کەرکوک، هێمن ئەحمەد
لە دوای شانزەی ئۆكتۆبەرەوە، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك لە ماوەی كاركردنیدا توانیویەتی گەلێك پڕۆژە لە شارەكە جێبەجێبکات، بەڵام بەراورد بە ناوچەكانی تری كەركوك، ناوچە كوردنشینەكان بە شێوەیەكی بەرچاو پشتگوێ خراوە و بەشێكی زۆری پڕۆژەكان بە نیوە ناچڵی بە جێهێڵراوە، بەشێکیش لەو گەڕەکانە خزمەتگوزاری بە هیچ جۆرێك پێنەگەیشتووە، ئەو پڕۆژانەشی دەکرێت بەشێكی زۆریان كێشەی تێدایە و نەتوانراوە ئەو كێشانە لە رووی تەكنیكیەوە چارەسەر بكەن.
دوو ساڵە بەجێهێڵراوە
ماوەی سێ ساڵە بڕیار لەسەر پڕۆژەی قیرتاوكردنی شەقامە سەرەكییەكەی باروتخانەی کەرکوک دراوە، بەڵام تاكو ئێستا بەتەواوەتی پڕۆژەكە جێبەجێ نەکراوە و ئەو گەڕەکە بە وێرانی بەجێهڵێراوە، عەبدوڵڵا محەمەد، دانیشتووی ئەو گەڕەکەیە دەڵێت: دوو ساڵە پڕۆژەی چاکسازی لە گەڕەكەكەیان بەجێهێڵراوە، هەرچەندە چەند جارێك لە راگەیاندنەکان باسکراوە، بەڵام كەس باكی نییە، چونكە ناوچەیەكی كوردنشینە.
خەڵكی پڕۆژەكان تەواو دەكات
محەمەد جومعە، دانیشتوی گەڕەكی سەرچنارە، دەڵێت: ئەو پڕۆژانەی لە فراوان كردنی ئەمبەرو ئەو بەری شەقامەكەدا دەستپێکرابوو بەشێكی زۆری بە تەواو نەکراوی جێهێڵدراوە و بەهۆی كەمتەرخەمیانەوە كارەساتی گەورەی روویداوە و زیانی زۆری مادی لە خەڵكەكە کەوتووە، وتیشی چەند جارێك خۆپیشاندانیان کردووە، بەڵام هیچ وەڵامیان نەدراوەتەوە چونكە كوردنشینن.
دەشڵێت لەسەر ئەرکی خۆیان و لە گیرفانی خۆیان پڕۆژەکە تەواو دەكەن، بۆ ئەوەی لە قوڕ و لیتاوی زستان و خۆڵ و تۆزی هاوین بیانپارێزێت، سەرەڕای ئەوەش هەندێکجار پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كێشەیان بۆ دروست دەكات و دەبێتە بەربەست لە بەردەم تەواوکردنی پڕۆژەکان.
جیاوازی لە پڕۆژەكاندا هەیە
هەروەها پڕۆژەیەک و کارکردن لە گەڕەکی پەنجا عەلیدا بە تەواو نەکراوی جێهێڵراوە، جوامێر عەبدوڵڵا کە دانیشتوی ئەو گەڕەکەیە دەڵێت: نزیكەی ساڵێك دەبێت چەند پڕۆژەیەكیان لە شەقامی گشتیی پەنجاعەلیدا دەستپێکردووە و بە تەواو نەکراوی جێهێڵدراوە، پڕۆژەکە رووخاندن و فراوان كردنی شەقامە گشتیەکە بوو، بەشێكی زۆری دوكانەكانیان رووخاند و کارکردن تیایدا وەستا و بەهۆیەوە لەم بارانەی ئەمساڵدا ئاو لە گەڕەكەکە کۆبۆوەو تووشی كارەساتی دڵتەزێن بوون و خەڵكێكی زۆری ماڵەكانی گەڕەكەكە كەوتە ژێر ئاوەوە و زیانی مادی و لێکەوت.
خەڵکی کەرکوک بەتایبەتی دانیشتووانی گەڕەکە کوردییەکان باس لەوە دەکەن، جیاوازییەکی زۆر لە نێوان گەڕەکە کوردنشینەکان و عەرەب نشینەکاندا دەکرێت. ئەوان دەڵێن، ئەگەر بەراورد لە نێوان ئەم گەڕەکانەدا بکرێت، هەست بە جیاوازییەكی زۆر دەكەیت، هەموو پڕۆژەكان لەگەڕەکە عەرەب نشینەکاندا لە كاتێكی كورت و دیاریكراودا تەواو دەبێت و هیچ پڕۆژەیەك بە نیوە ناچڵی نەماوەتەوە، بۆیە لە كاتی باران و لافاودا كێشەیان نییە. دەشڵێن بەردەوام گەڕەكە كوردییەكان لەتەنگ و چەڵەمەی تەواو نەكردنی پڕۆژەكاندایە، دەستێكی نادیار و دیاریكراو و بە ئەنقەست پڕۆژەكان لەناوچە كورد نشینەكان بە نیوە ناچڵی بەجێدەهێڵێت.
پارێزگا راستەوخۆ پڕۆژەکان بەڕێوەدەبات
سەرچاوەیەك لە شارەوانی كەركوك، رایگەیاند: ئەو پڕۆژانەی لەلایەن شارەوانیەوە بەڕێوەدەچێت، بەبێ جیاوازی لە هەموو گەڕەكەكان جێبەجێی دەكەین، بەڵام هەندێك لەو پڕۆژانە لەلایەن پارێزگاوە راستەوخۆ كاری تیادەكرێت و تەنانەت كۆمپانیاکانیش لەلایەن ئەوانەوە سەرپەرشتی دەكرێن، بۆیە پارێزگاو پارێزگاری بە وەكالەت بەرپرسن لە جیاوازی و تەواو نەكردنی پڕۆژەكان لە كەركوك بەتایبەتی لە گەڕەكە كوردنشینەكان.
ئەو کۆمپانیایانە خراونەتە لیستی رەشەوە
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: بەشێكی زۆر لەو كۆمپانیانەی كاری پڕۆژەكان دەكەن لەلایەن وەبەرهێنانەوە خراونەتە لیستی رەشەوە، بەڵام تاكو ئێستا لەلایەن پارێزگارەوە ئیش و پڕۆژەیان پێدەدرێت لە گەڕەكەكان هەرچەندە لە گەندەڵیدا نقوم بوون، بەشێكی زۆری ئەم كۆمپانیایانە لە گەڕەكە كوردییەكان كار دەكەن و ژێراو ژێر لەگەڵ بەرپرسە گەندەڵەكاندا هاوتەریبن.
ناوچە كوردنشینەکان بە گەڕەكی بێتاپۆ ئەژمار دەكات
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد بەشێكی ئەو پرۆژانەی كە لە گەڕەكە كوردییەكان دەکرێن، پڕۆژەی بچووكن و لە ئاستی پێویستی ئەو گەڕەکانەدا نییە، پێویستە پڕۆژە گەورەكانیش لەم گەڕەكانەدا جێبەجێ بكرێت، چونکە پێویستی هاووڵاتیانە، وتیشی پارێزگار ئەم ناوچە كوردنشینانە بە گەڕەكی بێتاپۆ ئەژمار دەكات و ئەم گەڕەكانە بەچاوێكی ترەوە سەیر دەكەن.