سێرگی بولیتایڤ
و: ئیسماعیل كوردە
دوای رزگاركردنی سیفیر و دۆنتیسك و لیزیتشانسك لە سەرەتای تەموزدا، دۆخەكە بەو ئاستە گەیشت، خەریك بوو جەنگ لە ئۆکرانیا دەوەستا. پێدەچوو مۆسكۆ بە پێی پلانی پێشوەختە دانراو، هەوڵی كۆنترۆڵكردنی ململانێكە بدات، بڕێك داهاتی دارایی بچووك خەرجكراو دامودەزگای دەوڵەت كاریان لەسەر كاریگەری لێكەوتەی سزاكان دەكرد و لەگەڵیشدا هەوڵی خۆگونجاندنی ئابوورییان دەدا. ئەگەرچی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەكان بە هێواشی بەرەو پێشەوە دەڕۆیشتن، بەڵام لە هەمانكاتدا ئامادەیی تەواو بۆ خێراكردنی هەبوو، ئەمەش بەهۆی ئەو تەنگەژانەوە بوو كە پێدەچوو بەرەو رووی ئابووری جیهانی ببێتەوەو ببێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی گەورە لە رووی وزە لە ئەوروپادا، ئەمەش شتێكی پێشبینی كراو بوو.
ئەگەرچی ئەو پلانە بە شێوەیەكی لۆژیكیانە دەستی پێكرد، بەڵام لە كۆتاییەكانی هاوین و سەرەتای پایزدا، ئەو رووداوانەی لە بەرەی جەنگی ئۆکرانیا هاتنە پێشەوە، كە لەلای هەموومان زانراون و بوونە هۆی پرسیاركردن لەبارەی ئەگەری بەدەستهێنانی «پێگەی مەزنی» روسیا بەپێی ئەو تێچوونە دیاریكراوەی هەبوو. وەك پێشبینیمان كردبوو، سەقامگیری بەرەی شەڕ و وەستانی پڕۆسە سەربازییەكان لەلایەن سوپای روسیاوە، بوونە هۆی ئەوەی هێزە چەكدارەكانی ئۆکرانیا جڵەوەی دەستپێشخەرییەكان بگرنەوە دەست و لە كۆتایشدا دوو هێرشی پێچەوانەیان کرد.
خێرسۆن
لە ناوچەی خێرسۆن، هێزەكانی ئۆکرانیا لەو شوێنانەی لە نێوان رووباری ئەنگلیتس و دنێبەر بەدەستیانەوە بوو، لە سێ لاوە جووڵەیان كرد: لەلای هێڵی ئاسنی شەمەندەفەر و پردەكانی سەر رێگەی خێرسۆن و هەروەها لەلای بەنداو و پردەكان لە كۆمەڵگەی نۆڤا كاخۆڤكای وزەی ئەلیكتریكەوە، پێشڕەویان كرد. هەر لە ناوەڕاستی هاوینەوە، هێزە ئۆکرانییەكان بەسەركەوتوویی ئەو دەروازانەیان تۆپ باران دەكرد. لەگەڵ ئەوەی تاڕادەیەك كاریگەری هەبوو، بەشێكی پردەكانیش داڕوخان، بەشێوەیەكی گشتی نەدەتوانرا هەموو رێگەكانی گەیشتنی پشتیوانی بۆ هێزەكانی روسیا لە بەرەی لای راستی رووباری دنێبەر لەكار بخرێن.
لە 20ی ئابدا، هێزەكانی ئۆکرانیا هێرشێكی گەورەیان لە چەند بەرەیەكی شەڕگەكە كرد، دیارترینیان دەستبەسەراگرتنی دەروازەی ئەو پردە بوو كە دەكەوتەسەر لای باشووری ئەنگلیتس لە نزیك ئاندریڤكا. وەك ئەوەی بیانەوێت لەو پردەوە بەرەو باشووری خۆرهەڵات و بەرەو بەنداوی كاخۆڤكا و بیریسلاڤ بێن، بەمەش ئۆردوی باكووری خۆرهەڵاتی هێزەكانی روسیا داببڕن و ناچار بە پاشەكشەی بكەن. لایەنی روسی توانی بەرپەرچی ئەو هێرشەی هێزەكانی سوپای ئۆکرانیا بداتەوەو بە بەكارهێنانی هێزی ئاسمانی زیانێكی گەورە بە هێزە پێشڕەوەكان بگەێنێت و تووشی شكستیان بكات. بەپێی هەندێك لە راپۆرتەكانی بەرەی جەنگ، زیانی هێزە ئۆكرانییەكان لە كۆی 15000 سەرباز، كە لەو هێرشەدا بەشدار بوون، 4000 سەرباز بوو. میدیا خۆرئاواییەكانیش بە ئاشكرای باسیان لە زیانی زۆری هێزەكانی سوپای ئۆکرانیا لە بەرەی خێرسۆن دەكرد.
تاوەكو ناوەڕاستی ئەیلول، هێزەكانی سوپای ئۆکرانیا لە نزیك خێرسۆن دەستیان بەسەر گوندی ڤیسۆكۆبولدا گرت، كە دەكەوتە بەشی باكووری شەڕگەی خێرسۆن و چەند گوندێكی دیكەشیان لە ناوچەی ئەندریڤگا گرتن. لە شەوی 14ی ئەیلولدا، راپۆرتەكان باسیان لە وێرانكردنی بەنداوی كاراچۆنۆڤیكۆی ڤی كریڤی ریا دەكرد، كە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری ئەنگلیتسن ئەمەش بۆ ئۆكرانییەكان بووە هەڕەشە بەسەر رێگاكانی دەروازەی پردەكە. لەگەڵ ئەوەشدا شەڕ لە نزیك خێرسۆن كۆتایی نەهات و بارودۆخەكە لە كڵپەكردندا بوو.
هێرش بۆسەر خارکێڤ
لە دوای هێرشەكەی خێرسیۆن، هەر زوو رووداوەكانی باكووری خۆرهەڵاتی ئۆکرانیای بەدوادا هاتن. لە 6ی ئەیلولدا لە ناوچەی خاركێڤ هێزەكانی سوپای ئۆکرانیا هێرشیان بۆ سەر ئەو ناوچانە دەست پێكرد كە لە ژێر دەستی روسیا دابوون، وەك:»بالاكلیا، ئیزیۆمو كوبیانسك»، ئەمەش ئەوە بوو كە من پێشتر «بەپێی هەڵسەنگاندنی خۆم بۆ بارودۆخەكە، لە پاڵ هێرشەكەی خێرسۆن»، پیشبینیم كردبوو.
هێرشبەرەكانی ئۆکرانیا بەشێوەی گروپی شاراوە دەجوڵان و شارەكانیان دەگرت و رێگەكانیان دەبڕی و بەرەو دواوەی موڵگە بچووكەكانی هێزەكانی روسیا پێشڕەویان كرد. بەو شێوەیەش لە رووی ژمارەی سەربازانەوە توانیان ناوچەیەكی بەرفراوان پڕ لە سەرباز بكەن. لە دوای ئەو رووداوانەی لە 10ی ئەیلول روویانداو لەلای هەمووان زانراون، وەزارەتی بەرگری روسیا پاشكشەی تەواوی هێزەكانی بۆ لای رووباری ئۆسكۆل راگەیاند، كە دەكەوێتە خۆرهەڵاتی ناوچەی خاركێڤ. بەو شێوەیە، بالاكلیا و ئیزیۆم و بەشی خۆرئاوای كوبیانسك كە رووباری ئۆسكۆل دابەشی دەكات، كەوتنەوە ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوپای ئۆکرانیا.
هێرشی پێچەوانە
سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی بەرگری روسیا ئەوەی راگەیاند كە هێزەكانیان بۆ خاكی كۆماری دۆنیتسكی میللی گواستۆتەوە، بەڵام زۆر كەس لە روسیا رووداوەكانی خاركێڤیان بە كارەسات زانی. ئەوەش روون بوەوە كە ئۆکرانیا توانای هێرشی پێچەوانەی هەیە، سوپای روسیاش هیچ تێڕوانین، یان ستراتیژیەتێكی بۆ هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ ئەو بارودۆخە نەبوو، دواتر هەڵسوكەوتی واشی لەگەڵ ئەو ناوچانەدا دەكرد كە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆین و بەشێكن لە روسیا. پاسپۆرت و مۆڵەتی شۆفێری بەسەر دانیشتوانە ناوچەییەكان دابەشكرد و كۆمپانیاكانی روسیا هاتنە ئیزیۆم و كوبیانسك و سەر لەنوێ مەشق بە مامۆستا ناوچەییەكان كراو ئامادەبوون بە بەرنامەی خوێندنی روسیەوە دەست بە ساڵی نوێی خوێندن بكەنەوە.
بەڵام دواتر چی روویدا؟
بە پشت بەستن بەو توانا هێرشبەرییەی مابووەوە، هێزەكانی سوپای ئۆکرانیا هەوڵی سەركەوتنیان لە چەندین لاوە دا:
یەكەم: بەرەو خۆرهەڵاتی ئۆسكۆڵ، یان لە باشوورەوە لە نزیك كراسنی لیمان پێشڕەویان كرد، تاوەكو ئەو بەشەی خاركێڤ بەدەست بێننەوە كە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی روسیادا بوو، لەوێشەوە لە باكوورەوە بێنە نێو خاكی كۆماری لۆگانسك.
دووەم: لە هێرشەكانیان لە نزیك خێرسۆن بەردەوام بوون، ئەمەش بۆ ئەوە بوو تا ئامادەكاری بۆ هێرشی بەرفراوان بكەن.
سێیەم: لە شوێنێكی دیكەوە دەستیان بە هێرش كرد. زۆر باس لە كۆكردنەوەی هێزێكی زۆری سوپای ئۆکرانیا لە ناوچەی ئۆگلدار دەكرا، ئەمەش ئاماژەیەك بوو بۆ ئامادەكاری هێرشكردن بەدرێژایی هێڵی ڤۆلنۆڤاكیا-ماریۆپۆل. ماریۆپۆل تەنها 70 كیلۆمەتر لە ئۆگلدار دوورە، ئەمەش ئەو شوێنەیە كە دەكرێ بە قوڵایی ستراتیژی ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی سوپای ئۆکرانیا لە بەرەكانی خێرسۆن و خاركێڤ لە قەڵەم بدرێت.
چوارەم: ئەوەش بەدوور نەدەزانرا كە ئۆپەراسیۆنەكانی هێزی پیادەی ئۆکرانیای بۆ نێو خاكی روسیا لە ناوچەی بیلگۆرۆد بگوزارێنەوە. تەشقەڵە و تۆپبارانی بەردەوام لەو ناوچانە هەبوو، لە رۆژەكانی دواییشدا بەرەو زیاتر بوون دەچوون، پێدەچوو هێزەكانی سوپای ئۆکرانیا، چاوەڕێی كاردانەوەی مۆسكۆ بن.
پێویست بوو روسیا چی بكات؟
لە 7ی تەموزدا، سەرۆك پوتین وتی: تا ئێستا دەستمان بەهیچ شتێكی جددی لە ئۆکرانیا نەكردووە. پێدەچوو بەبێ شكستپێهێنانی سوپای ئۆکرانیا، بەدەستهێنانی ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەكان ئەستەم بێت، بەو مانایەی پێویستە جەڵەوەكە بگرێتەوە دەست و شێوازی پڕۆسە سەربازییەكان بگۆڕێت.
ئایا ئەمە دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لە ستراتیژیەتدا؟ كەی و بە چ شێوەیەك؟ ئایا بۆردومانە ئاسمانییەكان چڕدەكرێنەوە و پانتایی جوگرافیای دیكە لەخۆ دەگرن؟ ئایا ژماری هێزە پیادەكانی روسیا زیاتر دەكرێن و ئامادەكاری بۆ ئۆپەراسیۆن و هێرشی گەورە دەكرێت؟ ئایا دواجار بە شێوەیەك لە شێوەكان دەگەینە ئاستی خۆ ئامادەكردنێكی گشتی؟ درەنگ یان زوو هەموو ئەو ئەنجامانە دەبنینین.
سەرچاوە: مركز الدرسات العربیة الاوراسیة