یەكێتی مادەی 140 دەخاتەوەگەڕ

09:32 - 2022-11-30
ڕاپۆرت
819 جار خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هەمیشە كەیسی ماف و خاك و خەڵك بە كەیسی بەرژەوەندیی باڵا دەبینێت و كاریان لەسەر دەكات، بۆیە دەستپێشخەریی و پێداگرییەكانی سەرۆكی یەكێتی بە جۆرێكە كە زۆرجار بە (هێڵی سوور) و سازش لەسەرنەكراو ناویان دەبات، لەوانە كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان.
یەكەمین مژدەی كۆبوونەوە باڵاكەی ماڵی مام، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی رایگەیاند و وتی: «لیژنەی مادەی 140 كارادەكرێتەوە و میكانیزم و بودجەشی بۆ تەرخان دەكرێت، وەك ئەوەی یەكێتی لە كارنامەی حكومەتی نوێدا پێداگربووە ‌و یەكێكە لە خاڵەكانی رێكەوتنی سیاسی».

زیندووكردنەوەی مادەی  140 و ئارامیی زیاتر
یەكدەنگی و یەكگوتاریی كورد لە كۆبوونەوەكەی ماڵی مام لە بەغدا گوڕوتینی زیاتری بە پرسەكان دا.
فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIAی راگەیاندووە: «كۆبوونەوەكەی ماڵی مام لە بەغدا بە میوانداریی سەرۆكی یەكێتی و ئامادەبوونی سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەگەڵ سەركردەی لایەنە عیراقییەكان، یەكێك بوو لە كۆبوونەوە گرنگەكان، كۆبوونەوەكە ئەوەی دەرخست كە ماڵی مام جەلال ئەو شوێنەیە كە توانای كۆكردنەوەی هەموو دەنگە جیاوازەكانی عیراقی هەیە و بەشداریی كوردیش بە یەك وتار و یەك ئەجێندا پەیامێكی گرنگی تێدابوو». وتیشی: بڕیاری پێكهێنانەوەی لیژنەی مادەی 140 یەكێكە لە گرنگترین دەستكەوتەكان بۆ خەڵكی كوردستان، ئەم دەستكەوتە جارێكیتر گوڕوتین دەداتەوە بە جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور، كە وەك مادەیەكی هەمیشەیی لە دەستووردا جێگیركراوە».

لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023دا بودجە بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 دیاریكراوە
فەهمی بورهان، دەڵێت: «هەندێك خەڵك پێیانوابوو كە ئەم مادەیە نەماوە، بۆیە ئێمە پێمانوایە دروستكردنەوەی لیژنەی مادەی 140 و دابینكردنی بودجە لە ساڵی 2023 لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران دەبێتە هەنگاوێكی گرنگ بە ئاڕاستەی جێبەجێكردنی بنەما سەرەكییەكانی مادەی 140 كە سەرەنجام ئارامییەكی زیاتر بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێنێتەوە».

مادەی 140 گەڕانەوەی مافە بۆ غەدرلێكراو
ئاماژە بەوەش دەكات كە «بڕگە و مادەكانی 140 فەرزكردنی ئیرادەی هیچ نەتەوەیەك نییە بەسەر نەتەوەكانی تردا، بەڵكو جێبەجێكردنی مادەیەكی دەستوورییە، كە ئەم دەستوورە زۆربەی گەلانی عیراق دەنگیان پێداوە». وتیشی: جێبەجێكردنی مادەی 140 واتە گەڕاندنەوەی ماف بۆ غەدرلێكراو و ئەوانەی ناهەقییان بەرامبەر كراوە، جا كوردە، توركمانە، برایانی عەرەبی رەسەنی ئەو ناوچانەیە، هەروەها گەڕانەوەی جۆرێكە لە ئارامی و ئاسایش بۆ ئەو ناوچانە.

مەڵۆیەكی دیكە دەخرێتە سەر خەرمانی سەرۆك مام جەلال
دەستپێشخەرییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە هەرێم و عیراق تەوافوق بۆ ئایندە بەهێز دەكات.
سەبارەت بەوە، ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە PUKMEDIAی وتووە: «یەكێك لەو بڕیارانەی لە كۆبوونەوەكەی ماڵی مام راگەیەنرا، كاراكردنەوەی لیژنەی باڵای مادەی 140 بوو، كە گرنگییەكی زۆری بۆ سەرجەم پێكهاتەكانی ناوچە جێناكۆكەكان هەیە بەبێ جیاوازی». وتیشی: ماڵی مام بۆتەوە شوێنی كۆكردنەوەی لایەنەكان و ئەو كەلتورەی سەرۆك مام جەلال بەجێیهێشتووە، جارێكی تر دەبوژێتەوە و سەرۆك بافڵ مەڵۆی دیكە دەخاتە سەر ئەو خەرمانەی سەرۆك مام جەلال، ئەو گوڕوتینەی سەرۆك بافڵ-یش بۆ یەكێتییەكان جێی دڵخۆشییە.

حكومەتی نوێ و مادەی 140
بە جێبەجێكردنی مادەی 140، ناوچە جێناكۆكەكان دەگەڕێنێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی و ئارامیی زیاتر لە ناوچەكەدا دەستەبەر دەكات.
سەباح حەبیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIA دەڵێت: یەكێتی بە سەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەدوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی حكومەتی فیدراڵ رۆڵێكی گەورەی بینی و ماڵی مام جەلال چۆن لە رابردوودا كاریگەریی گەورەی هەبووە لەسەر لایەنەكان، ئێستاش ماڵی مام؛ كۆكەرەوەی هەموو لایەنەكانە بۆ بڕیاردانی گرنگ. وتیشی: لەبەرنامەی یەكێتی-دا كەركوك و یەكێتی دووانەیەكی لێكدانەبڕاون، یەكێتی لە رۆژە سەختەكاندا و لە هیچ قۆناغێكدا كەركوكی بەجێنەهێشتووە، یەكێك لەو بەرنامانەی كاركردن كە لە 2014وە لەسەری وەستابوو مادەی 140ی دەستوورە، لە كۆبوونەوەی سەرۆك بافڵ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا رێكەوتنی سیاسی لەسەر كراوە بۆ بەرنامەی نوێی حكومەت.
ئاماژە بەوەش دەكات كە «بەپێی مادەی 140 هەموو ئەو كەسانەی زیانیان بەركەوتووە، مافەكانیان بۆ دەگەڕێنرێتەوە، كە جێگەی دڵخۆشییە و بۆ ئەوەش لیژنەی تایبەت دانراوە، ئاشكراشە تەنها مادەی 140 دەتوانێت كەركوك بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی جارانی و بەرەو باشتر بچێت».

PUKMEDIA

#مادەی 140 #یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان