پەروین بابەكر لە ناساندنی كتێبەكەیدا:

نەوت ئەو كاتە نیعمەت بوو كە بۆ یەكەمجار بە دەستپێشخەریی سەرۆك مام جەلال بەرهەمهات

09:54 - 2022-11-21
ڕاپۆرت
394 جار خوێندراوەتەوە

كۆمار عەلی

دوێنێ‌، لە هۆڵی نیشتمانیی ئەمنەسوورەكە لە سلێمانی، رێوڕەسمی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (نەوت بۆ نەوەكان)ی پەروین بابەكر حەمە ئاغا كە لە بڵاوكراوەكانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌-یە بەڕێوەچوو.
لە رێوڕەسمەكەدا، سەرەتا سوارە نەجمەدین كورتەیەكی لەبارەی ژیاننامە و رۆڵ و كارەكانی پەروین بابەكر خستەڕوو، دواتر كورتەیەكی لەبارەی كتێبەكە باسكرد كە لە چەند بەش و دیدار و نووسین پێكهاتووە.
پاشان، د.فازڵ لاوە پسپۆڕی بواری ئابووری لەبارەی بایەخ و گرنگی ناوەڕۆكی كتێبەكەوە قسەی كرد بەتایبەت چەمك و مێژووی نەوت-ی روونكردەوە لە كوردستان و رایگەیاند: ئەم كتێبە دەبێتە یەكەم كتێب كە ژنێك لەبارەی نەوتەوە بینووسێت و روونكردنەوە و سەرنجی وردی تێدا بێت، بەتایبەت كە ئێستا ناوچەكە و عیراق بە رەوشێكی خێرا و گۆڕانكاریی ئابووریی نەوتی تێدەپەڕێت، وەكو مەسەلەی یاسای نەوت و غاز و ئەو چاوەی لەسەر نەوتی هەرێمی كوردستانە.
پاشان، پەروین بابەكر نووسەری كتێبەكە، چەند پەیڤێكی پێشكەشكرد و لەبارەی بیرۆكەی كتێبەكەوە وتی: بیرۆكەی نووسینی ئەو كتێبە لەوەوە هات، كە بەندە چەند ساڵێكی زۆر لە بوارەكانی پیشەسازی و كەرتی تایبەت و كەرتی گشتی و كەرتی حزبی و حكومی كارمكردووە، لە كارگەكانی چیمەنتۆ، دواتر وەكو وەزیری پیشەسازی و كانزاكان و دواتر لە بواری نەوت و غازدا. لەو كاتانەدا هەمیشە بیروبۆچوونی خۆمان هەبووە لەسەر هەموو پرسەكان و بە پراكتیكی كارمان كردووە لەسەریان، بەڵام ئەوەی نەمانتوانیبێت بە پراكتیكی كاری لەسەر بكەین، بە پێشنیاز خستوومانەتەڕوو. ئەوەی بەپێشنیازیش وەرنەگیراون، لە راگەیاندنەكاندا باسمان كردووە و خستوومانەتەڕوو.
 لە تەوەرێكی تردا، پەروین بابەكر باسی لە نەوت كرد، كە هەندێك پێیان وایە نەگبەتییە بۆمان و هەندێكیش بە پێچەوانەوە دەڵێن بەرەكەتە، ئەو وتی: من باوەڕم وایە كە لە كوردستاندا نەوتی ئێمە زۆربەی زۆری نەگبەتییە، لەبەر ئەوەی بەهۆی ئەو نەوتەوە  وڵاتانی دراوسێمان چاویان بڕیوەتە ئێمە و كێشەی زۆریان بۆ دروستكردووین. تەنها ماوەیەكی زۆر كەم نەبێت كە نەوت بوو بە نیعمەت بۆمان، ئەو ماوەیەی بۆ یەكەمجار نەوت لە كوردستان بەرهەمهات، كە بە جوهد و عەقڵ و دەستپێشخەریی سەرۆك مام جەلال بوو لەو كاتەدا، سەرەڕای بوونی دوو ئابڵوقەی ئابووری لەسەر كوردستان یەكێكیان نێودەوڵەتی و ئەوەی تریان هی حكومەتی بەعس، لەو كاتەدا ئەو نەوتە زۆر بە كەڵكمان هات كە نەوتی شیواشۆك بوو،  توانیمان كارگەكانی چیمەنتۆی ئیش پێبكەین، كە ئەو كات خۆم بەڕێوەبەری كارگەی چیمەنتۆ بووم و توانیمان مووچەی زۆربەی ئەو دەڤەرەی خۆمانی پێ دابین بكەین. بۆیە من پێش ئەوەو دوای ئەوە نایبینم كە نەوت نیعمەت بووبێت بۆمان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئێمە هەوڵبدەین ئەو نەوتە بە شێوەیەكی باش بەكاربهێنین و ژێرخانی ئابووری پێ بەهێزبكەین وەكو وڵاتانی كەنداو بۆ نموونە دوبەی كە شارێكی نەوتی بوو، بەڵام ئێستا بە شارێكی گەشتیاریی و پیشەسازی بەناوبانگە. دیارە نەوتەكە هەر دەمێنێتەوە، بەڵام با بە پارەی نەوتەكە پەرە بە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی بدەین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان