سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی: گفتوگۆ بكەینە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان

11:17 - 2022-12-21
ڕاپۆرت
689 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای كوردستان كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، كە وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر ئامادەبوو، دۆخی سیاسیی رۆژئاوا و هەرێمی كوردستان و پێشهاتە سیاسییەكانی پەیوەست بە پرسی كورد تاوتوێكرا و جەخت لە چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان كرایەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، مەزڵوم كۆبانێ، خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەكەی سەرۆك بافڵ بۆ رۆژئاوا دەربڕی و رایگەیاند: رۆژئاوا هاوكاری و پشتیوانییە بەردەوامەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبیرناكات، كە بەردەوام پشتیوانێكی راستگۆ و دڵسۆزی ئێمە بوون، بەتایبەت هێزەكانی دژەتیرۆر، كە رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان لە سەرخستنی پڕۆسە ئەمنی و سەربازییەكانی رۆژئاوا دژ بە داعش هەبووە و ئەمەش جێگای شانازیمانە.
لەبارەی هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گرفتەكانی بەردەم پرسی كورد لە ناوچەكە، مەزڵوم كۆبانێ، وتی: هەموو هەوڵێكمان لەپێناوی ئازادیی كورد و پاراستنی مافەكانماندایە.

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی:
هێزەكانمان سەروەریی گەورەیان تۆماركردووە و گورزی كوشندەیان لە تیرۆریستان وەشاندووە. دڵنیاین بە هەماهەنگی و هاریكاری زیاتری نێوانمان دەتوانین سەركەوتنی گەورەتر تۆماربكەین، بەتایبەت لەو ناوچانەی نێوان سوریا و عیراق كە بۆشایی ئەمنی هەیە و جموجوڵی تیرۆریستانی تێدایە

«بەدڵنیاییەوە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ رۆژئاوا بەردەوام دەبێت و گەشەی زیاتری پێدەدەین. كوردبوون شانازیمانە و مانەوەمان پەیوەستە بە یەكبوون و یەكڕیزیمانەوە»

لە بەرامبەردا، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، پەرۆشیی یەكێتی بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان دووپاتكردەوە و رایگەیاند: هەموو هەوڵێك دەدەین تا گفتوگۆ بكەینە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكان و زاڵبوون بەسەر ئەم دۆخەدا. وتیشی: بەدڵنیاییەوە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ رۆژئاوا بەردەوام دەبێت و گەشەی زیاتری پێدەدەین. یەكێتی خۆی بە خزمەتكاری هەموو كورد دەزانێت، كوردبوون شانازیمانە و مانەوەمان پەیوەستە بە یەكبوون و یەكڕیزیمانەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك بافڵ، روونیكردەوە كە یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی رۆژئاوا پاراستنی ماف، كەلتور و زمانی كوردییە لە ناوچەكە و بۆ ئەمەش بە شانازییەوە پشتیوانتان دەبین. دەستپێشخەرییە نیشتمانییەكەی یەكێتیش لەپێناوی یەكبوونی گەلی كورد و یەكگوتاریماندایە لەبەرامبەر پرسە چارەنووسسازەكان و پاراستن و بەدیهێنانی مافەكانمان. دەمانەوێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆستەكانمان پەیوەندییەكی تەندروستمان هەبێت و ئاشتی و تەبایی بنەمای پەیوەندییەكانمان بێت، ئەمەش میراتی سەرۆك مام جەلال-ە و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین.

مەزڵوم كۆبانێ:
رۆژئاوا هاوكاری و پشتیوانییە بەردەوامەكانی یەكێتی لەبیرناكات، كە بەردەوام پشتیوانێكی راستگۆ و دڵسۆزی ئێمە بوون، بەتایبەت هێزەكانی دژەتیرۆر، كە رۆڵێكی گرنگ و كاریگەریان لە سەرخستنی پڕۆسە ئەمنی و سەربازییەكانی رۆژئاوا دژ بە داعش هەبووە و ئەمەش جێگای شانازیمانە

هەروەها، لە رۆژئاوای كوردستان، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و جەنەڕاڵ ماتیۆ مەكفارلان فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق و سوریا، كۆبوونەوە.
لە كۆبوونەوەیەكدا، كە وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر ئامادەبوو، جەخت لە پەرەپێدان و پتەوكردنی هەماهەنگییەكان كرایەوە لەپێناوی روبەڕوبوونەوەی پاشماوەكانی داعش و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئاماژەی بە هەنگاوەكانی روبەڕوبوونەوەی تیرۆر كرد و وتی: لەماوەی رابردوودا هێزەكانمان سەروەریی گەورەیان تۆماركردووە و گورزی كوشندەیان لە تیرۆریستان وەشاندووە. دڵنیاین بە هەماهەنگی و هاریكاری زیاتری نێوانمان دەتوانین سەركەوتنی گەورەتر تۆماربكەین، بەتایبەت لەو ناوچانەی نێوان سوریا و عیراق كە بۆشایی ئەمنی هەیە و جموجوڵی تیرۆریستانی تێدایە.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #رۆژئاوای كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان