دروستکردنەوەی لیژنەی باڵای مادەی 140 لە ماڵی مامەوە راگەیەنرا

09:03 - 2022-11-28
کوردستان
624 جار خوێندراوەتەوە

خالید شوانی وەزیری دادی عیراق لە کۆبوونەوەکەی ماڵی مامەوە رایگەیاند:
پێکهێنانی ئەم حکومەتە لە چوارچێوەی رێکەوتنێکی سیاسیدا هاتەکایەوە، یەکێک لە بڕگەکانی ئەم رێکەوتنە، جێبەجێکردنی مادەی 140 و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی لیژنەی باڵای مادەی 140-ە، کە لە ساڵی 2014ەوە پەکی کەوتووە. نەبوونی ئەم لیژنەیە بۆشاییەکی گەورەی دروستکردبوو بۆ پڕۆسەی سەرلەنوێ بە عەرەبکردنی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، داواکردنی دروستکردنەوەی ئەم لیژنەیە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو لە دانوستانی پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی.
لەدوای ئەوەی بەرنامەی حکومەت لە پەرلەمانەوە دەنگی لەسەر درا و لە رێکەوتننامەکەدا جێگیرکرا، هاتبوو کە دەبێت لە ماوەی مانگێکدا ئەم لیژنە باڵایە دروستبکرێت، لە ماوەی رابردوودا لە دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ جەنابی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیتیحادی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ تیمەکەی لەناو ئەنجومەنی وەزیران، لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 دروستکرایەوە، ئەم لیژنەیە لە ماوەی 10 رۆژدا ئەرکەکانی خۆی دەستپێدەکات و بودجەی خەمڵێندراوی خۆی دەدات بە ئەنجومەنی وەزیران بۆئەوەی بچێتە ناو پڕۆژە یاسای بودجەی 2023 وە، لێرەوە جێبەجێکردنی مادەی 140 دەچێتەوە سەر سکەی خۆی و من سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە هاوکارمان بوون، لایەنەکانی ناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی لەناو هاوپەیمانی سیادە، چونکە ئەوە بە تەوافوق و بە رێکەوتن کرا، کە دوای بەدواداچوون و چەندین کۆبوونەوە لیژنەکە دروستکرا و دەستبەکار دەبن.
سوپاس جارێکی تر بۆ هەموو ئەو لایەنانە، ویستمان هەواڵی ئەم لیژنەیە کە چەند رۆژە دروستکراوەتەوە، لەماڵی مامەوە رابگەیەنین.

#مادەی 140

بابەتە پەیوەندیدارەکان