دەریا و زەریاکان پڕن لە نهێنی

10:21 - 2022-04-10
ژینگە
894 جار خوێندراوەتەوە

کەشتیی نوح
ئۆقیانووسەكان نزیكەی (71%)ی رووی زەوییان داپۆشیوە و جیهانێكیان بۆ زیندەوەرانی ئاوی دروستكردووە كە  بەشێكی  بنەڕەتی ژیانن، چونكە ئەوان نزیكەی 50-80%ی ئۆكسجین بەرهەمدەهێنن و بەمەش رۆڵی سەرەكییان هەیە لە سوڕی كاربۆن لەسەر زەوی، زانایانیش لەو بڕوایەدان تەمەنی دەریا و زەریاكان  (4.4) ملیار ساڵە.
جیهانی پر لە نهێنی 
جگە لە رووبەرە  فراوانەكەیان ئەو زانیارییانەی تائێستا زاناكان بە دەستیان هێناوە دەربارەی دەریا و زەریاکان زۆر كەم و سنووردارن ئەمەش یەكێكە لە رێگرییەكانی بەردەم ئەو زانایانەی لێكۆڵینەوە لە نهێنییەكان دەكەن و بەردەوام سەرقاڵی گەڕانن بۆ ئاشكراكردنی ئەو نهێنییانەی لەناخی دەریا و زەریاکاندا هەن، لەم ساتە مێژووییەش كە جیهان شاهێدی گۆڕانكارییەكی خێرای كەشوهەوایە زۆر گرنگە بزانرێت ئەو گۆڕانكارییانە كاریگەریی هەیە لەسەر ژیانی ئاوی و زیندەوەرانی ئاوی چەندە زیانمەند دەبن؟ تا چ رادەیەكیش دەتوانن خۆیان لەگەڵ گۆڕانكارییەكاندا بگونجێنن و ململانێ بكەن لە پێناوی مانەوەدا؟ 
فێنككەرەوەی سروشتیی گۆی زەوی 
بەهۆی ئەوەی ئۆقیانووسەكان رۆڵێكی كاریگەریان هەیە لە رێكخستنی پلەی گەرمای گۆی زەوی لە رێگەی هەڵمژین و پێچەوانەكردنەوەی تیشكی خۆرەوە، زاناكان ئەو میكانیزمەیان ناوناوە ئامێری فێنككەرەوەی سروشتیی گۆی زەوی، چاودێرانی ژینگەیی و زانایانی ئۆقیانووس ناسیش ئەوە ئاشكرا دەكەن كە بەهۆی ئەو گۆڕانكارییانەی كەشوهەوا كە ماوەی بیست ساڵە بەشێوەیەكی خێرا پەرەدەسێنێت، گۆڕانكاری بەسەر ئەو میكانیزمی فێنككەرەوەیەشدا هاتووە و ئەوەش كاری كردووەتە سەر پلەی گەرمی گۆی زەوی و سووڕی كاربۆن و بەرهەمهێنانی ئۆكسجینیش.
جۆری جیاوازی ژیان
ئەوەی تائێستا لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە و پشكنینە بەردەوامەكانی زانایانەوە زانراوە ئەوەیە كە دەریاو ئۆقیانووسەكان زیاتر لە (230) هەزار جۆری رووەك و زیندەوەری ئاوی لەخۆ دەگرن و ماسی و زیندەوەرانی  بێ بڕبڕەش شوێنی سەلامەتی خۆیان لە بنی رووبەرە ئاوییەكاندا دەدۆزنەوە و رووەكە ئاوییەكانیش لە رووبەرە كەم قووڵەكاندا گەشە دەكەن، هەرچی زیندەوەرە گەورەكانی وەك نەهەنگ و ماسی قرش و دۆلفینە لە رووبەرە ئاوییە كراوەكاندا دەژین .
سەیرترین زیندەوەرەكانی تائێستا دۆزراونەتەوە 
بە درێژایی دەیان ساڵی كاری زانایان و ئەوانەی بەدوای ئاشكراكردنی نهێنی دەریا و زەریاكانەوەن ساڵانە چەندین جۆر زیندەوەر و رووەكی سەیر دۆزراونەتەوە كە بە تەواوی جیاوازبوون لەوانەی پێشتر و دواترینیان لە ساڵی 2007 دا دۆزرایەوە و زاناكان ناویاننا (كرمە ماسی)، لەگەڵ ئەوەشدا  وەك ئەوان باسی دەكەن، ئەو رووەک و  زیندەرەوەرانەی تا ئێستا لە دەریا و زەریاکاندا دۆزراونەتەوە و  ئاشكرا كراون  بە تەنها سێیەكی ئەو رووەك و زیندەوەرانەیە كە لە قوڵایی دەریا و زەریاکاندا هەن و دەژین.
زەنگی ئاگاداركردنەوە
پسپۆڕانی ژینگەیی باس لەوە دەكەن هەندێك جۆری قەوزەی رەنگ ئاڵ هەبوون ئێستا رەنگیان نەماوە یان تۆخ بوون كە ئەمەش نیشانەیەكی مەترسییدارە، بەو پێیەی رەنگی ئاڵ و گەشەكردنی ئەو جۆرە قەوزانە پشتی بە جۆرێك زیندەوەری مایكرۆسۆبی بەستووە و  پیسبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی كاریگەریی لەسەر كەمبوونەوەی ئەو زیندەوەرانە هەیە و دواجاریش گەشەی ئەو قەوزانە دەشێوێت.
ئەو زیندەوەرانەی ناتوانن خۆیان بپارێزن 
بەپێی نوێترین توێژینەوە دەركەوتووە گۆڕانكاریی كەشوهەوا هەڕەشەیەكی دیارە بۆ ژیانی ناو دەریا و زەریاكان و بەرزبوونەوەی خێرای پلەكانی گەرما بووەتە هۆكاری قڕتێكەوتنی زۆر جۆری ماسی و زیندەوەری ئاوی كە رێژەكەی  دوو هێندەی ئەو ئاژەڵ و گیانلەبەر و باڵندانەیە كە لەسەر وشكانی بە هەمان هۆكار بەرە و قڕتێكەوتن دەچن، ئەو توێژینەوەیە ئاماژەی بەوەداوە زۆربەی زیندەوەرە ئاوییەكان شوێنێكی گونجاوتریان نییە لە دەریا و زەریاکاندا تا خۆیان  لە كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بپارێزن.
توانەوە بەستەڵەكەكان هەڕەشەیەكی ترە
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی بەستەڵەكەكان بەخێرایی دەتوێنەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاو ئۆقیانووسەكان و دەردانی گازی میتان كە دواجار دەبنە هۆی دیاردەی ناسراو بە (ترشەڵۆك بوونی ئۆقیانووسەكان) و ئەم دیاردەیەش هەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی زیندەوەرە ئاوییە جیاوازەكان.
پەیوەندی مرۆڤ بە ئاوەوە  لەبەردەم هەڕەشەدایە
پەیوەندی مرۆڤ بە ئاوەوە مێژوویەكی هەزاران ساڵەی هەیە و هەر لە كۆنەوە مرۆڤ لە كەنار دەریا و نزیك سەرچاوەكانی ئاو نیشتەجێبووە و وەك سەرچاوەی ژیانی لێی روانیوە، هەروەها دەریا و زەریاكان رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە دەركەوتنی شارستانییەتە جیاوازەكاندا، تا ئێستاش زیاتر لە یەك ملیار كەس لە ناوچە كەنارییەكان دەژین، بەڵام لەمەودوا و بەهۆی بەرزبووونەوەی ئاستی دەریاكان ئەو پەیوەندییە قووڵەی نێوان مرۆڤ و ئاو دەكەوێتە بەردەم هەڕەشە.
پاراستنی رووبەرە ئاوییەكان
ئەو رووبەرە ئاوییانەی كە تائێستا مرۆڤ لێیان نزیك نەبووەتەوە  دەگاتە (13%) ی هەموو رووبەرە ئاوییەكانی جیهان، پڕۆژەكانی راوكردن و پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا هیچ ناوچەیەكی نەهێشتووەتەوە، تەنانەت ئەگەر زۆر چۆڵ و دوورە دەستیش بووبێت، پاراستنی ئەو ناوچە كەمانە و زیندەوەرە ئاشكرا كراو و هێشتا نەدۆزراوەكانیش ئەركێكی قورسە لەسەرشانی شارەزایان و پسپۆڕانی ئەو بوارە بۆ مسۆگەركردنی ژیانێكی باش بۆ نەوەكانی داهاتوو بۆ ئەوەی ئەوانیش لە سەر گۆی زەوی بە سەلامەتی بژین، نەك لە هەسارەیەكی چۆڵ و بێ ژیانی كێوی و ئاویی.
 سەرچاوە: DW

بابەتە پەیوەندیدارەکان