كاریگەریی كەرەستەكانی جوانكاریی و دەرمان لە رێگەی ئۆنلاینەوە

10:38 - 2022-12-13
ڕاپۆرت
516 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

نەسرین عەلی، ژنێكی تەمەن 43 ساڵە، لە رێگەی ئۆنلاینەوە چەند جارێك داوای كەرەستەی جوانكاری كردووە، بە وتەی خۆی چەندجارێك فریو دراوە، دەڵێت ئەو کەرەستانە کوالێتیەکان وەک ئەوە نەبوو کە ریکلامی بۆ دەکەن ، تەنانەت مارکە نین و کۆپی لە بری مارکە بە خەڵک دەگەیەنن.
هاوکات، نارین عەلی، تەمەن 25 ساڵ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، هەموو پێداویستیەکانی لە رێگەی ئۆلاینەوە دەکڕێت هەر لە جلوبەرگەوە و ماکیاژەوە هەتا کەلوپەلەکانی ناو ماڵ، چونکە ئەوەی دەیەوێت لە بازاڕەکاندا نییە و دەستی ناکەوێت، بە پێچەوانەی نەسرین عەلی، ئەو دەڵێت هیچ کات کەلوپەلی ساختەی بۆ نەهاتۆتەوە چونکە لەو پەیج و شوێنانە ئۆردەر دەکات کە متمانە پێکراون. 
کڕین و فرۆشتنی ئۆنلاین بە تایبەت لە دوای سەردەمی کۆرۆناوە، جێگەی کڕینی راستەوخۆی بازاڕ و دوکانەکانی گرتۆتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ریكلام و پروپاگەندەیەکی زۆر دەکرێت تاکو رێژەیەكی زۆر فرۆشتن بکەن، هاووڵاتیەکی زۆر دەكەونە ژێر كاریگەری ئەو ریكلامانەوە بە باش و بە خراپ، چونکە  بەشێک لەو کەلوپەلانە ئۆرجیناڵ نین و ساختەن و بە زیان بەسەر كۆمەڵگەدا دەشکێتەوە، بە تایبەت دەرمان و کەرەستەی جوانکاریی و  تەندروستییەکان.
رێبوار محەمەد، بازرگانی كەرەستەی جوانكارییە لە بازاڕی حەسیرەكەی كەركوك، وتی نزیكەی پێنج ساڵە هاوردە دەكەم، بەشێكی زۆری ئەو كەرەستە و كەلوپەلانە بە ئۆنلاین ساغ دەكەینەوە ئەویش لە رێگەی ریكلام كردن لەو سایتەی كە دامانناوە، بۆیە كەلوپەلەكانمان پۆلین كردووە لە نێوان نرخ و جۆری چاكییەكەی، لەبەر ئەوە كڕیارمان سەرپشك كردووە لەوەی كامە هەڵدەبژێرن.
وتیشی: ئەوانەی لە رێی ئۆنڵاینەوە خەڵكی فریو دەدەن شوێنی دیاریكراویان نییە و گەڕۆك و نادیارن، بەڵام ئێمە شوێنی دیاریكراومان لەناو بازاڕدا هەیە و هەر كەرەستەیەكمان بۆ بێت، كڕیارەكانمان سەردانمان دەكەن، بۆیە ئەگەر هاتوو هەر هەڵەیەكی تێدا بێت بەرۆكی ئێمە دەگرێتەوە، بۆیە تاكو ئێستا تووشی هیچ كێشەیەك نەبووین، بەڵام ئەوانەی بە رێگەی ئۆنڵاینەوە كەرەستەكان ساغ دەكەنەوە زۆربەیان بە ناوی ئۆرجیناڵەوە بە كڕیاری دەفرۆشن كاتێك كەرەستەكە دەگاتە دەستت ئۆرجیناڵ نییە، بەڵكو لاسایی و ساختەیە.
ئۆنلاین كردن بە دەرمان زۆر هەستیارە
محەمەد رەئوف، ماوەی 10 ساڵە لە یەكێك لە كۆمپانیاكانی دەرمان كاری مەندوبی دەکات، دەڵێت: كڕین و مامەڵە كردن بە دەرمان زۆر هەستیارە، لەبەرئەوەی كۆمپانیایەكی زۆر جۆرەها دەرمان بەكار دەهێنن و چاك و خراپیان هەیە و زۆر جیاوازیان هەیە،  هەندێکجار چارەخواز دەرمان لە رێگەی ئۆنلاینەوە پەیدا دەکات و دەبێتە هۆی زیانپێگەیاندنی نەک چارەسەر، چونكە كوالێتی ئەو دەرمانەی وەریگرتووە لە ئاستی ستانداردی جیهانیدا نییە، ئێمەی مەندوب هەر جۆرە دەرمانێك بكەینە بازاڕەوە سەرەتا راوێژێكی زۆر باش لەگەڵ پزیشكی پسپۆڕی تایبەت و پزیشكی دەرمانسار دەكەین ئەوكات دەیخەینە دەرمانخانەكانی نێو شارەوە، 
وتیشی: هەندێک خەڵك بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە زانیاریەكی لەسەر دەرمانەكە هەبێت و هەر ئەوەندە ریكلامەكەی بینی یەكسەر دەڵێت دەرمانێكی باشە و راستەوخۆ داوای دەكات لە رێگەی ئۆنڵاینەوە، بەتایبەتی ئەو حەپ و دەرمانانەی كە باس لە دابەزاندنی كێش و لاواز بوون دەكات بەبێ ئەوەی ئاماژە بە جۆری دەرمان و ناوی كۆمپانیاكەی بكەن، چونكە ئەو كۆمپانیایەی من كاری لەگەڵدا دەكەم مۆڵەتی لە وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە هەیە، ئەگەر هاتوو ئەو دەرمانانەی ئێمە دەیخەنە بازاڕ هەر جۆرە زیانێك بە مرۆڤ بگەیەنێت كۆمپانیاكە بەرپرسیارەو روو بەڕووی لێپرسینەوەی توند دەبێت.
پێویستە پزیشك رێنمایی بدات
هەروەها، دەرمانساز چیا حەسەن، لەسەر كڕینی دەرمان و كەرەستەی جوانكاریی لە رێگەی ئۆنلاینەوە، وتی: كڕینی كەرەستەكانی جوانكاری و پزیشكی لە رێگەی ئۆنلاینەوە زۆر هەستیارە، چونكە دەبێت ئەو جۆرە كەلوپەلانە پزیشك دەستنیشانی بكات، هەروەها بەكارهێنانی بەشێوەیەكی خراپ دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشی درێژخایەنی جۆراوجۆر لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجەی پێست و گەدە، هەندێکجار چارەسەركردنی بە زەحمەت دەكەوێتەوە لەسەر ئەو كەسانەی چارەسەر لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەكڕن، هەر چەندە نرخی دەرمانەكان لە ئۆنلاین هەرزانترە، بەڵام لە دوایدا دەبێت دوو هێندەی ئەو پارەیەی بۆ دانێن، هەندێكی ماوەیەكی بەسەرچووە و دووبارە ماوەی بۆ درووست كراوەتەوە.

كۆمپانیای ئۆرجیناڵ تۆمار دەكەین
عومەر مامۆ جێگری یەكەمی بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی كەركوك، رایگەیاند: ئێمە وەكو ژووری بازرگانی كەركوك 33 هەزار ئەندامان هەیە و رێژەیەكی زۆری كۆمپانیای ناسراو و ئۆرجیناڵ لەلامان بە فەرمی تۆماركراوە، بەڵام تاكو ئێستا هیچ هاووڵاتیەك سەردانی نەكردووین و سكاڵایان لە سەر ئەو پەیجە و شوێنانە تۆمار نەكردووە كە لە رێگەی ئۆنڵاینەوە كڕین و فرۆشتن بەناوی كۆمپانیا جیهانی و ناوخۆوەكان دەكەن و كەلوپەلی خراپیان بە هاووڵاتی فرۆشتووە، هەر كات سكاڵا تۆمار كرا ئێمەش دەستبەجێ ئاسایشی نیشتمانیی ئاگادار دەكەینەوە، چونكە هەندێك لەم كۆمپانیایانە كە خەڵكی مامەڵەیان لەگەڵ دەكات لە دەرەوەی پارێزگای كەركوكن و لە ژێر ركێفی ئێمەدا نییە و هاووڵاتی خۆی بەرپرسە لەو جۆرە مامەڵەكردنە. وتیشی: وشیار بوونەوەی هاووڵاتی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی كۆمپانیای چاك و خراپ لە یەكتری جیا بكەنەوە بۆ ئەوەی تووشی زیان نەبن و بڕوایان بەو جۆرە ریكلام كردنە نەبێت كە لە ئۆنلاین بۆ جۆری كاڵاكانیان دەیكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان