مادەی ھۆشبەر مەترسییەکی گەورەیە

09:22 - 2022-12-08
ڕاپۆرت
1178 جار خوێندراوەتەوە
بەردەوامبوون لە بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر، ژیانی مرۆڤ بەرەو نەمان دەبات

شێخ سەروەر بەرزنجی 

ئێمە لە هەرێمی کوردستان رۆژانە گوێبیستی باسکردنی چەند دیاردەیەک دەبین لە شێوەی فرەژنی و دەنگوباسی دیاردەی هاوڕەگەزبازی، کە زۆر لە قەبارەی خۆیان گەورەتر دەکرێن.
لە هەرێمی کوردستان کارەساتێک روویکردۆتە زۆرێک لە  کۆڵانەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان کە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر هاونیشتمانیانی کوردستان و لێکهەڵوەشانی خێزانی کوردی.
بەکارهێنان و بازرگانیکردن بەمادەی هۆشبەر شتێکی جیهانیە، هەر وڵاتە و بەجۆرێک لەم مادەیە ئاڵاوە، بەڵام جیاوازیی هەیە لە بەکارهێنان و بازرگانیکردن و رێگەپێدان بە مادەکە، ئەمڕۆ بەهۆی کرانەوەی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بە رووی جیهاندا ئەم مەترسییە رووی کردۆتە هەرێمی کوردستانیش.
ماوەیەکە دەزگا ئەمنییەکان زۆر بە چڕی دەست بەسەرداگرتنی دەیان و بگرە سەدان کیلۆ مادەی هۆشبەر رادەگەیەنن، ئەو مادانەی باسیان دەکرێت لە کاتی دەست بەسەرداگرتنیان لەهەرە مادە مەترسیدارەکانن.
بابەتەکە لە دانە و دوان دەرچووە و بۆتە دیاردەیەکی ئاشکرا، ئێستا ژمارەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر زیادی کردووە، بڵاوکردنەوەی ئامارەکان راستی ئەم قسەیە دەسەلمێنێت، جگە لە زیادبوونی رێژەی بەکارهێنەران، بازرگانی پێوەکردنیشی زیادی کردووە، ئەمەش گەورەترین زەنگی مەترسیدارە بۆ هەرێمی کوردستان.
پسپۆرانی ئەم بوارە ئەو راستییە دەزانن کە کەسانی ئالوودەبوو بەو مادانە بەجۆرێک کەسایەتیان تێکدەچێت بۆ دەستکەوتنی ئەو مادانە پەنا بۆ هەمووکارێکی نەشیاو دەبەن.

مادەی هۆشبەر لە دەڤەری راپەڕین
جێگەی دەست خۆشی زۆرە کە ئێستا لە دەڤەری راپەڕین هێزێکی تایبەتی راهێنراوی تایبەت بە دەستگیرکردنی بازرگانانی مادەی هۆشبەر لە ناوچەکە جێگیرکراون کە جگە لە هێزەکانی پۆلیس و ئاساییش، هێزی تایبەتی دژەتیرۆریشیان تێدایە کە رۆڵی گەورەیان هەیە.
 لەم ماوەیەدا زۆر لێهاتوانە توانیویانە رووبەڕووی ئەو باندانە ببنەوە و جێگەی خۆشحاڵییە و هیوادارین رۆڵی زیاتر بگێڕن بۆ بنبڕکردنی ئەو حاڵەتە.
دەڤەری راپەڕین بە گشتی بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ ئێران دیاردەکەی تێدا تەشەنە کردووە، بۆیە ئەرکی هەموو لایەکە هاوکار بین لەوەی لە هەرجێگەیەک هەستمان بە بەکارهێنەر و بازرگانانی مادەی هۆشبەر کرد، دەزگا ئەمنییەکانی لێ ئاگادارکەینەوە. مەترسییەکە لەبەردەم هەمواندایە، خەریکە دەگاتە ناو ناوەندەکانی خوێندن، کەسانی ئالوودەبوو ماوەیەکی زۆریان دەوێت بۆ ئەوەی جەستەیان لەو مەترسییە پاک بکرێتەوە.

ئەرکی حکومەتی هەرێم چییە؟
رێگەگرتن لە تەشەنەکردنی زیاتری ئەو مەترسییە، ئەرکی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، تەنها بە وەزارەتی ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکان بنبڕ ناکرێت. 
ئەرکی وەزارەتی پەروەردەیە لە ناوەندەکانی خوێندن، کەسانی پسپۆڕی بواری مادە هۆشبەرەکان دەیان کۆڕ و سیمینار بکەن، وەزارەتی تەندروستی لە ناوەندەکانی تەندروستی زیانەکانی مادە هۆشبەرەکان بگەیەنن بە خوێندکاران. 

جگە لە زیادبوونی رێژەی بەکارهێنەران، بازرگانی پێوەکردنیشی زیادیکردووە، ئەمەش گەورەترین زەنگی مەترسیدارە بۆ هەرێمی کوردستان

ئەرکی وەزارەتی ئەوقافە، پەیوەست بەئایین لە کۆمەڵگەی کوردیدا، لە رێگەی کۆڕی مزگەوتەکانەوە دەستبکات بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری خەڵک و مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر، پێویستە زانایانی ئایینی بە وردی مەترسییەکانی ئەو بابەتە روونبکەنەوە.
خێزانەکان رۆڵیان هەبێت و منداڵەکانیان هۆشیاربکەنەوە لەوەی لەو جێگایانە دووربکەونەوە کە گومان دەکرێت سەرچاوەیەک بن بۆ بڵاوکردنەوەی مادەی هۆشبەر.

کاریگەریی تەشەنەکردنی مەترسییەکە 
لای هەموومان روونە کۆمەڵگەی کوردی زۆرینەی موسوڵمانە و پەیوەستە بەخێزان و بنەماڵەوە، کە خاوەنی سەدان بەهای جوانی خێزان و پاراستنی و مانەوەیەتی، بۆیە بڵاوبوونەوەی ئەو مەترسییە لەناو هەر خێزانێک سەر دەکێشێت بۆ وێرانکردنی کۆی خێزانەکە.
لای دەزگا ئەمنییەکان دەیان نموونە هەیە کە کاتێک خێزانێک یەکێکیان ئالوودەی ئەو مادەیە بووە چۆن کاریگەریی گەورە و خراپی کردۆتە سەر ئەو خێزانە بە گشتی و چەندین خێزان بەهۆیەوە لەناویدا تووشی لێکهەڵوەشان بوون، بۆیە ئەرکی هەموانە بە جدی رووبەڕووی بینەوە.

#مادەی ھۆشبەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان