بۆچی لە كردنەوەی سەنتەری ژنان لە كەركوك دەترسن؟!

09:35 - 2022-11-20
ڕاپۆرت
328 جار خوێندراوەتەوە
#لە کەرکوک پەناگەیەک بۆ پاراستنی ژنان نییە

راپۆرتی/ نێرگز قادر


دوای ساڵێك لە تەواوبوونی سەنتەر و پەناگەیەك بۆ ژنانی بێ داڵدە لەپارێزگاری كەركوك، بەڵام پارێزگارە بەوەكالەتەكەی كەركوك بەبیانووی جۆراو جۆر، كردنەوەی سەنتەرەكە دوادەخات، ئەمەش نیگەرانیی رێكخراوەكانی ژنانی شارەكەی لێكەوتووەتەوە.

رادەستی پارێزگاری كەركوك كرا
سروود ئەحمەد چالاكوان لە بواری مافەكانی ژنان و لێپرسراوی لقی كەركوكی رێكخراوی هیوای عیراقی رایگەیاند: ماوەی زیاتر لە 13 ساڵە ئێمە كار بۆ كردنەوەی سەنتەرێك دەكەین بۆ ئەوەی ئەو ژنانەی كێشەی كۆمەڵایەتی یان بێ داڵدەن لەوێدا داڵدەیان بدەن، خۆشبەختانە سەنتەرەكە دروستكراوە، بەڵام دوای ئەو ماوە زۆرە و دوای زیاتر لە ساڵێك لە دروستكردن و تەواوبوونی، بینای ئەو سەنتەرە  رادەستی پارێزگاری كەركوك كرا، بەڵام بەداخەوە ئەوەی مایەی نیگەرانییە، نازانین بۆچی پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك تائێستا ئەو سەنتەرە ناكاتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە سەنتەرەكە بۆ داڵدەدانی ژنانی بێ داڵدە و كێشەداری كەركوك و دەوروبەری زۆر پێویستە، چونكە سەنتەرەكە دەبێتە تەنها شوێنی داڵدەدان و شوێنی پارێزراوی ئەو ژنانەی كێشەی كۆمەڵایەتییان هەیە.
وتیشی: بەو پێیەی كەیس و كێشە كۆمەڵایەتییەكان لەپارێزگای كەركوك ئێستا روویان لە زیادبوون كردووە، ئێمە هیچ شوێنێكمان نییە تا داڵدەی ژنانی بێ داڵدەیان لێبدەین، ناتوانین ئەو خانمانەی هەڕەشەیان لەسەرە بیانپارێزین.
هەروەك داواش لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی و وەزارەتی دادی عیراق دەكات تا بەزووترین كات كار بۆ ئەوە بكەن تا ئەو سەنتەرە بكرێتەوە.

پۆلیس ئامادەیی بۆ پاراستنی سەنتەرەكە دەربڕیوە 
پۆلیسی كەركوكیش كردنەوەی ئەو سەنتەرە بەهەنگاوێكی گرنگ دەزانێت و دەڵێت: ئێمە گرفتمان بۆ دروستبووە و نامانەوێت ژنانی بێ تاوانی هەڕەشە لێكراو ببەینە زیندانی ژنانەوە.
بۆ ئەو مەبەستەش مقەدەم عامر شوانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركوك دەڵێت: ئێمە وەك پۆلیس لەكاتی تەواوبوونی ئەو سەنتەرەدا ئامادەیی پارێزگاریكردن و دەستەبەركردنی ئاسایشی تەواوی سەنتەرەكەمان گرتووەتە ئەستۆ، بەڵام هۆكار چییە ناكرێتەوە، ئەوەیان پارێزگار بڕیاری لەبارەوە دەدات، وەك لایەنی ئەمنیش، ئێمە بەڵێنی پاراستنیمان تەواوی ئاسایشی سەنتەرەكەمان داوە.
وتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركوك وتیشی: كردنەوەی ئەم سەنتەرە بۆ داڵدەدانی ژنانی كێشەدارو بێ داڵدە هەنگاوێكی زۆر باش بوو، چونكە تائێستا كەیسەكانی كەركوك دەبرێن بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی خاوەن كەیسەكان دروست دەكات و پاراستنیشیان بەرپرسیارێتیەكی گەورەیە.
دەشڵێت: ئێمە وەك پۆلیسی كەركوك بە نەشیاوی دەزانین بێ تاوانێك بخەینە گرتووخانەی ژنان لە كەركوك كە دەیان تاوانباری گەورەی تێدایە، تەواوی ئامادەكارییەكانیش بۆ كردنەوەی سەنتەرەكەی داڵدە دانی ژنان كۆتاییان هاتووە.

ئەو سەنتەرە بۆ ژنی بێ پەناگەیە
ئینتیسار كەریم لێپرسراوی پەرەپێدانی تواناكانی ژنان لە دیوانی پارێزگای كەركوك رایگەیاند: رێكارەكان تەواو بوون، ماوەی دوو ساڵە ئێمە لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كاردەكەین بۆ كردنەوەی ئەو سەنتەرە.
وتیشی: ژنان دەبێت لەوە تێبگەن كە ئەو سەنتەرە تەنها بۆ ئەو ژنانەیە كە بێ پەناگەو هەڕەشە لێكراون و ژیانیان لە مەترسیدایە، ئەو كەیسانەشی دەبرێنە ئەوێ، بەبڕیاری دادوەر دەبن.
سەبارەت بەكردنەوەی سەنتەرەكەش وتی: رێكارەكان تەواو بوون، پۆلیس ئامادەیی بۆ پاراستنی سەنتەرەكە دەربڕیوە، تەنها بڕیاری كردنەوەی ماوە، بەڵام نازانین كەی ئەو بڕیارە بەڕەسمی دەدرێت و سەنتەرەكە بەیەكجاری دەكرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان