״ستۆپ״ رێڕەوە چەوتەكەی حوكمڕانی دەوەستێنێت

10:05 - 2022-11-23
ڕاپۆرت
534 جار خوێندراوەتەوە

نیگەرانییەكانی یەكێتی لە حوكمڕانی لە هەرێم گەیشتووەتە لووتكە و چیتر قبووڵی ناكات بەمشێوەیە حكومەت هاووڵاتیانی سنووری سلێمانی و چەند ناوچەیەكی دیكە سزابدات

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم كابینەیەدا بەئاشكرا ناعەدالەتی لە دابەشكردنی داهات و بودجەی پڕۆژەكاندا دەكات، ئەمە چەوتیی بەڕێوەبردنی حوكمڕانییە و یەكێتی بە ئاشكرا داوای راستكردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوكمڕانی لە هەرێم دەكات، بۆ ئەوەش زۆربەی لایەنە سیاسییەكان پشتیوانیی یەكێتی دەكەن، یەكێتی ئەم نیگەرانییەشی گەیاندووەتە نوێنەری وڵاتان لە عیراق و هەرێم.

«حكومەتی هەرێمی كوردستان مامەڵەیەكی ناتەندروست و نابەرپرسیارانە لەگەڵ بەشێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكات»
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە نوێترین دیداری دیپلۆماسیدا لە ماڵی مام لە بەغدا، لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق، بەرچاوڕوونی لەبارەی دۆخی حوكمڕانی لە هەرێم خستەڕوو، بە ئاشكرا رایگەیاند: «حكومەتی هەرێمی كوردستان مامەڵەیەكی ناتەندروست و نابەرپرسیارانە لەگەڵ بەشێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، بەشێوەیەك كە خزمەتگوزارییەكان لە ئاستێكی زۆر نزمدان و هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە هەست دەكەن حكومەت سزایان دەدات».

حكومەت پیلان لە دژی سلێمانی دەگێڕێت
میقداد شێخ بەهادین ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاندووە: «بەدەستی ئەنقەست و بەبەرنامە و پیلانی لایەنێكی دیاریكراو، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بەتەواوی پەراوێزخراون و حكومەت ئابڵۆقەیەكی ناڕەوای خزمەتگوزاری و گەمارۆدان و سزادانی بەسەردا سەپاندووە‌». وتیشی: ئەم كابینەیە كابینەیەكی نابەرپرسیارە و لەئاست بەڕێوەبردن و دەوڵەتداریدا نییە و بە عەقڵیەتی حزبایەتی و خێڵایەتی ركابەرایەتیی پارێزگاكانی كوردستان دەكات، تەنانەت كار گەیشتووەتە ئەوەی جیاوازیی هۆزێك بۆ هۆزێكی دیكە بكات.

یەكێتی بڕیاریداوە «ستۆپ» بەو رێڕەوە چەوتەی حوكمڕانی بكات
نیگەرانییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە لووتكە و چیتر قبووڵی ناكات بەمشێوەیە حكومەت هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای سلێمانی و چەند ناوچەیەكی دیكە سزابدات، بۆیە یەكێتی بڕیاریداوە «ستۆپ» بەو رێڕەوە چەوتەی حوكمڕانی بكات.

ئاماژە بەوەش دەكات كە «یەكێتی زۆرجار باجی ئەم حوكمڕانییە ناهاوسەنگەی داوەو ئارامی هەڵبژاردووە و دانی بەخۆیدا گرتووە، بەڵام ئێستا نیگەرانییەكان گەیشتووەتە لووتكە و یەكێتی «ستۆپ» بە تاكڕەویی چەوتی حوكمڕانی دەكات». وتیشی: لە گۆڕەپانی هەرێمی كوردستاندا هیچ حزبێك هێندەی یەكێتی نەیتوانیوە خەبات بكات و خوێن بۆ كوردستان بڕێژێت، مافی خۆیەتی لەپێناوی ئەم هەموو خوێنەی بەكوردستانی بەخشیوە، رێگریی بكات لە حوكمڕانی چەوتی بەڕێوەبردن و حكومەت بخاتەوەسەر رێڕەوی خزمەت بێ جیاوازی.

خۆری یەكێتی بە بێژنگ ناگیرێت
هیچ كەس و لایەنێك نەیتوانیوە خۆری پرشنگداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە بێژنگ بگرێت و یەكێتی لە هەرێم و عیراق و ناوچەكەدا لە پێشڕەویدایە.
لەوبارەیەوە، میقداد شێخ بەهادین، دەڵێت: «بەری خۆری پرشنگداری یەكێتی بە بێژنگی هیچ ناحەزێك ناگیرێت و یەكێتی خاوەنی كاریزما و رابەرێكی وەك سەرۆك مام جەلال-ەو ئێستاش ئایندەی یەكێتی لە ئاستی هەرێم و عیراق و ناوچەكەشدا روو لە پێشڕەوییەكی كەموێنەیە».

لاوازبوونی یەكێتی؛ خەیاڵە
حاجی مەسیفی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاندووە: پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی بەدرێژایی ماوەی رابردوو هەوراز و نشێوی بەخۆوەبینیوە، بەڵام دەبێت پێكەوە زمانی دیالۆگ بەكاربهێنین لە جێی تفەنگ و گوللە. وتیشی: «هەر كەسێك بیر لەوەبكاتەوە كە یەكێتی لاوازبكات یاخود پەرشوبڵاوی بكات، خەیاڵی خاوە و دەبێت هەر بەو خەیاڵەوە بژی».

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان