دەوڵەمەند و هەژار وەکو یەک بیردەکەنەوە؟

10:47 - 2022-11-20
ژینگە
663 جار خوێندراوەتەوە

ئا: دڵان سامان

بێگومان دەوڵەمەند و هەژار وەکو یەک بیرناکەنەوە، بەڵام ئەوان بەو جۆرە بیرکردنەوەیەوە لەدایک نەبوون، بەڵکو فێری بوون و پاشان ئەو جۆرە رێگەی بیرکردنەوە و کارکردنە هەڵدەبژێرن کە دەوڵەمەندیان دەکات،  یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی نووسەر و بزنسمان و راهێنەر لە بواری گەشەپێدانی مرۆیی هارفەر ئیکەرە بەناوی «وەکو ملیۆنێرێک بیربکەرەوە» لە کتێبەکەدا باس لە هەندێ خاڵ دەکات سەبارەت بە جیاوازی بیرکردنەوە و رەفتاری دەوڵەمەند بەراورد بە هەژار و مامناوەند لە ژیانی رۆژانەدا، لەوانە:

*دەوڵەمەندەکان پێیان باشترە کۆنتڕۆڵیان بەسەر سەرکەوتنەکانیاندا هەبێت
 ئیکەر دەنووسێت «دەوڵەمەندەکان بیردەکەنەوە لەوەی من خوڵقێنەری ژیانی خۆمم، بەڵام هەژارەکان دەڵێن: لە هیچ شتێکی ئەم ژیانەدا بڕیاردەر نیم» بۆیە نووسەر دەڵێت: دەبێت باوەڕمان بەوە بێت ئێمە بەدەستی خۆمان سەرکەوتنەکانمان تۆمار دەکەین و خۆمان ئاستی بودجەی خۆمان دیاری دەکەین و ئەو ژیانە بنیاد دەنێی تێیدا لە پێناو پارە و بەختەوەریدا دەجەنگێین.

*دەوڵەمەندەکان بیرکردنەوەی فراوانیان پێ باشە
 ئیکەر دەڵێت: ئەوان لەسەر ئاستی دنیای پارە پلانەکانیان دادەنێن ژیانیان پڕ دەکەن لە مانا، گرەو لەسەر بابەتی بچووک ناکەن وەکو خەڵکی ئاسایی لە شکست ناترسن، هەروەها وەکو کەسانی ئاسایی وا بیرناکەنەوە بەشی پێویست توانا و هێزیان نەبێت تاوەکو ژیانیان بگۆڕن.

* خۆیان تەرخان دەکەن تاوەکو دەوڵەمەند بن
بیرکردنەوەی دەوڵەمەند بەجۆرێکە لە سەدا سەد دڵنیان لەوەی دەیانەوێت دەوڵەمەند بن و ئامانج و دیدگای روونیان هەیە لەبارەی ئەوەی چیان دەوێت و دەیانەوێت بەچی بگەن، هۆکاری ئەوەی زۆربەمان ناگەین بەوەی دەوڵەمەند بین ئەوەیە زۆر بەسادەیی نازانین چیمان دەوێت، بەڵام دەوڵەمەندەکان بە دیاریکراوی دەزانن دەیانەوێت دەوڵەمەند بن.

*دەوڵەمەندەکان هەل دەقۆزنەوە
بە پێچەوانەی کەسانی ئاساییەوە دەوڵەمەندەکان سەرنج دەخەنە سەر ئەو هەلانەی بۆیان دەڕەخسێت نەک ئەو رێگرییانەی دێتە رێیان، واتا هەژارەکان سەرنجیان لەسەر ئەگەری شکستهێنان و دۆڕانە، بەڵام دەوڵەمەند چاوی لەسەر هەلی گەشەکردن و کۆتاییەکی بەختەوەرە لەکاتێکدا هەژار بیر لە مەترسییەکان دەکاتەوە.

*دەوڵەمەندەکان بەشێوەیەک یاری دەکەن بردنەوە بەدەست بێنن
بەسادەیی دەوڵەمەندەکان یاری دەکەن بۆئەوەی براوە بن، بەڵام هەژارەکان یاری دەکەن بۆئەوەی نەدۆڕێن، ئیکەر دەڵێت: ئامانجی هەموو پیاوێکی دەوڵەمەند سامانێکی گەورەیە، تەنیا پارە نا بەڵکو پارەیەکی زۆر، بەڵام هەژار ئامانجی بڕێک پارەیە ئەوەندەی پێی بژی و باج و خەرجی رۆژانەی پێبدات. 

*دەوڵەمەندەکان کات لەگەڵ دەوڵەمەندی دیکەدا بەسەر دەبەن
کەسە سەرکەوتووەکان و دەوڵەمەندەکان تەماشای سەرکەوتنی ئەوانی دیکە دەکەن وەکو هاندەرێک تاوەکو زیاتر پێشبکەون بەوەی دەڵێن: ئەگەر ئەوان ئەوە بتوانن منیش دەتوانم بیکەم، لەیەکەوە فێری رێگەی کۆکردنەوەی سامان و سەرکەوتن دەبن.

*رێگەنادەن کێشەکان تووشی سترێسیان بکات
نهێنی سەرکەوتن ئەوە نییە لەکێشە و رێگرییەکان دووربکەویتەوە، بەڵکو ئەوەیە بڵێیت من لەوانە گەورەترم، چونکە رێگەی گەیشتن بە سەروەت و سامان پڕە لە تەڵە و رێگریی، بۆیە زۆر کەس دەترسن بەو رێگەیەدا بڕۆن، بەڵام کەسە دەوڵەمەند و سەرکەوتووەکان سەرنج ناخەنە سەر کێشەکان، بەڵکو سەرنجیان لەسەر ئامانجەکانیانە.

*دەوڵەمەندەکان بیر لەو بڕە پارەیە دەکەنەوە کە هەیانە
پێوەری راستەقینە بۆ سامان ئەو پارەیەیە کە تۆ خاوەنیت نەک ئەو بڕە مووچەیەی وەریدەگریت، واتا لە رووی داراییەوە  خاوەنی چیت.

*پێیان باشە پارە وەربگرن لەپێناوی ئەنجامدا
هەڵە نییە ئەگەر مووچەیەکی جێگیرت هەبێت، بەڵام توانای ئەوەت لێ نەسێنێتەوە ئەوەی شایەنیت بەدەستی بێنیت، گرانیی مەسەلەکەش لێرەدایە، چونکە بابەتەکان بەوجۆرە بەڕێوەدەچن دەوڵەمەندەکان نایانەوێت مووچە لە پێناو سەعاتەکانی کارکردندا وەربگرن، بەڵکو دەیانەوێت بەرامبەر ئەنجامی کارەکانیان پارە بەدەستبێنن. 

*خۆیان ئیدارەی پارەکانیان دەکەن
راستە دەوڵەمەندەکان لە هەژارەکان زیرەکتر نین، بەڵام ئەوان بەشێوەیەکی جیاوازتر و داناتر ئیدارەی پارەکانیان دەکەن، واتا ئەگەر دەتەوێت پارە لەپێناوی بەرژەوەندی تۆدا کاربکات دەبێت فێربیت چۆن ئیدارەی دەدەیت، لەکاتێکدا کەسە ئاساییەکان نازانن چۆن مامەڵە لەگەڵ پارەدا دەکەن، گرنگ نییە چەندت هەیە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە چۆن مامەڵەی پێوە دەکەیت.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان