لەبەر تەندروستیت رۆژانە گازۆ بخۆ

06:53 - 2022-04-10
ژینگە
331 جار خوێندراوەتەوە

کەشتیی نوح

چەرەساتەکان بەشێوەیەکی گشتی بۆ تەندروستیی مرۆڤ بەسوودن و دەتوانن بڕێکی باش لە مادە خۆراکییەکان بۆ لەش دابین بکەن، لەناویشیاندا گازۆ یەكێكە لە چەرەسە بەتامەكان و جگە لەوەی هەستی تێری بە مرۆڤ دەبەخشێت، چەندین سوودی گرنگی هەیە بۆ تەندروستیی جەستە.

ئەو مادانەی لە گازۆدا هەن
گازۆ یان بادەمی هیندی، بڕێکی زۆرباش لە ماددە خۆراکییەکانی تێدایە، بەجۆرێک لە 28 گرام گازۆدا 157 کالۆری و 5 گرام پرۆتین و 12 گرام چەوری و 1 گرام ریشاڵ و 9 گرام کاربۆهیدرات هەیە، جگە لەمانە ماددە کانزاکانی فۆسفۆڕ، مەگنیسیۆم، فۆلیك ئەسید، ئاسن، دژە ئۆكسان و ڤیتامینەكانی B6 و K  تێدایە.

سوودەكانی بۆ نەخۆشانی شەکرە
 كاتێك ئاستی هۆرمۆنی ئەنسۆلین کە لەلایەن پەنكریاسەوە دەردەدرێت لەناو لەشی مرۆڤدا زیاد نەكات، كەسەكە تووشی نەخۆشی شەكرە دەبێت بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەكرەی خوێن و ئەمەش جگە لە شەکرە کەسەکە رووبەڕووی نەخۆشی تریش دەكاتەوە لەوانە جەڵتەی مێشك، سستبوونی گورچیلە و نەخۆشییەكانی دڵ، بۆیە هەركەسێك بیەوێت خۆی لە نەخۆشی شەكرە و نەخۆشییەكانی تر بەدوور بگرێت، باشترە بڕێك گازۆ بۆ خۆراكی رۆژانەی زیاد بكات، بۆ ئەوەی ئاستی ئەنسۆلینی دەردراو لە جەستەیدا زیاتربێت.

 كەمکردنەوەی گوشاری دەروونی 
 ئەوانەی تووشی نەخۆشی شەكرە دەبن، رووبەڕووی پەستانێكی زۆری دەروونی دەبنەوە،  لەبەرئەوەی  بادامی هیندی (گازۆ)ش  دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم و ریشاڵ بۆ كەمكردنەوەی پەستانی دەروونی بەسوودە، توشبووانی نەخۆشی شەکرە دەتوانن رۆژانە بە خواردنی چەند دەنگە گازۆیەک ئەو پەستانە دەروونییە کەمتر بکەنەوە کە لەسەریان دروست دەبێت.

كۆنترۆڵكردنی كێشی لەش
 بەهۆی ئەوەی گازۆ مەگنیسیۆم و ریشاڵ و كاربۆهیدراتی تێدایە بۆ ئەو كەسانە بەسوودە كە دەیانەوێت كێشیان دابەزێنن.

بۆ كەمكردنەوەی بەرزەپەستانی خوێن  
گازۆ بۆ ئەو كەسانەش باشە كە بە دەست بەرزە پەستانی خوێنەوە دەناڵێنن و یارمەتییان دەدات لە راگرتنی هاوسەنگی پەستانی خوێن، هەروەها بەسوودە بۆ بەردەوام چالاككردنی گورچیلەكان و لە سست بوون دەیانپارێزێت، بەڵام پێویستە گازۆکە سوێر نەکراو بێت.
لەگەڵ هەموو ئەو سوودە باشانەدا باشترە ئەو کەسانەی ئەو نەخۆشییانەیان هەیە كە باسمان كردوون، بەر لە خواردنی گازۆ راوێژ بە پزیشكەكەیان بكەن.
سەرچاوە: همشهری اونلاین 

بابەتە پەیوەندیدارەکان