ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
كۆماری چیك یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی هه‌ڵاوسان تیایدا به‌رزترینه به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپاو رێژه‌كه‌ی گه‌یشتۆته %17، ئه‌م رێژه به‌رزه‌ی هه‌ڵاوسان به‌هۆی گرانبوونی نرخی غاز‌و كاره‌باوه په‌ره‌ی سه‌ندووه. خێزانێكی دانیشتووی پراگ ده‌ڵێن: به زه‌حمه‌ت كرێی پاره‌ی كاره‌باو غازیان بۆ دابین ده‌كرێت، ئه‌مه له كاتێكدایه كه روسیا غازی لێ زیاده‌و رۆژانه بڕێكی زۆر له غازی زیاده ده‌سووتێنێت. حكومه‌تی روسیا ده‌ڵێت: ئه‌وان ئاماده‌ن غاز بفرۆشن و هه‌نارده‌ی بكه‌ن، به‌ڵام گه‌مارۆو سزا ئابوورییه‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا رێگرن.
رۆژی سێ كه‌س سه‌ردانیان ده‌كه‌ن
پیته‌ر سانتانۆس، خۆی و هاوسه‌ره‌كەی و رافائێلی كوڕی ماڵێكی خنجیلانه‌و دوكانێكی خنجیلانه‌یان هه‌یه له نزیك شه‌قامی میتسۆی پراگی پایته‌ختی چیك، له‌م دوكانه‌دا قاوه دروست ده‌كه‌ن و به رێبوارانی ده‌فرۆشن، هه‌ر له دوكانه‌كه‌شدا ئامێری قاوه دروستكردن و قاوه‌ی وشك و زه‌یتی زه‌یتوون و هه‌ندێك نوقوڵ و شیرینیش ده‌فرۆشن.
پیته‌ر ده‌ڵێ: پاره‌ی وزه‌و سووته‌مه‌نی و هه‌موو كاڵاكان چه‌ند به‌رامبه‌ر زیادی كردووه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و كاته‌ی كه هێشتا شه‌ڕی ئۆكرانیا ده‌ستی پێنه‌كردبوو، ئه‌و كات نرخی یه‌ك وات كاره‌با پێنج كرۆن له‌سه‌ر ئێمه ده‌كه‌وت، به‌ڵام ئێستا 30 كرۆن ده‌كه‌وێت.
پیته‌ر له‌خه‌می دوكانه‌كه‌یدایه‌و زۆر دڵته‌نگه كه وه‌كو جاران بازاڕی نه‌ماوه‌و داهاتیان به ته‌واوی كه‌میكردووه، ئه‌و ده‌ڵێ: جاران رۆژی ده‌یان كه‌س ده‌هاتنه دوكانه‌كه‌و قاوه‌یان ده‌خوارده‌وه‌و شتیان لێده‌كڕین، به‌ڵام ئێستا رۆژی ئه‌وپه‌ڕی سێ كه‌س سه‌ردانمان ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش خه‌ڵكی چیك نین و گه‌شتیاری بیانین، كه دێن بۆ لاشمان زۆر جار هیچ ناكڕن سه‌یرێكی دوكانه‌كه ده‌كه‌ن و ده‌ڕۆن.
كۆمپانیاكان راست ناكه‌ن
بازاڕ به‌ڕاده‌یه‌ك كز بووه كه پیته‌ر وه‌ك جاران به‌شداریی پیشانگا بازرگانییه‌كان ناكات، له‌ناو دوكانه‌كه‌شدا له‌به‌ر بێبازاڕی و گرانیی غاز، مه‌كینه گه‌وره‌كه‌ی دروستكردنی قاوه به‌كار ناهێنێت و گۆڕیویه‌تی به مه‌كینه‌یه‌كی بچووك، به‌ڵام بۆ ناوماڵه‌كه‌ی هه‌ر ده‌بێ غاز بكڕێت.
كلارا هاوسه‌ری پیته‌ره‌و له‌باره‌ی به‌كارهێنانی غازه‌وه ده‌ڵێ: ته‌نیا بۆ گه‌رمكردنی ماڵ و حه‌مام غاز به‌كار ده‌هێنین، كۆمپانیاكانی وزه ده‌ڵێن: نرخی غازیان به رێژه‌ی %30 به‌رز كردۆته‌وه، به‌ڵام كلارا ده‌ڵێ: ئه‌وه راست نییه، نرخه‌كان چه‌ند به‌رامبه‌ر زیادیان كردووه.
ئه‌و ژنه چیكییه ده‌ڵێ: هه‌ندێك خێزان هه‌ن، داهاتی یه‌كێك له ئه‌ندامه‌كانیان ته‌رخان ده‌كه‌ن بۆ پاره‌ی غاز‌و كاره‌با، له هه‌مووشی خراپتر ئه‌وه‌یه هێشتا سه‌ره‌تای زستانه‌و سه‌رماو سۆڵه‌و رۆژگارێكی سه‌خت به‌ڕێوه‌یه.
قه‌یرانه‌كه له ئه‌ستۆی خۆرئاوایه
نیگه‌رانی خه‌ڵكی وڵاتانی ئه‌وروپا له زستانی سه‌خت و گرانی و نه‌بوونی وزه‌و سه‌رچاوه‌ی گه‌رمی له كاتێكدایه كه روسیا رۆژانه بڕێكی زۆر له‌و غازه‌ی لێی زیاده ده‌یسوتێنێت. راگه‌یاندنه‌كانی بریتانیا ده‌ڵێن: روسیا رۆژانه به‌به‌های 10 ملیۆن دۆلار غاز ده‌سوتێنێت. به پێی شیكارییه‌كی كۆمپانیای ریستا ئینێرجی بڕی ئه‌و غازه‌ی روسیا رۆژانه ده‌یسوتێنێت ده‌گاته چوار ملیۆن و 340 هه‌زار مه‌ترسێجا.
كۆمپانیای گازپرۆمی روسیا رایگه‌یاند، %92ی عه‌مباره‌كانی پڕن له غاز، حكومه‌تی روسیاش ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی بۆ هه‌نارده‌كردنی غاز، به‌ڵام ده‌بێ به پێی گرێبه‌ستێك بێت كه هه‌ردوولایه‌ن له‌سه‌ری رێكبكه‌ون.
دیمتری مدیڤیدێڤ جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی روسیا له‌وباره‌یه‌وه رایگه‌یاند، ئه‌و قه‌یرانی وزه‌یه‌ی ئێستا له ئه‌وروپادا هه‌یه، هۆكاره‌كه‌ی سزاكانی خۆرئاوایه بۆ سه‌ر روسیا. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، روسیا هه‌نارده‌كردنی غاز بۆ ئه‌وروپا ره‌ت ناكاته‌وه، به‌ڵام وڵاتانی ئه‌وروپا خۆیان ئاماده‌نین پاره‌كه‌ی به رۆبڵ بده‌ن و رێگریش له كاره ته‌كنیكییه‌كانی تایبه‌ت به چاكردنه‌وه‌ی تۆرباینه‌كان ده‌كه‌ن.
گڵۆپی زیاده هه‌ڵناكه‌ن
وه‌زیری پیشه‌سازی چیك رایگه‌یاند، سه‌رتاسه‌ری ئه‌وروپا له جه‌نگی وزه‌دایه له‌گه‌ڵ روسیا، ئه‌م لێدوانه‌ش له كاتێكدایه كه چیك داوای كۆبوونه‌وه‌ی نائاسایی ئه‌نجومه‌نی وزه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا بكات، به‌و پێیه‌ی كه ئێستا چیك خۆی سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتی ئه‌وروپای به‌ده‌سته، بڕیاره له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا قسه له‌سه‌ر چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی وزه‌دا بكرێت.
كێشه‌ی كاره‌باو وزه وڵاتێك و دوانی نه‌گرتۆته‌وه، ئه‌وه‌تا له ئه‌ڵمانیاش شاری لۆبیك رایگه‌یاند، له‌مه‌ودوا گڵۆپی ده‌ره‌وه‌ی بیناكان ده‌كوژێننه‌وه‌و هه‌ر هه‌ر رووناكییه‌ك به زیاده‌ی بزانن به‌كاری ناهێنن. سه‌رۆكی شاره‌وانی لۆبیك له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵێك بخه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ ده‌ستپێوه‌گرتنی وزه.
له بریتانیا ده‌سته‌ی رێكخه‌ری نرخی وزه ئاشكرایكرد، نرخی وزه به گشتی له وڵاته‌كه‌یاندا به رێژه‌ی %80 به‌رزبۆته‌وه، ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه‌ش له مانگی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه ده‌ستی پێكردووه، له ئه‌ڵمانیاو فه‌ره‌نسا نرخی وزه به‌ڕاده‌یه‌ك به‌رزبۆته‌وه كه پێشتر رووی نه‌داوه، یه‌كێتی ئه‌وروپا پلانی هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی وزه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به پێی ئه‌و پلانانه‌ش چاره‌سه‌ری بكه‌ن، دیارده‌ی كاره‌بابڕانی ناوبه‌ناو له‌گه‌ڵ كه‌میی غاز هه‌ر ده‌مێنێ.
سه‌رچاوه: ئاژانسه‌كان