سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی: یەکێتی خۆی بە خاوەنی ئەم ئەزموونە دەزانێت

09:33 - 2022-11-21
کوردستان
373 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق لە ماڵی مام لە بەغدا کۆبوونەوە.

لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی هەوڵەکانی حکومەت و هەنگاوەکانی سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی کرا و پشتیوانی لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت جەختی لێکرایەوە.

سەرۆک بافڵ باسی لە گرنگی و پێویستی یەکدەنگی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان کردەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی ‌حکومەتی نوێ و وتی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و چەسپاندنی یاسا لە گرنگترین کارەکانی حکومەتە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداش هەر لەو چوارچێوەیەدایە.

ئەزموونی حوکمڕانی و ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوو، سەرۆک بافڵ راشکانەوە هەڵوێستی یەکێتی و خراپی دۆخی هاووڵاتییانی لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان روونکردەوە و رایگەیاند، بەداخەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی ناتەندروست و نابەرپرسیارانە لەگەڵ ئەو ناوچانە دەکات، بەشێوەیەک کە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆر نزمدان و هاووڵاتییان هەست دەکەن سزادەدرێن.

سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆی بە خاوەنی ئەم ئەزموونە دەزانێت و لە هیچ هێز و لایەنێکی قبووڵ نەکردووە و نایکات کە خەڵکەکەی وەک هاووڵاتی پلە دوو سەیربکرێت، گەمارۆی سیاسییان بخرێتەسەر و وەک کارتێکی فشاری سیاسی بەرامبەرمان بەکاربهێنرێت. بەداخەوە حکومەت بیر لە دەرئەنجامە خراپەکانی ئەم سیاسەتە ناتەندروستە ناکاتەوە و ئەم پەیامەشمان بە هەموو نێردە سیاسییەکان و حزبە کوردستانییەکان راگەیاندووە. سەرباری ئەوانەش ئێمە داوامانکردووە هەر رێکارێکی یاسایی یاخود سیستمێکی جیهانی کە هەیە بۆ کۆکردنەوەی داهات بەشێوەیەکی دادگەرانە، لێرە جێبەجێبکرێت تاوەکو هەموو هاووڵاتیانی هەرێم سوودمەندبن.

 

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان