چیرۆكی ڤۆلكسواگن لەسەر راسپاردەی هیتلەر بوو بە ئۆتۆمبیلی گەل

10:38 - 2022-04-10
ژینگە
368 جار خوێندراوەتەوە

کەشتیی نوح
بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی ڤۆلكسواگن چیرۆكێكی دوور و درێژی لە پشتەوەیە و بە یەكێك لەو ئۆتۆمبیلانە دادەنرێت كە توانی  بەرامبەر هەموو ئاستەنگییەكان بوەستێت و ناوێكی دیاربێت لەناو جیهانی ئۆتۆمبیلدا.
 ئەم ئۆتۆمبیلە  ساڵی 1937 لەسەر راسپاردەی هیتلەر دەستكرا بە بەرهەمهێنانی و لە لایەن  پارتەكەی هیتلەرەوە بودجەی بۆ تەرخانكرا و خودی هیتلەر ئەندازیارێكی سەر بە پارتەكەی بەناوی ( فیردیناند پۆرشێیە)ی راسپارد كە دامەزرێنەری ماركەی بورشی ئەڵمانی بوو بۆ ئەوەی ئەو ئۆتۆمبیلە دیزاین بكات، كە نرخەكەی 140 دۆلار تێپەڕ نەكات بۆ دوو مەبەست: یەكەمیان، بۆ ئەوەی ببێتە ئۆتۆمبیلێك هەموو گەلی ئەڵمانی بەكاریبهێنێت، بەرهەمهێنانیشی هێندە گەشە بكات كە بتوانرێت هەناردەی وڵاتانی دەرەوەش بكرێت، دووەمیش، بۆ پڕوپاگەندە بوو بۆ دەسەڵاتی بەهێزی خۆی لە هەموو ئەڵمانیادا .
لە ئایاری ساڵی 1937 دا كارگەیەك بەناوی (جیزۆڤەر) لە شاری (ڤۆلسبۆرگ) بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلەكە دروستكرا، دواتر لە ئەیلولی هەمان ساڵدا ناوەكەی گۆڕا بۆ (ڤۆلكسواگن) كە ناوەكە بریتی بوو لە دوو وشەی (ڤۆلكس) بە مانای گەل و (واگن) بە مانای ئۆتۆمبیل، نۆبەرەی بەرهەمەكە پێشكەشی هیتلەر و چەند فەرماندەیەكی سەربازیی كرا و دواتر بە هەموو ئەڵمانیادا بڵاوبووەوە، هەرچەندە پێش ئەوكاتە لە هەر پەنجا ئەڵمانییەک تەنها كەسێكیان ئۆتۆمبیلیان هەبوو، بەڵام بەهۆی هەرزانی نرخەكەیەوە  خەڵكێكی زۆر توانییان بیكڕن.
قەبارەی ئۆتۆمبیلەكە و پێكهاتەكەی
 ئەو ئۆتۆمبیلە نوێیە قەبارەیەكی بچووكی هەبوو، جۆرێك دروستكرابوو كە تەنها دوو دەرگای پێشەوەی هەبوو و جێگەی دوو كەسی گەورە و سێ مناڵی تەمەن دوو بۆ پێنج ساڵی تێدا دەبووەوە، هەروەها دیزاینەكەشی وابوو كە بزوێنەرەكەی لە بەشی دواوەی ئۆتۆمبیلەكەدا بوو.
لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا یەكەم بەرهەمی ڤۆلكسواگن بە ناوی (kdf)كە كورتكراوەی (Kraft- durch- freude) بوو مانای (بەختەوەری لە رێگەی هێزەوەیە) خرایەڕوو، هەر بە راستیش وابوو، بەڵام دواتر بەهۆی هەندێك كێشەی خستنە بازاڕەوە ناوەكە گۆڕا بۆ (ڤۆلكسواگن)، دواتریش نازناوی (Beetle)ی لێنرا و بۆ یەكەمجاریش لە ساڵی 1938دا لە پێشانگای نێودەوڵەتیی بەرلین بۆ ئۆتۆمبیل نمایشكرا.
 لە ساڵی 1939دا جارێكیتر جیهان كەوەتەوە دۆخێكی نالەبار و جەنگی دووەمی جیهان هەڵگیرسا، ئیدی كارگەی ئۆتۆمبیلی ڤۆلكسواگن-یش لە كارگەی دروستكردنی ئۆتۆمبیلەوە بووە كارگەی دروستكردنی پێداویستی سەربازیی بۆ جەنگەكە.
دوای كۆتاییهاتنی جەنگیش بەهۆی ئەو زیانە زۆرەی بەر ئەڵمانیا كەوت و ئەو وڵاتە دابەشبوو بۆ ئەڵمانیای خۆرهەڵات و خۆرئاوا، كارگەی ڤۆلكسواگن كەوتەوەكار، بەڵام لە ژێر سەرپەرشتی بەریتانیادا و لەیەك ساڵدا (10) هەزار ئۆتۆمبیلی دروستكرد.
 ساڵی 1948 دیسانەوە كەوتەوە دەست دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیای خۆرئاوا و بەرهەمەكانی كارگەکەش خەریكبوو بە جیهاندا بڵاودەبووەوە بە تایبەت لە ئەمریكا، ئیدی ئەو ئۆتۆمبیلە بەناو شەقامەكانی ئەمریكادا دەسوڕایەوە.

 

 

ساڵی 1972 كۆمپانیای ڤۆلكسواگن ریکۆردی فرۆشتنی شکاند 
هەر زوو شێوە و قەبارەی ئەو ئۆتۆمبیلە چووە دڵی خەڵكەوە و هەرزانییەكەشی هۆكارێكی تر بوو كە زۆر كەس بیكڕێت، ئەمەش وایكرد رێژەی فرۆشتنی ڤۆلكسواگن  بگاتە (52%) و رێژەی فرۆشتنی ئۆتۆمبیلە ئەوروپییەكانی تر دابەزێت بۆ (27%)، لەوكاتەوە و بۆ ساڵانی دواتریش ڤۆلكسواگن تەنها ئۆتۆمبیل نەبوو، بەڵكو ئەوەی خاوەنی بوایە وەك ئەوە بوو بە خەڵك بڵێت من لە سەرمایەداریدا نقوم نەبووم، هەروەها ئۆتۆمبیلەكە بووە هێمای ئەندامانی بزووتنەوەی (هیپی) و لە شەستەكانیشدا رەوشەكە وا بەردەوام بوو و ئەندامانی بزووتنەوە رۆشنبیرییەكان ببوونە لایەنگری سەرسەختی ئۆتۆمبیلی فۆڵكسواگن یان (Beetle) بەجۆرێك نرخەكەی گەیشتە 1600 دۆلار لە كاتێكدا فۆرد نرخی (2700) دۆلار بوو.
ساڵی 1972 كۆمپانیای ڤۆلكسواگن بە فرۆشتنی 25 ملیۆن ئۆتۆمبیلی مۆدێلی (T) توانی  ئەو ریكۆردە جیهانییە بشكێنێت كە پێشتر بە ناوی كۆمپانیای فۆردەوە تۆماركرابوو بەوەی  15 ملیۆن ئۆتۆمبیلی فرۆشتبوو، هەروەها  خواستێكی زۆری لەسەر بوو و لە چەندین فیلمی هۆڵیودیشدا رۆڵی خۆی بینی.
لە سەرەتای هەشتاكاندا ژاپۆن هاتە سەر هێڵ و ویستی كێبڕكێ لەگەڵ ڤۆلكسواگندا بكات و ئۆتۆمبیلێكی نوێی خستە بازاڕەوە كە نوێتر و هەرزانتر بوو هەرچەندە ئەوە زەبرێكی كاریگەر بوو لە (ڤۆلكسواگن) درا، بەڵام نەمرد و ژیانی نوێی لە مەكسیك و بەرازیل و باشووری ئەفریقیا دەستپێكردەوە.
  دوای ئەو مێژووە دێرینەی لە ساڵی 2015دا ڤۆلكسواگن تووشی قەیرانێكی گەورە بوو كە لە جیهاندا بە ئابڕووچوونی دیزل ناسراوە، چونكە ئەو كۆمپانیایە ژمارەی ئەگزۆزی ئەو ئۆتۆمبیلانەی ساختەدەكرد كە بە بزوێنەری دیزل كاریان دەكرد، بەڵام لەو ساڵەدا دانی بە راستییەكاندا ناو بەهۆیەوە (30) ملیار دۆلاری وەك قەرەبوو دایە لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەو كەیسە، بەڵام وەك هەمیشە ڤۆلكسواگن كاتێك دەكەوێتە كێشەوە هەر زوو تێیدەپەڕێنێت و بە ئۆتۆمبیلێكی نوێوە دێتەوە گۆڕەپانەكە و شەیدایانی سەرسام دەكات و لەو كاروانەی بەردەوام دەبێت كە زیاتر لە هەشت دەدەیە گرتوویەتییە بەر.
 سەرچاوە: صوت الامە ، sky news 

بابەتە پەیوەندیدارەکان