گەڕانەوە بۆ ماڵی شیعر

خوێندنەوەی دەقی شیعری «گەڕانەوە بۆ ماڵ»

09:59 - 2022-11-17
ئەدەب و هونەر
503 جار خوێندراوەتەوە
تەیب جەبار

بەختیار حەمەسوور

«گەڕانەوە بۆ ماڵ» دەقێکی شیعری تەیب جەبارە، لە دووتوێی "مروارییەکان"ی رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە ژمارە (8771)ی رۆژی (11-10-2022) بڵاوبووەتەوە. لەم نووسینەدا، هەوڵدراوە لەسەر دوو ئاست بنووسرێت، یەکەم ئاستی ناوەوەی دەق و دووەم ئاستی دەرەوە، هەڵبەت هەر لەسەرەتاوە ئەم خوێندنەوەیە بانگەشەی دواخوێندنەوە ناکات و دەزانێت کە دەکرێ و دەلوێ باری سەرنج و خوێندنەوەی تر بۆ هەمان دەق، لە گۆشەنیگای ترەوە بکرێت و بنووسرێت.

1- ئاستی ناوەوە
«گەڕانەوە بۆ ماڵ» لە پێنج بەش پێک هاتووە، لەم دەقەدا مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ زماندا کراوە، کە وێڕای درێژەدان بە ئەزموونی پێشتری شاعیرەکەی، هاوکات نوێبوونەوەی خۆیشی پێیە. ئەگەر بمانەوێ ئەو مامەڵە زمانەوانییە روون بکەینەوە، دەتوانین سەرناوێکی بۆ دابنێین: «لەبریدانانی نەگونجاو». دەتوانین ئەمەش بەم جۆرە روون بکەینەوە: لە واقیع و ژیانی رۆژانەدا، بۆ هەر ناوێک، دەتوانی ئاوەڵناوێکی گونجاو و تەبا بەکاربهێنیت، وەک: ناوی "نان"، دەتوانین ئاوەڵناوی "گەرم"ی بۆ دابنێین و بەوەش دەبێت بە "نانی گەرم"، ئەمە وێنەیەکی باو و بیستراوە، رۆژانە بەکاردێت، بەڵام لە شیعردا دەکرێت ئەم وێنە باو و بیستراوە تێکبشکێنرێت و وێنەیەک لە جێی دابنرێت کە وێناکردنی زەحمەت و نەگونجاو بێت، بۆ نموونە بڵێین: "نانی هەوراوی"، وێناکردنی "نانی هەوراوی" کە لە واقیعدا بوونێکی بەرجەستەی نییە، زەحمەتە، تەنیا دەتوانین لە زەین و زماندا وێناکردنەکەی مسۆگەر بکەین، بۆ بەرجەستەکردنیشی، جگەلە شیعر، لە هیچ جێیەکی دیدا ئیمکانی وەها وێنە و وێناکردنێک نییە. ئەم دەقەی تەیب جەبار لەسەر هەمان رێسا کۆمەڵێک وێنەی وەها پێشکەش دەکات، رەنگە توانست و رادەی داهێنەرانە و سەرکەوتنانەی وێنەکان لە یەک ئاست و وەک یەک شاعیرانە نەبن، بەڵام هەموویان سەر بەو رێسایەن و لەو چوارچێوە نەگونجاو و ناباوەدا رسکاون. بۆ پتر روونکردنەوە، ئەم کۆپلەیە لە شیعرەکە وەردەگرین:

دەگەڕێمەوە بۆ ماڵی خۆمان،
جلوبەرگی تازە لەبەر دەکەم:
پانتۆڵ لە قوماشی هاژە،
چاکەت لە قرچەی گەرما،
جلی ژێرەوە لە هەناسەی یار،
کراس لە تریفەی مانگ،
بلوز لە کزە،
پێڵاو، چەرمی پەپوولە
پاڵتۆ، وژەی دارستان
ملپێچ، پەلکەزێڕینە.

دەبینین سەرجەم ناوەکان، ئاوەڵناوی نەگونجاویان بەرانبەر دانراوە، لەبری ئەوەی بۆ "پانتۆڵ" قوماشی "کەتان" یان هەر جۆرێکی تر دابنرێت، ئاوەڵناوی "هاژە" دانراوە، کە ئەمە لەگەڵ وێنای ئێمە و واقیعدا یەک ناگرێتەوە و نەگونجاوە؛ چۆن هاژە لەپێ بکەین!؟ بۆ ناوی "بلوز" دەکرا لەبری ئاوەڵناوی "کزە" کە ناکۆک و نەگونجاوە، "لۆکە" دابنرێت، بۆ پێڵاو، ئاوەڵناوەكەی کە بۆی دانراوە لە دوو وشە پێک هاتووە: "چەرمی پەپوولە"، ئەگەر تەنیا بنووسرابا "چەرم" لاریمان نەدەبوو، بەڵام "چەرمی پەپوولە" ئاوەڵناوێکی ناباو و نەگونجاوە و بەکارهێنانی لە ژیانی رۆژانەدا کۆمیدییە، بۆ ناوی "ملپێچ" ئاوەڵناوی "پەلکەزێڕینە" دانراوە، کە دەکرا "خوری" دابنرێت، کە دەڵێی "پەلکەزێڕینە" وێڕای حاڵەتە نافیزیکییەکەی، هاوکات دەستپێڕانەگەیشتووشە. هیچ کام لەم لەبریدانانە نەگونجاوانە لە واقیعدا نیین، سەر بە دنیایەکی ترن، لە ژیانی رۆژانە و لەسەر شەقام و بازاڕدا نابینرێن و ناکڕدرێن و مەحاڵە روو بدەن، شوێنی ئەمان جێیەکی ترە، لەناو زمان و لە زەیندا، لە پانتایی شیعردا روویان داوە؛ تەنیا جێیەک کە ئیمکانی روودانی ئەم حاڵەتە ناباو و نەگونجاوانەی هەیە. «گەڕانەوە بۆ ماڵ» گۆڕەپانی روودانی ئەم حاڵەتە نائیمکانانەیە، لێشاوی بەدواداهاتنی ئەم ناو و ئاوەڵناوە سەیروسەمەرانەیە، لەپێناوی خوڵقاندنی زمانێکی شیعریی تایبەت و وێنەیەکی نوێسازی پڕ لە جووڵە و جوانی: زمانێک کە لەگەڵ خۆیدا نەریتێک دەچەسپێنێت و دەبێتە تاپۆ و تۆماری ئەزموونێک، وێنەیەکی شیعرییش پێشکەش دەکات کە لە نیگای ریالیستیانەی کامێرا و چاوی ئاسایی خۆ رادەپسکێنێت و راوکردنی مەحاڵە.
جێی خۆیەتی ئاماژەیەکی خێرا بۆ خاڵبەندی و کورتبڕیی، کە خەسڵەتێکی ئەزموونی تەیب جەبارە و لەو کۆپلە بچکۆلەشدا رەچاو کراوە، بکەین: لە پێنج دێڕدا کە ناو و ئاوەڵناوی بەرانبەریان دێت، ئامرازی "لە" بەکاردەهێنێت و "فاریزە" دەخاتە کۆتایی رستەکانەوە، وەک: "پانتۆڵ لە قوماشی هاژە،/ چاکەت لە قرچەی گەرما،/ و..." بەڵام لە سێ دێڕی دواییندا ریتمی شیعرەکە بە لابردنی ئامرازی "لە" و جێگۆڕکێی "فاریزەکە"، هەم سووکەڵەتر دەبێت، هەمیش خێراتر: "پێڵاو، چەرمی پەپوولە/ پاڵتۆ، وژەی دارستان/ ملپێچ، پەلکەزێڕینە."
 
2- ئاستی دەرەوە
لێرەدا هەوڵ دەدەین بە شوێن پشتینە (باکگراوند)ی دەقەکەدا بگەڕێین، پشتینەیەک کە ئەگەرچی لە پانتاییدا نابینرێت و ونە، بەڵام ئامادەییەکی سەرتاسەری هەیە، هاوکات هەر لە رێی دۆزینەوە و پەیبردن بەم پشتینە ونە، بەشێک لە جەوهەری ناوەڕۆکی «گەڕانەوە بۆ ماڵ»یش روون و ئاشکرا دەبێت: دوو ساڵێک لەمەوبەر (2020)، پەتایەک بڵاو بووەوە، پەتایەکی دنیاداگر، لە کیشوەر و وڵات و شارە گەورەکانەوە تا گوند و خێوەت و قوژبنە بچکۆلە و دوورەکانیش لە زیانی ئەم پەتایە دەربازیان نەبوو، کەسانێکی زۆر بە هۆی ئەم پەتایەوە مردن و مردنیشیان لە خەمناکترین جۆری مردنەکان بوو؛ لە لایەن کارمەندانی شارەوانی و بە جلوبەرگی ترسێنەر و دەمامکی گەورەوە، لە گۆڕستانێکی نوێدا داشاردران، ئەم پەتایە لەو چەشنە پەتایانە بوو کە رێی هەناسە و بەرکەوتنەوە دەگوازرایەوە، هەر ئەمەش وایکرد کەسی تووشبوو دوور لەوانی تر و لە تەنیاییدا، ئازار بچێژێت: کۆرۆنا! بەڵێ، ئەوە ناوەکەی بوو، یاخود: کۆڤید 19!.
لە دنیادا، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە، رێنمای و رێی جیاواز جیاواز گیرایە بەر، بۆ نموونە: ماسکبەستن، دەستشتنی بەردەوام، پاکوخاوێنی، دوور کەوتنەوە لە قەرەباڵغی و راگرتنی مەودایەک لە نێوان تۆ و ئەوانی تر، کە پەتاکەش تەشەنەی سەند و لە کۆنترۆڵ دەرچوو، رێکاری ناردنەوەی خەڵک بۆ ماڵەوە بە فەرمی دەستیپێکرد، جۆرێک فشار هێنرایە ئارا کە هەر کەس لە پاش دەرچوونی قەدەغەکردن ببینرایە، رووبەڕووی سزا دەبووەوە. ئەم رێکارە گەیشتە کوردستان و ئێمەیش بۆ ماوەی پتر لە مانگێک چووینە ماڵەوە. لەگەڵ ئەوەی بۆ کەسانێک ئەم چوونەوە ماڵە قورس بوو، بەڵام بە تێکڕا ئەزموونێکی نوێ رسکا، ئەزموونێک کە ساڵانێک بوو لە بیر چووبووەوە؛ ئەزموونی ناوماڵ!.
لەم ئەزموونە نوێیەدا ئەندامانی خێزان لە شوێنە جیاوازەکانی کارکردنەوە گەڕانەوە بۆ ماڵ، بە مەودایەک دووری، لە بەرانبەر یەک و لە هەمان خانوو و ماڵدا، دەهاتن و دەچوون، فەلسەفەی ئەم پەتایە، چوون هەقیقەتێکی تاڵ، لەم کردەیەدا، واتە پێکەوەبوونمان و هاوکات دووریمان لە یەکتر بە مەودایەک، خۆی دەرخست: ئێوە بە تێکڕا، لە تەوقە گەرموگوڕەکانتان، لە باوەشکردنە توندەکانتان، لە ماچکردنی ئەملاولای یەکتر، لە هەواڵپرسینتان، درۆ دەکەن، درۆ، هەر رێک لەو کاتانەدا لە ئامێزی یەکتردان، بیر لە ترسناکترین پیلان دەکەنەوە دژ بە یەک، بۆیە لێک دوور بکەونەوە، ئەوە راستیی ئێوەیە، لێک دوور بکەونەوە.
«گەڕانەوە بۆ ماڵ» هەڵچنینی ئەو ناشیرینی و ترسوتۆفەی دەرەوەیە کە سیاسەت و خەڵکانی هەلپەرست و چەندڕوو، هەوا و هەناسەشیان ژەهراویی کردووە، بەر و بەرهەمی رامانە لە دۆخی نادڵنیایی و نائارامی دەرەوە لە چرکەساتی ئارامیی و هاسەنگیی ماڵەوە. لە شیعرەکەدا هاتووە کە شاعیر نایەوێت چیدی بچێتە "کافیتریای کەفاو"، "مەزادی بازاڕی گرێکوێرە"، "پیاسەی پارکی تاک‌مەودا"، نایەوێت گوێی لە "دەنگوباسی تەنگەبەر" بێت، "رەشنووسی هیچ کودەتایەک" بخوێنتەوە و چەندانی تر، دەیەوێت لە هەموو ئەو پۆخڵەواتانەی دەرەوە بحەسێتەوە و پشوویەکی هەمیشەیی بدات. کاتی نووسینی دەقەکە، وەک لە داوێندا دانراوە: (نیسانی 2022)ە، یانی دوو ساڵێک پاش کزبوونی کۆرۆنا، بەڵام لە نەستی دەقەکەدا، دەتوانین کاریگەریی پەتای کۆرۆنا و گەڕانەوەمان بۆ ماڵەوە، بخوێنینەوە. ئەگەر تەماشای ناوەڕۆکەکەشی بکەین، دەبینین زۆر هونەریانە ئەم دۆخە چکاوەی ناو دەقەکەوە بووە: بەراوردێک لە نێوان دوو حاڵەتدا کراوە بێئەوەی ناوی یەکێکیان بێت، سەرجەم دەقەکە باسی ماڵەوە دەکات، باسی ئەو کارانەی کە بڕیارە بە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە بکرێن، بەڵام خوێنەر خۆبەخۆ خەیاڵی دەچێت بۆ دەرەوەش، دەرەوە هیچ کام لەو کردارانەی لێ نیین کە کەسێتیی ناو دەقەکە بڕیارە بیانکات، ئەمە بزواندنێکی جوان و هونەرییە لە رێی باسکردنی شتێکەوە خوێنەر بەرەو شتێکی دی پەلکێش بکەین.
لە کۆی دەقەکەدا خوێنەر دەکەوێتە کەشی ناو ماڵەوە، ئەم کەشە ئارام و بێدەنگە، دوورە لە ژاوەژاو و هەراوهۆسەی شەقام، کەشێکە پێشتر بیری لێ کراوەتەوە، ئێستا کە بڕیارە هەموان بگەڕێینەوە بۆ ناوماڵ، دەرفەتە بۆ جێبەجێکردنی، دەبێت بکرێت، رەنگە تەمەن جارێکی تر ئەم هەلە نەدات، دەبێت بقۆزرێتەوە. لە «گەڕانەوە بۆ ماڵ»دا بە وردی نەخشەی ئەم پلانە چنراوە، زۆر شاعیرانەیە، بە جۆرێک ئیمکانی تانوپۆکەی تەنیا لە خەیاڵدا، لە ماڵەوە، لە ژوورێکدا و بەتەنیا، سەر دەگرێت.
ماوەی کەرەنتین و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و رۆژانی ژیان لە ماڵەوە، هەلی خستە بەردەم نووسەران و  کۆمەڵێ دەقی ئەدەبی نووسران و دواتر و پاش هێوربوونەوەی کۆرۆنا، لێرەولەوێ دیتران، هەندێکیان هیچ پەیوەندییان بەو پەتایەوە نەبوو، دەقی سەربەخۆ بوون و لە شتی دی دواون، هەشبوو راستەوخۆ لە دەقەکەیدا باسی "کۆرۆنا"ی دەکرد، هەشبوو وێنای بڵاوبوونەوەی پەتایەکی دەکرد، خوێنەر دەیتوانی بە سانایی بیناسێتەوە و بزانێت مەبەست لێی کۆڤید 19یە، لەو دەقانەی خوێندوومنەتەوە و بە ئاشکرا و پەنهان پەتاکەیان تەوزیف کردووە، جیا لە رۆمانی "دەفتەری پیرانی غەمناک"ی ماردین ئیبراهیم، هیچ شتێکی ئەوتۆم لەلا نەماوەتەوە. دەقی «گەڕانەوە بۆ ماڵ»ی تەیب جەبار دوورونزیک باسی کۆرۆنا ناکات، بەڵکو بە شێوەیەکی ناڕاستەخۆ، لە پشتینە و نائاگایی دەقەکەدا وەها پەتایەک هەست پێ دەکرێت، ئەم دەقە لەو دەقانەیە کە دەتوانێت وێنەیەکی روون و شاعیرانەمان سەبارەت بەو پەتایە و رۆژانی کەرەنتین و ئەزموونی تاکانەی شاعیرێک لە ماڵەوە، پێ بدات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان