قوباد تاڵەبانی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی کۆبووەوە

06:58 - 2022-12-07
کوردستان
539 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال ئەمڕۆ چوارشەممە 7/12/2022، لە دەباشان،  پێشوازیکرد لە ئەیاد عەلاوی یەکەم سەرۆک وەزیرانی عیراق پاش روخانی رژێمی بەعس.
لەو دیدارەدا کە ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عیراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد بەتایبەت دوای پێکهێنانی حکومەت و جەخت لە گرنگی پشتیوانیکردنی هەمەلایەن بۆ هەوڵەکانی محەمەد شیاع سودانی کرایەوە بەئاڕاستەی خستنەسەرپێی پڕۆژە و پلانی پێویست لەپێناوی خزمەتی هاووڵاتیاندا.
لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، قوباد تاڵەبانی ستایشی رۆڵی ئەیاد عەلاوی کرد لە سەردەمی موعارەزە و پاش روخانی رژێمی لەناوچوو و هەوڵەکانی لەپێناوی بنیاتنانی عیراقێکی دیموکراتی و فرەڕەنگ و بەرپاکردنی ئاشتەوایی، هەروەها ئاماژەی بەدۆستایەتی و هاوخەباتییەکەیدا لەگەڵ سەرۆک مام جەلال لە قۆناغەکانی رابردوو تاوەکو پێکهێنانی حکومەت لە پاش روخانی رژێمی لەناوچوو. 
 لە کۆبوونەوەکە جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی چاکسازی لە هەموو جومگەکانی بەڕێوەبردن و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و کارکردن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان کرایەوە.

# قوباد تاڵە‌بانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان