ئەو وڵاتانەی ئاشتیی هەمیشەییان هەڵبژاردووە

06:55 - 2022-04-10
ژینگە
442 جار خوێندراوەتەوە

کەشتیی نوح

لە جیهانێكی پڕ لە جەنگ و ململانێ، زۆر ئەستەمە وڵاتێك بدۆزیتەوە كە هیچ جەنگێكی  بەخۆوە نەبینیبێت، چونکە زۆربەی وڵاتان شەڕیان هەڵبژاردووە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكانیان، بەڵام هەندێك وڵاتی تر ئاڵای ئاشتییان بەرزكردووەتەوە و نایانەوێت بچنە هیچ جەنگ و ململانێیەكی چەكدارییەوە و خۆیان لە جەنگ بە دوور دەگرن، لەبەرئەوەی ئەزموونی تاڵی جەنگ لە وڵاتانی تر بووەتە وانەیەك بۆیان كە نایانەوێت دووبارەی بكەنەوە و هەندێكیشیان بەر لەوەی سەربەخۆبن كارەسات و ماڵوێرانییەكانی جەنگیان دیوە، لێرە دا ئاماژە بەو (10) وڵاتە دەكەین كە ئاشتییان هەڵبژاردووە و دوورن لە جەنگ .
یەكەم: ئەندورا
بچووكترین وڵاتی ئەوروپایە و رووبەرەكەی 468 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتوانی (85.645) هەزار كەسە و پایتەختەكەی ( ئەندۆرا لافیلا)یە، بەهۆی ئارامیی و جوانی  دیمەنەكانی و پێشكەوتوویی كەرتی گەشتیاریی ئەو وڵاتە ساڵانە (10) ملیۆن كەس سەردانی دەكەن.
دووەم: گرینادا
دەكەوێتە نزیك دوورگەكانی هیندی خۆرئاوا دەڕوانێت بەسەر دەریای كاریبی دا، بەهۆی دڵڕفێنی ناوچەكەی بەو ناوەوە ناونراوە و رووبەرەكەی 344 كیلۆمەتری چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتوانەکەی (95000) كەسە و باشترین جۆری گوێزی هیندیی هەیە. 
سێیەم: لیختنشتاین
دەكەوێتە  قەدپاڵی چیاكانی ئەلپ لە ئەوروپای ناوەند، رووبەرەكەی 160 كیلۆمەترە و ژمارەی دانیشتوانی (37.623) كەسە و پایتەختەكەی شاری ڤادۆزە، رێژەی بێكاریی تیایدا (1.5%)ەو تەنها وڵاتە بە تەواویی كەوتبێتە نزیك چیاكانی ئەلپ و باشترین شوێنە بۆ وەرزشە زستانەكان، لەگەڵ ئەوەی دەكەوێتە ناوچەی شنگنەوە، بەڵام سەر بە یەكێتی ئەوروپا نییە.
 میرنشینی لیختنشتاین لەكۆندا سەر بە ئیمپراتۆریەتی رۆمانی بووە و بەهۆی شوێنە ناستراتیژییەكەیەوە هیچ كاریگەرییەكی مێژوویی نەبووە.
چوارەم: دوورگەكانی سلێمان 
 دەكەوێتە باشوری ئۆقیانووسی هێمن و ژمارەی دانیشتوانەكەی 500 هەزار كەسە.
پێنجەم: ناورۆ 
وڵاتێكە دەكەوێتە سەر كەنارەكانی ئۆقیانووسی هێمن و بچووكترین وڵاتی كۆماریی سەربەخۆیە لە جیهاندا كە پایتەختی نییە .
شەشەم: ڤاتیكان 
دەتوانرێت بوترێت كە دەوڵەتۆكەیەكە لەناو دەوڵەتێكدا و كەوتووەتە ناوجەرگەی (رۆما)ی پایتەختی ئیتاڵیاوە و بە بچووكترین وڵاتی جیهان دادەنرێت لەڕووی رووبەرەوە.
حەوتەم : تۆڤالۆ 
رووبەری ئەم وڵاتە 26 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتوانیشی (10.472) كەسە، سێیەمین بچووكترین وڵاتی جیهانە كە خاوەنی سەروەریی خۆی بێت.
 هەشتەم: ساموا
 ئەم وڵاتە دەكەوێتە باشووری ئۆقیانووسی (هێمن) لە ساڵی (1962) دا سەربەخۆیی خۆی لە نیوزلەندا وەرگرتووە.
 نۆیەم: كۆمەڵە دوورگەی بالاو
ئەم وڵاتە بریتییە لە كۆمەڵە دوورگەیەك (800) كیلۆ مەتر لە فلیپینەوە دوورە.
 دەیەم: كۆمەڵەی دوورگەی مارشال
كۆمەڵەی دوورگەی مارشال دەكەوێتە نزیك ئۆقیانووسی (هێمن) لە خۆرئاوا وە، لە ساڵی (1986) دا سەربەخۆیی لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەرگرتووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان