بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشوازیکرد لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە ماڵی سەرۆک مام جەلال لە بەغدا.
لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی کرا کە وەک دەرچەیەک بۆ دەربازبوون لەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عیراق پێشکەشکرا.
لە درێژەی کۆبوونەکەدا هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت دەستپێشخەرییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بەشێوەیەک دابڕێژرێت کە خزمەت بە پڕۆسەی سیاسی لە عیراق بکات و زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش بهێنێتە ئاراوە لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکاندا. هاوکات بێت لەگەڵ داواکارییە رەواکانی خەڵک و خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکان بکات و لەپێناوی بونیادنانی داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیر بێت.