو دەرمانەی کە دێت و دەڕوات پارەکەی بۆ کوێ دەڕوات؟ ئەمە وا ناگەینە نەتیجە من بڵێم تۆیت، ئەو بڵێت تۆیت.. حەلەکەی ئەوەیە ئێمە دانیشین و داهاتی هەموو کوردستان کۆبکەینەوە، هەمووی بهێنینەوە یەک شوێن چ شەریکەیەک، چ سیستمێک دادەنێن، عەدالەتی تێدابێت، شەفافیەتی تێدابێت، بە وازحی خەڵک بیبینێت، ئێمە ئامادەین. بەڵام تەسەور ناکەین ئەمە بکرێت. 
 
رووداو: بۆ؟
بافڵ تاڵەبانی: چونکە رەنگە چەند لایەنێک زەرەرمەند بن، بە سەراحەت. رەنگە چەند لایەنێک زەرەرمەند بن لەوە. ئێمە زەرەر ناکەین لەوە، قازانجمانە. ئێمە وەکو زۆنی خۆمان قازانجمان دەبێت.
 
رووداو: قسە هەبوو لەسەر ئەوەی لە دەروازە سنوورییەکانی سلێمانی کە کەلوپەل دێت گومرگی ناکەن، ئێستا هەر وایە یان نا؟
بافڵ تاڵەبانی: من قەناعەتم بەوەش نییە، من دووبارەی دەکەمەوە حەلەکە لەوێیە وەرن بیکەن ئەگەر راست دەکەن، ئەگەر دەیانەوێت شتەکان چاک بکەنەوە، من حەز دەکەم بێن دابنیشین بەیەکەوە، با هەمووی کۆبکەینەوە، هەمووی بۆ یەک شوێن بڕوات و بە عەدالەت دابەشبکرێت بۆ هەموو کوردستان.
 
رووداو: قسەیەکی دیکەش هەیە، بۆ نموونە ئەو حکومەتە حکومەتی هاوپەیمانییە. ئێوە بەشێکی سەرەکین تێیدا، ئەگەر هاوپەیمانی نەبێت حکومەتی هەر وڵاتێک هەر هەرێمێک مافی ئەوەی هەیە دەستی بگات بە هەموو سووچێک، دەسەڵاتی لە هەموو شوێنێک جێبەجێ بکات. حکومەتی کوردستان گلەیی لەوە دەکات کە لە سلێمانی رێگەی پێنادرێت دەستی بگاتە هەموو شوێنێک و دەسەڵاتی خۆی پراکتیزە بکات. پرسیارەکە ئەوەیە ئێوە چ هاوکارییەک دەکەن بۆ ئەوەی حکومەتی کوردستان دەستی بە هەموو کون و قوژبنێک لە سنووری سلێمانی بگات؟
بافڵ تاڵەبانی: ئێمە هەموو هاوکارییەک دەکەین.

هەولێر پایتەختی کوردستانی عیراقە، 
ویلایەتی یەک لا نییە، 
ویلایەتی حزبێک و بنەماڵەیەک نییە

 رێگریمان لە حکومەت و وەزیرەکانی نەکردوە
رووداو: تا ئێستا کردووتانە؟

بافڵ تاڵەبانی: ئامادەین و کردووشمانە، من حەز دەکەم یەک نموونەمان بدەنێ. هەر وەزیرێک کە ئەو گلەییە دەکات، سەرۆک وەزیران جەنابی خۆیەتی، هەر کێیەک بێت، با بڵێت ئێمە ویستمان ئەمە بکەین ئەم رۆژە ئێوە نەتانهێشت.. یەک نموونەمان بدەنێ، بەس بە عام قسە بکەن بڵێن کاکە چوارشەممە سەعات ئەوەندە ئێمە ویستمان ئەمە بکەین، بەڵام بە پێچەوانەکەیەوە. با من دوو سێ پرسیار لە جەنابت بکەم. چەند ساڵە ئەو کابینەیە لە حکومەتە؟
 
رووداو: چوار ساڵێکە.
بافڵ تاڵەبانی: بوو بە چوار ساڵ.. تۆ دەزانی ئێمە بە شەرت و شروت هاتینە ناو حکومەتەکە، ئیتفاقێکمان ئیمزا کردووە، گۆڕان ئیتفاقێکی ئیمزا کردووە، هیچ بەشێک لەو ئیتفاقانە جێبەجێ نەکراون.. واز لەوە بێنە، ئێستاش پۆستم هەیە لە حکومەت ناتوانم بیگۆڕم، ناتوانم پڕی بکەمەوە، پۆست هەیە هێشتا پڕنەکراوەتەوە، دوای چوار ساڵ.
 
رووداو: چەند پۆستی واتان هەیە؟
بافڵ تاڵەبانی: زۆرمان هەیە، تەسەوری ناکەی..
 
رووداو: بۆچی؟
بافڵ تاڵەبانی: کاکە نایکەن، ئیمزاکە ناکەن. پۆستێک کاک قوباد دەیەوێت گۆڕانکاریی بکات، کابرا دەدۆزێتەوە مدیر عامە گەندەڵی کردووە ناتوانێت لایبدات، وەکیل وەزیرە دەمانەوێت لایبدەین دەڵێن، نابێت لایدەیت. وەزیرە دەیەوێت تەقاعود بێت، ئەڵێ نابێت لایبدەیت.
 
رووداو: لەگەڵ پارتی ئەو گفتوگۆیانەتان کردووە؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ کردوومانە، جواب نییە. ئێ تاکەی ئێمە تەحەمولی ئەو وەزعە بکەین؟ حکومەتت بۆچییە؟ بۆ خزمەتتە، بۆ ئەوەی یارمەتی خەڵکەکانت بدات. باشە حکومەت پارە نانێرێت، بە عەدالەت شتەکان تەوزیع ناکات، دەرماڵەی تەلەبە نادات، ئازوقە نانێرێت بۆ پێشمەرگەکانم، مەعاش نانێرێت، هەموو بەیانییەک هەڵدەستین مەعاشی ئەو دەزگا ئەمنییە بڕاوە، پارەی ئەو دەزگا ئەمنییە بڕاوە، پارەی جادە پاککردنەوە نادەن، جادە پاککردنەوە ئێمە دەیدەین. دەرمان نانێرن بۆ خەستەخانە. ئێمە دەیدەین.
 
