هەولێر و دهۆكیش داوای شەفافییەتی داهات دەكەن

09:37 - 2022-12-28
ڕاپۆرت
718 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر و دهۆكیش داوا دەكەن شەفافییەت لە داهاتدا هەبێت و وەك سلێمانی «شەفافییەت» هەبێت، بەوپێیەی لە رێی چەندین خاڵی سنوورییەوە داهاتێكی زۆر كۆدەكرێتەوە و كەس نازانێت چەندە، ئەمە جگەلەوەی داهاتی ناوخۆییش هەیە و نادیارە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، بۆ یەكەمجار لە مێژووی 30ساڵەی حوكمڕانیدا لە هەرێم، لە رێی پڕۆژەی شەفافییەتەوە داهاتی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بە خەڵك دەڵێت، بەڵام داهاتی هەولێر و دهۆك و ئیدارەكانی ئەو سنوورە «نادیارە» و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆكیش دەڵێت: حكومەتی هەرێم خۆی لە شەفافییەت دەدزێتەوە.

هەولێر لەشەفافییەت بێبەش نەكرێت
 شەفافییەت پێگەی حكومەتی هەرێم جێگیر دەكات و متمانە بۆ حكومەت دەگە‌ڕێنێتەوە.
رێباز بیركۆتی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە سایتی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: قوباد تاڵەبانی لە راگەیاندنی پڕۆژەی شەفافییەتدا، خزمەتێكی باشی بە پڕۆسەی دیموكراسی لە سلێمانی كرد و لە هەموو جیهاندا پرسی شەفافییەت، پرسێكی گشتییە، وتیشی: پێویستە خەڵكی هەولێر پشتگیریی پڕۆژەكەی قوباد تاڵەبانی بكەن، چونكە مافی خۆیانە وەك خەڵكی سلێمانی بزانن داهات و خەرجی پارێزگاكەیان چەندە و چۆن خەرج دەكرێت.
شاراوەیی داهات و خەرجی حكومەت وایكردووە كە متمانە لاوازبێت، بەتایبەتی لەلای لایەنە سیاسییەكانی بەشداربووی حكومەتی هەرێم و هاووڵاتیانیش بەگشتی، بۆیە شەفافییەت ئەو متمانە لە دەستدراوە دەگێڕێتەوە.
رێباز بیركۆتی دەڵێت: پێویستە لایەنەكانی پێكهێنەری حكومەتی هەرێم بە گرنگی و لە روانگەی دڵسۆزییەوە لە پڕۆژەی شەفافییەت بڕوانن، چونكە ئەو پڕۆژەیە گەڕانەوەی متمانەیە لە خەڵكەوە بۆ حكومەت، راشیگەیاند: شەفافییەت جۆرێكە لە خواستی گشتی، هاووڵاتیان دەیانەوێت داهات و خەرجی بزانن، بۆیە پێویستە وەك مافێكی تاك خەڵكی لێ بێبەش نەكرێت و «نەك تەنها بۆ سلێمانی، ئەم پرسە بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە و پێویستە حكومەتی هەرێم كاری لەسەر بكات و گەشە بە شەفافییەت بدات».

حكومەت خۆی لە شەفافییەتی دهۆك دەدزێتەوە
پارێزگای دهۆك لە رووی جوگرافییەوە لەگەڵ دوو وڵاتی گەورەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هاوسنوورە و داهاتێكی زۆر بۆ حكومەتی هەرێم دەستەبەر دەكات، لەم روانگەیەشەوە جێبەجێكردنی پڕۆژەی شەفافییەت بەتایبەت بۆ دهۆك بە گرنگ دەزانرێت، بەڵام حكومەت خۆی لێدەدزێتەوە.
عیماد شوكر گۆران سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بە سایتی رەسمیی یەكێتیPUKMEDIA ی راگەیاند: شەفافییەت پڕۆژەیەكی گرنگ و پیرۆزە و بەتایبەت پێویستە لە پارێزگای دهۆك جێبەجێ بكرێت، چونكە دهۆك داهاتێكی زۆر بۆ حكومەت دەستەبەر دەكات، لەكاتێكدا حكومەت خۆی لە شەفافییەت دەدزێتەوە، وتیشی: نەبوونی شەفافییەت لە دهۆك وایكردووە لە سەرەتای دروستبوونییەوە هیچ كەسێك، تەنانەت بەرپرسی خاڵە سنوورییەكەش ئاگاداری داهاتی خاڵی سنووری ئیبراهیم خەلیل نەبێت و خەڵكی دهۆكیش مافی خۆیانە وەك سلێمانی ئاگاداری داهات و خەرجی پارێزگاكەیان بن، بەتایبەت لەكاتێكدا كە چەندین خاڵی سنووری گەورەی رەسمی و ناڕەسمی لەنێوان ئەم پارێزگایە و دوو وڵاتی گەورەی وەك توركیا و سوریادا هەیە.

شەفافییەت داهات زیاد دەكات
 پڕۆژەی شەفافییەت بە هۆكارێكی گرنگ دەزانرێت بۆ زیادكردنی داهات و هانی خەڵك دەدات لەكاتی خۆیدا پابەندی ئەو بڕە پارەیە بن كە وەك كرێی ئاو و كارەبا و هیتر... لێیان وەردەگیرێت.

هۆشیار ئیسماعیل مستەفا پیرۆت ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە PUKMEDIA ی راگەیاند: خەڵكی هەولێر و دهۆكیش مافی خۆیانە وەك خەڵكی سلێمانی بزانن داهاتی پارێزگاكەیان چەندە و شەفافە، پڕۆژەی شەفافییەت هۆكارێكی دیكەیە بۆ زیادكردنی داهات، چونكە كاتێك خەڵك بزانێت ئەو رسومات و باج و كرێیەی دەیدات بە حكومەت، شوێنی خۆی دەگرێت و بۆ پڕۆژە خەرج دەكرێت، بێگومان پابەند دەبێت لەكاتی خۆیدا پارە بدات، ئاماژەی بەوەش دا: پێشتر نەماندەزانی بەدیاریكراوی داهاتی سلێمانی چەندە، بەڵام ئێستا نەك ئێمە و ئەندامانی پەرلەمان، بەڵكو هەموو كەسێك لە ماڵەكەی خۆیەوە دەزانێت داهاتی سلێمانی چەندە، ئەمە لەكاتێكدا لە داهاتوودا خەرجییەكانیش ئاشكرا دەكرێت، بەمەش هاووڵاتیان داهات و خەرجی پارێزگای سلێمانییان لەبەردەستدا دەبێت.
رۆژی 15/12/2022، دوای 30 ساڵ، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دەستی قوباد تاڵەبانی، بوو بە خاوەنی پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی.
ئێستا رۆژانە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەكانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕ‌ین، لە سایتی شەفافییەتەوە بزانیت.

PUKMEDIA

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر:  قوباد تاڵەبانی لە راگەیاندنی پڕۆژەی شەفافییەتدا، خزمەتێكی باشی بە پڕۆسەی دیموكراسی لە سلێمانی كرد
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك:  شەفافییەت پڕۆژەیەكی گرنگ و پیرۆزە و بەتایبەت پێویستە لە پارێزگای دهۆك جێبەجێ بكرێت
ئەندامێكی ئەنجومەنی  پارێزگای سلێمانی: خەڵكی هەولێر و دهۆكیش مافی خۆیانە وەك خەڵكی سلێمانی بزانن داهاتی پارێزگاكەیان چەندە

 

#هەولێر #دهۆک

بابەتە پەیوەندیدارەکان