محه‌مه‌د گۆران
ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گۆڤاری دیوان، دۆسێ و دیمانه‌كه‌یه‌تی، له‌و ژماره‌یه‌شدا دۆسییه‌كی تێروته‌سه‌ل له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند (حه‌مه‌جه‌زا) ئاماده‌كراوه و دیمانه‌ی ئه‌مجاره‌ش له‌گه‌ڵ دكتۆر (فه‌ره‌نگیس قادری) ساز دراوه. یه‌كێ له‌و بنه‌مایانه‌ی كه‌وا دیوان كاری له‌سه‌ر ده‌كات، له‌هه‌موو ژماره‌یه‌ك هه‌وڵدراوه ئه‌گه‌ر دۆسییه‌كه له‌سه‌ر كه‌سایه‌تییه‌ك بێ له ره‌گه‌زی نێر، ئه‌وا دیمانه‌كه له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كی ره‌گه‌ز مێ بکرێت و به‌پێچه‌وانه‌شەوە، له‌م ژماره‌یه‌شدا هه‌ر وا كراوه.
حه‌مه جه‌زا حه‌زی نه‌ده‌كرد به‌و شێوه‌یه بمرێت
له دۆسییه‌ی هونه‌رمه‌ند (حه‌مه‌جه‌زا) چه‌ندین نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند به‌بابه‌ت و نووسین و دیمانه به‌شدارییان كردووه و هه‌ریه‌كه له‌وان تیشكی خستۆته سه‌ر لایه‌نێكی ژیانی حه‌مه‌جه‌زا. له یه‌كێ له بابه‌ته‌كان كه دیمانه‌یه‌كه و دیوان له‌گه‌ڵ (هونه‌ر حه‌مه‌جه‌زا) سازیکردووە، هونه‌ری كوڕی حه‌مه‌جه‌زا له به‌شێكی دیمانه‌كه له‌باره‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ی باوكی ده‌ڵێت: «دكتۆر باسی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه كار له‌كار ترازاوه، به‌ڵام باوكم زووتر دركی به‌وه كردبوو، ئه‌گه‌رچی له رووخساری هه‌رگیز ئه‌وه‌مان به‌دی نه‌ده‌كرد، هیچ جارێكیش ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر زاردا نه‌هات، به‌ڵام به‌هۆنراوه‌كانییه‌وه دیاربوو»، هونه‌ر سه‌باره‌ت به تێڕوانینی ئه‌و كاتانه‌ی حه‌مه‌جه‌زا بۆ ژیان ده‌ڵێت: «دڵی زۆر به‌ژیان خۆش‌بوو، هیوای به‌وه هه‌بوو مرۆڤ ده‌بێت بژیت، به‌ڵام تاكه شتێك زۆری پێ‌ناخۆش بوو، ده‌یگوت هه‌رگیز حه‌زم نه‌ده‌كرد به‌و شێوه‌یه بمرم، ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نام ده‌كرد شه‌هیدبوون بوو».
دۆسییه‌كه‌ی حه‌مه‌جه‌زا 40 لاپه‌ڕه‌یه، چه‌ندین نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی وه‌كو (محه‌مه‌د حه‌مه‌باقی، رزگار خۆشناو، دكتۆر عه‌بدلواحید ئیدریس، ناسری ره‌زازی، شێرزاد سه‌رسپی، مه‌جید خۆشناو، وریا ئه‌حمه‌د، جه‌مالی ده‌لاك)، هه‌ریه‌كه و به‌شێوه‌یه‌ك باس له لایه‌نێكی دره‌وشاوه‌ی ژیانی ئه‌و كه‌ڵه هونه‌رمه‌نده ده‌كه‌ن.
مێژووی خوێندكاران
له‌به‌شی مێژووی ئه‌م جاره‌ی دیوان، دكتۆر (ئه‌حمه‌د حه‌مه‌دئه‌مین) توێژینه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر مێژووی دروستبوونی (یه‌كێتی خوێندكارانی كوردستان) كردووه و له به‌شێكی نووسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: «دوای ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنی رێكخراوه، بڕیاری ئه‌وه درا له یه‌كه‌م رۆژی ده‌سپێكردنی ساڵی خوێندنی (1976-1977) به‌هه‌موو شاره‌كانی كوردستان به‌گشتی و له به‌غدای پایته‌خت به تایبه‌تی بڵاوبكرێته‌وه، بێگومان بڕیاردانی ئه‌و كاره‌ش دواتر به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامدرا و ده‌نگ و سه‌دایه‌كی گه‌وره‌ی له نێو خوێندكاران و جه‌ماوه‌ردا لێكه‌وته‌وه و گڕوتینێكی خسته نێو خوێندكاران به گشتی و هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه وره‌یان به‌ردابوو به‌تایبه‌تی، ئاكام ئومێدێكی تازه‌ی پێبه‌خشین. یه‌كێتی خوێندكارانی شۆڕشگێڕی كوردستان، بۆ مه‌به‌ستی هه‌نگاوی باشتر و كاركردن، وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م سكرتێر و لێپرسراوی لقه‌كانی دیاری كرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا شوان سه‌عید عه‌لی (شامیل) وه‌كو سكرتێر، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی لێپرسراوی لقی هه‌ولێر، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن خورشید لێپرسراوی لقی كه‌ركووك، له‌تیف شێخ عومه‌ر لێپرسراوی لقی سلێمانی و ره‌ئوف ئاكره‌یی به‌لێپرسراوی لقی مووسڵ و دهۆك دیاری كران».
هه‌ولێری جاران
له‌به‌شی (ئه‌ده‌ب)ی ئه‌مجاره‌ی دیوان، (بۆتان جه‌لال) ده‌قێكی ره‌خنه‌یی له‌ژێر ناونیشانی (ته‌ڵعه‌ت تاهیر، له‌به‌ر ئاوازێك نایه‌وێت ببێته گۆرانی) نووسیوه، هاوكات دكتۆر ئازاد هیدایه‌ت ده‌لۆ به چیرۆكی (ئه‌نفال .. نا)، داستان بارزان به‌ده‌قێكی شیعری (به‌یازی ئازار) به‌رهه‌مه‌كانیان بڵاوبۆته‌وه.
له‌به‌شی (رۆشنبیری گشتی)شدا، موعته‌سه‌م ساڵه‌یی به‌بابه‌تی (كاریگه‌ری كه‌سایه‌تییه به‌ڕه‌گه‌ز كورده‌كان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بیی هاوچه‌رخ) و دكتۆر زه‌كه‌ریا ئیبراهیم به‌بابه‌تی (ترس له‌مردن) كه سه‌رتیپ ئاغا واحد به‌گ وه‌رگێڕانی بۆ كردووه، به‌شداربوونه. هه‌ر له‌م به‌شه‌دا (ره‌نگین عه‌بدوڵا) له‌بابه‌تێكدا به‌ناونیشانی (هه‌ولێری جاران.. روانگه‌ی فه‌لسه‌فه، سۆسیۆلۆژیا، رۆشنبیریی)، له‌به‌شێكی نووسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: «هه‌ولێر شار و پایته‌ختی ره‌سه‌نی كورده‌واریی، به‌درێژایی مێژوو له‌ژێر جۆره‌ها ناونیشان جێگه‌ی خۆی كردۆته‌وه، هه‌ر یه‌ك له‌م ناونیشانانه ده‌لاله‌تی مێژوو، فه‌رهه‌نگ و شوناسه‌كه‌ی له‌خۆگرتووه، هه‌موو ئه‌مانه پێكه‌وه هاوشان له‌گه‌ڵ ره‌هه‌ندی كۆمه‌ڵناسیی، بنه‌مای ئابووریی، ته‌لارسازیی و دێرینیی شاره‌كه ده‌بن به‌هێمای ناسینه‌وه‌ی ئه‌وێنده‌ر، ئه‌وێیه‌ك هه‌ندێك به (هۆلاكۆ به‌زین، ناوی ده‌به‌ن و هه‌ندێك به (هه‌ولێره ماست) و به‌شێكیش به‌نیشتمانی شه‌ڕه مه‌زنه مێژووییه‌كه‌ی (گواگامێلا) و ئێستاش به (قه‌ڵا و مناره) مه‌شهووره، هه‌موو ئه‌مانه‌ش تابلۆی شاری هه‌ولێر ته‌واو ده‌كه‌ن».
ئه‌ده‌بی كوردی ته‌نها دوو ژنی تێدایه!
دكتۆر فه‌ره‌نگیس قادری، توێژه‌ر و مامۆستایه له‌په‌یمانگای دیراساتی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌زانكۆی ئێكسێتێری به‌ریتانیا، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌كانی كوردی و هه‌روه‌ها لێكۆڵه‌ری سه‌ره‌كی به‌شی كوردی پڕۆژه‌ی ئه‌رشیفی دیجیتاڵی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته له‌زانكۆی ئێكسێتێر.
دكتۆر فه‌ره‌نگیس، له‌و ژماره‌یه‌ی دیوان دیمانه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی بڵاوكراوه‌ته‌وه و تیشكی خستۆته سه‌ر چه‌ند پرسێكی گرنگ، وه‌ك به‌شێ له قسه‌كانی كه كراوه‌ته مانشێت، ده‌ڵێت: «كتێبی مێژووی ئه‌ده‌بی كوردیی مارف خه‌زنه‌دار كه له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه تاساڵی 1975 له‌خۆ ده‌گرێت، ته‌نها دوو ژنی تێدایه. كێشه‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی مارف خه‌زنه‌دار بووه‌ته سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و گرنگی زانكۆكان، ئه‌مه‌ش ئه‌و په‌یامه ده‌نێرێت، كه له رووی مێژووییه‌وه ژن له ئه‌ده‌بی كوردیدا بوونی نییه«.
هونه‌ر و كتێب
له‌به‌شی هونه‌ر، (حه‌مه‌سوار عه‌زیز) له‌بابه‌تێكیدا به‌ناونیشانی: شانۆی كوردیی له هه‌ولێر به‌ره‌و كوێ؟ له (هه‌بوو نه‌بوو) تا (رووته و سه‌گ و به‌گ)، نووسیوێتی: نمایشی (رووته و سه‌گ و به‌گ) دواهه‌مین نمایشی شانۆیی بوو، له مه‌راسیمی كۆتایی حه‌فته‌مین ڤێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ شانۆ، له‌هه‌ولێر پێشكه‌ش كرا... كوالێتی هونه‌ریی ئه‌م نمایشه بۆ من و زۆرێك له ئاماده‌بوانی ئه‌م نمایشه، هه‌زارویه‌ك نیشانه‌ی پرسیار و سه‌رسوڕمانی دروستكرد و رووبه‌ڕووی واقیعێكی تاڵی هونه‌ری شانۆی كردینه‌وه. هه‌ر له‌م به‌شه‌دا (ئه‌سعه‌د قه‌ره‌داغی) بابه‌تێكی له‌ژێر ناونیشانی (سروودی ئه‌ی ره‌قیب له‌تای ته‌رازوودا) بڵاوكردۆته‌وه.
له‌به‌شی (خوێندنه‌وه‌ی كتێب)یشدا، هۆشه‌نگ شێخ محه‌مه‌د یوسف، خوێندنه‌وه‌یه‌كی بۆ كتێبی (پ. د. موحسین محه‌مه‌د حوسێن.. بێ ترس و دوور له‌سۆز مێژوو ده‌نووسێته‌وه) كردووه، هاوكات به‌شی دووه‌می كتێبه‌كه‌ی حه‌مه كه‌ریم هه‌ورامی (كردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كان)یش هه‌ر له‌م به‌شه‌ی گۆڤاره‌كه نمایش كراوه.
بیره‌وه‌ری و شتی دیكه
وه‌ك هه‌موو جارێك، له‌م ژماره‌یه‌شدا (د. ئه‌رسه‌لان بایز) به‌شێكی (13) دیكه‌ی بیروه‌رییه‌كانی (شه‌و له كێوان) نووسیوه‌ته‌وه، ئه‌مجاره دوو (گه‌شتنامه)ش هه‌ر له‌م به‌شه‌دا بڵاوبۆته‌وه، (ره‌وه‌ست نه‌وزاد) دوای گه‌شته‌كه‌ی بۆ وڵاتی میسر كردی، پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی (له‌گه‌شتی وڵاتی میسر، فیلمی میسریم بینی) نووسیوه، هاوكات (عه‌لی ئه‌ڵوه‌ن)یش پاش سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ دوبه‌ی، (ئه‌وه‌ی ده‌یبینی.. وه‌كو ئه‌وه نییه كه ده‌یبیستی) بڵاوكرده‌وه. له (وێستگه‌ی دیوان)یش، وه‌ك هه‌ر جاره‌ك چه‌ند بابه‌تێكی فه‌رهه‌نگی و مێژوویی و زانستی تێدا بڵاوبۆته‌وه، بۆ ئه‌مجاره‌ش وێنه‌ی كۆتایی به‌رگ، به كارێكی هونه‌رمه‌ند (رۆسته‌م ئاغاله) رازێندراوه‌ته‌وه.
دیوان، گۆڤارێكی مانگانه‌ی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیریی گشتییه، ناوه‌ندی هه‌ولێری مه‌كته‌بی راگه‌یاندنی ی.ن.ك ده‌ریده‌كات. هه‌موو سه‌ری مانگێك به‌قه‌باره‌ی (ئه‌ی فۆڕ) 144 لاپه‌ڕه له‌شاری هه‌ولێر ده‌رده‌چێت.