كابینەی نۆ سنووری دابەشكاری دێگەڵە تۆخدەكاتەوە

09:59 - 2022-12-07
ڕاپۆرت
308 جار خوێندراوەتەوە

جیاوازیی بەڕ‌ێوەبردن لەنێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوای دێگەڵە لەم كابینەیەدا رەنگی داوەتەوە كە سنووری تۆخكاری دێگەڵەیە، ئەمەش وایكردووە ناڕەزاییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بۆ بەڕێوەبردنی حكومڕانی چەوتی هەرێم بێت، نەك بەڕێوەبردنی حكومەتی خۆجێی سلێمانی، چونكە هەولێر مەركەزی بڕیاردانە و پارێزگاكانی دیكە جێبەجێكارن.

هەولێر مەركەزی بڕیاردانە
بێستون سابوراوایی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند: خەڵكی سلێمانی دەزانن یەك بەڕ‌ێوەبردن لەم هەرێمە هەیە و سەنتەری بڕ‌یاردان لە هەولێرە، بەراوردی نێوان خۆرهەڵات و خۆرئاوای دێگەڵە دەكەن و بەڕ‌وونی هەست بە جیاوازیی بەڕ‌ێوەبردن دەكەن، دەشڵێت: كاتێك خەڵك لە سلێمانی و دەوروبەری ناڕ‌ەزایی دەردەبڕ‌ن و خۆپیشاندان دەكەن، مانای ئەوە نییە لەشێوازی بەڕ‌ێوەبردن لە سلێمانی ناڕ‌ازین، چونكە ئەوان لەوە رۆشنبیرترن و تێدەگەن كە بڕ‌یارەكان و  بەڕ‌ێوەبردنی چەوتی ئەم هەرێمە لە سلێمانی نییە و دامودەزگاكانی ئەو پارێزگایە بڕ‌یاردەر نین، بەڵكو جێبەجێكارن، بۆیە وەك ئەوە وایە ناڕ‌ەزایی لە هەولێر دەربڕ‌ن، وتیشی: هەر حزب و كەسێك گومڕ‌اكارانە مامەڵە لەگەڵ رووداو و بابەت و پێشهاتەكاندا بكات و بیەوێت سلێمانی بە ئیدارەیەكی جیاواز و بڕ‌یاردەر ناوببات، ئەوا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت، چونكە هەولێر سەنتەری بڕ‌یاردانە، نەك سلێمانی.

حكومەت بەدوای تۆڵەكردنەوەوەیە  لە سلێمانی
خەڵكی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین بۆیان روونبۆتەوە كە ئەم كابینەیە ئەوەندەی بەدوای تۆڵەكردنەوەوەیە و نایەوێت لەو سنوورانەدا خزمەت بكات، بۆیە دەیانەوێت ستۆپ بە رەوتی چەوتی حكومڕانی لە هەرێم بكەن.
میقداد شێخ بەهادین ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  بۆ   PUKMEDIA وتی: بەدەستی ئەنقەست و بە بەرنامە و پیلانی لایەنێكی دیاریكراو لەناو حكومەت، ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بە تەواوی پەراوێزخراون و حكومەت ئابڵوقەیەكی ناڕەوای خزمەتگوزاری و سزادانی بەسەردا سەپاندوون.

كابینەی نابەرپرس و  حوكمڕانی چەوت
میقداد شێخ بەهادین وتیشی: كابینەی نۆ، كابینەیەكی نابەرپرسیارە و لەئاست بەڕێوەبردن و دەوڵەتداریدا نییە و بە عەقڵییەتی حزبایەتی و خێڵایەتی ركابەرایەتی پارێزگای سلێمانی دەكات و خەڵكیش ئەوە دەزانن كە حكومەت كەمتەرخەمە لەم سنوورە، نەك یەكێتی و حكومەتی خۆجێیی سلێمانی، راشیگەیاند: نیگەرانییەكانی خەڵك لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین، گەیشتۆتە لووتكە و چیتر قبووڵی ناكەن بەمشێوەیە حكومەت سزایان بدات و گڵۆپی سووریان بۆ حكومەت هەڵكردووە و ستۆپ بە رەوتی چەوتی حكومڕانی لە هەرێم دەكەن.

خۆڵ ناكرێتە چاوی خەڵك
حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم كابینەیەدا بە ئاشكرا ناعەدالەتی لە دابەشكردنی داهات و بودجەی پڕۆژەكاندا دەكات، ئەمە چەوتی بەڕێوەبردنی حوكمڕانییە و دانیشتوانی سنووری دەسەڵاتی یەكێتی، ئەو ناعەدالەتییە دەبینن و خۆڵ ناكرێتە چاویان.
عوسمان سێدەری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە سایتیPUKMEDIA ی راگەیاند: چاوەڕوانیمان لەم كابینەیە یەك حكومەتی و یەكهەڵویستی بوو، بەڵام وادەرنەچوو، حزب حزبێنە و پشك پشكێنە لەم كابینەیەدا رەنگی داوەتەوە و ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەبینرێت، سیاسەتێكی چەوت و بە مەبەستە، وتیشی: چەندینجار لەسەر ئەو ناعەدالەتییەی لە دابەشكردنی داهات و جێبەجێكردنی پڕۆژەی پارێزگاكان هەیە، قسەمان كردووە و پڕۆژەمان پێشكەشكردووە، بەڵام گوێی لێنەگرتووین.

خەڵك لە كابینەی خێڵەكی بێزارن
ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت: بەپێی بەدواداچوونەكانم داهاتی سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەچێتەوە وەزارەتی دارایی و خەزێنەی گشتی، بەڵام ئەوەی خەڵكی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین دەیبینن لەم كابینەیەدا داهات و پڕۆژەكان بە یەكسانی بەسەر پارێزگاكاندا دابەشناكرێن و جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان پارێزگاكاندا، ئەمەش وایكردووە كە خەڵكی ئەو سنوورە لە بەڕێوەبردنی حوكمڕانی لەم كابینە خێڵەكییە، بێزاربن.
لەم كابینەیەدا ئەنجومەنی وەزیران لە بودجەی پڕۆژەكاندا جیاوازییەكی زۆر لەنێوان شارەكاندا دەكات و تەنها لە پڕۆژەی ئاودا 741 ملیۆن دینار بۆ سلێمانی و دەوروبەری لەسەر بودجەی پارێزگاكە خۆی تەرخان دەكات، بەڵام بۆ سێ پڕۆژەی ئاو لە هەولێر بڕی 33 ملیار دینار لەسەر بودجەی گشتی تەرخان دەكات، كە ئەوەش سیاسەتی چەوتی بەڕێوەبردن و خەرجی دارایی دەردەخات كە خودی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەو جیاوازییەوە ئیمزای لەسەر ئەو پڕۆژانەی سلێمانی و هەولێر كردووە.

PUKMEDIA

بابەتە پەیوەندیدارەکان