وتەبێژی یەکێتی: لەگەڵ پارتی بۆچوونمان جیاوازە

04:31 - 2022-12-05
کوردستان
815 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئامادەیی یەکێتی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی كوردستان دەربڕی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و جیاوازی بیروبۆچوونەکانی نێوانیان و دەشڵێت، هیچ دەستپێشخەرییەکمان لە لایەن پارتی دیموکراتەوە نەبینیوە لەو بارەیەوە هەتا ئێستا.
د.سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رۆژی دووشەممە 5-12-2022 رایگەیاند: یەکێتی ئامادەیە هەر ئەمڕۆ و بەر لە سبەینێ لەگەڵ پارتیدا دابنیشێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی کە دەبێنە كۆسپ لەسەر رێگەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، ئاماژەی بەوەشداکات کە بەبێ گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن، ناتوانین کێشەکانی نێوانمان چارەسەر بکەین.
وتیشی، یەکێتی و پارتی بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر میکانیزمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی، جێبەجێکردنی سیستمی لامەرکەزی، هەڵبژاردن، بودجە و مەلەفی نەوت و چەندین بابەتی دیکە، جگە لە بیرکردنەوەی جیاواز، کە ئەمەش پاڵ بەهەر لایەنێکەوە دەنێت بۆ پێشکەشکردنی پێشنیازی جیاواز لەبارەی چارەسەرکردنی كێشەكان و میکانیزمی خزمەتکردنی هاووڵاتیان و حکومەت، و بەرجەستەکردنی هاوبەشی لە حوکمڕانیدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمانە و بابەتەکانی تر پێویستیان بەگفتوگۆیەکی جددی و بنیاتنەر هەیە لەنێوان هەردوولادا، ئەمەش پێویستی بەسازشكردن هەیە لە لایەن هەردوولاوە، بە ئامانجی لێکنزیکبوونەوە لەبارەی میكانیزمەكانی چارەسەر، بەشێوەیەك كە لەبەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمدا بێت.

 PUKMEDIA

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #پارتی دیموکراتی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان