پارێزەر بەشدار حەسەن: سزادانی گیراوانی بادینان تەنها لەبەرئەوەیە داوای گواستنەوەیانکردووە بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی
پارێزەر بەشدار حەسەن: گیراوانی بادینان پێیانوایە مافەکانیان لە چاکسازی گەورانی سلێمانی پارێزراوە
پارێزەر بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان دەربارەی سزادانی گیراوان لە نێو چاکسازی گەورانی هەولێر بە گەلی کوردستانی راگەیاند ، ئەمە یەکەمجار نییە سزادەدرێن، ئەمە بۆجاری چوارەمە و هەرجارەی بە بیانوویەک، سزادەدرێن.
دەشڵێت، پەیوەندییەکانی گیراوانی بادینانیان لەگەڵ دەرەوە پچڕاندووە، لە کاتێکدا مافێکی سروشتی و یاساییە بەپێی یاسای چاکسازییەکان هەر زیندانییەک بۆی هەیە لەگەڵ دونیای دەرەوە پەیوەندی هەبێت.
سەرۆکی تیمی پارێزەرانی گیراوانی بادینان راشیگەیاند، دەیانەوێت بەو سزایانە، سزادراوان تووشی شکستی دەروونی و کەسایەتی بکەن.
بەشدار حەسەن وتیشی، سزادانی گیراوانی بادینان تەنها لەبەرئەوەیە داوای گواستنەوەیان کردووە بۆ چاکسازی گەورانی سلێمانی، دەشڵێت گیراوانی بادینان پێیانوایە مافەکانیان لە چاکسازی گەورانی سلێمانی پارێزراوە.