UN: هاوكاریی داراییمان پێشكەشی یەمەن كردووە

08:47 - 2022-04-07
جیهان
428 جار خوێندراوەتەوە

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (UN) رایدەگەیەنێت، كە لە ماوەی نزیكەی سێ مانگدا، هاوكاریی داراییان پێشكەش بە نزیكەی 40 هەزار خێزانی ئاوارەی یەمەنی كردووە.
كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، لە پێگەی رەسمیی خۆی بڵاویكردۆتەوە: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، توانیویانە هاوكاریی دارایی پێشكەش بە نزیكەی 40 هەزار خێزانی ئاوارە لە سەرتاسەری یەمەن بکەن.
ئاماژەی بەوەشداوە: زۆرێك لە ئاوارە یەمەنییەكان پشت بە هاوكاریی دارایی ئەوان دەبەستن بۆ دابینكردنی خۆراك ‌و دەرمان و پێداویستییەكانی دیكە.
لەم دواییانەدا، حكومەتی یەمەن داوای لە رێكخراوە نێودەوڵەتی ‌و مرۆییەكان كرد، فریای ئاوارەكانی وڵاتەكەیان بكەون، كە لە دۆخێكی مرۆیی خراپدا دەژین ‌و زۆربەیان ناتوانن بژێوی رۆژانەیان دابین بكەن.
لە رۆژی 16ی ئاداری رابردووشدا، نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، كە لە 36 وڵاتی كۆمەكبەخشەوە، بڕی یەك ملیار ‌و 300 ملیۆن دۆلاریان پێگەیشتووە، تا پلانی مرۆیی خۆی بۆ ساڵی 2022 لە یەمەن پێ جێبەجێ بكات. ئەوەش لەكاتێكدابوو، كە لە هەوڵدابوو بۆ دەستەبەركردنی چوار ملیار ‌و 27 ملیۆن دۆلار، بۆ ئەوەی هاوكاریی زیاتر لە 17 ملیۆن هاووڵاتی یەمەنی بكات.  
مانگی كانونی دووەمی رابردوو، نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، كە بەهۆی جەنگی حەوت ساڵەی یەمەنەوە، زیاتر لە چوار ملیۆن ‌و 200 هەزار كەس ئاوارەبوون.  

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

بابەتە پەیوەندیدارەکان