سه‌مه‌د چاوشین
له‌وه‌ته‌ی كورد بۆ داكۆكیكردن له خاكی زه‌وتكراوی كوردستان به‌ناچاری په‌نای بۆچه‌ك بردووه، هه‌میشه رۆڵه به‌ئه‌مه‌كه‌كانی گیانله‌سه‌رده‌ست بوون بۆ پارێزگاری له خاكی كوردستان.
له كوردستانی باشوور، پاش شكستی گه‌وره‌ترین شۆڕشی چه‌كداری كورد كه له 11/9/1961 هه‌ڵگیرسا تاساتی په‌یماننامه‌ی شوومی جه‌زائیر له 6/3/1975، گه‌لی كورد شه‌هید و قوربانی زۆری‌دا.
هه‌ر دوای شكستی شۆڕشی ئه‌یلول، به‌فیتی شای ئێران و هواری بومه‌دیه‌ن سه‌رۆكی جه‌زائیر و سه‌دامی جێگری سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی عیراق، كورد بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیی زۆر كه‌م تووشی ناخۆشی و نیگه‌رانی بوو.
دوژمنانی كورد به‌تایبه‌تی، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر و سه‌دام، ئه‌وه‌نده له كه‌یف و سه‌فادا بوون غروری گرتبویانی، سه‌دام ده‌یوت جارێكی تر كوردستان پێشمه‌رگه له خۆی ناگرێ.
ئا له‌و كاته ناسك و دژواره‌دا كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی شۆڕشگێڕ و خاوه‌ن بڕوانامه، ته‌نها دوای 75 رۆژ له شكستی شۆڕشی ئه‌یلول، له 22/5/1975 ئیعلانی گه‌وره‌ترین شۆڕ‌شیان كرد به رابه‌ڕایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.
ئه‌و شۆڕشه زۆری له‌سه‌ر وتراوه، به‌ڵام من ده‌مه‌وێ یه‌ك شت بخه‌مه‌ڕوو ئه‌وه‌ش شه‌هیدبوونی سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتییه.
ئه‌گه‌ر به‌وردی مێژووی شۆڕشی كورد بخوێنینه‌وه، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ له هه‌موو شۆڕشه‌كاندا كوڕی هه‌ژار و جوتیار و پاڵه و كرێكار به‌كوشت ده‌ده‌ن و خۆشیان له دووری دووره‌وه ته‌ماشای شۆڕ‌شیان كردووه، وه‌لێ یه‌كێتی ئه‌و نه‌ریته‌ی شكاند، سه‌رقافڵه‌ی شه‌هیده‌كانی هه‌ریه‌ك له سه‌ركرده‌كان (خاڵه شیهاب و جه‌عفه‌ر و ئه‌نوه‌ر) بوون.
ئه‌وان تفیان له ژیانی سه‌رشۆڕی كرد و شه‌هیدبوونیان هه‌ڵبژارد، نه‌ریتی كه‌م ژیان وكه‌ڵ ژیان، نه‌سره‌وتن تا سه‌ركه‌وتنیان داهێنا، هه‌ر بۆیه زۆرترین سه‌ركرده و فه‌رمانده‌ی یه‌كێتی له مه‌یدانی تێكۆشاندا شه‌هیدكران.
دوابه‌دوای خاڵه شیهاب و هاوڕێكانی، شه‌هیدان عه‌لی عه‌سكه‌ری گۆڕبزر و دكتۆرخالید و حسێن بابه‌شێخ و دواتریش شه‌هیدان ئارام و جه‌مال تاهیر و سه‌ید كه‌ریم و مامه‌ڕیشه و ئازاد هه‌ورامی و حه‌سه‌ن كوێستانی و رێباز و حاجی هه‌ڵمه‌ت و ده‌یان و ده‌یان كه‌ڵه‌پیاوی تر كه ئێستا ئێمه له سایه‌ی خوێنیی شه‌هیدانه‌وه خاوه‌نی ئه‌و ده‌نگ و ره‌نگه‌ین و هه‌موومان قه‌رزاری خوێنی شه‌هیدانین، قه‌رزاری كه‌سوكاریانین. به‌ڵام ئاخۆ ئێمه له‌ئاستی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه گه‌وره‌یه‌داین؟، ئایا ئێمه خوێنی شه‌هیده‌كانمان له به‌رچاوه، ئایا ئێمه ئێستا كه به‌شێكین له حكومه‌ت توانیومانه جێگه‌ی متمانه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان بین، ئایا ئێمه مافی كه‌مئه‌ندامانی سه‌نگه‌رمان داوه، ئایا ئێمه ده‌توانین بچینه سه‌رمه‌زاری شه‌هیده‌كانمان و دڵنیایان بكه‌ین كه ئێمه خه‌مخۆری كه‌سوكاریانین؟.