د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق بەبۆنەی ساڵیادی رووخانی رژێمی بەعس لە 9/4/2003دا، پەیامێكی بڵاوكردەوە.
سەرۆك كۆمار لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەداوە، كە لە ساڵیادی كەوتنی پەیكەری ستەمكاریدا، زۆر پێویستە وەڵامدەرەوەی داواكاریی عیراقییەكان بین لە بنیادنانی حوكمڕانییەكی باش و چارەسەركردنی كەموكورتی سیستەمی حوكمڕانی، ئەم یادە دەرفەت و بۆنەیەكی گونجاوە تا چاوێك بە ئەزموونی سیاسی دوو دەیەی رابردوودا بخشێنینەوە. دەشڵێت: ناكرێت ئەو وەرچەرخانە گەورانە نادیدە بگرین كە لە دوای ساڵی 2003 وە هاتوونەتە ئاراوە، ناكرێت هەمیشە پاسا و بۆ شكستەكانمان بهێنینەوە و پێویستە وەڵامدەرەوەی داواكارییەكانی گەلەكەمان بین.
راشیگەیاندووە: دوای دوو دەیە لە ئەزموونی حوكمڕانی، وڵاتەكەمان بە دۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و گەیشتووینە بنبەستی سیاسی و ئیستحقاقە دەستوورییەكان لە ئانوساتی یاسایی خۆیاندا جێبەجێ نەكراون. دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە پێنج مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكاندا، ئەم دۆخە قابیلی قبووڵكردن نییە، چونكە هەڵبژاردنی پێشوەختە داواكاریی شەقام بوو تا ببێتە میكانیزمێكی چاكسازی و مسۆگەركردنی سەقامگیریی سیاسی و كۆمەڵایەتی و راستكردنەوەی هەڵەكان و باشتركردنی گوزەرانی هاووڵاتیان و بەدەنگەوەهاتنی داواكارییە رەواكانیان.
سەرۆك كۆمار دووپاتیكردۆتەوە، كە پێویستی زۆرمان بە گرێبەستێكی سیاسی و كۆمەڵایەتیی تازە هەیە، كە بوێرانە و بابەتییانە دەست لەسەر برینەكان دابنێت، هاووڵاتیانی عیراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، چی دیكە ئەم دۆخەی ئێستا قبووڵ ناكەن و داواكارن وەڵامی خەون و هیوا و ئاواتەكانیان بدرێتەوە.