عەباس ساڵح
منی لێ نیم
دێیتەوە بۆ ئەم ماڵە
بەباڵای دارچنارەکەدا دەڕوانی
لە ئاوی کوپەکە دەخۆیتەوە
یەکە یەکە پلاکی گڵۆپەکان دادەگیرسێنی
بە پلیکانەکاندا سەردەکەوی بۆ قاتی سەرەرەوە
کتێبخانە بێ نازەکە دەبینی
سەرو خواری ژوورەکان دەکەیت
ئایەتێکی سەردیواری یەکێ لەژوورەکان دەخوێنیتەوە
دەچیتە ژووری میوان کەمێ دادەنیشی
دەگەڕێی تێر دەگەڕێی
کەسێ نابینی لێی بپرسی بڵێی کوا..
منی لێ نیم
من نەماوم
رۆژێ دێ
رۆژێ دەگەڕێتەوە
لە جاران جوانترە
پرچەکانی بە پەلکی نێرگز بەستوە
لێوەکانی رەنگ کردوە بە پەڕەی گوڵاڵە سوورە
گۆنای وەک مانگی تابانە
گوڵێ دێتەوە کراسێکی ئاودامان پەمەیی لەبەردایە
ستیانێکی رەش لە ژێریا
دوو بەچکە مامزی سرک
چاوشارکێ دەکەن
گوڵێ دێتەوە
هەموو گیانی جوانییە
پڕ لەبەستەو گۆرانییە..
نوێبوونەوە
گوڵ چۆن ئاونگی گرتووە
ئاسمان چۆن ئەستێرەی گرتووە
بەهار چۆن جوانی گرتووە
هەرچۆنی سەرنج ئەدەی
من بووم بەدرەخت و تۆش بە گوڵ
بڕوات ببێ من تۆم گرتووە