ئازادیی رۆژنامەگەری و جیاوازیی لە دەستەبەركردنی زانیارییەكاندا

09:44 - 2022-04-05
ڕاپۆرت
588 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق

روماڵكردنی میدیایی زۆرێك لە رووداو و چالاكییە سیاسی و ئەمنییەكان لە عیراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، دووچاری ئاڵەنگاریی زۆر دەبێتەوە، دەركەوتووترینیشیان جیاوازییە لەنێوان دەزگا میدیاییەكان بۆ گواستنەوەی هەواڵ و وێنە و گەیاندییان بە بینەر و خوێنەر بەشێوەیەكی جیاواز، و  پێداگریكردن لەسەر ئەو لایەنانەی بە پێداویستی ژیانی هاووڵاتی دادەنرێن و مایەی سەرنجن، ئەمەش هەر تەنیا لەڕێی گواستنەوە و خستنەڕووی دیمەنی گشتییەوە نییە، وەك هەندێك لە میدیاكان دەیانەوێت و كاریی لەسەردەكەن.  

بوارێك بۆ ئازادی 
لەو بارەیەوە، مەسعود عەبدولخالق خاوەنی ئیمتیازی دامەزراوەی ستاندارد بۆ توێژینەوە رایگەیاند»وێڕای بوونی بوارێك بۆ ئازادی لە رۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لەبەرامبەردا فەرمانڕواش هەن وەك فەرمانڕوایانی جیهانی عەرەبی كە بڕوایان بە دیموكراتی و ئازادی رۆژنامەگەریی و بەرچاوڕوونی نییە، هەندێك جار تەنانەت بڕوایان بە یاسا و دەستوریش نییە، بۆیە پیاوانی دەسەڵات و حكومەت لە  هەرێمی كوردستان، سەر بە خوێندنگە یان خانەوادەیەكی دیاریكراون، ئەو خەنەوادەیە ئاراستەی حزب یان حكومەت دیاریی دەكات، بۆیە كاریی رۆژنامەگەریی پێویستە هاوتای بەرژەوەندی ئەو لایەنانە بێت». 

میدیایەكی ناڕێكخراو 
عەبدولخالق پێیوایە» جیاوازییەكی روون بەدی دەكرێت لە كاریی رۆژنامەوانی و روماڵكردنی هەواڵەكان لەلایەن كەناڵە تەلەفیزیۆنییەكان لە هەرێمی كوردستان، هەریەك لەو كەناڵانە سەر بە حزبێك یان كەسێك یان خانەوادەیەكی دیاریكراون، لەكاتێكدا دەبوو ئەو دەزگا میدیاییانە ئامرازێكبن بۆ خزمەتكردن بە میدیای ئامانجدار و بنیاتنانی كەسێتی كوردی لە هەرێم، نەك میدیایەكی لیبراڵ و میدیایەكی ناڕێكخراو، جیاوازیی رۆژنامەگەریی نییە، ئازادییە رۆژنامەگەرییەكان لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر جیاوازن، هەڵمەتەكانی دەستگیركردنیش كە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لەدژی رۆژنامەوانان لە كوردستان بەرپاكران، باشترین بەڵگەنە بۆ ئەم قسانە، لەكاتێكدا دەبوو گەندەڵكاران و ناپاكەكان دەستگیربكرێن و بخرێنە كونجی زیندانەوە، لە بری دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران و پیاوانی ئاینی». 

میدیایەكی جیاواز 
لای خۆیەوە، دكتۆر نازم روبەیعی، ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق دەڵێت» كاری رۆژنامەگەریی لە عیراق لە دوای 2003 ئاراستەیەكی نوێ‌ و جیاوازیی لە سەردەمی رژێمی پێشوو بەخۆوەبینی، بۆیە كاریی رۆژنامەگەریی لە باكوورەوە بگرە تا باشووری وڵات جیاوازییەكی گەورەی تێدا بەدی دەكرێت، بە هەمان شێوە جیاوازیی لەنێوان پارێزگاكان و شارەكانی عیراقیشدا هەیە، بۆنمونە كاریی رۆژنامەوانی لەو كەناڵە میدیاییانەی سەر بە هەندێك لە حزبەكانن، هێڵی سیاسی تایبەت بە خۆیان هەیە، بابەتێكی گرنگی تر هەیە لێردا كە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، كاریی رۆژنامەوانی لە عیراق دەكەوێتە ژێر گوشارێكی گەورەی حزبە سیاسییەكان بە مەبەستی دروستكردنی كاریگەریی لەسەر ناوەندە میدیاییەكان، بەڵگەش بۆ ئەمە هەندێك لە رۆژنامەوانان رووبەڕووی گوشاری سیاسی گەورە بونەتەوە بەهۆی راوبۆچوونەكانیان، بە مەبەستی گۆڕینی بیروڕا و بیركردنەوەیان، ئەم كارەش لەڕووی یاسایی و پیشەگەرییەوە رەتدەكرێتەوە». 

مەترسییە گەورەكان 
بە وتەی روبەیعی «كاریی رۆژنامەوانی لە عیراق مەترسییەكی زۆری تێدایە، بۆنمونە زۆرێك لە رۆژنامەوانان لەكاتی بەجێگەیاندنی ئەركی پیشەیی خۆیان، لە بەگژداچوونەوەی داعش، یان گواستنەوەی راستییەكان شەهیدكراون، چونكە زۆرێك لە گەندەڵكاران پێیان باش نییە كاریی رۆژنامەگەریی ئازاد هەبێت كە گەندەڵییەكانیان بۆ كۆمەڵگە ئاشكرا دەكات، بۆیە دژایەتی دەكەن، بەو پێیەی رۆژنامەنوس ئاوێنەی نێوان هاووڵاتی و بەرپرسە بۆ خستنەڕووی خواست و داواكارییەكانی گەل»، ئاماژەی بە بوونی زۆرێك لەو ئاستەنگانەش كرد كە لەبەردەم كاریی رۆژنامەوانیدا دروستدەكرێن لەلایەن حزب و كەسێتییە سیاسییەكان، بۆیە زۆرێك لە رۆژنامە و كەناڵە تەلەفیزیۆنییەكان لەگەڵ دەركەوتنییاندا لەناكاو وندەبن و دیارنامێنن، بەهۆی تەوابوونی پارەداركردنییان لەلایەن ئەو حزبانەی پشتیوانییان لێدەكردن، ئەمەش باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كە سیاسەتوانان لە كاریی رۆژنامەگەریی ئازاد و سەربەخۆ و بێ‌ لایەن تێناگەن». 

دەستگیركردنی رۆژنامەوانان 
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێكیدا  ئاماژەی بە دەستگیركردنی رۆژنامەوانان و چالاكوانانی مەدەنی كوردووە لە هەرێمی كوردستان بەهۆی بەشدارییان لە خۆپیشاندان، و دادگایی كردنیشیان بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی لە هەرێم، كارێكی نادادپەروەران بوو، لەكاتێكدا خۆپیشاندانی فراوان سازدەكرێت لە هەرێمی كوردستان و خۆپیشاندەران داوای نەهێشتنی گەندەڵی و خزمەتگوزاریی دەكەن. 
هەروەها پێشتر رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و  شەش رێكخراوی نێودەوڵەتی تر داوایان لە حكومەتی عیراق كردبوو ماف و ئازادییەكان پێشێل نەكات، ئاماژەیان بە پێشێلكردنی ماف و ئازادییەكانیش كردبوو لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە. 
ئەو رێكخراوانە داوایان لەحكومەتی عیراق كردبوو، بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو چالاكوان و رۆژنامەوانانە بكات كە لەدوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2019وە دەستگیركران. 
شەشە رێكخراوەكە ئاماژەیان بە شكستخواردنی حكومەتی هەرێمیش كردبوو لە دادگایكردنی ئەوكەسانەی  پێشێلكاریی و تاوانییان بەرامبەر رۆژنامەوانان و چالاكوانانی مەدەنی و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، كردووە.  
ئەو رێكخراوانە دەڵێن، بەدەیان مامۆستا و فەرمانبەر و رۆژنامەنوس دەستگیركراون بەهۆی داواكردنی مووچە و پێدانەدانی مووچە لەكاتی خۆی و بنبڕكردنی گەندەڵی لەهەرێم و باشتركردنی سیستمی خزمەتگوزارییە گشتییەكان.

#ئازادیی رۆژنامەگەری

بابەتە پەیوەندیدارەکان