سەرۆک بافڵ: خەڵک لەبەردەم مەترسیی حکومەتێکدایە کە جیاکاری لە نێوان شارەکاندا دەکات

06:39 - 2022-12-07
کوردستان
500 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ماتسومۆتۆ فوتۆشی، باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق لە دەباشان کۆبوونەوە.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرا و جەخت لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ژاپۆن کرایەوە بەجۆرێک کە لە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاکانی نێوان هەردوولادا بێت.
ژیانی خەڵک و نەبوونی حوکمڕانییەکی تەندروست لە هەرێم تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەهەڵوێستی  یەکێتی کرد و وتی، ئێمە ناتوانین پشتگیری ئەو سیاسەتە ناتەندروستە بکەین کە حکومەت پەیڕەوی دەکات، هەموو جومگەکان قۆرخکراون و ژیانی خەڵکەکەمان لەبەردەم مەترسیی حکومەتێکدایە کە جیاکاری لەنێوان شارەکاندا دەکات. هەر بۆیە ئێمە و لایەنە سیاسییە هاوهەڵوێستەکانی تری هەرێم دژی دەوەستینەوە و لەوبارەیەوە بڕیاری پێویست دەدەین.
لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ ئاماژەی بەھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی کارنامەی نوێی حکومەتی عیراق کرد و جەختی لە هەماهەنگی نێوان لایەنەکان کردەوە وەک فاکتەرێکی گرنگ بۆ سەرخستنی بەرنامەی چاکسازی و بەرقەراربوونی سەقامگیری لە وڵاتدا.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان