کە لێرەش نیت، بە بێدەنگی بیرت دەکەین

12:42 - 2023-01-05
کەلتور
2082 جار خوێندراوەتەوە
#خوالێخۆشبوو سەعدە خان

مەحمود سەنگاوی

زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه لە ژیانی پێشمەرگایەتی و سیاسیمدا قەرزاریانم، سەعدە خانی هاوسەرم بە نموونە. ئەو زەمەنەی کە گیان باجی ئازادی و کوردایەتی بڤەیەکی گەورە بوو، بۆ ساڕێژی زامە قووڵەکانی گەلەکەمان بڕیاری هەڵگرتنی دەرمانی  تفەنگ و فیشەکمان دا و ئاڵای بەگژداچوونەوەمان دژ بە ستەم و زوڵم و زۆری داگیرکەران هەڵکرد، سەعدە خانی هاوسەرم هاوشانی بەندە ناوی خۆی لە دەفتەری شۆڕشدا ناونووس کرد و کەشکۆڵی پێشمەرگایەتی کردە شانی و بووە هاوەڵی کەژ و کێو و نەهامەتییەکانی خەباتی چەکداری. سەعدە بێ ترس بوو لە ئاست: مردن، شەڕ، چۆڵه‌وانی و ئاوارەیی.. ئەو له ‌هه‌موو شت گه‌وره‌تربوو، له‌: خه‌م، ئازار، ته‌نیایی، بێنان و خۆراكی و هاوشانی بەندە لەم دێ بۆ ئەو دێ و لەم شاخ بۆ ئەو شاخ سەودای مەرگی دەکرد، ئەو بە سەخاوەتەوە باوەشی بە شۆڕش بۆ ئازادیدا کردبوو.

خاوەن نیگایەکی پڕ لە هیوا
سەعدە، خاوەن کەسایەتییەکی هێمن و پشوودرێژ و سەلار و سەنگین بوو، پڕاوپڕ بوو لە شکۆ و غیرەت و ملنەدان بۆ نەهامەتییەکان. ئەو کچە جووتیارێکی هەست ناسک بوو، هێمنی و سەلارییەکەی سەرنجی هەموو دەوروبەرەکەی رادەکێشا و زیرەکی و وریایی لە روخساریدا دەدرەوشایەوە. زۆرن ئەوانەی لە رۆژگاری تەنگانەدا سەریان نەوی ناکەن و بێ ئومێدی ناخیان ناخوات و لە گۆڤەندی خەبات و تێکۆشاندا ملی هەورازی قووچ دەگرن و بێ پشوو رێ دەکەن، سەعدە خان لەم چەشنە ژنانە بوو، هەر ئەمە وای کرد سەعدە زوو لەگەڵ ئاوارەیی و دەربەدەرییدا خۆی تێهەڵکێش بکات و ببێتە جێگای متمانەی بەندە و ژنانی هاوخەباتی.
سەعدە، هەر رۆژێ لازم بووبێ گیانی نەزری من و منداڵەکانی بکات غائیب نەبووە، ئەو رۆژگارەی باری قورسی هەژاریی و ئاوارەیی تەنگی پێ هەڵچنین ئەو هەرگیز دانەچڵەکی و سڵی نەکردەوە و شانی دایە بەری و نیگاکانی پڕ پڕ دەکرد لە ئومێد و هەزاران جار لەو پێناوەدا گیانی خۆی گەیاندە قەراغی مەرگ.

چەندین جار مەرگی بەزاندبوو
مەخابن خۆشیی سەرکەوتنەکانی دوای راپەڕین بۆ سەعدە کەم بوو، لە ناو کەفوکوڵی خۆشییەکانی دوای روخانی رژێمی بەعسدا مۆتەکەی نەگریسی نەخۆشی یەخەی پێگرت و نەیهێشت ماندوویەتی رۆژگاری شۆڕش و خەباتی دەرچێت و لەبەر بەرۆچکەی ماڵەکەیدا بحەسێتەوە. ئەو بە جەستەیەکی هیلاکەوە هیلاک لە دەربەدەریی و ئاوارەیی و نەهامەتی رووبەڕووی تاقەت پڕوکێنترین نەخۆشی بۆوە کە نەخۆشی شێرپەنجە بوو. بە چاوی پڕ لە ئومێد و دڵێکی بەهێزەوە ساڵانێکی زۆر بێ حەسانەوە لەگەڵ مەرگدا جەنگا و نەخۆشی چۆکی پێدانەدا.
کە بۆ کۆتا جار لە نەخۆشخانە و لە شاری ستۆکهۆڵم چاوم پێی کەوت بارودۆخی باش نەبوو، نەخۆشی بڕستی لێ بڕی بوو وەک ئەوەی چاوەڕێی کۆتا دیدارمان بووبێ و ئیدی بیەوێ ماڵئاواییەکی یەکجارەکی بکات. باوەڕم بە مەرگی ئەو نەدەکرد ئاخر ئەو چەندین جار رووبەڕووی مەرگ ببووەوە و بەزاندبووی و هەمیشە بە کەشکۆڵێک لە خەم و ئازارەوە نیگاکانی پڕ پڕ دەکردن لە هیوا و ئومێد بۆ داهاتوو.
 
یادگارییەکان وەک فلمێک  دێنە بەرچاو
بەداخەوە ئەو هاوڕێ بە ئەمەک و بە وەفایەی ژیانم، نزیکی دوو ساڵ بەر لە ئێستا و لە ناو تەم و مژی بەیانییەکی بێ نازدا جێی هێشتین و پێڵوی چاوە نەرمەکانی بۆ هەتا هەتایە لێک نا و رۆحی پەپوولە ئاسای  لەو زستانە ساردەی ستۆکهۆڵمەوە بۆ ئەبەد باڵی گرتەوە و بۆ کۆتا جار گوزەرێکی بە ناو هەموو ئازارە پەنگ خواردووەکانی ناخیدا کرد.
کە هەواڵی ماڵئاواییتم بیست، کسپەیەک لە ناخمەوە هات و کوڵی گریان بەربینی گرتم، پاڵم دایە دیوارێکەوە و تاس بردمییەوە، لە بارێکی دروونی تایبەتیدا بووم، بیر و ئەندێشەم بۆ دەیەها مەبەست باڵی گرتبووەوە، وەک ئەوەی فلمێکم بۆ لێ بدەن هەموو یادگارییەکانی هاتەوە پێش چاوم و بە رۆیشتنی برینێکی قووڵی لە دڵمدا کردەوە.
سۆراخی تۆ لە هەر دار و بەردێکی ماڵەکەت بپرسی. دەڵێن هەبوو نەبوو عەیامێک بەر لە ئێستا ژنێکی رووسووری پڕاو پڕ لە ئومێد هەبوو، عاشقێکی یاخی و عەوداڵێکی ئازادی بوو، مژدەی دڵی منداڵانی شەهید و فەقیر و هەژاران بوو... سبەینان پێش خۆر کەوتن ئازاری نەگریسی نەخۆشی خەوی لێ دەزڕاند و بە ئومێدەوە تا چێشتەنگاو دڵی ده‌دایه‌به‌ری و نیگاكانی پڕده‌كرد له‌ عه‌شقی نوێ.

خوالێخۆشبوو سەعدە خان و مناڵەکانی

وەفا و پاکی و بەئەمەکی
سەعدە گیان تۆ له‌ چاوی مندا هه‌میشه‌ مه‌زن ده‌رده‌كه‌وی، لای هاوڕێ و دۆستەکانت له‌ قوتووی هه‌ستیاندا هه‌ڵگیراوی، له‌ یاده‌وه‌ریشماندا وه‌كو ژنێکی رووسووری بە ئەمەک بۆ هەمیشە نمایش ده‌كرێی. هەرچی بۆ تۆ بنووسرێت هیشتا ناگاتە ئاست وەفا و پاکی و بە ئەمەکیت، تۆ رۆیشتی و سەدان یادگاری و کۆڵێک خەم و پەژارەت بۆ جێهێشتین و بۆ ماڵئاواییت گریانێک قوڕگی گرتووین هێندەی خەمەکانت گەورە و هێندەی ئازارەکانت بە سوێن. 
تۆ رۆشتی و نەوتراوەکانیشت لەگەڵ خۆت برد و تا دێت خەمی لێرە نەبوونت گەورەتر دەبێت. کە لێرە نیت هەموو شتەکان بێ ناز دەچنەوە و هەموو ئازارەکانی دوای رۆشتنی تۆ وا بە بێدەنگی ناخمان دەخوات.
با دووریش بیت، بەڵام یاد و یادەوەریت هەمیشە زیندوو رادەگرین.

2-1-2023

بابەتە پەیوەندیدارەکان