لەگەڵ باران بارین هاووڵاتیانی هەولێر داوای بەهاناوەچوون دەکەن

09:56 - 2022-11-29
ڕاپۆرت
474 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر – رەوەست نەوزاد

دوای دەستپێكردنی وەرزی باران بارینی ئەمساڵ، بەهۆی وەستانی ئاو لە گەڕەکەکەیان و فەرامۆشكردنی رێڕەوی زێراب و شەقام و کۆڵانەکانیان بەشێك لە هاووڵاتیانی كەرتی هەشت هەزاری گەڕەكی فەرمانبەرانی هەولێر داوای بەهاناوە چوون و چارەسەری بە پەلە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حكومەت کرد و وتیان، ئەگەر فریان نەكەون تووشی لافاو و زیان دەبن.
ئەوە لە کاتێکدایە پێش وەرزی باران بارین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت لە پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیان کرد و بودجەی تایبەتیان تەرخانکرد بۆ رێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو لە وەرزی باران باریندا و هەر لەگەڵ راگەیاندنی کەشناسی کە شەپۆلی باران بارین دەستپێ دەکات وتیان رێڕەوەكانیان پاك كردۆتەوە و زیادەڕەویەكانیان لابردووە و بودجەی تایبەتیان بۆ تەرخانکرد، داواشیان لە هاووڵاتیان کرد هاوکاریان بن و هەرکات بەهۆی باران بارینەوە گرفتیان بۆ دروست بوو بە زویی ئاگاداریان بکەنەوە بۆ بە هاناوەچوون.
رێڕەوی ئاوەکە گیراوە
هاوكار عەلی دانیشتووی كەرتی هەشت هەزاری گەڕەكی فەرمانبەرانە لە شاری هەولێر و وتی،  لە گەڕەكەكەمان چاڵێكی درێژ هەڵكەنراوە ئاوی باراناوی پێدا تێپەڕدەبێت، بەڵام بەشی كۆتایی یەكێك لەلاكانی چاڵەكە گیراوە كاتێك باران دەبارێت و رێڕەوەكەی بگیرێت ئەوكات زۆربەی گەڕەكەكەمان ژێر ئاو دەكەوێت، بۆیە داواكارین حكومەت چارەسەرێكی بۆ بكات و ئەو بەشەش قوڵ بكات و رێڕەوی ئاوەكە بكاتەوە.
وتیشی، لە رابردوو ئەو رێڕەوە بەكاتی بۆ ئەوەی گەڕەكەكە ژێرئاو نەكەوێت هەڵكەنراوە، ئەگینا دەبێت بەشێوەیەكی جێگیر لەلایەكی تری گەڕەكەكە رێڕە و یا زێراب دروست بكرێت، بەڵام ئەگەر رێڕەوە هەمیشەییەكەش دروست ناكەن هیچ نەبێت بەردەمی ئەو رێڕەوە بكەنەوە بۆ ئەوەی تووشی لافاو نەبین، چونكە ئەگەر بارانێكی زۆر ببارێت و ئاو كۆببێتەوە لەكۆتایی چاڵەكە ئاوەكە پەنگ دەخواتەوە و ئاوەكە دەگەڕێتەوە و بەشێكی گەڕەكەكە ژێر ئاو دەكەوێت.
ئەو بەشەی گەڕەكی فەرمانبەرانی هەولێر بە كەرتی هەشت هەزاری ناسراوە یەكێكە لە گەڕەكە تازەكانی شارەكە ماوەیەك لەمەوبەر بەشێك لەكۆڵانەكانی قیرتاوكرا، بەڵام بەشێكی زۆری كۆڵان و شەقامەكانی قیرتاو نەكراو ئاوەڕۆشی بۆ دروست نەكراوەو جێهێڵدراوە، ئەوەش وایكردووە شەقامە سەرەكیەكانی ئاوی باراناوی لێ كۆببێتەوە دانیشتوانەكەی ترسی ئەوەیان هەبێت ئاو بچێتە ناو ماڵەكانیانەوە خۆشیان باس لەوە دەكەن، چەند جارێك پەیوەندیان بەلایەنی پەیوەندیداری حكومەتەوە كردووە، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە بەتایبەتی ئەو بەشەی گەڕەكەكە كۆڵانەكانی قیرتاو نەكراوە شوێن و خاكەكەی نزمەو ئەگەری ئاو كۆبوونەوەی زۆرە.
