زەردەشت لە دیدی نیچەوە

09:59 - 2022-11-20
ڕاپۆرت
945 جار خوێندراوەتەوە

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

نیچە یەکێکە لە فەیلەسوفە ناسراوەکانی ئەڵمانیا و جیهان، لە ساڵی 1844 لەدایک بووە و لە ساڵی 1900 کۆچی دوایی کردووە. یەکێک لە کتێبە گرنگ و ناسراوەکانی نیچە « وەها ئاخافت زەردەشت Also sprach Zarathustra» زۆرکەس پێیان وایە کە ئەمە « ئینجیلی فیکری نیچەیە». لەم کتێبەدا نیچە بەشێکی زۆری فیکر و  فەلسەفە و تێڕوانینی خۆی بۆ « ئایین، رەوشت، سیستمی سیاسی، ژن، نووسین، کۆیلە، فەلسەفە» باس کردووە.  ئەم کتێبە چ لەناو ئەڵمانیا و چ لە دەرەوەیدا، قسەوباسی زۆری لێکراوە و هەتاوەکو ئەمڕۆش، ساڵانە کتێب و  لێکۆڵینەوەی هەمەجۆری لەبارەوە دەنووسرێت، لە کاتێکیشدا یەکەمجار کە نیچە ئەم کتێبەی بڵاوکردۆتەوە، تەنها 34 دانەی لێ فرۆشتووە.! لێکۆڵینەوەیەکم ئامادەکردووە لەبارەی ئەم کتێبە گرنگەوە، لە داهاتوودا  بڵاویدەکەمەوە و بە وردی  خاڵە گرنگەکانی ئەم کتێبە دەخەینەڕوو، بەڵام لێرەدا هەوڵ دەدەم، تەنها چەند سەرەقەڵەمێک لەبارەی ئەم کتێبە گرنگەوە بنووسم، 

سەرەتایەکی خراپ
ئەم کتێبە بە یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی نیچە دادەنرێت و تێیدا بەشێکی زۆری فیکر و بۆچووەکانی دەخاتەڕوو. هەرچەندە ئەمڕۆ ئەم کتێبە لە جیهاندا زۆر بڵاوە، لە پاش نیچەش بە یەکێک لە کتێبە گرنگەکانی فەلسەفە دادەنرێت و ناخ و دەروونی زۆر فەیلەسوفی مەزنی هەژاندووە لە پێش هەموویانەوە هایدگەر و سارتە و کامۆ و زۆری تریش. وەکو دەڵێن تارمایی ئەم کتێبە بە تەواوەتی بەسەر سەدەی بیستەمدا زاڵ بوو، بەڵام  لە سەرەتادا بەو شێوەیە نەبووە. 

نیچە لە ساڵی 1883 تا 1885 خەریکی نووسینی ئەم کتێبە دەبێت، دواتر کاتێک دەیبات بۆ چاپخانە، تووشی داڕمان دەبێت. کتێبەکە لە چوار بەش پێکدێت، هەر لە سەرەتاوە چاپخانەکە رازی نابن بەشی چوارەمی بۆ چاپ بکەن، چونکە پێیان وایە کە بە کەڵک نایەت و  لە رووی بازرگانییەوە سوودی نییە. کارەکە بە مەش نەوەستا، چاپخانەکە لە چاپکردنی  بەشی یەکەمیش زۆر دواکەوت، چونکە خەریکی چاپکردنی کتێبێکی ئایینی بوون بە ناونیشانی « تەزبیحاتی ئایینی» کە نیو ملیۆن دانەی لێ چاپ بوو.  دواتریش کۆمەڵێک کتێبی تری ئایینیش چاپ بوو، ئەوەی نیچەیان هەر چاپ نەکرد، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی نیچە و ناچار لەسەر گیرفانی خۆی چاپی کرد. 

تەنها 34 دانە لێفرۆشرا
ئەوەی مایەی سەرسووڕمانە، لە سەرەتادا ئەم کتێبە تەنها 34 دانەی لێ فرۆشرا، هەروەها شەش دانەش نیچە خۆی پێشكەشی دۆست و هاوڕێکانی کردووە، واتە هەمووی 40 دانە لەو کتێبە بڵاوبۆتەوە، کە پاشتر تارماییەکەی بەسەر تەواوی جیهاندا بڵاودەبێتەوە و هەتاوەکو ئەمڕۆش بەردەوامە. 

تەوەرە سەرەکییەکان
نیچە لەم کتێبەیدا  چەند تەوەرێکی فەلسەفیی گرنگ باس دەکات، کە گرنگترینیان بریتین لە :» تێڕوانینی بۆ خودا و ئایین بەتایبەتی مەسیحی. تێڕوانینی بۆ ژن، لێرەشدا وتە ناسراوەکەی دەڵێت: کە چووی بۆ لای ژن، قامچییەک لەگەڵ خۆتا ببە.»  تێڕوانینی   بۆ  مرۆڤی باڵا ، زۆرجاریش « سوپەرمان» بەکاردێنێت. لێرەدا نیچە باسی تێڕوانینی خۆی بۆ مرۆڤ بە گشتیی و مرۆڤی باڵا بە تایبەتی دەردەبڕێت.  بابەتێکی گرنگی تری ئەم کتێبە تەرخانکردنی پانتاییەکی زۆر بۆ بابەتی رەوشت.   هەروەها لێرەشدا قسەی خۆی  لەبارەی نووسینەوە دەکات و وتە بەناوبانگەکەی « نووسینێکم خۆش دەوێت کە بە خوێن نووسرا بێت»  بڵاو دەکاتەوە. هەروەها مەسەلەی « ئیرادە، خۆشەویستی»  کارکردن، سیستمی سیاسیی، چینی بۆرجوازی، بازاڕ، خۆرهەڵات و خۆرئاوا. خێر و شەڕ.  ئازادی بەگشتیی و ئازادبوون لە نەریتی کۆمەلایەتی بەتایبەتی.  
دەتوانم بڵێم ئەم بابەتانە دەبنە   کرۆکی سەرەکی ئەم کتێبە. هەرچەندە لە پەنا ئەمانەدا، نیچە کۆمەڵێک بابەتی لاوەکی تر باس دەکات، بەڵام ئەمانەی سەرەوە بابەتە سەرەکییەکانن.

منداڵی داروین و برای بیسمارک
دیارە وەکو وتم قسەوباسی زۆر لەبارەی ئەم کتێبەوە کراوە، بەتایبەتی هۆکار و رەوشی گشتی ژیانی  نیچە، کە دابڕاو نییە لە رەوشی سیاسیی  و فیکری ئەڵمانیا. دیارە لەوکاتەدا تازە دەوڵەتی ئەڵمانیا دامەزراوە، رۆحی نەتەوەپەرستی بەسەر ئەڵمانیادا زاڵ بووە، بیسمارکیش رۆڵێکی گەورەی بەسەر تاکی ئەڵمانییەوە هەبووە. لەڕووی فیکریشەوە قوتابخانە ماتریالیست و ئایدیالیستەکان، بیری چەپگەرایی و سۆشیالیزم زاڵ بووە، لە رووی زانستیشەوە، تێزەکانی داروین ، بەسەر تەواوی فیکر و بۆچوونی فەیلەسوفانی ئەوروپدا زاڵ بووە.  هەموو ئەمانەش کاری کردۆتە سەر ئەم فەیلەسوفە ناسراوەی ئەڵمانیا. لێرەدا بیرمەند  و مێژوونوسی ناوداری ئەمریکی باشی پێکاوە کاتێک دەڵێت: نیچە کوڕی داروین  و برای بیسمارکە


کورد و کتێبەکەی نیچە
بەداخەوە ئەم کتێبە وەکو هەموو کتێبە گرنگەکانی تر، زۆر درەنگ وەرگێڕایە سەر زمانی کورد. خوێنەری کورد لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا، زیاتر لە رێگەی زمانی عەرەبییەوە ئاشنای ئەم کتێبە بوون، لە رۆژهەڵاتیش لە رێگەی زمانی فارسییەوە، لە باکووریش لە رێگەی زمانی تورکییەوە.  بەڵام خۆشبەختانە، لەم چەند ساڵانەی دواییدا لە پاش پێشکەوتنی رەوتی وەرگێڕان لە هەرێمی کوردستان، ئەم کتێبەش لەلایەن کۆمەڵێک وەرگێڕی هێژاوە، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. تا  ئێستا چوار وەرگێڕ ئەم کتێبەیان وەرگێڕاوە، دوانیان لە زمانی عەرەبی و فارسییەوە، دوانەکەی تریش لە زمانی ئەڵمانییەوە.  هەر یەکەشیان بە جۆرێک ناونیشانی کتێبەکەی هەڵبژاردووە» زەردەشت وەهای گوت، زەردەشت وەها ئاخافت. زەردەشت وەها دوا»  هەر هەمووشی راستن. 

دەرەنجام
دیارە قسەکردن لەبارەی ئەم کتێبەوە زۆری دەوێت، هەتاوەکو ئەمڕۆش لە جیهاندا راپۆرت و کتێب و نامیلکەی جۆرواجۆر لەبارەیەوە دەنووسرێت، لەکاتێکدا ئەو کاتەی کە یەکەمجار نیچە ئەم کتێبەی نووسی، چاپخانەیەک ئامادەنەبوو بۆی چاپ بکات و تەنها چەند دانەیەکیشی لێفرۆشتووە، ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات، مەرج نییە کتێبێک لە ساتی یەکەمدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، بگرە وەکو زۆربەی کتێبەکانی تر، دەکرێت نەوەکانی داهاتوو  بەهاو  گرنگی کتێبەکەیان بۆ دەربکەوێت. 


سەرچاوە:
1/ ویل دیورانت. مێژووی فەلسەفە. وەرگێڕانی: ئەحمەد سەید عەلی بەرزنجی. چاپی یەکەم. خانەی وەرگێڕان. سلێمانی .2012
2/ KATRIN GEHLHAAR. Analyse von Friedrich Nietzsches «Also sprach Zarathustra. www.grin.com

بابەتە پەیوەندیدارەکان