هەر 13 لیژنەكەی دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستیان بە جێبەجێكردن كردووە و راپۆرتی لیژنەكانی دیدار لە ئۆرگان و مەكتەبەكان كاریان پێدەكرێت.
لە نوێترین كۆبوونەوەی رۆژی 9/1/2023، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری گشتیی لیژنەی جێبەجێكردنی راسپاردەی دیداری یەكێتی، دەستخۆشی لە كاری لیژنەكان كرد كە زۆربەری راسپاردەكان لە جێبەجێكردندان.
رۆژی 28بۆ31/5/2022 یەكێتی، یەكەمین دیداری رێكخست، كە قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی كرد، پێشتریش لەڕێگەی لیژنە هەمەلایەنەكانی دیدار، كۆنفرانسی فراوانی لەسەر ئاستی مەكتەب و مەڵبەند و ئۆرگانەكان بۆ كرا، كە ژمارەیەكی زۆر لە كادران راستەوخۆ لە سەرتاسەری هەرێم و دەرەوەی هەرێم بەشدارییان تێداكرد و بەشداربوون لە خستنەڕووی پێشنیاز و بۆچوونەكانیان.
یەكێتی لە قۆناغی جێبەجێكردنی راسپاردەكانی دیداردایە
د.یوسف گۆران لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتی یەكێتی و سەرۆكی لیژنەی باڵای «دەستوور»، بە سایتی رەسمیی یەكێتی PUKMEDIAی راگەیاندووە: «دیداری یەكێتی لەلایەن كادرانی یەكێتییەوە پێشوازیلێكرا و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردندایە، كە خزمەتێكی گرنگی بەرەوپێشبردنی زیاتری یەكێتی دەكات، لیژنەی دەستووریش كارەكانی خۆی تەواوكردووە و تەسلیمی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمان كراوە». وتیشی: ئیرادەیەكی بەهێز و یەكگرتوو لە ئەنجومەنی سەركردایەتی و سەرۆكایەتیی یەكێتی هەیە بۆ جێبەجێكردنی راسپاردەكانی دیداری یەكێتی».
دیدار لە پراكتیك و ستراتیژی یەكێتیدا رەنگیداوەتەوە
لە دیداری یەكێتیدا 13 لیژنەی باڵا پێكهێنرا بۆ كاروباری ئۆرگانە حزبی و حكومییەكان، هەر لیژنەیەكیش لەسەر بنەمای كاركردنی رۆژانی دیدار و كۆبوونەوەكانی پێشتری لیژنەكان لەگەڵ زۆرترین كەسانی پسپۆڕ و بەشداریپێكردنی هەڤاڵان، چەندین راسپاردە گەڵاڵەكران و لەلایەن لیژنەكانیشەوە بۆ جێبەجێكردن پێشكەشی مەكتەب و ئۆرگانەكان كراون و بەسەر (حزبی، حكومی، پەرلەمان)یدا دابەشكراون. لەوبارەیەوە د.یوسف گۆران دەڵێت: «هەر 13 لیژنەكە دەستیان بەجێبەجێكردنی كارەكان كردووە و لە بواری پراكتیك و ستراتیژدا رەنگیداوەتەوە، بۆ نموونە بڕیاری چالاككردنەوە و جێبەجێكردنی مادەی 140 یەكێكە لە بڕگە گرنگەكانی لیژنەی ناوچەدابڕێنراوەكان و مەرجێكی یەكێتی بوو بە بەشداریكردنی لە كابینەی سودانی لە حكومەتی عیراقدا». ئەوەشی وتووە: «كۆی كاری لیژنەكانی دیدار دابەشكراوە بەسەر پایەكانی حزبی، حكومی، یاساییدا و هەموو لیژنەكانیش لێپرسراویان بۆ دانراوە و لە جێبەجێكردندان، كە سەرئەنجام فۆڕم و ستراتیژێكی نوێ دەبەخشێت بەشێوەیەك لەگەڵ قۆناغی كار و خەباتی سیاسیدا دەگونجێت».
راسپاردەی دیدار گەیشتۆتە ناو كارنامەكەی سودانی
ئامانجێكی سەرەكیی دیداری یەكێتی، «داڕشتنی دید و روئیایەكی سەردەمیانەیە بۆ حزب و گەیاندنی پەیامێكی راستەقینەی نوێبوونەوە و چاكسازییە و هاوتەریبیش بەشداریكردنی زۆرینەی رای هەڤاڵانەیە لە بەرهەمهێنانی بڕیاردا».
فەهمی بورهان ئەندامی سەركردایەتی لە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی لیژنەی باڵای دیداری یەكێتی، بە سایتی رەسمیی یەكێتی راگەیاندووە: «لیژنەكان بەپێی تایبەتمەندی بەسەر سێكتەرە حزبی و حكومییەكاندا دابەشكراون و كاری باش لەپێناوی یەكێتیدا كراوە و بە رۆحیەتێكی هەڤاڵانەوە ئەركەكان رادەپەڕێنرێن». وتیشی: «لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان راسپاردەكانی لەسەر ئاڕاستەی حزب و حكومەت و یاسا و پەرلەمانە و لە پراكتیكیشدا هەنگاوەكانی دیدار بەباشی جێی خۆی كردۆتەوە، بۆ نموونە بڕیاری ئەكتیڤكردنەوەی مادەی 140 و تەملیككردنی موڵك و ماڵی خوشك و برا ئێزدییەكان، كە لە راسپاردەكانی دیدار بوون و دواتریش وەك پڕۆژەی یەكێتی خرایە كارنامەی حكومەتی نوێی عیراقەوە».
راگەیاندن، راسپاردەكانی جێبەجێكرد
یەكێك لە لیژنە گرنگەكانی دیداری یەكێتی، لیژنەی راگەیاندنە، كە یەكێتی وەك هەمیشە بایەخی تایبەتی بە راگەیاندن دەدات، لەو پێناوەشدا لیژنەی راگەیاندن راسپاردەكانی دیداری كردۆتە پراكتیك تا شێوازێكی جیاوازی كاری میدیایی پێشكەش بكات و هاوشانی قۆناغ و گۆڕانكارییە خێراكانی تەكنۆلۆژیاش بێت.
ستران عەبدوڵڵا سەرۆكی لیژنەی باڵای راگەیاندن لە دیداری یەكێتی، بەPUKMEDIAی راگەیاندووە: «لیژنەی باڵای دیداری یەكێتی، راسپاردەكانی سپارد بە مەكتەبی راگەیاندن، ئێمەش كۆبوونەوەی مەكتەبمان كرد لەسەر دابەشكردنی راسپاردەكان، كە هەندێكیان راسپاردەبوون بۆ تیمی یەكێتی لە حكومەت و پەرلەمانی كوردستان و نوێنەرانی عیراق بۆ ئەوەی پشتیوانی ئەو یاسایانە بكرێت كە دەخرێنە بەردەم پەرلەمانتاران، بەتایبەت بۆ فراوانكردنی پانتایی ئازادی و ئازادیی رۆژنامەگەری، كە لەگەڵ بنەمای یەكێتی گونجاوبێت وەك حزبێكی سۆشیال دیموكرات».
«زۆربەی راسپاردەی لیژنەكان جێبەجێكراون، ئەوەی ماوە بەشێكی كەمە و كار لەسەر ئەوانیش دەكرێت، كە راسپاردەی دوورمەودان و ماوەی زۆرتریان پێویستە»
ئاماژەی بەوەشكردووە «بەشێكی تری راسپاردەكان جێبەجێكراون، كە لە توانای مەكتەبی راگەیاندندا بوون لە بواری پوختكردنەوە و رێكخستنەوەی گوتاری یەكێتی، یەكێك لە راسپاردەكانیش دروستكردنی بۆردی سۆشیال میدیایە و لە قۆناغی كاركردندایە، بەڵام بەشێكی دیكەی راسپاردەكان كە توانای دارایی پێویستە بۆ پەرەپێدانی كەناڵەكانی یەكێتی، بەرزدەكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتیی یەكێتی».
ئامادەبوون بۆ كاری نوێی رێكخراوەیی
هەموو ئەو راسپاردانەی لە دیداری یەكێتیدا كۆكراونەتەوە، هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتیاری دیدار، لەگەڵ لیژنەكان كۆبۆتەوە و دوای گفتوگۆ و دانانی نەخشەڕێگا، بەپێی تایبەتمەندیی لیژنەكان كراونەتە راپۆرت و لیژنەیان بۆ پێكهێنراوە و ئەوانیش كاریان لەسەر كردووە و بۆ جێبەجێكردن ئاڕاستەی ئۆرگانەكان كراون.
نەوشیروان ئەحمەد ئەندامی سەركردایەتی لە لیژنەی رێكخراوەكان و پەیوەندییەكان و پێشمەرگە بە PUKMEDIAی وتووە: «دوای كۆبوونەوەی لیژنەكان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، ئەركی لیژنەكان چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و كۆبوونەوە لەگەڵ ئۆرگانەكان كراوە و راسپاردەكانیان بۆ روونكراوەتەوە، تا ئامادەبن بۆ كاری نوێی رێكخراوەیی و دیداری یەكێتیش بەگشتی گیانی نوێی كردۆتەوە بە گیانی كاری رێكخراوەیی یەكێتیدا و پەرۆشیی هەڤاڵانی زیندووكردۆتەوە و پێشوازیی زۆری لێكراوە و بەشداریی فراوانیش هەبووە، كە ئەمانە دڵخۆشكەرن و بەگشتیش راسپاردەكانی دیدار شێوازێكی جیاواز بە ژیانی حزبیی یەكێتی دەبەخشن لە تەواوی ئۆرگانەكاندا».
دیدار كار لەسەر زۆرترین سێكتەر دەكات
دیداری یەكێتی بە ستراتیژێكی ورد كاری لەسەر زۆربەی سێكتەرە ژیارییەكان كردووە، كە پێشتر 21 لیژنە پێكهێنرا و دوای كۆكردنەوەی راسپاردەكانیش 13 لیژنەی سەرەكی دانرا.
هەژار حەسەن كوێستانی ئەندامی سەركردایەتی لە لیژنەی تەندروستی و ژینگە و كاروباری كۆمەڵایەتی و وەرزش و خوێندكاران و گەنجان و ژنان بە PUKMEDIAی راگەیاندووە: كاری لیژنەكانی دیدار زۆربەی لە قۆناغی جێبەجێكردندایە و كاری جدی كراوە تا روئیای یەكێتی جێگەی خۆی بگرێت، كە هەموو سێكتەرەكانی بۆ كاركردنی جدی لەبەرچاوگرتووە و راسپاردەكانی بەسەر سێكتەر و كاركردندا دابەشكردووە، ئەوەش فۆرم و گۆڕانكاریی نەوعی بۆ شێوەی كاری یەكێتی بەرجەستەكردووە و رەنگدانەوەی دیارە. باسی لەوەشكردووە كە «زۆربەی زۆری راسپاردەی لیژنەكان جێبەجێكراون، هەندێكیان لە جێبەجێكردندان و ئەوەی ماوە بەشێكی كەمە و كار لەسەر ئەوانیش دەكرێت، كە راسپاردەی دوورمەودان و ماوەی زۆرتریان پێویستە».
یەكەمین دیداری یەكێتی، بەدروشمی (نوێبوونەوە و چاكسازی) لە سلێمانی لە 28-31/5 بەڕێوەچوو. ئێستا مەكتەب و ئۆرگانەكان كار بەو پڕۆژە و راسپاردانە دەكەن، كە لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەكانی دیدارەوە ئاڕاستەیان كراوە.
PUKMEDIA