کۆڵانەکان هەڵوەشێنراوە و بەجێهێڵراوە
سیداد عومەر یەكێكی تر بوو لەدانیشتوانی گەڕەكەكە وتی، لە پارێزگای هەولێرەوە چەند ژمارە تەلەفۆنێكیان بڵاوكردۆتەوە بۆ چارەسەری كێشەكانی تایبەت بەلافاو، بۆیە ئێمە لەڕێگای تۆڕی ڤایبەر پەیوەندیمان بەو تەلەفۆنانەوە كرد، بەڵام هیچ بەدواداچوون و بەهاناوەچوونیان بۆ کێشەکەی ئێمە نەكردووە، ئێستاش كەوتووینەتە وەرزی سەرماو باران ئەو گەڕەكە و رێڕەوە ئاویەكانیشی تازەن و پێویستیان بەوەیە خاوێن بكرێنەوە و فراوان بكرێن و بەشی پێشەوەی بكرێتەوە، ئەگەرنا ئاوی باراناوەكەی ناڕوات و دەگەڕێتەوە بۆ ناو گەڕەكەكە و ماڵەكانی و لافاو دروست دەبێت.
وتیشی، لەو ماوەیەی دواییدا بڕیاریاندا كۆڵان و شەقامەكانی قیرتاو بكرێن، بۆیە هەموو كۆڵانەكانیان هەڵوەشاندووە بەهۆیەوە ئاوێكی زۆر لەناو كۆڵانەكان كۆبۆتەوە، چونكە رێگای ئاوی باراناویان گرتووە ناشكرێت لە گەڕەكێكدا چەند كۆڵانێكی قیرتاو بكەیت و كۆڵانەكانی تر بەبێ قیرتاوكردن بەجێبێڵیت و بچیت گەڕەكێكی تر قیرتاو بكەیت جگە لە مەترسی دروستبوونی كێشەی هاتووچۆی پیادە و ئۆتۆمبێلیشمان قورس و سەختە.
ئەوە لە کاتێکدایە هەندێک لەو ماڵانەی ساڵانی رابردوو لە وەرزی باران باریندا ئاو چووەتە ناو ماڵەکانیان و زیانیان بەرکەوتووە، هەر زوو خەمی خۆیان خوارد و پێش دەستپێکردنی باران بارین بە بلۆک و چیمەنتۆ دیواریان لە بەردەم دەرگای ماڵەکانیان دروست کرد.
پڕۆژەی نوێی گەڕەکەکە لە دەرخستەدایە
زەردەشت عەبدولخالق بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆكانی هەولێر رایگەیاند، لە کاتی باران بارین سەردانی گەڕەکی كەرتی هەشت هەزاری گەڕەكی فەرمانبەرانی کردووە و رێڕەوی ئاوەكە نەگیراوە و گرفتی نییە ئەو خۆڵ و خاشاکەی لە رێڕەوی ئاوەکەدا کۆبووەتەوە کارمەندانی شارەوانی پاکی دەکەنەوە.
وتیشی، ئەو رێڕەوە سەرەتا بە کاتی دروست کراوە و رێڕەوە هەمیشەییەكە لە دەرخستەدایە هەركاتێك پڕۆژەكەیان بۆ دەربچێت دوای ئەوەی رەزامەندی لەسەر بڕی بودجەكە درا تەواوی دەکەین، بەردەوام ئاگامان لێیانە و پێویست ناکات لەکاتی باران باریندا بترسن.
بەهۆی نەبوونی ئاوەڕۆی سندوقی و دروست بوونی لافا و لە وەرزی باران باریندا لە بەشێکی گەڕەکەکانی هەولێر و بە تایبەت لە ساڵی رابردوو زیانی گیانی و زیانێکی مادی زۆری هەبوو، وایکردووە هەر لەگەڵ دەستپێکردنی باران بارین هاووڵاتیانی ئەو گەڕەکانە ترسی دروستبوونی لافاویان هەبێت و داوای بە هاناوەچوون لە لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن. 

#هەولێر #لافاو

بابەتە پەیوەندیدارەکان