رووداو: ئێوە لە چ داهاتێک دەیدەن؟
 بافڵ تاڵەبانی: لە هەموو شتێکەوە، بزنسمان کۆدەکەینەوە، بەعزێک جار ئەوان دەیکەن، پارە نادەن بە پێشمەرگە پارەی پێشمەرگە دەدەین بەوان، بە پینە و پەڕۆ.. کاکە وڵات بە پینەو پەڕۆ ناڕوات بەڕێوە. من تێناگەم لەو سیاسەتە، شتی وام نەدیوە، تێناگەم لەم سیاسەتە.
ئەوەی دڵخۆشکەرە، لیژنەیەک دروستکراوە ئینشەڵڵا سەیری ئەو شتانە بکات بگەینە نەتیجەیەک و بگەینە حەلێک، بەڵام ئەوەی کە من دەیبینم ئەو لیژنەیە چەند مانگێکە ئیشی خۆی ناکات یان نەتیجەی نییە، یان جوابی نییە. وەزعەکە خراپە بۆ خەڵکی سلێمانی و زۆنەکەی ئێمە.
باسی فراکسیۆنی پارتیت کرد، ئەی فراکسیۆنەکانی دیکە؟ ئەو هەموو کەسایەتییە دەیەوێت لە پەرلەمان بێتە دەرێ، ئەو هەموو حزبانە دەڵێن، ئێمە دەکشێینەوە لە پەرلەمان.. ئەی نابێت ئێمە گوێ لەمانە بگرین؟ یەعنی ئەمە سودفەیە؟ نابێت بڵێین کاکە تۆ بۆ دەتەوێت بڕۆیت؟ ئەو کەسایەتیانە رەنگە هەندێکیان زۆر خراپ بن لەگەڵ من، بەس من دڵم خۆش نییە، هەموومان بەیەوەکە جوانین، نابێت ئێمە دانیشین گوێیان لێ بگرین و بڵێین ئەرێ بۆ دەڕۆن؟ بۆ هەمووتان دەتانەوێت ئیستیقالە بکەن؟ بۆ هەمووتان دەتانەوێت پەرلەمان بەجێ بهێڵن؟ نابێت ئێمە دانیشین گوێ لەمانە بگرین؟ نا گوێیان لێناگرین و دانانیشین لەگەڵیان و لامان گرنگ نییە، کاکە لای من گرنگە، یەعنی ئەمە سودفە نییە، هەموو کەسێک ناڕازییە. ناشڵێم خەتای ئەو کابینەیەیە، ناڵێم خەتای کاک مەسرورە. بەڵام دەڵێم وەرن بە یەکەوە چاکی بکەین، لە جیاتی ئەوەی دیوار دروست بکەین لە بەینی یەکتری، با چاکی بکەین.
من نموونەیەکت بۆ دەهێنمەوە، چەند مانگێک پێش ئێستا ئێمە دەستمان کرد بە ئیجرائات، لەسەر عەرز و ئەمەو ئەوە، تەلەفۆنێکم بۆ هات لە هەڤاڵێکی خۆمان لەناو حکومەتە. من تەسەوری ئەوەم دەکرد دەستخۆشیم لێبکات، گلەیی لێکردم وتی ئەوە چی دەکەن، وتم برای عەزیزم تۆ بۆ ئەمەت پێ خۆش نییە؟ بۆ خۆت جیا دەکەیتەوە لەمن؟ ئاخر حکومەتەکە هی تۆیە، داهاتەکە بۆ تۆ دێتەوە، بۆمن نایەتەوە.بۆ خۆت ناکەیت بە شەریک؟ بۆ جەنابی سەرۆک وەزیران ناڵێت من وتوومە ئەو ئیجرائاتانە بکەن؟ با بەیەکەوە بیکەین، بۆ خۆتان جیادەکەنەوە لە ئێمە؟ تێناگەم لەم عەقڵیەتە، ئەمە زۆر سەیرە! برادەرەکەی کە قسەشم لەگەڵ کرد، دوایی کە قسەکانم بۆ کرد، وتی وەڵا خۆ راست دەکەیت، ئەمە قازانجی حکومەتە.
 
پارتی نایەوێت هەڵبژاردنەکان بکرێت
رووداو: ئەو فراکسیۆنانەی کە دەڵێی کشانەوە لە پەرلەمان، لەسەر هەڵبژاردن بوو کە لە وادەی خۆی نەکرا، خۆ ئێوە و پارتی بەیەکەوە هاوڕابوون لەسەر درێژکردنەوەی وادەکەی.
بافڵ تاڵەبانی: نەخێر، ئێمە پێویستمان بە پەرلەمانە قانوونەکەی ئینتیخابات بگۆڕین، پارتی نایەوێت ئینتیخابات بکات، بە سەراحەت پێت دەڵێم. 
 
رووداو: ئەوانیش دەڵێن یەکێتی. 
بافڵ تاڵەبانی: باشە ئێستا من چاڵێنجیان دەکەم، چاڵنجێکی رەسمی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، وەرن قانوونێک دانێن کە لە قانوون بچێت، حەلێکم بۆ بدۆزنەوە بۆ تالی سەنتەر و جۆری ژماردنی دەنگەکان، لیستێکی دەنگدەر هەبێت کە حەقیقی بێت و واقیعی بێت، لە هەمووی موهیمتر کەمینەکان بتوانن نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، ئێمە سبەی ئینتیخابات دەکەین. شتێکم داواکردووە کە نامەتقی بێت؟ نەخێر، ئەوەی کە من داوای دەکەم لە هەموو وڵاتێکی دیکە هەیە، وەرە کاکە قانوونەکە با قانوون بێت. بۆ بچمە ناو ئینتیخاباتێک کە دەزانم نەتیجەکەی چییە، بە نەوعێک قانوونەکە نووسراوە، بە نەوعێک شتەکان دابەشکراون کە نەتیجیەکەی وازح بێت. کێ ئەمە دەکات؟ من ئەوە ناکەم. 
جەنابت لە یاری فوتبۆڵدا مانچستەر یونایتد فوتبۆڵ دەکات، قابیلە بڕوات فوتبۆڵ بکات یارییەکە 11 بە هیچ یان 23 بەهیچ دەستپێبکات؟ ئەمە چ یارییەکە؟ وەرن با قانوونێکی رێکوپێک دابنێین حەلێک بۆ کەمینەکان بدۆزینەوە کە نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، ئێمە سبەی ئینتخابات دەکەین.    
 
رووداو: شاندێکی یەکێتی سەردانی حزبەکانی کرد و وتی: حکومەت لەتبووە ئەگەر دوو ئیدارەیی دروستبوو گلەیی لە ئێمە مەکەن، تۆ لەو باوەڕەدای دوو ئیدارەیی دروست ببێت؟ 
بافڵ تاڵەبانی: یەکجار وا نییە. ئەوەی من تێیگەیشتووم حەقیقەتی وەزعەکە تێگەیشتوون. ناڕەزایی یەکێتییان پێگەیشتووە. باسی ئەوەیان کردووە ئەو بارودۆخە ناتوانێت بەردەوام بێت. جەنابت بۆ دواکەوتی ئەمڕۆ؟
شاهۆ ئەمین: لەبەر ئەوەی لە بەردەم زانکۆ قوتابییەکان ناڕەزاییان دەربڕیبوو.
بافڵ تاڵەبانی: ئێ باشە من چی بکەم خەڵک حەز دەکات لێرە خۆپێشاندان بکات. ئەوە هەڵەی من نییە. کاکە جادە پاک ناکەنەوە جادە! شتی زۆر سەیر دەکەن. ئەمە بۆ کەس باش نییە. ئینشائەڵڵا ئەمە بەرنامە نییە. هەڵە تێگەیشتنە. بەڵام ئەمە دەبێت زۆر بەپەلە چارەسەر بکرێت. چونکە رەنگە یەکسەر نەگەینە دوو ئیدارەیی، بەڵام رەنگە پرسیاری قورس لە خۆمان بکەین، ئایا چ سوودێکی بۆ ئێمە هەیە ئەم حکومەتە؟ ئێمە زۆر بە جیددی دیراسەی ئەو پرسیارانە دەکەین. چارەسەری دیکەش هەیە لە نێوان دوو ئیدارەیی و ئەو بارودۆخە. 
 
رووداو: چارەسەرەکە چییە؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەمە سیستمێکی فیدراڵە، زۆر جۆری سیستمی فیدراڵ هەیە، بشگاتە دوو ئیدارەیی زۆر خراپە. من حەزم لەوە نییە. هەرێمەکەمان نەمێنێت ئێمە زەرەرمەندین. بەڵام ئەگەر ئەم بارودۆخە هەروا بەردەوام بێت، بە راستی خەڵک دەبێت ئەو پرسیارە لە خۆی بکات. زۆر بە خراپیش ئەو دوو ئیدارەییە باس دەکرێت، پێیانوایە زەرەرمەند زۆنی سلێمانی دەبێت. بەو خوایە ئەولا بە قەد ئێمە زەرەر دەکات، ئەگەر زیاتر زەرەر نەکات. دوو سێ نموونەی سادە، کارەبا لە کوێیە؟ هەمووی لێرەیە. نەوتی کوردستان تەواو بووە. چەند ساڵێکیتر تەواو دەبێت. ژیانی کورتە. هەموو غازەکە لێرەیە. ئەو نەوتەی کە هەیە، بەبێ نەوتەکەی ئەملا کە دەبێت میکسی بکەیت، تاوەکو رەقەمەکەی بەرزبێتەوە، نەوتی ئەولا هیچ قیمەتی نییە. ئێ ئەوە قازانجی منی تێدا نییە، بەس بەخوا قازانجی ئەوانیشی تێدا نییە.

رووداو: پەیامە روونەکەت چییە کە دەڵێی غاز و کارەبا لێرەیە؟
بافڵ تاڵەبانی: مەسجە روونەکەم ئەوەیە کە ئەگەر ئێمە جیابینەوە، ئەوان زەرەرمەندن، ئێمە زەرەرمەند نین، بەڵام ئێمە نامانەوێ جیاببینەوە.
 ئەو سەبرەی کە ئێمە هەمانبووە کەس نییەتی. تۆ دەزانی لێرە چی روودەدات؟ رۆژ بە رۆژ هێز دروست دەکرێت. کابرا مافیایە ئاسایش دەکوژێت، بۆ بەیانییەکەی دەبێت بە لیوا. تۆ بەس پێمبڵێ ئەمە لە کوێ روودەدات؟ 
لە بەرامبەر ئەوە من ناتوانم هێز دروست بکەم لەوێ؟ چەندین کەسایەتی و عەشیرەت دەتوانم ناویان بهێنم، بەڵام ئێوە تووشی کێشە دەبن وەکو رووداو. بەڵام من ناتوانم هێز لەناو ئەواندا دروست بکەم؟ چۆن ناتوانم زۆر ئاسانە بە چەقەنەیەک دەیکەم، بەڵام هەڵە بە هەڵە وەڵام نادرێتەوە. 
ئەو رۆژە من لە هەولێر بووم لەگەڵ کۆنسوڵەکان بۆ؟ پەیامەکەم ئەوە نەبوو کە برادەرانی پارتی تەسەوریان دەکرد. پەیامەکەی من ئەوە بوو مەترسن. ئەوان دەترسن وادەزانن دەبێتە شەڕی ناوخۆ. ئێ بە دوو شتی وا دەبێتە شەڕی ناوخۆ. لە شوێنێکی دیکە وەڵام دەدرێتەوە، ئەو تەقە لەم دەکات. پێش ئەوەی بزانی کوردستان ئاگری تێبەردەبێت، کێ دەڵێت ستۆپ؟ ئێ باشە ئێمە نامانەوێت وای لێبێت، ئێمە دەپاڕێینەوە لێیان، کاکە وەڵڵا ئەمە هەڵەیە، ئەمە سیاسەتێکی دروست نییە. من بە کۆنسوڵەکانم وت ئێمە دەزانین ئێوە دەترسن، بەڵام دڵنیابن شەڕی ناوخۆ روونادات. بەڵام دۆخە سیاسییەکەم بۆ شەرح کردن. پێویستیش ناکات زۆر شەرحی بکەم بۆیان. دەیان ساڵە لێرەن، هەموویان دەزانن چی هەیە. چی روودەدات. 
 
رووداو: وا لە قسەکانی جەنابت تێدەگەم وەزعەکە شڕە. خۆ دەبێت چارەسەرێک هەبێت، وەک دەڵێن نەگاتە مریشکە رەشە. بەڵام بەر لەوەی قسە بکەین، کاک قوباد تاڵەبانی چەند هەفتەیەکە لە ئەنجومەنی وەزیران دەوام ناکات. ئەوە بڕیاری خۆیەتی یان تۆ پێت وتووە؟ 
بافڵ تاڵەبانی: وەڵڵا بڕیاری خۆیەتی. 

رووداو: بۆ ناچێت؟
بافڵ تاڵەبانی: بۆ بڕوات؟

رووداو: بۆ نەڕوات، جێگری سەرۆک وەزیرانە.
بافڵ تاڵەبانی: جێگری سەرۆک وەزیرانە! حەز دەکەی ئەو دانیشتنە زۆر راشکاوانە بێت؟

رووداو: تکایە زۆر مەبەستمە.
بافڵ تاڵەبانی: لە چ شوێنێک لە دونیا مافیایەک، لە بن چەتری دیفاعی حزبێک ئیجازە دەدات بەخۆی هێز بجوڵێنێت بەرامبەر جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتەکەی خۆی؟ ئەمە لە کوێ روودەدات؟ ئێ ئەمە لێرە روویدا. 
ئێمە جوابی ئەوەمان دایەوە؟ نا. من هەڵە بە هەڵە وەڵام نادەمەوە. یەکەمجار کە بیستم تەلەفۆنێکم بۆ کاک قوباد کرد. وتم وەزعت چۆنە؟ وتی: وەڵڵا زۆرباشە. دەربازی کاک کۆسرەت پەیدا بووە. دکتۆر دارا و برادەرانی هەولێر هەموویان پەیدابوون لەوێ. گاڵتەی پێ دەهات. دەزانی من گاڵتەم پێ نەدەهات! نەک لەبەر ئەوەی دەترسام کاک قوباد شتێکی لێ بێت. بەڵام بۆ ئێمە چەند ناشیرینە ئەو ئەجنەبیانە ئەو شتانە دەزانن. 

دڵم پاکە، حەزیشم لەوەیە 
کە دڵم پاکە. 
مام هەموو جار پێی دەگوتم 
کوڕم تۆ دڵی منت هەیە 

رووداو: لەسە ئەوە لەگەڵ پارتی قسەتان نەکرد؟
بافڵ تاڵەبانی: پێموایە کاک قوباد قسەی خۆی کرد. باسیشمان کرد نامەیەک بنێرین بۆ جەنابی کاک مەسعود لەسەر ئەو وەزعە. بەڵام بۆ ئێمە ئینتیباعی ئەجنەبییەکان لەسەر ئەمە زۆر خراپە. ئەو شتانەی بەرامبەر رۆژنامەنووسان و  چالاکوانان، ئێمە بۆ دواوە دەڕۆین نەک بۆ پێشەوە. خێرە 28 رۆژنامەنووس لە ئەولا گیراون. سێیان لێرە گیراون! خێرە ئەسیر هەیە لە زیندان کەوتووە، قەت سجنی سلێمانی نەدیوە، دڵێت با بڕۆم بۆ ئەوێ، با بچمە ئەوێ، بۆ؟ ئەمە خێرە؟ رێکەوتە. ئەم وەزعە باش نییە، قازانجی کەسی تێدا نییە. بۆ ئێمە زۆر خراپە. بۆ لێرە خۆپێشاندان هەیە، لەوێ نییە؟ بۆ هەموو ئۆپۆزسیۆنەکان لێرە کۆبوونەتەوە؟ 

رووداو: لەوێش ئۆپۆزسیۆن هەن، کۆمەڵی دادگەری هەیە و یەکگرتوو و حزبی دیکەش هەن. لە پەرلەمان و تەلەفزیۆن قسەی خۆیان دەکەن.
بافڵ تاڵەبانی: باس لەوە بکەین چەند ساڵێک لەمەوبەر یەکگرتوو لەوێ چی لێهات؟

رووداو: من نوێنەری ئەوان نیم.
بافڵ تاڵەبانی: من نوێنەری ئەوانم. قەت نەقەوما لێرە. لێرە یەکجار شتێک روویدا، ئەویش بڕیاری تاکەکەسی بوو. هەڵەیەکی ستراتیژی کرد و  خۆی زەرەرمەند بوو. 

رووداو: دوای ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغدا یەکلایی بۆوە، چاوەڕێ دەکرا بەینی ئێوە و پارتی باشبێ، ئێستا خەریکە لەسەر وەزیری ژینگە دیسان نیقاش دروستدەبێتەوە، بڕیارتان بۆ ئەوە چییە؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەم شتانە یەک پاکێجن، 

رووداو: چی و چییە پاکێجەکان؟
بافڵ تاڵەبانی: هەموو شتێک، هەمووی بەیەکەوەیە. ئێمە بەیەکەوەین یان بەیەکەوە نین؟ شەریکین یان شەریک نین؟ ئەمەیە. ئەو بڕیارە بدەین، ئا یان نا، بڕوابکە شتەکانی دیکە زۆر ئاسانە. بەڵام دەبێ ئەو بڕیارە بدرێت، ئێمە لە هەموو روویەکەوە ئامادەین، ئیسپاتیشمان کردووە کە ئامادەین.

رووداو: دوای کشانەوەی سەدر، ئێوە و پارتی چوونە یەک هاوپەیمانێتییەوە، بەناوی ئیدارەدانی دەوڵەت، ئێستا بۆچی پەیوەندیتان خراپە؟ هەندێ پۆستی کورد هەن سەرۆک وەزیران ناچارە خۆی پڕیان بکاتەوە لەکاتێکدا کاری ئێوەیە، بۆ تا ئەم رادەیە؟
بافڵ تاڵەبانی: نازانم!

رووداو: تۆ لایەنێکی سەرەکیت؟!
بافڵ تاڵەبانی: با پێت بڵێم: بۆ ئێمە دانیشتووین بەیەکەوە؟ 

رووداو: هەندێ زانیاریی لە ئێوە وەربگرم.
بافڵ تاڵەبانی: نا! جەنابت حەزتکرد دابنیشی، منیش حەزمکرد دابنیشم. ئێ من حەزبکەم دابنیشم بەڵام بەرامبەر دانانیشێت، چی بکەم؟ من دەمەوێ دابنیشین، رێبکەوین و مەکتەبی سیاسیمان کۆببنەوە، بەڵام نایکەن. بەیانی هەڵدەستم ئەمری قەبزم هەیە. من ئەمری قەبزم هەیە! بەیانی هەڵدەستم کاک قوباد ئەمری قەبزی هەیە، قوبادی جەلال تاڵەبانی ئەمری قەبزی هەیە! هێشتاش لەوە تێناگەم کە هاوڕێی کاک دارۆ بۆچی ئەمر قەبزی هەیە؟ بەیانی هەڵدەستم وەهاب ئەمری قەبزی هەیە. ئەم شتانە چین؟ چۆن وا رێکدەکەوین؟ 

رووداو: با قسە لەسەر کوشتنی هاوکار جاف بکەم لە هەولێر. 
بافڵ تاڵەبانی: زۆر باش دەبێت.

رووداو: بە رای تۆ ئەوە تیرۆری سیاسی بوو؟
بافڵ تاڵەبانی: بە رای من، تیرۆری سیاسی و شەخسی بوو، منیش ئەزانم کێ کردوێتی و پێموایە برادەرانی پاراستینیش ئەزانن کێ کردوێتی. بەڵام تازە تووشبوون و ناتوانن بیڵێن. 

رووداو: لە هەولێر داوای وەهاب هەڵەبجەیی کراوە، دەڵێن ئەو تۆمەتبارە، ئەگەر پێیوایە بێتاوانە بۆچی ناچێتە بەردەم دادوەر؟
بافڵ تاڵەبانی: سەراحەتەن، چونکە دادگا، دادگا نییە.  ئەو مەحکەمەش کراوە، لە تەلەفزیۆن مەحکەمە کرا، من زۆرجار لەگەڵ کاک ئەحمەد موناقشەی ئەوەم دەکرد بۆ فیلمی خۆش دروستناکرێ لە کوردستان؟ دوایی کە ئەو فیلمەم بینی تێگەیشتم، چونکە لێی نازانین. وەکو بۆڵیوود، ئەو کوڕە مەحکەمە نەکراوە، لە تەلەفزیۆن مەحکەمە کراوە. کاک شاهۆ ئەمڕۆ جەنابت هاتوویت بۆ سلێمانی، من دەتوانم رەسمی سەیارەکانت لە سەیتەرەکان بێنم، دەڵێم: ئەوە شاهۆ هات و فڵانەکەسی تیرۆر کرد و ئەوە گەڕایەوە. مەحکەمە چۆن وا دەکرێ؟ تۆ کە سەیری ئەو ڤیدیۆیە دەکەیت، ئەوەندە غەڵەتی تێدایە.

رووداو: ئەی ئەگەر خەڵکەکە خۆیان دان بە شتێکدا بنێن؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەوە دەمی خۆیان بوو؟ ئەوە دەمی خۆیان بوو؟ کابرای یەکێتی دانیشتووە ئاوا دەیخوێنێتەوە. هەر بە قسەکانیان دیاربوو کە ئەوە بۆیان نووسرابۆوە، خوا ئەزانێ چیشیان لێکردوون؟ سەیرکە! یەکێتییەک ناڵێ: لاهوور، بافڵ. هی ئەملایەش بێت و هی ئەولایەش بێت، ئەوە ناکات. من تائێستاش دەڵێم: شێخ لاهوور. راستە هەشت جار لە هەشت سانییە وتم دەرکراوەکان دەرکراون. بەڵام رێز لە یەکتر دەگرین، موستەحیلە یەکێک لە دەزگای ئەمنی من دابنیشێت بڵێ وەڵڵا لاهوور و بافڵ. یان وا باسی یەکێتی بکات. نییە شتی وا کاکە. زۆر وازحە کە چی روویداوە. کە ئەو حادیسەیە روویدا هەم کاک قوباد و هەم من، پەیوەندیمان کرد لەگەڵ چەندین کەسایەتی لەناو پارتی، وتمان وەرن ئێمە ئامادەین بە هەموو نەوعێک هاوکارتان بین، وەرن با تۆزێک ئاگامان لە مەعلوماتەکان بێت، شت بگۆڕینەوە، بەیەکەوە بیکەین، بەیەکەوە کردنی چی؟ بەیانی لیستێکمان بۆ هات ئەمەم بۆ بنێرە و ئەوەم بۆ بنێرە، ناینێرم. وا ناکرێت، ئەوە بەیەکەوەیی نییە. ئاسایش هی حکومەتە، ئێ باشە بۆ ئێمە نازانین چی روویداوە؟ با ئێمە بەڵگەیەک ببینین، بەڵگەیەکمان پێشان بدەن. هیچ. نایانەوێ بەیەکەوە بیکەین، ئەمە بەرنامەبوو، بۆت ئیسپات دەکەم. 

رووداو: لە تەلەفزیۆن زۆر شتیان نیشاندا؟
بافڵ تاڵەبانی: یەک ئیجازە، من لەگەڵ باشترین قوەت خاسەی دونیا وەختی خۆی شان بە شان شەڕم کردووە، من دەزانم چەندی پێ دەچێ پاکێجێک حازربکەیت لەسەر خانوویەک، دەزانم چەندی پێ دەچێ مەعلومات کۆبکەیتەوە، دەزانم چەندی پێ دەچێ بچیتە سەر ماڵێک. سێ سەعات دوای حادیسەکە، لەماڵیان دان، ئەمیان گرت و ئەویان گرت. کاکە ئەوە موستەحیلە، لە دونیادا شتی وا روونادا، ئەمە بەرنامە بوو، جا کێ ئەو بەرنامەیەی کردووە و بۆ کردووێتی، ئەوە کەیفی خۆیانە. ئێستاش ئامادەین بەیەکەوە لێکۆڵینەوە لەو کەیسە بکەین، بەڵام ئامادەنین خەڵکی خۆمان لەخۆمانەوە ئاوا تەسلیم بکەین، کە لە تەلەفزیۆن مەحکەمە کراون، کە نابێت لە تەلەفزیۆن مەحکەمە بکرێت.

من و قوبادیش  ئەمری قەبزمان هەیە
رووداو: چۆن بوو وەهاب هەڵەبجەییت هێنایە هەولێر، لەکاتێکدا خەریک بوو دۆخەکە خراپ بتەقێتەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: بۆ نەیهێنیم بۆ هەولێر؟ خۆ ئێمە ئیعتیراف بە ئەمر قەبزەکە ناکەین و نا قانوونییە. چۆنیش هێنامان؟ کاک وەهاب دەیویست بچێت بۆ شوێنێک (ناوێرم شوێنەکەت پێ بڵێم چونکە دەترسم عەزێتیان بدەن)، خۆ بە دزییەوە نەمانهێناوە، بمویستایە کاک وەهاب بهێنم، بە هێلیکۆپتەرێک نەمەهێشت کەس بزانێت لەناو مەکتەبی سیاسی دادەبەزیم. 
کاک وەهاب هاتووە، خەڵکی تریشمان هێناوە پێشتر، ها! ئاوا بەو تەریقەیە، چەند شتێک هەن وەکو یاسایە و نەنووسراوە لە نێوانمان، لە تەلەفزیۆن و ئیعلام بڵاوی ناکەینەوە، هاتین، لەوێ دانیشتین لە فڕۆکەخانە تۆزێک دوایانخستین (کە ئەوەش تۆزێک شتێکی ناشرین بوو)، بەڵام ئێمە هیچ قسەمان نەکرد و گوتمان بابە ئێمە دەگەڕێینەوە و کێشەمان نییە. خۆی بەو حسابە بێت نەدەبوو منیش بێم بۆ هەولێر، خۆ منیش ئەمری قەبزم هەیە براکەم! نەدەبوو قوبادیشم لەگەڵ بێت، قوبادیش ئەمری قەبزی هەیە، ئەمە زۆر سەیرە! زۆر زۆر عەجیبە! هەولێر پایتەختی کوردستانی عیراقە، ویلایەتی یەک لا نییە، ویلایەتی حزبێک نییە، ویلایەتی بنەماڵەیەک نییە. هەولێر پایتەختە. 

رووداو: کەیسی موراد کانی کوردەیی بە کوێ گەیشت، بکوژەکانی ئاشکرا بوون؟
بافڵ تاڵەبانی: قاتلەکان دەمێکە ئاشكرا بوون، بەڵام نازانم بۆ لە مەحکەمە چەقیوە؟ هەموومان دەزانین کێ ئەوەی کرد.

لە نێوان دوو ئیدارەیی و ئەو بارودۆخەدا چارەسەری تر هەیە 
 ئەمە سیستمێکی فیدراڵە، زۆر جۆری سیستمی فیدراڵ هەیە

رووداو: لە دادگای سلێمانی؟
بافڵ تاڵەبانی: ئێستا نازانم کەیسەکە لەکوێیە، چونکە باسی ئەوەیان کردبوو کەیسەکە بگوێزنەوە بۆ هەولێر.

رووداو: بۆچی بۆ هەولێر؟
بافڵ تاڵەبانی: دەبێ ئەو پرسیارە لەوە بکەیت کە داوایکردووە کەیسەکە بگوێزرێتەوە بۆ هەولێر.

رووداو: پێشتر مەدحی ئەژی ئەمینت دەکرد، بەڵام دواتر خراپ لێی تووڕەبوویت؟
بافڵ تاڵەبانی: ئێستاش مەدحی دەکەم، هەندێ شتی کرد وەختی خۆی کە مایەی شانازی بوو، وەختی خۆی ئەفسەرێکی ئازا بوو، من خۆم بینیومە، هەندێک ئۆپەراسیۆنی زۆر زۆر گرنگی کرد، بەڵام سەلمان تووشی غەڵەت بوو، خۆ کۆتایی دونیا نەبوو لە پۆستەکەی نەما، پۆستێکی تری بۆ حازر کرابوو، نەڕۆشتبوو بۆ ئەوێ. موشکیلەی ئێمە ئەژی نییە، واز لە ئەژی بێنە هەر سەری خۆتی پێوە مەئێشێنە.

رووداو: بۆچی کێشەکە ئەوەندە گەورەبوو کە گلەییان دەکرد چوونەتە سەر ماڵی دایکی؟
بافڵ تاڵەبانی: داوای لێبووردنت لێدەکەم، وا نەبوو، حەز دەکەم پێت بڵێم: ئەژی ئەمین (سەلمان-چی پێ ئەڵێی؟) چەند مانگێکە دەزگایەکی ئەمنی ئێمەی بەجێهێشتووە، ئێمە مەعلوماتمان لایە کە شتی لەگەڵ خۆی بردووە، شکێکیشمان هەبوو کە هێشتا لەو ماڵانەیە شتەکانی. بۆ؟ چونکە کە ئێرەی بەجێهشت، بەنیاز نەبوو نەگەڕێتەوە، زروفەکە وایلێهات نەگەڕایەوە، بە ئەمری حاکم، بە هەموو شتێک، ئێمە دەچووین تەفتیشی ئەو شوێنانە بکەین، بەڵام پێش ئەوەش، لەگەڵ برادەرێکی خۆمان لەناو پارتی قسەمان کرد، وتمان: ئێمە ئەمە دەکەین. بێزەحمەت با ماڵ و منداڵەکانی بڕۆنەوە بۆ هەولێر. ئێمە نەچووینەتە سەر ماڵ و منداڵ و دایکی کەس، ئەمە غەڵەتە. پێمان وتوون: کاکە ئێمە دێین ئەوە دەکەین. 

رووداو: پێشتر ئاگادارتان کردنەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ، بە قانوون، بە ئەمری حاکم. کاکە لە ئەمریکا چوونە سەر ماڵی دۆناڵد ترەمپ لەسەر یەک کاغەز، من دوو پیکاب هارد درایڤ، نامە، ئارکایڤ (ئەرشیڤ) و زانیاریم لەو ماڵە پەیداکرد. با تۆزێ قڵپیشی کەمەوە؛ مەسئوولی پاراستن، رایکردبا بۆ ئێرە، وا تەعامولیان لەگەڵ دەکرد لەوێ؟  

رووداو: پرسیاری قورسم لێ مەکە!
بافڵ تاڵەبانی: لێت ناکەم، جوابی مەدەرەوە. بەڵام ئەزانی چۆنە؟ چەند مانگێکە ئەم پیاوە بە کەیفی خۆیان لێرە دێن و دەڕۆن، حەرەسیان هەیە، چەکیان پێیە، چەکدار دێ و دەڕوا، قەت ئیزعاجمان نەکردوون، بەڵام وەزعەکەش خەتەربوو ها، تەقینەوە لە سلێمانی، تەقینەوە لەوێ، من لەوە دەترسام خوا نەکردە یەکێک شتێک لە ماڵ و منداڵی بکات، دیسان فلیمێکی تری بۆڵیوودیان دروست دەکرد و دەیانگوت ئەوە بافڵە. نامانەوێ کاکە، ئەو مەسئوولییەتە هەڵناگرم. ماڵ و منداڵی خۆتە بیبە بۆ لای خۆت، بۆ ئەتەوێ لای من بێ؟ بیبە لای خۆت.

بە هەموو جۆرێک ئامادەی گفتوگۆین بۆ سەپاندنی عەدالەت
رووداو: با بێینیە سەر دەرگەیەکی ئاسۆ و قسە لەسەر ئەوە بکەین، لە راگەیێندراوی کۆنگرەی 14ی پارتی، دەڵێ: با لاپەڕەیەکی تازە هەڵبدەینەوە و بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکەین، یانی دەستپێشخەرییەک دەکات. ئێوە ئامادەن بۆ هەڵدانەوەی ئەو لاپەڕە تازەیە؟  
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ ئێمە ئامادەین.

رووداو: چۆن؟
بافڵ تاڵەبانی: چاک! چیان دەوێ ئێمە ئامادەین. دەیانەوێ دانیشین، با دانیشین. دەیانەوێ هەموومان بەیەکەوە دانیشین با دانیشین، چۆن دەیانەوێ؟ لە چ مستەوایەک و لەکوێ بێت؟ دەیانەوێ ئەجنەبی تێدا بێت وەکو شاهێد ئامادەین، دەیانەوێ خۆمان بەیەکەوە دانیشین ئامادەین. دەیانەوێ لە ئەمریکا دابنیشین، دادەنیشین. قەت دەرگەی گفتوگۆمان دانەخستووە.

رووداو: بە رای ئێوە دەبێ لاپەڕە تازەکە چۆن بێت؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەبێ ئێمە بڕیار بدەین. 

رووداو: هەردوولا؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ هەردوولا. بڕیاربدەین ئەو غەڵەتانەی کە روودەدەن ستۆپێکیان بۆ دابنێین، من دەمەوێت عەدالەتێک هەبێت لە بەینی هەولێر و ئێرە، ئەوە پێشنیازی منە، وەرە با هەموو داهاتەکان کۆبکەینەوە، چ سیستمێکیان دەوێت ئێمە ئامادەین. بەڵام با بە عەدالەت ئیشەکان بکرێت. یەک داواکاریی شەخسیمان نییە. بەڵام ئەم وەزعەی ئێستا تەحەمول ناکرێت. تەلەبە برسییە، کەمئەندام برسییە، پێشمەرگە برسییە، هەمووی برسییە.. هەمووشی لێرە برسییە، بۆ؟ بە چ حەقێک بەیانی هەڵدەستم مەعاشی دژەتیرۆر بڕاوە؟ ئەمە بڕاوە، ئەمە بڕاوە.. ئەمە چ شەراکەتێکە؟ بە چ حەقێک ئەو بڕیارە دەدەیت؟

رووداو: ئاخر ئەوە بەس لێرە یان پێداچوونەوەیەک بوو کە کاک قوبادیش سەروکاری ئەو مەلەفەی دەکرد کە مووچەی زیادە ببڕێت؟ 
بافڵ تاڵەبانی: هەر لێرەیە. مەعاشیان بڕیوین، پارەیان بڕیوین. هەر لێرەیە، ئازووقە بۆ پێشمەرگەی من نایەت، بۆ پێشمەرگەی لایەنی دیکە دێ. بۆ؟ ئەزانی چۆنە؟ خەریکە خەتی سوور تێپەڕێنن. دەستبردن بۆ دەزگای ئەمنی یەکدی غەڵەتە و نەتیجەکەی خراپە. دەستێوەردانی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە تایبەتەکانمان و بەسیتترین پێشمەرگەی من، نەتیجەکەی خراپە. ئێ بۆ وا دەکەی؟ 

رووداو: دەتوانی دڵنیایی بدەی کە بەمزووانە ئەم کێشانە لەگەڵ پارتی چارەسەر دەبن؟ تۆ دەزانی، باجە گەورەکە خەڵک دەیدات.
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ وایە.

رووداو: دەبێ خەڵک لە رووی دەروونییەوە کەمێک بحەسێتەوە لە ژیانی رۆژانەی بە گوزەرانی باشەوە.
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ وایە. کاک شاهۆ! بۆیە ئێمە ئەوەندە بەسەبر بووین، بۆیە کە ئەوان لێرە هێز دروست دەکەن، بەڵام ئێمە هێز دروست ناکەین. بۆیە کە خەڵکی ئێمە دەڕفێنن ئێمە خەڵکی ئەوان ناڕفێنین. بۆیە کە عەزێتی کادرەکانی ئێمە دەدەن ئێمە لێرە عەزێتی کەس نادەین. ئێ لەبەر خەڵکمە، منیش قەلەقم لەبەر خەڵک. من بێتاقەتم کە تەلەبەکانم دیسان لەسەر جادەن. من بێتاقەم کە وەزعەکەی ئەم زۆنە وایە. پێویستیش ناکات وابێ، ئێمەش لەبەر ئەوەمانە کاکە شاهۆ. وەڵڵا ئێمەش لەبەر ئەوەمانە. کاکە ئێمەین راکەڕاکە دەکەین بۆ هەولێر، دەزانی چەند شاندم ناردووە بۆ ئەولا و چەند شاندیان ناردووە بۆ ئێرە؟ دەزانی چەندجار چووم بۆ لای کاک مەسعود و جەنابی چەندجار هاتوون بۆ ئێرە؟ دەزانی چەندجار چوومەتە لای جەنابی کاک نێچیرڤان و چەند جار هاتوونەتە ئێرە؟ دەزانی چەندجار چووم بۆ لای کاک مەسرور و چەندجار ئەوان هاتوون بۆ ئێرە؟ وازحە کێ هەوڵدەدات؟ 
پێم ناخۆشە کە پەیوەندییەکەمان باش نییە، رەنگە جەنابت تێبینی بکەیت، هەر لەم چەند رۆژە سەیری سۆشیاڵمیدیا بکە، چەند جنێو بە ئێمە دەدرێت، دیسان دەستیانکردووەتەوە بە جنێودان بە مامۆستا برایم، بەعزێ جار جنێودان بە مام جەلالیش، من حەزەکەم ببینیت ئێمە چۆنین بەرامبەر ئەوان، کەس بۆی نییە باسی جەنابی مەلا مستەفا بکات، کەس بۆی نییە باسی جەنابی کاک ئیدریس بکات، کەس بۆی نییە قەت باسی کاک مەسعود بکات، من سەرکردایەتیم عقوبە داوە کە یەک قسەیکردووە لە سۆشیاڵمیدیای خۆی. ئێمە زۆر رێزیان لێ دەگرین، بەس بەداخەوە هەموو جارێک کە عیلاقەتەکە دەچێتە پێشەوە، شتێک روودەدات. 
جارێک لە بەغدا بووم، هاتمەوە بۆ سلێمانی تەلەفۆنیان بۆ کردم، جەماعەتی ئیتار: «چۆن وا لە کاک مەسعود دەکەی؟» چی لە کاک مەسعود دەکەم؟ «کاک مەسعود چاوەڕێتە لە هەولێر، کۆبوونەوەتان هەبووە و نەڕۆیشتووی» هەر شتی وام نەبیستووە! تەلەفۆنم کرد بۆ ئەملاولا و ئێوارەکەی درەنگ، جەنابی کاک مەسعودم دۆزییەوە. کاک مەسعودیش ئاگای لەمە نەبوو. ئەمە دەستە. ئەچم بۆ لای جەنابیان دەڵێن: بەرنامە هەیە فڵان و فڵان تیرۆر بکرێن. چ قازانجی منە فڵان تیرۆر بکرێت؟ ئێ ئەمە دەستە. ئەمەی کە ئێستاش روویداوە، ئەوەش دەستە. بۆ من زۆر وازحە.. نازانم جەنابی بۆ ئەوە نابینێ، نایبینێ کە چەند وازحە یەکێک دەیەوێ ئێمە بەینمان تێکبچێ! بۆ من زۆر زۆر وازحە. بەڵام ئەمە جیاوازە، جەنابی کاک مەسعود خۆی بە من دەڵێ: تەفاسیلی شتەکان من نیم. ئێ باشە! ئەوەی لە تەفاسیلی شتەکانە غەڵەتی گەورە دەکات. غەدر لە خۆی و کوردستان دەکات. غەدر لە حکومەت دەکات، غەدر دەکات لە هەموو شتەکان. وەرە با دانیشین چاکی بکەینەوە، ئێمە ئامادەین. وەڵڵا ئێمە هیچ موشکیلەمان نییە و رقمان لە کەس نییە. من سوعبەتێکم لەگەڵ کردی و وتم: دکتۆر فوئادمان کرد بە کارگێڕی مەکتەبی سیاسی. وابوو. تەوقەیەکم لەگەڵ کرد و وتم: ئەوە بووی بە کارگێڕ. پێکەنی و چووینە ژوورەوە دانیشت، وتی: بۆ منتان هێناوەتە ئێرە؟ وتم: قسەیان لەگەڵ بکە، بزانە رای کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی چییە؟ یەک لەدوای یەک لە تووندڕەوەکانەوە یەک لەدوای یەک بە نەوعێک باسی کاک مەسعودیان کرد، بە نەوعێک باسی عیلاقاتی ئێمە و ئەوانیان کرد کە خۆی تەسەوری نەدەکرد و حەپەسا بوو. کاکە ئێمە نیەتمان وایە، بەڵام هیچ نایەتەوە بەرامبەری. هیچ شتێک ناگۆڕێت، وەزعەکە خراپتر دەبێ و باشتر نابێ. 

رووداو: دەگوترێت رێکەوتنێکی ستراتیژی لەنێوان ئێوەدا هەبووە، بەڵام کوشتنی هاوکار جاف تێکیداوە. راستە؟
بافڵ تاڵەبانی: خەریکبووین نامەیەکمان ئامادە دەکرد، بەڵام کوشتنی هاوکار جاف، یان شەهیدکردنی هاوکار جاف. من پرسیارم ئەوەیە بۆ ئەوە تێکیداوە؟ تۆ جارێ وەرە ئیسپاتی بکە کە منم یان ئیسپاتی بکە کە یەکێتییە، ئەوسا دەتوانین بڵێین کە ئەوە تێکیداوە، بەڵام بە راستی مەحکەمە لە تەلەفزیۆن ناکرێ، لە هیچ شوێنێکی دونیا مەحکەمە لە تەلەفزیۆن ناکرێ. ئەو ڤیدیۆیانە هەزار و یەک غەڵەتیان تێدابوو، کەیسەکە وا جیدی نەبووایە و یەکێک شەهید نەکرایە، ماڵ و منداڵی تێدا نەبووایە، من بەو ڤیدیۆیە پێدەکەنیم. بەڵام بەداخەوە ئەوە کارەساتە. 
 
رووداو: دیارە پەیوەندیت لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان زۆر خۆشە، ناکرێ ئەم پەیوەندییە بکەنە بەردی بناخەی چاککردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتی؟ 
بافڵ تاڵەبانی: من پەیوەندیم لەگەڵ کاک نێچیرڤان خۆشە، تا چەند هەفتەیەک پێش ئێستاش پەیوەندیم لەگەڵ جەنابی کاک مەسعودیش خۆشبوو، پەیوەندیم لەگەڵ جەنابی کاک مەسروریش خۆشبوو، دەبێت فەلسەفەکەیان بگۆڕن. جۆری ئیشکردنیان لەگەڵ یەکێتی بگۆڕن تا ئێمە بۆ پێشەوە بڕۆین. ئەوە بە یەک کەس و دوو کەس ناکرێت و پێویستی بە گۆڕانکارییە لە ستراتیژی حزبەکە. بە قسەی خۆش، بە ئیتیفاق، بە گفتوگۆ و دانوستاندن هەموو شتێک دەکەین ئێمە، هەموو جارێک کردوومانە و یەکێتی تەنازولی کردووە، هەموو جارێک یەکێتی ئامادەبوو تەنازول بکات بۆ میللەتەکەمان، ئێستاش ئامادەین، بەڵام بەرامبەر با هەنگاوێک بێتە پێشەوە، ئێ نایەتە پێشەوە و ئیستۆپیان کردووە. من تەسەور ناکەم کاک نێچیرڤان بەتەنیا بتوانێت ئەم ئیشە بکات. وەک چۆن تەسەور ناکەم جەنابی کاک مەسرور بەتەنیا بتوانێت بیکات. ئەمە پێویستی بە گۆڕانکارییە لە ستراتیژی پارتی دیموکراتی کوردستان نەک تەنیا بەرامبەر ئێمە، بەرامبەر حزبەکانی تریش، بەرامبەر کەسایەتییەکان کە رەنگە ئێستا لە حزبێکدا نەبن. بەرامبەر مەلاکان و مامۆستا ئایینییەکان و هەموو ئەمانە. ئێمە ئاشتبوونەوەیەکی گشتیمان پێویستە بۆ خزمەتی خەڵک، واش زیاتر دەنگ دێنن ها.

رووداو: لە ماوەی رابردوودا چەند هەوادار و کەسێکی نزیکی پەکەکە کرانە ئامانج و کوژران، لە بەرامبەریشدا هێرشکرایە سەر بارەگای حزبەکانی نزیک لە تورکیا (بەرەی تورکمانی)، ئەم کێشەیە چارەسەر کراوە؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەم موشکیلەیە وا بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت، بەڵام وابزانم هەموولایەک لە هەوڵدان بۆ چارەسەر. 

ئەگەر ئێمە جیابینەوە، 
ئەوان زەرەرمەندن، 
ئێمە زەرەرمەند نین، بەڵام ئێمە نامانەوێ جیاببینەوە، ئێمە داوای لامەرکەزیی ئیداریمان کردووە،  نەک جیابوونەوە

رووداو: پێشتر گوتت حەز دەکەم بچینە مەکتەبی سیاسی..
بافڵ تاڵەبانی: حەزمکرد بیبینی.

رووداو: منیش پێمخۆشە، حەزەکەی لە ماڵەکەی ئێوە تا ئێرە بەس بێت و بچینە ئەوێ قسەکانمان تەواو بکەین؟
بافڵ تاڵەبانی: بە کەیفی جەنابتە.

رووداو: وەڵا پێمخۆشە، با بڕۆین تکایە.
بافڵ تاڵەبانی: با بڕۆین.

رەفیقەکانم قەد بەجێناهێلم
رووداو: دەمەوێ بزانم دکتۆر بەرهەم چی دەکات، پێشنیازی ئێوە بۆ ئەو چییە لەنێو حزب؟
بافڵ تاڵەبانی: دکتۆر بەرهەم لە چاو ئەو شتانەی کە کردوێتی، هێشتا گەنجە. زۆر شت ماوە بتوانێت بیکات و چی بوێت ئێمە پشتیوانی دەبین.

رووداو: ئەی ئێوە چی بۆ دەکەن؟
بافڵ تاڵەبانی: من دەمەوێ ئەوە بکات کە خۆی حەزی لێیەتی. دکتۆر بەرهەم پێش هەموو شتێک رەفیقی منە، پێشموایە کە دکتۆر بەرهەم ئیشی خۆی کرد لە وەزعێکی قورسدا، ئەوەی کە ئەو دەیەوێ، واجبی ئێمەیە ئیشی بۆ بکەین. من قەت رەفیقەکانی خۆم بەجێناهێڵم.
 Leave no man behind 

رووداو: لاهوور شێخ جەنگی، رەفیقت بوو جگە لە خزمایەتی؟
بافڵ تاڵەبانی: زۆر.

رووداو: کەواتە نازانم.. تۆ ئەوت بەجێهێشت، یان ئەو ئێوەی بەجێهێشت، کامیان تەواوە؟ 
بافڵ تاڵەبانی: تەبعەن ئێمە بە مانگ بیر لەم مەوزوعە ناکەینەوە، قسەشمان نەماوە لەگەڵیان، ئەو برادەرانە حەدێکیان تێپەڕاند کە قەت نەدەبوو تێیپەڕێنن، دەشمتوانی بە نەوعێکی تر عیلاجی بکەم ئەو ئیشە، بەس نەمکرد. 

رووداو: یانی لە رەفاقەت دەرچوو؟ 
بافڵ تاڵەبانی: دەرچوو، لە هەموو شتێک دەرچوو، هەموو خەتێکی سووریان تێپەڕاند. وەکو جەنابت زۆر بە جوانی فەرمووت: وەختی خۆی هەشت جار لە هەشت سانیە وتم: دەرکراوەکان دەرکراون. بەس من قسەیەکم کرد و وتم: یەک ملیۆن ساڵی تر دەتوانن بگەڕێنەوە، ئێستا 900 هەزار و 999 ساڵ ماوە، ئێستا ساڵێک کەمبووە، ئەگەر ملیۆنێک ساڵی دیکە لە ژیاندا بوون دەتوانن بگەڕێنەوە ناو یەکێتی.

رووداو: لاهوور جەنگی گوتی: قاسم سولەیمانی وتوویەتی، بەرهەم ساڵح دەکەمە سەرۆکی یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی دەکەمە جێگری، بەڵام من نەمهێشت. ئەمە راستە؟
بافڵ تاڵەبانی: بە راستی هەر گوێ نادەمە قسەکانی کاک لاهوور، بە کەیفی خۆی چی دەڵێ با بیڵێ. چەرچل گوتی: کە بۆ شوێنێک دەڕۆیت، هەموو جارێک کە سەگێک وەڕی و تۆ ئاوڕت دایەوە و وەستای، قەت ناگەیتە هەدەفەکەی خۆت. سیاسەتی من ئەوەیە.

رووداو: یانی تۆ هەر بۆ پێشەوە دەڕۆیت؟
بافڵ تاڵەبانی: بۆ پێشەوە دەڕۆم، قەت بۆ دواوە ناگەڕێمەوە، سەیری دواوەش ناکەم، بۆ؟ چونکە بۆ دواوە ناڕۆم. ئەو مەرحەلەیە تەواو بوو، ئەوان مەجالێکیان هەبوو تێکیاندا. 

رووداو: ئەوانەشی لە ماراسۆن رادەکەن، هەرکەس سەیری دواوە بکات دۆڕاوە.
بافڵ تاڵەبانی: رێک وایە، سیاسەتیش ماراسۆنە، مسابقەی 100 مەتری نییە.

رووداو: کێشەی ژەهرخواردکردنەکە چی لێهات؟
بافڵ تاڵەبانی: لە دڵمدا هەڵمگرتووە. 

رووداو: ژەهرەکە یان کێشەکە؟ 
بافڵ تاڵەبانی: موشکیلەکە. وا نەزانن لەبیرم چووەتەوە.

رووداو: بەڵام تۆ پیاوێکی وا ناسراوی دڵت پاکە.
بافڵ تاڵەبانی: دڵم پاکە، بەڵام بێ عەقڵ نیم. حەزیشم لەوەیە کە دڵم پاکە. مام هەموو جار پێی دەگوتم «کوڕم تۆ دڵی منت هەیە» 

رووداو: مام جەلال دەیگوت؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ! 

 رووداو: دەمەوێ بزانم لەگەڵ ماڵی مامەکانت پەیوەندیتان چۆنە؟ وتت نایەنەوە ناو یەکێتی، بەڵام پەیوەندی کۆمەڵایەتیتان چۆنە؟
بافڵ تاڵەبانی: پەیوەندیمان سفرە. بەداخەوە.. پەیوەندیم لەگەڵ هانا و ئەوانە ماوە لە بەریتانیا، ئەوانم زۆر خۆشەوێ، ئەوان زۆر دوور بوون لە سیاسەت. بەڵام ئەوانیتر بە راستی من پەیوەندیم نییە لەگەڵیان و حەزیشم لە پەیوەندیی نییە لەگەڵیان. 
 
رووداو: میدیای یەکێتی لە کاتی راپەڕین و دوای راپەڕین زۆر بەهێز و کاریگەربوو، ئێستا لاوازە و وا نەماوە، تۆ وەکو کەسی یەکەمی یەکێتی چی دەکەیت بۆ میدیاکەی؟ 
بافڵ تاڵەبانی: ئەمە تۆزێک ‌غەدرە، بەچی موقاڕەنەی دەکەی؟ ئێمە گەلی کوردستانمان هەیە، موقاڕنەی دەکەی بە کەی24 و ئەوەی کە هەر ناوەکەی نازانم؟ رەنگە کاک ئەحمەد ناوەکەیم پێبڵێ. وەڵڵا لەچاو ئەوانە زۆر باشە. بەڵام ئەگەر جەنابت گەلی کوردستان موقاڕنە دەکەی لەگەڵ رووداو، ئەوە راستە. بەڵام جیاوازن. رووداو قەناتێکی ترە، نەوعێکی ترە لە گەلی کوردستان، پێشموایە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قەناتێکی تری دەبێت.

رووداو: دەی بێت؟ 
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ، بەڵێ! بەمزووانە قەناتێکی تری دەبێت کە پێموایە قەناتێکی باش دەبێت و زۆر سەرکەوتوو دەبێت و زۆربەی ئەو برادەرانەی کە لێرە پەروەردە کران و فەنەکەی خۆیان فێربوون، ئێشەڵلا ئیشێکی وا دەکەین کە هەموویان بگەڕێنەوە ئێرە. 

رووداو: یانی دیسان سیاسەتی حزب بەرجەستە دەکات یان کەناڵی خەڵک دەبێت؟
بافڵ تاڵەبانی: نا نا! پێویستمان بە قەناتێکە کە هی خەڵک بێت. قەناتی حزبم ناوێت، قەناتی حزبمان هەیە.

یەکخستنی دەنگی هەموو کورد
رووداو: دەمەوێ بزانم ئامانجی گەورەی ژیانت چییە؟ 

بافڵ تاڵەبانی: من دەمەوێ خزمەتی خەڵکی خۆم بکەم، خەڵکی خۆم کوردە، کە باسی کوردستان دەکەم، باسی هەر چوار پارچە دەکەم. هەر میللەتی کورد وەزعی وایە، هیچ میللەتێکی تر وەزعی وا نییە. 45-50 ملیۆن کەس هێشتا دەنگێکیان نییە و ناتوانن بەیەکەوە بوەستن. کاک شاهۆ! بیهێنەرە بەرچاوت تۆ 45-50 ملیۆن کەس کۆبکەیتەوە، کەس ناتوانێ پێت بڵێ نا! کەس ناتوانێت رێگریت لێبکات، نە ئەمریکا و هیچ وڵاتێکی تر، کێ دەتوانێ بەرامبەر 50 ملیۆن کەس بوەستێ؟ کەس. موشکیلەکەی ئێمە ئەوەیە کە نەمانتوانیوە خۆمان رێکبخەینەوە، شتە بچووکەکان لابدەین بۆ هەدەفێکی گەورە. واز لە حزبایەتی بێنە، هەموومان خۆمان کۆبکەینەوە و ئیش بۆ هەدەفێکی گەورەتر بکەین لە هەدەفێکی گەورەتر لە حزبایەتی. من پێموایە دەتوانین شتێکی وا بکەین، وەکو وڵاتەکانی تر. بەڵام تا بەم عەقڵییەتە بچووکە بیربکەینەوە و بەم نەوعە سیاسەت بکەین، کوردی دونیا هەروا نەگبەت دەبێ.

رووداو: رۆژێکم لەگەڵ تۆ تەواوکرد، ئەوەی بینیم زیاتر، شەخسییەتی خاکەساری و سادەیی و سەراحەت بوو. پێمخۆشبوو.. دونیایەک سوپاس.
بافڵ تاڵەبانی: من سوپاسی جەنابت دەکەم، جەنابیشت باش دەزانی، مەجال هەبوو پرسیارەکانت ببینم، بەڵام حەزم نەکرد، ویستم لە دڵەوە جوابت بدەمەوە و زۆر بە سەراحەت جوابت بدەمەوە، یەک داواکاریم هەیە لەوانەی کە سەیری ئەم شتە دەکەن، کە ئەمە وەکو خۆی وەربگرن، حەزەکەم لە یەکتری تێبگەین، ئەگەر لە یەکتری تێبگەین، هەموو موشکیلەیەک حەلێکی هەیە، بۆیە ویستم وا سەریح بم. هەدەفەکەی من ئەوە نەبوو عەزێتی لایەنێک بدەم یان عەزێتی شەخسێک بدەم، بەڵکو ویستم بڵێم کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیە بۆ هەموو تەنازولێک کە بۆ کوردستان و گەلەکەمان و میللەتەکەمان باشبێت. ئەمە سیاسەتی ئێمەیە، ئیشەڵڵا دوای ئەم کۆنگرەیە پارتی سیاسەتی خۆی مناقەشە دەکات لەناو خۆی و بەڵکو مەجالێک هەبێت خزمەتێکی باشتر بکەین بە میللەتەکەی خۆمان و من سوپاسی جەنابت دەکەم، سوپاسی قەناتەکەت دەکەم، بە راستی زۆر خۆشحاڵبووم بە بینینی جەنابت.

رووداو: بۆ ئێمەش فرسەتێکی خۆشبوو لەگەڵ ئێوە دانیشتین.
بافڵ تاڵەبانی: زۆر مەمنوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان