ترسی دووبارەبوونەوەی لافاو لە هەولێر

09:52 - 2022-11-23
ڕاپۆرت
438 جار خوێندراوەتەوە
رێڕەوێکی ئاو لە هەولێر

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زستان و باران بارین، بەشێك لەهاووڵاتیانی شاری هەولێر ترسی دووبارەبوونەوەی لافاویان هەیە، كە ساڵی رابردوو چەند جارێك روویداو چەندین گەڕەكی ئەو شارەی گرتەوە و بەهۆیەوە زیانێكی زۆری گیانی و مادی لێكەوەتەوە، بە وتەی بەرپرسانی شارەكەش ئەو مەترسییە بە رێژەیەكی بەرچاو بەهۆی پاكردنەوەی رێڕەوەكانی ئاوی باران و لابردنی زیادەڕەویەكان كەمكراوەتەوە.
لەم بارەیەوە محەمەد ئەحمەد دانیشتوی گەڕەكی دارەتووی هەولێر وتی : شوێن هەیە لە هەولێر پێویستی بەچاكردنەوەو پاكردنەوە هەیە، پێویستە حكومەت چارەسەریان بكات، ئەگەر چاك نەكرێت و بارانی بەخوڕ ببارێت، لەوانەیە دووبارە ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو، هاووڵاتیانی شارەكە ترسیان لەدڵ ماوە ئەمساڵ لافاو دووبارە بێتەوە.
مام ئەزوەر یەكێكە لە زیان لێكەوتوانی لافاوی ساڵی رابردووی هەولێر دەڵێت: یەكێك بووم لەو كەسانەی زیانێكی زۆرم پێگەیشت هەرچەندە خۆم و خانەوادەكەم بێ زیان بووین، بەڵام كەلوپەلی ماڵەكەم هەمووی لەناوچوو جگە لەوەش ئۆتۆمبێلەكەم زیانێكی زۆری لێكەوت بۆ چاكردنەوەی بڕی 5 ملیۆن دینارم تێدا خەرجكرد، باسی لەوەشکرد حكومەت قەرەبوویەكی كەمی زیانی لافاوی ساڵی رابردووی كردۆتەوەو وتی : بۆ زیانەكانم تەنها یەك ملیۆن و 500 هەزار دینار قەربوویان كردمەوە جگە لە من دراوسێكانیشم زیانێكی زۆریان بەركەوت.
ئێستا هاووڵاتیەكی زۆری دانیشتوی هەولێر كە لە لافاوی ساڵی رابردوو زیان بەر ماڵ و ئۆتۆمبێلیان كەوتبوو ترسی دووبارە دروستبوونی لافاویان لەمساڵدا هەیە، بۆیە بەشێك لەو هاووڵاتیانە لە بەردەم خانووەكانیان دیوارێكی چەند ریزی بلۆكیان دروستكردووە بۆ ئەوەی ئەگەر لافاو دووبارە روویدا ئاو نەچێتە ناو خانووەكانیان.
یەكێك لەو هۆكارانەی كە ساڵی رابردوو بووە هۆی روودانی لافاو دروستكردنی چەندین پڕۆژەی نیشتەجێبوون و دوكان و شوێنی بازرگانی بوون لەسەر رێڕەوی ئاوی باران و هەروەك بەشێكی تریشی بەهۆی گۆڕینی رێرەوی باران و كۆبوونەوە و فرێدانی پاشماوەیەكی زۆری خۆڵ و خاشاكی ماڵان و پاشماوەی رووخاندنی خانووی كۆن بوو، بە وتەی بەرپرسانی پەیوەندار دوای ئەو رووداوانە زۆربەیان خاوێن كراونەتەوە.

بەشێكی زۆری  زیادەڕەوییەکان ماوە
ئەندازیار رێبوار حەسەن سكرتێری لیژنەی لافاو لە پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر لەوبارەیەوە وتی : بۆ دووبارە نەبوونەوەی لافاو زۆربەی رێڕەوە سروشتیەكانی شاری هەولێرمان خاوێن كردۆتەوە و رێژەیەكی بەرچاویش ئەو زیادەڕەویانەی سەر ئەو رێڕەوانەمان لابرد هۆكاری دروستبوونی لافاو بوون ئەو زیادەڕەوییانەی كە لەلایەن هاووڵاتیانەوە كرابوون، بۆ نموونە شەقام یان پردی كاتی یان خانوو یان هۆڵێكی بەخێوكردنی ئاژەڵیان لەسەر لێواری رێڕەوەكان دروستكرابوون، یان زۆرجار ئەو رێڕەوە سروشتیانەی بەناو شارێكی پڕۆژەی وەبەرهێنان دەڕۆیشت ئەوان خانوو و ڤێلایان لەسەر دروستكردبوو رێڕەوەكەیان نەهێشتبوو یان لەخۆیان دوورخستبۆوە و رێڕەوەكەیان گۆریبوو یان هەندێك كارگە هەبوون رێڕەوەكەیان گۆڕیبوو زیادەڕەویان لەسەر كردبوو ئێمە بەگوێرەی توانا هەندێك لەو كێشەو زیادەڕەویانەمان چارەسەر كردووە و بەشێكی زۆریشی ماوە.

17 پۆندی گلدانەوەی ئاو
وتیشی : ناتوانم بڵێم بنبڕكردنی لافاو، بەڵام دەتوانم بڵێم روودانی لافاومان بەو چارەسەرانە بە رێژەیەكی زۆر لەهەولێر كەمكردۆتەوە و لەداهاتووشدا پڕۆژەی ستراتیژی بۆ نەهێشتنی لافاو لەهەولێر دەکرێت ئەویش دروستكردنی پۆندی گلدانەوەی ئاوە وەكو بەنداوی بچووكە لەسەر رێڕەوە سروشتیەكان كە بەهۆیەوە دەشتوانین ئاوەكانیش كۆگا بكەین و بەشێكیشی دەچێتە ژێر زەوی و دەشتوانین بۆ ئاودێریش بەكاری بێنین كۆمەڵێك سوودی تریشی هەیە و رێگریش لەوە بكەین ئەو ئاوی بارانە ببێتە لافاو كە ژمارەیان 17 پۆندی گلدانەوەی ئاوە بەبڕی 20 ملیار دینار كە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر داوە لە داهاتوودا لە دەوروبەری شاری هەولێر دروست دەكرێن.

ئەمساڵیش لافاو روو دەدات
ئەوەشی ئاشكراكرد لەوانەیە ئەمساڵیش لە وەرزی زستان لافاو دروست ببێت، بەڵام لەوانەیە ساڵی داهاتوو بەجێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە كێشەی دروستبوونی لافاو بۆ ئاستێكی زۆر كەم ببێتەوە، هەرچەندە هەر بنبڕ ناكرێت، بەپێی ئەو چارەسەرانەشی تائێستا كردوومانە دەتوانم بڵێم بەهۆیەوە زیانی گیانی لەمساڵدا دروست نابێت كە رێڕەو و پردەكان خاوێن كراونەتەوە یا فراوان كراون لەهەمان كاتیشدا زیادەڕەویەكانمان لابردووە، ساڵی رابردوو پێشانگەی وەستاندنی ئۆتۆمبێل لەسەر لێواری كەندی رێڕەوی ئاوەكە هەبوو، چەندین ئۆتۆمبێل بەهۆی لافاوەوە كەوتنە ناو رێڕەوە سروشتیەكان ئێمە بەفەرمانی پارێزگا هەموویانمان لەسەر لێواری كەندەكە نەهێشت، بۆیە ئەگەر لافاویش رووبدات رێڕەوەكە تەنها ئاوی لەناو كۆدەبێتەوە نەوەك ئۆتۆمبێل و شوێنی بەخێوكردنی ئاژەڵ كە بەهۆیەوە شوانێك ئاوی لافاو بردی و رێڕەوی كۆڕنیشی هەولێریشمان بەتەواوی خاوێن كردۆتەوە تائێستاش كاركردن تیایدا بەردەوامە.

ئەو دوكانانە لە شوێنەكانیان لابدرێن
رێبوار حەسەن سەبارەت بەو دوكانانەی ناحیەی قوشتەپە كە بەهۆی لافاو زیانیان بەركەوت وتی: ئەو دوكانانە مۆڵەتی كاركردنیان هەیە، ئێمە وەكو بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری نووسراومان كردووە و پێمان باشە ئەو دوكانانە لەشوێنەكانیان لابرێن، چونكە شوێنەكانیان گونجاو نییە بۆ دوكان.
 سەرۆكی لیژنەی لافاوی هەولێر وتیشی: چێشتخانەیەكیش لەسەر رێڕەوی ئاوە سروشتیەكە هەبوو ئەویش لابراو نەما، ئێستاش بە بڕی یەك ملیار دینار سێ كۆمپانیا كاری چارەسەركردن و پاكردنەوەی رێڕەوەكان و نەهێشتنی لافاو دەکەن، بەڵام ناتوانین بەخەڵك بڵێین ترسی  لافاویان نەبێت، وشیاركردنەوەی هاووڵاتیانیش بەشێكە لە چارەسەركردنی روودانی لافاو، بۆیە دەڵێن خەڵكی ئاگاداری خۆی بێت لە روودانی لافاو هەرچەندە ئەمساڵ بۆ چارەسەركردنی لافاو بڕی 20 ملیار دینار لەلایەن حكومەتەوە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكراوە و  لەو بڕەش 6 ملیار دینار دراوەتەوە بەڕێوبەرایەتی ئاودێری پارێزگای هەولێر. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان