کوندالینی وزەی هەبوون و گەشەکردنی مرۆڤ

10:38 - 2022-11-27
کەلتور
1075 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد 

هەموو مرۆڤەکان خاوەنی وزەیەکی ناخەکین بۆ دانسقەبوون و بێهاوتابوون لە بوارێکدا، یانی بە بێ ئەوەی خۆیان بیانەوێ لە بوارێکدا بێ هاوتان، بەڵام نازانن، هەربۆیەش زۆرجار زۆرکەس بۆ ئەوەی دانسقە بێ رێگەی نەرێنی دەگرێتەبەر، ئەگەر ئێمە بە ئاگابین یان پەروەردە ئاگای لە کوندالینی بێ و لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە پەروەردە بکا، بۆمان دەردەکەوێ هەموو مرۆڤێک خاوەنی وزەیەکی گەردوونییە بۆ گەشەکردن و گەیشتن بە ئاستەباڵاکانی خۆناسی و گەردوونیبوون لە ئانی مرۆڤبووندا.
لە ئۆپانیشادەکاندا هاتووە:  (سەرەڕای نیشتەجێبوونمان لەم جەستەیەدا، بەڵام تارادەیەک لە خوا «برەهمەن» تێگەیشتووین کە بەدیهێنەر و راگر و  بەڕێوەبەر و لەناوبەری گەردوونە. ئەوانەی خوا «برەهمەن» بناسن بە نەمری دەگەن، ئەوانیتریش جگە لە بەدبەختی و چارەڕەشی شتێکیتر ئەزموون ناکەن).

زەفەربردن بە مرۆڤبوون
لە زۆربەی فەلسەفە و عیرفان و دینەکاندا لەم جۆرە قسەیەی سەرەوە دەبینین، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێ داوا لە هەموومان کراوە لە مرۆڤبوون زیاتر بڕۆین و بەرەو ئاستەبەرزترەکان گەشە بکەین. تەنانەت بیرۆکەی «مرۆڤی باڵا» یان «زەفەر مرۆڤ»، واتە مرۆڤێک کە زەفەری بە مرۆڤبوونی خۆی بردووە و ئاستی مرۆڤبوونی تێپەڕاندووە و بە ئاستی سەروو مرۆڤ گەیشتووە هەر لە ئەمەوە هاتووە. ئامانجی  وزەی کوندالینی ئەوەیە یەک بە یەکی ئێمە بەرەو ئەو ئاستە گەردوونیی و عیرفانییە پەرەپێبدا، واتە وا دەکا ئاست و رەهەندە باڵاکانی خۆمان ئەزموون بکەین. 
لە یۆگای «تبتی»دا بەم شێوەیە باس لە وزەی کوندالینی کراوە: لە رێگەی یۆگای شاکتییەوە (رێکخستنەوەی وزە پێکهێنەرەکانی مرۆڤەوە)، یۆگی جەستە و زەینی خۆی رێکدەخاتەوە و پاشان دەست دەکا بە وەخەبەرهێنانی وزە خەوتووە گەردوونییەکانی، واتە وزەی سەرەوەی کە بە «شیڤاشاکتی – وزە و ئاگایی گەردوونی و گشتی» بەناوبانگە و وزەکانی خوارەوەی کە بە «کوندالینی شاکتی – وزە و ئاگایی تاکەکەسی» ناسراوە وەخەبەر دێنێ و بەمشێوەیە کەسەکە لەدایکبوون لە ئاگایی ئەزموون دەکا و رووناک دەبێتەوە.

کوندالینی چییە؟
کوندالینی وشەیەکی سانسکرێتییە بە مانای «وزەی هۆشمەندی گەردوونی و ناخەکی» دێت، کوندالینی دڵۆپێکە لەم وزە و ئاگاییەی ئەم گەردوونەی لێوە سەرچاوە گرتووە و وزەی هەبوون و پەرەسەندن و گەشەکردنی مرۆڤە لە هەموو روویەکەوە. هەر یەک لە ئێمە رێژەیەک لەو وزەیەمان تێدایە، بەڵام ئاستی هۆشیاریی و چۆنییەتی بیرکردنەوە و شێوازی ژیانمان دەریدەخات چ رێژەیەک لەم وزە گەردوونییەی ناومان بەخەبەر و چالاکە. دادپەوەری گەردوونی لەسەر ئاستی دابەشکردنی ئەم وزەیە جێبەجێ کراوە، واتە هەموومان وەک یەک کوندالینیمان پێدراوە، بەڵام توانایی ناسین و وەخەبەرهێنان و کار پێکردنی کەوتۆتە سەرشانی خۆمان، جا ئەزقەزا جیاوازیی جەستەیی و ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و ...هتدی مرۆڤەکان دەگەڕێتەوە بۆ رێژەی بەخەبەریی کوندالینییەکەی، هەرکەس کوندالینییەکەی وەخەبەر بێنێ بارودۆخی لە هەموو روویەکەوە بە باشی دەگۆڕێ و بۆی دەردەکەوێ کەس تاوانبار نەبوو لەوەی جاران ئەو بارودۆخی خراپ بوو خۆی نەبێ، هەربۆیەش ئەگەر کەسێک زۆر هۆشمەند بێ یان لەهەموو روویەکە بارودۆخی باش بێ ئەوە رێژەیەکی زیاتری لە کوندالینییەکەی بەخەبەرە و ئەگەر کەسێک نەزان و گێل بێ و لەهیچ روویەکەوە بۆی نەیە ئەوە رێژەیەکی کەمتری کوندالینییەکەی چالاکە و بەشی هەرە زۆری کوندالینییەکەی خەوتووە.

مرۆڤ بۆچی لەسەر زەوییە؟
ئامانج لە باسکردنی ئەو بابەتە ئەوە نییە بزانین ئەم وزەی کوندالینییەمان تێدایە، بەڵکو ئامانج ئەوەیە چالاکی بکەین تا گەشە بکەین و پەرە بستێنین، مرۆڤ بۆ خواردن و سێکس و دەوڵەمەندبوون و گەیشتن بەدەسەڵات و بۆشەڕ و کاولکاریی لەسەر زەوی نییە، بەڵکو بۆ گەشەکردن و پەرەسەندن لێرەیە، بەڵام بەلارێدا دەچووە و ئەو وەهمانەی لێ بۆتە هەقیقەت و لەپێناو ئەو ناڕاستییانەدا دەژی.

کوندالینی لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا
عیرفان و فەلسەفە و ئەدەبی کۆنی خۆرهەڵات لەبارەی کوندالینییەوە تێڕامان و بابەتی زۆری کردووە و تێدایە، بەڵام فەلسەفە و ئەدەبی کۆنی خۆرئاوایی لەم بوارەدا هیچی تێدا نییە، لەبەر ئەوەی نەیاندۆزیوەتەوە و هەستیان پێنەکردووە، بەڵام ئێستا زانست و فەلسەفەی خۆرئاوایی لە بارەی کوندالینییەوە لێکۆڵینەوە و قسەی زۆری کردووە و هەیە. هاتەریب لەگەڵ ئەو حەزەی مرۆڤ لەم سەردەمەدا بۆ خۆناسی و گەردوونناسی هەیەتی رۆژانە لەسەر ئاستی جیهان، تەنانەت لە ناوەندە زانستییەکاندا کوندالینی زیاتر دەناسرێ و رێگە و شێوازی جۆراوجۆر بۆ وەخەبەرهێنان و چالاککردنی بەکاردەهێنرێ، هاوکات رۆژانە خەڵکانێکی زیاتر هەڵگری هەر شوناس و بیروباوەڕێک بن کار لەسەر کوندالینییان دەکەن و هەوڵدەدە وەخەبەری بێنن.
لەهەمان کاتدا خەڵکی هەندێ لە شوێنەکانی دنیا زانیارییەکی زۆریان لەبارەی کوندالینییەوە لەبەر دەست نیە، لەبەر ئەوەی بەهەندێ لە زمانەکانی دنیا باسی کوندالینی هەر نەکراوە و هەموو کەسیش زمانی ئینگیزی و سانسکرێتی و ئەو زمانانە نازانێ کە پێی باسی کوندالینی کراوە، هاوکات هەندێ کەسیش ئەو بوارە سرنجی راناکێشێ و لەو بوارەدا موتاڵا ناکا و تێڕانامێنێت.

کارەساتی نەناسینی کوندالینی
نەناسینی کوندالینی و چالاک نەکردنی کوندالینی هۆکاریی سەرەکی نەخۆشییە جەستەییەکان و ئالۆزیی زەین و ناهاوسەنگی هەستەکان و بەریەککەوتنی مرۆڤەکان و گەلانی سەر رووی زەوییە، خەڵک لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم بوارە نەرێنییانە پرسیاریان زۆرە و زانستەکان لەم بوارانەدا لێکۆڵینەوەیان زۆر کردووە، بەڵام نەتەنیا تا ئێستا نەیانتوانییوە ئەو حاڵەتانە بنەبڕ بکەن، بەڵکو ئەم حاڵەتە جەستەیی و زەینی و ناخەکیی و ئەم کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە رۆژانە لە پەرەسەندندان، کە بەوەخەبەرهێنانی کوندالینی بەشی هەرەزۆریان لەناو دەچن و بەڵگەش لەم بوارەدا لەناو یۆگییەکاندا زۆرە. 
کوندالینی لە مرۆڤدا کەوتۆتە سەر کلێنچکەی مرۆڤ و لەچاکرای یەکەمدا هەڵکەوتووە، راهێنانی رێک و پێکی یۆگا باشترین شێوازی وەخەبەرهێنان و هێنانە سەرەوەی کوندالینییە. کەسەکە دەبێ زۆر بە ئارامی و هەنگاوبەهەنگاو کاری لەسەر بکا، سەرەتا دەبێ لەرووی جەستەیی و زەینییەوە ئامادەکاری بۆ بکا، بۆ نمونە هەر ئەوەندەی زۆرخۆریی نەکا و خۆراک و خواردنەوەی ناسروشتی زۆر بەکارنەهێنێ و راهێنانی ئارامبوونەوەی زەین و هەستەکان بکا بوار بۆ وەخەبەرهاتن و هاتنەسەرەوەی کوندالینی خۆش دەبێت.

گەشەکردن و پەرەسەندن
کاتێ لەسەرەتادا کوندالینی وەخەبەر دێ، ئەگەر کەسەکە نەخۆشی و ناخۆشی جەستەیی و زەینی یان هەستی ناخۆشی شاراوەی هەبن، هەمووی دێنە سەرەوە، یانی نەخۆشییەکە و نائارامییەکە ئاشکرا دەبن، کەسەکە دەبێ بزانێت راهێنانەکان تووشی ئەم حاڵەتەیان نەکردووە، بەڵکو ئەم حاڵەتانەی تێدا بووە و هەستی پێنەکردووە، ئێستا هاتوونەتە سەرەوە تا بڕۆن جەستە و زەین خاوێن ببنەوە، کەسەکە دەبێ بە هێمنی لەسەر راهێنانەکان بەردەوام بێ تا ئەم حاڵەتانە دەڕۆن و جەستە و زەین و هەستی رێک دەبنەوە.
کاتێ کوندالینی وەخەبەر بێ بەرەو سەرەوە بەڕێ دەکەوێ و تا تەقی سەر دێ، لە یەکە بە یەکەی چاکراکان تێدەپەڕێ و هەموو کەناڵەکانی وزە خاوێن دەکاتەوە. کەسەکە لەم حاڵەتەدا بۆ نموونە ترسی لەمردن نامێنێ، چێژ لە ژیان دەبینێ، ئیرادەی بەهێز دەبێ، خۆنەویستی زیاد دەکا، راستگۆ و بەهێز دەبێ، زەینی دەکرێتەوە و روانگە و دنیابینییەکانی گۆڕانی بنەڕەتی و ئەرێنییان بەسەردا دێ و خۆی و گەردوون دەناسێ، بەو کەسە دەڵێن ئیشراق کردوو، یان کەسێک کە رووناک بۆتەوە.
ئوستادە هەرە گەورەکان دەڵێن ئەگەر مرۆڤ بزانێ چ هێزێک لە کلێنچکەی دایە، لەهەموو کارێک و لە هەموو شتێک دەست هەڵدەگرێ و لە شوێنی خۆی دادەنیشێت تا وەخەبەری نەهێنێ لەشوێنی خۆی ناجووڵێ. مەبەستی ئوستادەکان ئەوە نییە ئێمە وابکەین، بەڵکو دەیانەوێ بڵێن کە کوندالینییەکەمان چەند سەرەکیی و گرنگە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان